• English
  • العربية

ئایا ئابوری هەرێم لەبه‌رده‌م مەترسی هه‌ره‌سهێناندایه‌؟

12/30/2018 11:18:00 PM

د. سەنگەر سەیدقادر

قەرزەكانی ئەمەریكا بۆ ساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٢١ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دۆلاربووە كە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٨ بە ڕێژەی سەدا ٤٠٠% زیادی كردوەو هەر هاوڵاتیەكی ئەمەریكی ٦٥ هەزار و ٥٠٠ دۆلار قەرزارە:

 زیادبوونی قەرزەكانی ئەمەریكا لە كاتێكدایه‌ كه‌ ئابوری ئەمەریكا لە ماوەی ٢٠ ساڵە دا بەڕێژەی سەدا٢٥% گەشەی كردووەو بەراورد بە ڕێژەی گەشەی ئابوری چین، ئابوری ئەمەریكا لەبەردەم لەمەترسیەكی گەورەدایەو هەر ئەمەش وایكرد دۆناڵد ترەمپ جەنگێكی ئابوری دژی چین ڕابگەیەنێت.

 هۆكاری مەترسییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داهاتی نیشتیمانی ئەمەریكا تەنها ٢٠ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دۆلارەو بەوەش ڕێژەی قەرزەكانی ئەمەریكا لە داهاتی ناوخۆی زیاترەو مەترسی داڕمانی ئابوری ئەمەریكا هەیە كە گەورەترین ئابوری جیهانە.

 لە بارەی ئابوری هەرێمیشەوە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی گلۆباڵ ئەكادیمی‌و ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حكومەتی هەرێم ٢١ ملیار و ٦٧٥ ملیۆن دۆلار قەرزدارە، بە پێى ئاماری ناوەندی ئاماری هەرێم، دانیشتوانی كوردستان نزیكەی ٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەسەو بەو پێیەش هەر هاوڵاتیەكی هەرێم نزیكەی ٤هەزار و ٢٠٠ دۆلار قەرزدارە.

 داهاتی ناوخۆی كوردستان. بۆ ساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٧ ملیار دۆلار بووە، كە سەدا ٨٠% داهاتی نەوتی بووەو ئابوری هەرێمیش بە نزیكەی ٢٦ ملیار دۆلار خەمڵێنراوەو بەو پێشەش بێت ئابوری هەرێم هێشتا نەگەشتوتەوە لێواری هەرەسهێنان، بەڵام ئەگەر كێشە ئابورییەكانی وەك ( گەندەڵی و كورتهێنانی بودجە و زۆری خەرجیە گشتیەكان و زۆری قەرزە دەرەكییەكان و لاوازی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پشەسازی و نەبونی سیتەمی باج و لاوازی كەرتی تایبەت) چارەسەر نەكرێت‌و داشكان و پاشەكشێی ئابوری بەم شێوەیه‌ى ئێستا بەردەوام بێت، تا ساڵی ٢٠٢١ ئابوری هەرێم توشی مایە پوچبوون دەبێت‌و قەرزەكانی بۆ نزیكەی ٣١ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە. 

لە ئەگەری داشكانى چاوەڕوانكروای ئابوری جیهانیشدا، ئابوری كوردستان توشی زیانی گەورە نابێت بەهۆی ئەوەی نەبەستراوەتەوە بە سیستەمی ئابوری جیهانەوەو ئابوریەكی داخراوی ناوخۆییەو تەنها لە ئەگەری داشكانی نرخی نەوتدا بە هۆی سستی گەشەی ئابوری جیهانەوە زەرەرمەند دەبێت.