• English
  • العربية

جەنگی سوریاو ڕۆل و سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی: خوێندنەوەیەكی سیاسی و ئابوری

سوریا

5/23/2018 2:33:00 PM

1. جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە شێوەیەكی تر

لە پێناسەكەی Clausewitz  جەنگ بەواتای درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازی تر. هەول ئەدات جەنگ وەك ڕوداوێك تێبگات كە تێیدا لایەنێكی بەشداری جەنگ ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنێكی تری بەشداربووی جەنگەكە بسەپێنێ. جەنگ ڕوبەڕوبونەوەیەكی بەرفراوانی دوو لایەنەو شێوازێك لە كردارە بەئامانجی ئەوەی بەرامبەرەكەی گێڕ بكات یان سنوری بۆ دابنێت یان بیخاتە ژێر خواستی خۆی . جەنگیش هەروەك ئاشتی سیاسەتە. ئاشتی سیاسەتە بەبێ شەڕ ، جەنگیش سیاسەتە بەرێگای جەنگ و خوێن ڕشتنەوە. سیاسەتیش بریتیە لە هونەری كەلك وەرگرتن لەبارودۆخەكە بۆ بەرژەوەندیەكی تایبەت.

"ئەو كاتە دەتوانین لە ناوەڕۆكی جەنگ بگەین ئەگەر دەربارەی سیاسەتی دووفاقیی جەنگەكە بكۆڵینەوە بەر لە هەڵگیرسانی. جەنگ هەر تەنیا پێكدادانی چەكداریی نێوان لایەنەكان نیە بەڵكو ململانێی توندوتیژە لەنێوان ئابوری و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای لایەنەكان. بە دەستپێكردنی جەنگ هەموو ئەم لایەنانەی ئاماژەیان پێدرا ئاڕاستەی سەركەوتن و هێنانەدی ئامانجەكانی جەنگ دەكرێن" . بەلام هەموو جەنگەكانیش هاوشێوە نین. هۆی ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی هەلومەرجی مێژویی سەرهەلدانی جەنگ و هۆكانی هەلگیرسانی جەنگەكە. هەروەها ئەو ئامانجانەی كە لە پێناویاندا جەنگەكان بەرپاكراون. جگە لەوە جەنگەكان لەڕووی شوێن و زەمەن ، چەك و تفاق و شێوازی چالاكیەكان هەروەها ژمارەی پێكدادانەكان و بەرفراوانیەوە جیاوازیان هەیە. بەلام جەنگ هەمیشە شێوەیەكی توندوتیژ بووە بۆ چارەسەركردن و بەلادا خستنی ململانێ. هەموو پێكدادانێكی چەكداریی بەجەنگ دانانرێت چونكە بەبێ هەبوونی ئامانجی سیاسی توندوتیژترین پێكدادان بەجەنگ ناژمێردرێ. لێرەدا پێویستە سەرنج بۆ ئەوە ڕابكێشین كە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەو چین و دەولەتەی لەجەنگدان ئامانجی جەنگەكە دیاری دەكەن بۆنمونە جەنگی عێراق / ئێران ، عێراق / كوێت ، جەنگی سوریا ، یەمەن ، ڤێتنام....

دەسپێكی جەنگ پێشتر بە ناكۆكی سیاسی دەستپێدەكات. بەم شێوەیە دەكرێ جەنگ وەك درێژكەرەوەی سیاسەت ببینرێت و جەنگ دەبێتە ئامرازی بە دەستهینانی ئامانجی سیاسیش .

قەوارەی جەنگ هەمیشە دەگەرێنرێتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەكەی لایەنەكانی جەنگەكە. جەنگ چالاكیەكی رێكخراوە كە هێزە سەربازیەكان و دەزگا غەیرە سەربازیەكان و هەروەها كۆمەلگای سڤیلیش دێنێتە نێوی. چۆنایەتی و چەندایەتی چەك زۆربەی كات بریاردەری سەركەوتن و دۆڕاندنی سوپاو نەتەوەشە. سەردەمی كۆن میتالی باشترو چەندایەتی چەك بریاری سەركەوتن بووە. ئەمرۆكە مرۆڤایەتی خاوەنی تەكنەلۆژیای چەكی مۆدێرنە. شتێكی سەیر نیە لەبەر ڕۆشنایی ژمارەی جەنگە زۆرەكان لە مێژوودا ئەو قەناعەتە حوكم بكات كە جەنگ بەشێكی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتیە. لیرەدا دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی كە سەرجەم ئەو جەنگانەی لە مێژودا ڕویانداوە چارەنوسێكی ڕێكەوتی مرۆڤایەتی نین.

جەنگ بە خواست و هەوەس كۆتایی نایەت ، ئاشتیش بە تەنها لایەك نایەتە دی. هەندێك جار جەنگ بازرگانیەو كەسان و دەوڵەتانێكی پێدەوڵەمەند دەبن. لانی كەم 3/1ی دەوڵەتەكانی جیهان لەبارودۆخی جەنگدان ئیتر بەهەر  شێوەیەك لەشێوەكان بێت. لەم توێژینەوەیەدا نەك تەنها بەشێك لە مێژووی جەنگ و هۆكارو باكگراوندەكانی جەنگ دەخرێتە ڕوو بەَلكو دڕندایەتی مرۆڤەكانیشی تێدا دەبینرێت.

 

بۆ خوێندنەوەى تەواوى توێژینەوەکە کلیک لێرە بکە