• English
  • العربية

ئاو وەك جێگرەوەی نەوت و بەكارهێنانی وەك كارتی فشار لەكایە سیاسیەكاندا

ئاسایشی ووزە

12/31/2018 12:10:00 AM

- ئاران موختار ئەحمەد

بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی (BBC) بەناونیشانی (بۆچی سیاسەتی ئاو دەبێتە دروستكەری سەدەی بیست و یەك ) دەڵێت: "ئەگەر لە شوێنێك ئاو نەبێت، ئەوا ئاشتیش بونی نابێت" . هەربۆیە دەشڵێت:" لە دەساڵی داهاتوو بەڕێوەبردنی ئاو دەبێتە یەكێك لە هەرە گرنگترین بوارەكان لەسەر زەویدا ".

گرنگی و پێگەی ئاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا یەكێك بووە لە سێكتەرە گرنگەكان و هەمیشە گرنگی پێدراوە ,بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوودا دەبێتە بابەتێكی گرنگتر و هەنوكەیی تر .

لە سەدەی بیست و یەكدا دابینكردنی ئاوی پاك بەرەو كەمبوونەوە دەچێت بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوای جیهان و توانەوەی بەستەڵەكەكان و پیسبوونی ڕوبار و دەریاچەكان .
 
یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی توانەوەی بەستەڵەكەكان بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و بەمەش سنوری ئەو وڵاتانەی بە ئاو دەورە دراون توشی كێشە دەبن و ناكۆكی ڕودەدات. 
یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەی وا دەكات سێكتەری ئاو زیاتر بایەخی پێبدرێت بریتیە لەو تەقینەوە گەورەی لە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتواندا روودەدات، بە جۆرێك بڕی ئەو ئاوەی پێویستە دابین بكرێت (water demand ) بە ڕێژەی %35 زیاد دەكات .

                                 وێنه‌یه‌ك له‌ كه‌مبونه‌وه‌ى ئاستى ئاو 

لە راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدانی ئاوی جیهانی (WWDR) لە یەكێك لە پڕۆگرامەكاندا دەڵێت:" لە بیست ساڵی داهاتوو بڕی ئاوی بەردەست بە ڕێژەی %30 كەم دەكات ".

سیاسەتی ئاو (water politics) , كە هەندێك جار پێیدەگووترێت (hydro-politics ) ,بریتیە لە ساسەتێك دەكەوێتە كار بە هەبوونی ئاو وە سەرچاوەكانی ئاو.

یەكەم بەكارهێنانی چەمكی سیاسەتی ئاو لەلایەن (جۆن واتەربێر)ەوە بوو لە كتێبی ( hydro politics of the nile valeey ) .

ئارون ئیلهانس لە كتێبی (سیاسەتی ئاو لە جیهانی سێیەم)دا وا پێناسەی (hydro-politics) دەكات و دەڵێت:" سیاسەتی ئاو,بریتیە لە سیستمێك لە پێكدادان و كاری هەرەوەرزی (هاوبەش) لەنێوان دەوڵەتەكاندا لەسەر ئاو و سەرچاوەكانی ئاو ,وە تێپەڕینی سنورە نێودەوڵەتییەكان ".

 واتە ئاو دەكرێت ببێتە هۆی شەڕ و پێكدادان و دەكرێت ببێتە هەوێنی ئاشتی و ئارامی و لێك تێگەیشتن .

ئەم زەنگانەو چەندین راپۆرت و لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر گرنگی پرسی ئاو وایانكردووە كە ئیدی وڵاتان بەجدی كار لەم بوارەدا بكەن و گرنگی و بایەخی پێبدەن .
ئەگەر بێت و تیشكێك بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبیەكان دەبینین ئاو یەكێكە لە سەرچاوە ستراتیجیەكان لە سیاسەتدا و وەك كارتی فشار بەكاردێت.

ئەگەر باسێكی وڵاتی عێرق و هەرێمی كوردستان بكەین و بەراوردێك بكەین بە وڵاتانی دراوسێ، دەبینین تاكە سوارەی مەیدانن كە بەلاوازترین شێوە مامەڵە دەكەن لەگەڵ سیاسەتی ئاودا .

وڵاتانی دراوسێ زووتر بە ئاگا هاتوونەتەوە لەم پرسەو پڕۆژەو كاری جدیان لەسەر كردووە :

ئەگەر بە نمونە وڵاتی توركیا وەربگرین لە ساڵی (1990) ەوە لەژێر ناوی پڕۆژەی (GAP) كە پێكهاتووە لە (22) بەنداو و (19) وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر رووباری دیجلە بەمەش بڕی ئاوی روباری دیجلە وزر كەمی كردووە و توركیا وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنێ لە بەرامبەر عێراق دا.

                                       وێنه‌یه‌ك له‌ پرۆژه‌ى گاپ له‌ باشورى توركیا 

  

هەروەها وڵاتی ئێران بە هەمان شێوەی توركیا دەستی كردوە بە گلدانەوەی ئاوەكەی، چونكە دەزانن شەڕی چەند ساڵی داهاتوو شەڕی ئاوە. گرنگترین ئەو پڕۆژانەی وڵاتی ئێران كردوویەتی دروستكردنی بەنداوی (داریان)ە لەسەر رووباری سیروان و ئەویش دەیكاتە كارتی فشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

بەهۆی زیاتر گرنگیدان بە كەرتی نەوت و پشتگوێخستنی كەرتی ئاو لە چەند ساڵی داهاتوو عێراق و هەرێمی كوردستان توشی مەترسی و هەڕەشەی گەورە دەبن ئەگەر سیاسیانە رێككەوتن نەكرێت.

ئەگەر بێت و بەراوردێكی سودی فرۆشتنی نەوت و ئاو بكەین كە (نرخی یەك لیتر نەوتی رەشی برێن یەكسانە بە (0.26 )سەنت , بەڵام یەك لیتر ئاو یەكسانە بە 500) دیناری عێراقی بە دەبەكەشیەوە ) ئەمە پێمان دەڵێت كە نرخی ئاو گرانترە لە نەوت هەر بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوو بە ئاو دەڵن نەوتی داهاتوو ( the next oil).

دەگەینە ئەوەی ئەگەر بێت و ئاوڕێك لە كەرتی ئاوبدرێتەوەو گرنگی پێبدرێت ئەوا لە نەوت باشتر داهات پەیدا دەكات . بە تایبەت هەرێمی كوردستان بە هۆی هەڵكەوتە جوگرافیاییەكەیەوە باشترەو بری باران بارین تێیدا زیاترەو دەكرێت پلانی ستراتیجی دابنرێت بۆ سود وەرگرتن لە ئاوی زیادە لە كاتی باران بارینداو گلدانەوەی بە بەنداوەكان . لە كۆتایدا دەكرێت بلێن ئاو دەكرێت , وەدەبێتە جێگرەوەی نەوت و دەكرێتە فشارێكی باش لە كایە سیاسیەكاندا بۆ دەسختنی مافەكان .

----------------------------------------------------------------

ئاران موختار ئەحمەد : خوێندكاری كۆلێژی ئەندازیاری /ئەندازیاری ئاودێری