• English
  • العربية

گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان

بڵێسه‌ى ئاگر له‌ كێڵگه‌ى نه‌وتى ته‌ق ته‌ق كه‌ له‌لایه‌ن گه‌نه‌ڵ ئینرجیه‌وه‌ كارى تیا ئه‌كرێت - سنورى پارێزگاى هه‌ولێر
ئاسایشی ووزە

5/2/2019 2:18:00 PM

  -  به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

له‌م بابه‌ته‌دا سێ گۆڕاو (Variable) هه‌یه‌ ئه‌بێت یه‌كسه‌ر تێیان بگه‌ین، ئه‌وانیش: (گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان) و (حكومه‌ت) و (كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان) ه‌. ئه‌مه‌ هه‌مووى بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ڵامى چوار پرسیار بده‌ینه‌وه‌:
- ڕۆڵى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان له‌ پاڵپشتیه‌ داراییه‌كانى جیهان و پێدانى باج دا چى یه‌؟.
- تێكڕاى قازانجى نه‌وت چۆن له‌ نێوان كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و حكومه‌تدا دابه‌ش ئه‌كرێت؟
- گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان چین و چۆن گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان كارئه‌كات له‌هه‌رێمى كوردستاندا؟.
- بودجه‌ى پرۆگرامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كاندا چى لێ دێت؟

    یه‌كه‌م: كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان –Multi-National Corporations
 ده‌وڵه‌ت، تا قۆناغه‌كانى دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌میش تاكه‌ ئه‌كته‌ر بو كارلێكى له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر (ده‌وڵه‌ت) ه‌كانى تردا ئه‌كردو، به‌مه‌ش ئه‌وترا په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، "هانس مۆرجنتاو" پێشه‌نگى قوتابخانه‌ى ڕیالیزم ( المدرسه‌ الواقعیه‌) له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دا كتێبى (سیاسه‌ت له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كان دا: تێكۆشان بۆ هێزو ئاشتى) ى له‌ساڵى (1948) نووسى، تیایدا (6) پره‌نسیپى بۆ ڕیالیزمى سیاسی خسته‌ڕوو، واى شى ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ "هه‌موو شتێك له‌پێناو هێزدا" بێت و "هێز-Power" یش له‌ پێناو ده‌وڵه‌تدا بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت نابێت هێزى خۆى دابه‌ش بكات له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ ناده‌وڵه‌تیه‌كان دا، بۆ ئه‌وه‌ى ئاشتى و ئارامى بێته‌دى ئه‌بێت ده‌وڵه‌ت "هێز" ى هه‌بێت. ئه‌م "هێز" ه‌ش دواتر لێكدانه‌وه‌ى جۆراوجۆرى بۆ كرا، به‌واتایه‌كى تر دیمه‌نى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى دیمه‌نى گه‌ڕان و دابچڕینى به‌رژه‌وه‌ندییه‌، هێزیش ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دیارى ئه‌كات.
ئه‌م تێزه‌ له‌لایه‌ن لیبراڵیسته‌كانه‌وه‌ ڕه‌ت كرایه‌وه‌، نه‌خێر ئه‌بێت "تاك" له‌برى "ده‌وڵه‌ت" سه‌نته‌ر بێت و، كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان و، بانكه‌ جبهانیه‌كان و، ڕێكخراوه‌ حكومى و ناحكومییه‌ جیهانیه‌كانیش پێویسته‌ ڕۆلیان هه‌بێت و، هه‌مه‌چه‌شنى پێداویستیه‌كى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیه‌، تا ئه‌هاتیش باى به‌هێزى دیموكراتى و گڵۆباڵیزه‌یشن سنوره‌كانیان كاڵتر ئه‌كرده‌وه‌و، پاڵیان به‌م ئارگیۆمێنته‌ى لیبراڵیسته‌كانه‌وه‌ ئه‌نا. 
له‌ساڵى (1991) دا سێ گۆڕانكارى گه‌وره‌ به‌دواى یه‌كدا له‌ڕیشه‌وه‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیان گۆڕى، ئه‌و سێ فاكته‌ره‌ سێ ته‌قینه‌وه‌ى هه‌ژێنه‌ر له‌هه‌مان كاتدا كۆتابی هێنا به‌و ژانه‌ قورسه‌ى كه‌ كرانه‌وه‌ى دونیاى دواخستبو، یه‌كه‌میان، یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ڕووخاو له‌ناوچه‌ى به‌لتیق و سلاڤ و بولقان و توركه‌كاندا (16) ده‌وڵه‌ت سه‌ربه‌خۆیی خۆى ڕاگه‌یاند كه‌پێشتر له‌ژێر چنگى سۆڤیه‌تدا بون. دووه‌میان: تیۆرى نیۆ-لیبرالیزم گه‌شه‌ى كرد (نیۆلیبرالیزم: ئایدۆلۆجیه‌تێكه‌ بڕواى به‌ده‌وڵه‌ت نییه‌ و، له‌سه‌ر بنه‌ماى لیبرالیه‌تى ئابوری و كه‌رتى تایبه‌ت تێزه‌كانى كه‌ڵه‌گه‌ كراون). سێهه‌میان: به‌دواى ئه‌و دوو گۆڕانكارییه‌دا ده‌یه‌ها هه‌زار تۆڕى په‌یوه‌ندى و سه‌دان هه‌زار ڕێكخراوى ناو گه‌وره‌و سه‌ده‌ها هه‌زار كۆمپانیاو هه‌زاران زانكۆى تایبه‌ت ئه‌م جیهانه‌یان ته‌نیه‌وه‌، ئیمڕۆكه‌ تا ده‌وڵه‌ت ڕۆڵێك ئه‌گێرێت ئه‌وان دوان...ئێ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناسنامه‌ى ئه‌مانه‌ چیه‌؟. كێ ئاڕاسته‌یان ئه‌كات!. ئه‌كسۆن مۆبێل –Exxon Mobile له‌ساڵى (2018) ه‌دا (279.3) دووسه‌ت و حه‌فتاونۆ ملیارو سێسه‌ت ملیۆن دۆلارى ئه‌مریكى  داهاتى هه‌بوه‌، ئایا ئیكسۆن كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكیه‌ یان جیهانیه‌؟. بێگۆمان پێش ئه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بێت ناسنامه‌كه‌ى ئه‌مریكیه‌. 
هه‌موو ڕاپۆرته‌ ئابورییه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ئه‌ده‌ن له‌ ساڵى (2018) ه‌دا سه‌رو (830.000) هه‌شت سه‌دوسى هه‌زار كۆمپانیاى فره‌ڕه‌گه‌ز له‌م جیهانه‌دا تۆماركراوه‌. به‌پێى ڕاپۆرتى فۆڕچن گلۆباڵ (Fortune Global500) كه‌ ڕیزبه‌ندى ساڵانه‌ى 500 گه‌وره‌ترین كۆمپانیا جیهانیه‌كانه‌، ته‌نها ده‌ له‌هه‌ره‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان له‌ساڵى (2018) ه‌دا (500,34) پێنج سه‌ت ملیارو سى چوارملیۆن دۆلار داهاتیان هه‌بووه‌. به‌هه‌رحاڵ كۆمپانیاى فره‌ڕه‌گه‌ز ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوره‌كانى ده‌وڵه‌تى دایك ئه‌به‌زێنێت و له‌ دوو ووڵات به‌ره‌و سه‌ر لقى هه‌یه‌و وه‌به‌رهێنان ئه‌كات. به‌ڵام به‌گشتى ئامانجه‌كانیان ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌:
یه‌ك: پاڵپشتى سه‌رمایه‌دارى ئه‌كه‌ن و سه‌رله‌نوێ پاره‌ ئه‌ده‌ن به‌ بانكه‌كان (دفع الاموال للبنوك) ئینجا ئه‌م پاره‌یه‌ش بۆ گه‌شه‌پێدان ته‌رخان ئه‌كرێته‌وه‌.
دوو: پاڵپشتى دارایی ده‌وڵه‌ت (یان ده‌وڵه‌ته‌كان) ئه‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ى پێدانى باج ه‌وه‌ ( كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌بێت پێنج جۆر له‌ باج بدات).
سێهه‌م: ئه‌م كۆمپانیایانه‌ قازانج ئه‌خوڵقێنن و سووده‌كانى سه‌رمایه‌داریش ئه‌مان به‌رجه‌سته‌ى ئه‌كه‌ن
چواره‌م: زامنكردنى كار بۆ ئه‌وانه‌ى له‌بوارى ته‌كنیكى و به‌ڕێوه‌بردن یان كرێكاریدا كارئه‌كه‌ن
- هه‌ڵبه‌ت دوو خاسیه‌تیشیان هه‌یه‌ خاسیه‌تێكى ته‌واوكارى كه‌ ئه‌بنه‌ هۆى ئاسانكارى له‌هه‌بونى هه‌موو جۆرێك له‌كه‌لوپه‌ل و مادده‌ى جۆراوجۆر له‌هه‌موو شوێنێكى دونیاو شاره‌زایی بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌و كه‌لتورى هاوبه‌ش دروست ئه‌كه‌ن، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ خاسیه‌تێكى قۆرخكردن (احتكارى) یشیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌بنه‌ مایه‌ى مۆنۆپۆڵ كردن و...تادوایی.

دووه‌م: گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان –Oil Contracts
ئه‌گه‌ر له‌ شوێێكدا (20000) بیست هه‌زار به‌رمیل ده‌ربهێنرێت ، نرخى  یه‌ك به‌رمیل نه‌وت (100$) بێت، ئه‌وا یانى (2000000) دوو ملیۆن دۆلار داهاتى نه‌وت هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش سامان و داهاتێكى گرنگه‌. به‌س ئه‌مه‌ چۆن دێته‌ دى؟. بیگۆمان هه‌موو كاره‌كان له‌ (گرێبه‌ست) ێكه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌كات، واته‌ گرێبه‌ستى نه‌وتى پرۆسه‌یه‌كه‌ پێیدا دابه‌شكردنى پاره‌كان تێ په‌ڕ ئه‌بێت له‌نێوان لایه‌نه‌ قازانج كاره‌كاندا، جگه‌ له‌وه‌ش گرێبه‌ست ئه‌وه‌ دیاری ئه‌كات چۆن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل َ هه‌ندێ پرسى جۆراوجۆردا بكرێت كه‌ له‌كاتى پرۆسه‌كه‌دا دێته‌ ڕێ وه‌كو: ژینگه‌، وه‌كو گه‌شه‌ى ئابورى ناوخۆیی، وه‌كو مامه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ نێوخۆییه‌كان (كه‌ ئه‌مه‌ پاڵنه‌رێكى سه‌ره‌كى ئه‌م نوسینه‌مانه‌)
ئێمه‌ سێ جۆرى ستاندارد له‌ گرێبه‌ستى نه‌وتی مان هه‌یه‌، كه‌ دووانیان زۆر باون، یه‌كه‌میان گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزارى (عقود خدمه‌- Service Contract) یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نیه‌تى نوسینه‌كه‌ى ئێمه‌دا نایه‌ته‌وه‌و، گرێبه‌سته‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش ته‌نها یه‌ك دانه‌یان نه‌بێت له‌گه‌ڵ دانه‌غازه‌ هیچیان له‌سه‌ر شێوازى گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزارى نین. دووه‌مین جۆرى گرێبه‌ست بریتى یه‌ له‌ به‌شدارى وه‌به‌رهێنان (عقود مشاركه‌ الانتاج-  Production Sharing Contract)  كه‌ له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كانى نه‌وت و كۆمپانیاكاندا به‌ (PSC) ناسراوه‌. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش له‌دواى ساڵى (2006) ه‌وه‌ كه‌ بڕیارى دامه‌زراندنى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانى داو، كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان به‌ره‌و هه‌رێم هاتن، بڕیارى دا گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان ئیمزابكات، ئه‌م جۆره‌ له‌ گرێبه‌ست باشیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ حه‌زئه‌كات سوود له‌ ته‌كنیك و به‌ڕێوه‌بردنى سێكته‌رى نه‌وت و گازى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان ببینێت و، تێچووش ناكه‌وێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ (یان هه‌رێمى كوردستان) تا پرۆسه‌كه‌ نه‌گاته‌ قازانجى ته‌واوه‌تى (ربح صافی-  Net profit)، هه‌لومه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌م ئه‌كرێت له‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌دا پۆلێن بكه‌ین:
یه‌كه‌م: كۆمپانیا بیانیه‌كه‌ هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك ئه‌گرێته‌ ئه‌ستۆى خۆى له‌ماوه‌ى گه‌ڕان و پشكنین دا، واته‌ كۆمپانیا هیچ به‌ده‌ست ناهێنێت یان وه‌رناگرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕێكى نه‌وتى  وه‌هاى بۆ بازرگانى كردن نه‌دۆزیه‌وه‌.
دووه‌م: هه‌ردوولا ڕێك ئه‌كه‌ون به‌وه‌ى كه‌ لایه‌نى یه‌كه‌م كه‌ حكومه‌ته‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو كه‌ ئه‌گاته‌ دوو ساڵ یان هه‌ر ماوه‌یه‌كى تر كه‌له‌سه‌ر ڕێككه‌وتون بداته‌ لایه‌نى دووه‌م كه‌ كۆمپانیاكه‌یه‌ بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌.
سێهه‌م: ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ مه‌رجێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیا به‌ناچارى ده‌ستى پێ هه‌ڵبگیرێت له‌ ڕێژه‌یه‌كى دیاریكراو له‌و ڕووبه‌ره‌ى پێى به‌خشراوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو به‌ پێى خشته‌یه‌كى كاتى دیاریكراو.
چواره‌م: هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ كه‌ كۆمپانیا بیانیه‌كه‌ توانى بڕێكى وا بۆ بازرگانى (كمیه‌ تجاری) له‌ نه‌وت بدۆزێته‌وه‌، ئیتر گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌ست پێ ئه‌كاو كه‌ ماوه‌ى به‌رهه‌مهێنان و بازاڕكردنه‌كه‌ى له‌ نێوان (20 بۆ 30) ساڵ دایه‌و، ده‌وڵه‌ت یان هه‌رێمى خانه‌خوێ وه‌ك هاوبه‌شێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ ده‌ستوه‌رئه‌دات له‌ مێژووى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌كه‌دا.
پێنجه‌م: ئینجا كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ باجى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ له‌ قازانجى سافى (Net profit) ئه‌دا وه‌هه‌روه‌ها باجى موڵكایه‌تى (Royalty) له‌ ده‌ستكه‌وتى گشتى ئه‌دات.
شه‌شه‌م: كاتێك كۆمپانیا ئه‌و هه‌نده‌ له‌ نه‌وت ئه‌دۆزێته‌وه‌ بۆ بازرگانى كردن، ئه‌وا بڕێك ئه‌به‌خشێت به‌ ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ كه‌ بۆى ناگه‌ڕێته‌وه‌ (ئه‌مه‌ باج نییه‌ ته‌نها وه‌ك دیارى گرێبه‌سته‌كه‌ یان شیرینى نه‌وته‌كه‌یه‌).

 هه‌رێمى كوردستان- پارێزگاى دهۆك- بلۆكى نه‌وتى شێخان كه‌ كۆمپانیاى گۆڵف كیستون وه‌به‌رهێنانى تیا ئه‌كات  (مێدیتریانه‌- MIRS) 

- خاڵى بنچینه‌یی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان دا كۆى سه‌ركێشى و ڕیسكه‌كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر كۆمپانیاكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا چه‌ند مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كى ترى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركى نوسینه‌كه‌ قورستر ئه‌كا، چونكه‌ نوسینى بیركاریانه‌ى تێ ئه‌كه‌وێت، له‌ هه‌مان كاتدا ناتوانین ئه‌وه‌نده‌ى پێویست بكات ئاماژه‌ى بۆ نه‌كه‌ین چونكه‌ به‌شێكى زۆر له‌شاره‌زایانى ئابورى و حكومه‌ت و ڕاهێنه‌ره‌ پیشه‌ییه‌كانیش كه‌وتونه‌ته‌ به‌هه‌ڵه‌ لێكدانه‌وه‌ى شێوازى كاركردنى گرێبه‌سته‌كه‌، كه‌ له‌ سروشتى كاركردنى ئه‌م گرێبه‌سته‌دا هه‌یه‌:

سێهه‌م: گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان چۆن  ئیش ئه‌كات؟. 

دیاره‌ هه‌ر به‌ پێى ئه‌م گرێبه‌سته‌ ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ خاوه‌نى سامانه‌ هایدرۆكاربۆنیه‌كانه‌و ده‌سته‌ڵاتى كۆنترۆڵكردنى هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر (نه‌وت دۆزرایه‌وه‌) ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ یان هه‌رێم بۆى هه‌یه‌ داوا له‌ كۆمپانیاكان بكات كه‌ ڕاهێنانى ته‌كنیكى و پیشه‌یی به‌ كادره‌كانى حكومه‌ت بكه‌ن و، ده‌ستى كار زیاد بكه‌ن و، مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دابین بكه‌ن له‌ سنورى كاروچالاكى بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كاندا.
ئه‌وه‌ى وه‌ك پرسیار ئه‌مێنێته‌وه‌، به‌ پێى ئه‌م جۆره‌ له‌ گرێبه‌ست ئه‌م قازانجه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت (ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ) و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا چۆن دابه‌ش ئه‌كرێت؟. گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌ڵێت: به‌رهه‌مه‌كه‌ دابه‌ش ئه‌كرێت به‌ پێى ڕێژه‌یه‌ك كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌رى ڕێك كه‌وتون دواى ئه‌وه‌ى كه‌ باجى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ و باجى موڵكانه‌و تێچووه‌ نه‌وتیه‌كانى لێ ده‌رئه‌هێنرێت، ئێ به‌س چۆن؟.  لێره‌دا ئه‌بێت پێشتر مه‌عریفه‌یه‌كى بانكى و دارایی هه‌بێت، بۆ جیاكردنه‌وه‌ى  تێكڕاى قازانج (  مجمل الربح- Gross Profit) له‌گه‌ڵ قازانجى په‌تى (صافی الربح-Net Profit) دا.
 تێكڕاى قازانج (Gross Profit) به‌رهه‌مى ئه‌و قازانجه‌یه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى كڕین و فرۆشتنه‌كه‌یا هه‌یه‌، واتا به‌ بێ  داشكاندنه‌ بانكیه‌كان و ئه‌و تێچوانه‌ى كه‌ به‌هۆى خراپبون له‌ پرۆسه‌كه‌ (خصومات المصرفیة و الاهلاكات)  ڕوویانداوه‌. به‌ بیركاریانه‌ ئاوها لێك ئه‌درێته‌وه‌: (تێكڕاى قازانج = تێچوى شمه‌كه‌ فرۆشراوه‌كه‌ كه‌ نه‌وته‌ – ڕێژه‌ى فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌رهه‌مى هێناوه‌). هه‌رچى قازانجى په‌تى یان صافیه‌ (Net Profit) ئه‌مه‌ ئه‌و قازانجه‌یه‌ كه‌ دواى هه‌موو شتێك ئه‌مێنێته‌وه‌، واتا دواى  داشكاندن یان لێ ده‌ركردنه‌كانى كه‌ له‌بوارى بانكى و باج و خراپبونه‌كان كه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا ڕوویانداوه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌، ڕۆشنتر له‌مه‌ ئه‌وه‌ى به‌ پوختى ئه‌مێنێته‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو تێچوه‌كانى لێ ده‌رئه‌هێنیت، به‌ بیركاریانه‌ ئاوها لێك ئه‌درێته‌وه‌: (قازانجى په‌تى = كۆى گشتى ده‌ستكه‌وت – كۆى گشتى تێچوو).
لێره‌دا، له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا بڕى گشتى نه‌وته‌كه‌ به‌رهه‌م دێت (ئیتر به‌ پێى بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كه‌و ئاستى به‌رهه‌مهێنان) یه‌كسه‌ر دواى ئه‌وه‌ (10%) ئه‌ڕوات بۆ موڵكانه‌ى حكومه‌ت (Government Royalty) ئینجا جه‌وله‌ى دووه‌م قازانجى نه‌وتى صافى كه‌ مایه‌وه‌ (صافی النفط المتاحة-  Net available oil) ئه‌ لێره‌وه‌ حكومه‌ت به‌ چڕى دێته‌ ناوه‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ش خێرا خه‌ریكى هێنانه‌وه‌ى ئه‌و تێچوانه‌ ئه‌بێت كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه‌دا سه‌رفى كردووه‌ ئه‌مه‌ پێى ئه‌ڵێن (Cost Recovery Oil)  بۆ نمونه‌: ده‌ست ئه‌كات به‌ فرۆشتنى خام یان گاز یان ئه‌و پێكهاته‌و هۆكارانه‌ى كه‌ له‌كاتى به‌رهه‌مهێناندا ئه‌شێت بۆ فرۆشتن سوودى لێ ببینێت، ئه‌مه‌یان حكومه‌ت به‌شێك نییه‌ لێی، ئه‌م كۆست ریكۆڤه‌ریه‌ ته‌نها له‌ گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌مهێناندا هه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ سه‌ركێشى كردووه‌ كه‌ گرێبه‌ستێكى له‌وجۆره‌ى ئیمزاكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك هاته‌ پێش بڕێكى ئه‌وتۆ نه‌وت نه‌دۆزرایه‌وه‌، ئه‌وا هه‌رچۆنێك بێت وا بكات بڕێك له‌و تێچووه‌ى  هه‌یبوه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خۆى.
ئینجا دواى ئه‌وه‌ تێكڕاى قازانجى نه‌وت - Gross profit دێته‌ پێشه‌وه‌ (كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ماناكه‌یمان ڕوون كرده‌وه‌). چۆن تێكڕاى قازانجى نه‌وت له‌نێوان: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ و پرسه‌كانى وه‌ك پرۆگرامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌ڵێنده‌ره‌ ناوخۆییه‌كان و ده‌ره‌كیه‌كان و كۆمپانیا تایبه‌ته‌ ناوخۆییه‌كان دا دابه‌ش ئه‌كرێت؟ ئه‌مه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌ك دابه‌ش ئه‌كه‌ن كه‌ 30/70% یان 15/85% ه‌ (ئه‌و له‌ % ئه‌و سه‌ته‌ نییه‌ كه‌ خوێنه‌ران و زۆركه‌س بیرى لێ ئه‌كه‌نه‌وه‌) لێره‌دا هاوكێشه‌یه‌كى حیسابى ئاڵۆز هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاستى داهات كه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر ئاستى تێچوودا پێى ئه‌ڵێن فاكته‌رى ئاڕR (Factor ‘R‌)  فاكته‌رى ئاڕ ئیراداتى كه‌ڵه‌گه‌ بووه‌ (له‌ تێچوى نه‌وت و قازانجى نه‌وته‌كه‌)  كه‌ تیایدا ئیراداتى كه‌ڵه‌گه‌ بو دابه‌ش ئه‌كرێت به‌سه‌ر تێچووى كه‌ڵه‌گه‌ بودا. ئه‌مه‌ به‌كورتى یانى قازانجى نه‌وت له‌سه‌ر بنه‌ماى فاكته‌رى ئاڕ دابه‌ش ئه‌كرێت، ئیتر ڕێژه‌ى هه‌موو شته‌كانیش به‌ پێى فاكته‌رى ئاڕ ئه‌گۆڕێت. له‌مه‌ زیاتر لێى ئه‌گه‌ڕێین چونكه‌ ژماره‌كارى و سه‌رله‌نوێ كه‌ڕه‌ت كردنه‌وه‌ى هه‌یه‌و ئه‌ركى نوسینه‌كه‌ قورستر ئه‌كات.

چواره‌م: ئاریشه‌ى پرۆگرامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چیه‌ ؟.
 به‌رنامه‌ى به‌رپرسیارێتى له‌ هاریكارى كۆمه‌ڵایه‌تى (Corporate Social Responsibility) كه‌ به‌ (سى ئێس ئاڕ-CSR) ناسراوه‌ له‌ كارى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كانداو، هه‌موو كۆمپانیایه‌كى فره‌ڕه‌گه‌ز دیسكێكى تایبه‌تى به‌ CSR هه‌یه‌، به‌پێى گرێبه‌ستى به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان (Predicting Sharing Contract)  ئه‌بێت له‌نێوان (2.4 % بۆ  4.8%) ى تێكڕاى قازانجى نه‌وت  بۆ پرۆگرامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى هه‌رێمى  كوردستان بێت، كه‌ به‌ (KSP) ناسراوه‌. 
  به‌شێكى زۆر له‌ زانكۆكان، ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، لادێكان، ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌، ناوه‌نده‌كانى ڕاهێنان و مه‌شق و...تادوایی به‌ده‌ستیه‌وه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌، واته‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ هه‌موو ووڵاتێك له‌ هه‌ر بوارێك كۆمپانیایه‌ك وه‌به‌رهێنان ئه‌كات،  بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت و دیسكێكى تایبه‌تى بۆ پاڵپشتى كردنى دارایی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ كارى تیا ئه‌كات، بۆ نمونه‌: خوێندنگه‌ نۆژه‌ن ئه‌كه‌نه‌وه‌، ڕێگا چاك ئه‌كه‌ن، پاڵپشتى سه‌رپێخستنى كه‌رتى په‌روه‌رده‌و دابین كردنى كه‌ره‌سته‌كانى ئه‌كه‌ن و...تادوایی. ئێ به‌ڵام له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌م بواره‌ش گرفتى هه‌یه‌، چۆن؟
یه‌كه‌م: له‌هه‌ندێ ناوچه‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت یان به‌رپرسێكى سه‌ربازى یان حیزبى بووه‌ به‌ بڕیارده‌ر به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌وه‌ له‌ناو كۆمپانیاكه‌ یان بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كه‌دا خه‌ڵكى خۆیان فه‌رز ئه‌كه‌ن بۆ كاركردن تا ئه‌و شوێنه‌ى ئه‌و بڕیار ئه‌دا ئه‌مه‌ بۆ فڵانه‌ شوێن بكرێ و ئه‌وه‌ نه‌كرێت...
دووه‌م: ئه‌گه‌ر قازانجى گشتى ته‌نها یه‌ك كۆمپانیا له‌ماوه‌ى ساڵێكدا (100) ملیۆن دۆلار بێت، به‌پێى گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌بێت له‌ نێوان  (2.4) دوو ملیۆن و چوارسه‌ت هه‌زار بۆ (4.8) ملیۆن و هه‌شت سه‌ت هه‌زار دۆلار ته‌نها له‌ یه‌ك گرێبه‌ستدا بۆ پرۆگرامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌رخان بكرێت!. به‌ڵام زۆرجار كۆمپانیاكان تاكلایه‌نه‌ ئه‌مه‌ ڕائه‌گرن و نایده‌ن، زۆرجار وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان چه‌ند سه‌نته‌رو میدیاو ڕێكخراوێكى حیزبی نزیك له‌خۆیان دائه‌نه‌ن كه‌ ئه‌م پارانه‌ وه‌ربگرن، زۆرجاریش داواى فه‌رمانى سه‌رو خۆیان ئه‌كه‌ن و چاوبه‌ست ئه‌كه‌ن، به‌وه‌ى ئه‌ڵێن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌ بڵێین له‌و بودجه‌یه‌ هاوكارى بۆ نمونه‌ فڵان سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌وا ئه‌بێت له‌وسه‌ره‌وه‌و له‌كۆتاییدا حكومه‌ت خۆى ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌وه‌!!. زیاتر له‌ (10) ساڵ نزیكه‌ى (52) گرێبه‌ستى نه‌وتى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر (52) گرێبه‌سته‌كه‌دا ته‌نها پاره‌ى (CSR) به‌ نمونه‌ وه‌ربگرین ئایا چه‌ند كیلۆمه‌تر قیرتاوى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ پێكراوه‌ كه‌ ته‌نكه‌ره‌ نه‌وتیه‌كان پێیدا تێ په‌ڕ ئه‌بێت؟. ئایا چه‌ند خوێندنگه‌ى پێ دروستكراوه‌ كه‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ له‌ 30ى نیسانى 2019 ئه‌ڵێت ملیارێك و پێنج سه‌ت ملیۆن دۆلارمان بۆ كردنه‌وه‌ى خوێندنگه‌ پێویسته‌!. ئایا چه‌ند ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى به‌هێزى پێ سه‌رپێخراوه‌ تا له‌ناوه‌وه‌ ئیش بۆ بونیادنان و له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش كار له‌سه‌ر دانپیانانى كیانى كوردى بكه‌ن؟.

---------------

بەهرۆز جەعفەر: دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆکى ئینستیتیوتى مێدیتریانه‌ یه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى، خوێندکارى دکتۆرایە له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. ئه‌ندامه‌ له‌ فیدراسیۆنى ڕۆژنامه‌نووسانى نێوده‌وڵه‌تى.

 بۆ داگرتن و خوێندنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ به‌ شێوه‌ى پى دى ئێف   کلیک لێرە بکە