• English
  • العربية

مستەر پێنج لە سەت

گوڵبنگیان، دامه‌زرێنه‌رى کۆمپانیای نەوتی تورکی و عێراقی
کۆمپانیا فرە رەگەزەکان

9/30/2019 9:13:00 PM

گەر لە ناوەندی شاری لیشبۆنەوە بەرەو زانکۆی کاتولیک یان یاریگای بەنفیکا بڕۆی بەلای مۆزەخایەنەیەکی گەورەدا تێدەپەڕێت، کە ناوی مۆزەخانەی گولبەنکیانە. گولبەنکیان ناوی کەلۆست سەرکیس گولبەنکیانە. لە خێزانێکی ئەرمەنی دەوڵەمەند لە ئیستنەبول دێتە دونیاوە. ئەرمەنیەکانی دەوڵەتی عوسمانی دوو بەرەبون، ئەوانەی لە ڕۆژئاوای تورکیابون نزیک بە ئەوروپا بون و ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا بون نزیک بە روسەکان بون. تێگەیشتن لە چارەنوسی ئەوان لە زۆر ڕوەوە بە سودە بۆ ئەمڕۆی کورد.
مۆزەخانەکە چەندین بەشی بەرفراوان لە خۆی دەگرێت: بەشی هونەری، پێشەنگا، فرۆشگا، هەروەها بەشی دۆکیومێنتەکان. هاوینی ڕابوردوو کە چومە ئەوێ بڕیارمدا کە داوابکەم سەردانی ئەرشیفخانەکە بکەم، بە مەبەستی ئاگابون لە بڕ و جۆری دۆکیومێنتەکان. پاش دانوستانێکی دوو ڕۆژی توانیم سەردانی شوێنی دۆکیومێنتەکان بکەم. گولبەنکیان لە تەمەنی لاویدا باوکی دەینرێت بۆ ئەوروپا بۆ خوێندن. سەرەتا لە شاری مێرسیلیای فەرەنسی دەبێت پاشان دەگوێزێتەوە بۆ لەندەن. لە شاری لەندەن لە ئێڵ ئێس ئی یان لەندەن سکول ئۆف ئیکۆنۆمیک دەخوێنێت. پاش تەواوکردنی خوێندن، سەرپەرشتیارەکەی پێی دەڵێت وەها باشە درێژە بە توێژینەوە بدات چونکە ئەو کەسێکی بە توانایە. بەڵام باوکی بەوە ڕازی نابێت و بانگهێشتی دەکاتەوە بۆ ئیستەنبول.
گولبەنکیان لە گەڕانەوەیدا دەست دەکات بە بازرگانی. بە تایبەتی پەرە دەدات بە بواری نەوت. ئەو ڕۆژگارە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاوەن سەرزەمینێکی بەرفراوانە، پرسی پشکنین لە خاکی ئیمپراتۆریەتدا پرسێکی ئاڵۆزە، چونکە خاکی عوسمانی لە لایەن وڵاتان و کۆمپانیا ئەوروپاییەکانەوە چاوی تێبڕاوە.

لە ساڵی ١٩١٢ گولبەنکیان کۆمپانیای نەوتی تورکی دادەمەزرێنێت، کە پاشان دەبێت بە کۆمپانیای نەوتی عێراقی. دەتوانین بڵێین کە گولبەنکیان یەکێکە لەو جۆرە کەسایەتیانە کە بە کەسایەتی نەوت ناوی بەرین. ئەم جۆرە کەسایەتیانە لە دونیادا دەگمەنن و خاوەن وزە و ئەزمون و پەیوەندی و سەرمایەی تایبەتن، کە بەکاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. زۆرجار ئەم کەسایەتیانە بە چاوێكی باشەوە نابینرێن، چونکە بە گشتی یاری و مامەڵەکانیان نهێنی و شاراوەیە و لە پشتەوە دەسەڵاتێکی شاراوەی زۆریان هەیە. ئەمڕۆ لە بازرگانی نەوتدا بە فیکسەر یان ڕێکخەر ناودەبرێن. لە گۆڤاری هارپەر کێن سیلڤەرستیان ڕاپۆرتێکی دەگمەنی لە بارەیانەوە نوسیوە. لە بازرگانی نەوتی هەرێمدا چەندین کەسی لەم جۆرە هەن کە کاریان ڕێکخستن و میانگری گرێبەستەکانە و سودێکی بێشوماری لێدەبینن.
بەڵام گولبەنکیان لە فیکسەر گەورەترە. ئەو نەک هەر تەنها دامەزرێنەری کۆمپانیای نەوتی تورکی و پاشان عێراقیە، بەڵام داڕێژەری رێککەوتنامەی هێڵی سورە. هێڵی سور کە لە لایەن گولبەنکیانەوە کێشرا بوە مایەی هاتنە ئارای ڕێککەوتنێک لە نیوان تۆتاڵ، شێڵ، ستاندارد، بی پی کە هەریەکەیان ٢٣٪ پشکەکانیان هەبوو، پێنج لە سەتیشی بۆ گولبەنکیان. ئەم هێڵە سورە بوە هۆکاری ئەوەی کە کۆنسۆرتیومێک بێتە ئاراوە، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بڕی ململانێ لە نێوانیاندا بگەنە ڕێکەوتن لە سەر دەرهێنانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەش یەکەمجار بو کە ئەمریکاییەکان هاتنە ناوچەکە. ئەم ڕێککەوتنە و دیاریکردنی بەشی پێنج لە سەت بۆ گولبەنکیان ئەو دەکاتە یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندترین کەسەکانی دونیا. ئەو ڕۆژگارە یەکێک لە سەرچاوەکانی نەوتی ناوچەکە کەرکوک بوو، چونکە لە ساڵی ١٩٢٧ لە کەرکوک نەوت دەردەهێنرێت. ئەم ڕێککەوتنامەیە بوە هۆکاری ئەوەی کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دونیا کە پاشان بە حەوت خوشکەکە ناسران، بە جۆرێکی وەها کار بکەن کە پێکەوەیی لە نێوانیاندا بێت لە بڕی کێبرکێ، ئەمەش بە زیانی وڵاتانی ناوچەکە شکایەوە، چونکە وڵاتان نەیاندەتوانی کە سود لە جیاوازی و کێبرکێی لە نێوان وڵاتان وەربگرن.

ئەمە وەها دەکات کە مێژونوسێکی عێراقی گەورە گولبەنکیان بخاتە هاوشانی مارک سایکس و جۆرج پیکۆ کە داڕێژەری ڕێککەوتنانەمی سایکس پیکۆن. بە هۆی ئەوەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرباری ململانێیان لە ئاستی سیاسیدا لە بواری نەوتدا خۆیان لە ململانی بە دوورگرت.

                         ڕێككه‌وتننامه‌ى هێڵى سوور

گولبەنکیان لە سەردەمێکدا هات کە سەردەمی گواستنەوەبو لە ئاستی وزەدا. ئەو ڕۆژگارە وەک بەلفۆر لە نامەیەکدا دەڵێت ڕۆژگاری گواستنەوەبو لە خەڵوزەوە بۆ نەوت. گواستنەوەی لە خەڵوزەوە بۆ نەوت وەرچەرخان بوو لە زۆر ئاستدا لە دونیادا. وەرچەرخانێک کە هێشتا بە تەواوی کۆتایی پێنەهاتوە. خەڵوز بەرهەمهێنی جوڵەی کۆمەڵایەتی و بزوتنەوە چەپەکان بو، بەڵام نەوت هەمو ئەمانەی کوشت. بۆ کەسێک زانیاری زیاتری دەوێت لەم بوارەوە کتێبی دیموکراسی کاربۆن سەرچاوەیەکی دەگمەنە. گواستنەوەی ئەمڕۆ لە ئاستی وزەدا گواستنەوەیە لە نەوتەوە بۆ سەرچاوەکانی تری وزە، بە تایبەتی سەرچاوە نوێ بوەکان. بۆیە کارەبا گرنگترین سەرچاوەی وزەی سەدەی بیست و یەک دەبێت.

نەوت لە چەند دەیەی داهاتودا بەهای ئابوری لە دەست دەدات. نەوت لە ڕابوردودا عێراق و کوردستانی بە جۆرێکی وەها لە قاڵبداوە کە وەرچەرخان بۆ سەرچاوەی تر زۆر سەخت دەبێت. دەستپێکردن لە ئێستاوە بۆ ئامادەکاری بۆ قۆناغی پاش نەوت نەک زوە بەڵکو زۆر زۆر درەنگە.

ئەرشیفخانەکەی گولبەنکیان هێشتا کاری لە سەر نەکراوە، بە تایبەتی دۆکیومێنتەکانی ساڵانی لەندەن.