• English
  • العربية

سێ رەهەندی مەترسیداری رەشنوسى بودجەى ساڵى 2018 عێراقى

عێراق

11/18/2017 4:11:00 PM

سالار مەحمود

یەکەم: پرۆژەکە لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی (شیعەگەرایى) داڕێژراوە، بە بەڵگەی ئەوەی گوژمەیەکی زۆر بۆ وەقفی شیعی تەرخانکراوە، هەروەها بودجەیەکی زۆر بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، لە کاتێکدا (کە سروشتى نیە و پێچەوانەى بنەماکانى دەوڵەتى مەدەنییە) تایەفەکانى دیکە پەراوێزخراون.

 

دووەم: لەسەر بنەمای دەوڵەتی عەسکەر داڕێژراوە، گرنگیدان بە چەک و جبەخانەی سەربازیی، گوژمەیەکی زۆری بودجەکە بۆ کڕینی چەک و دابینکردنی پێداویستی سەربازی و جبەخانە تەرخانکراوە چ بۆ سوپا و چ بۆ هێزە چەکدارەکانی تر. ئەمەش مەترسیدارترین لایەنی بودجەی ۲٠۱۸ ی عیراقە، ئەم دەوڵەتە بەم عەقڵیەتی شەڕەوە خۆی بۆ تەجهیزی سەربازی زیاتر ئامادە بکات واتە لە ئایندەدا وڵاتەکە بەرەو شەڕێکی نوێ ئاراستە دەکرێت.

 

سێیەم: بودجەکە لەسەر بنەمای عەقڵیەتێکی شۆڤێنی و مەرکەزیی داڕێژراوە، بەو مانایەی ناوی هەرێمی کوردستان بە باکوری وڵات هاتوە هەروەها بە پارێزگاکانی هەرێم هاتوە، یا باسی وەزارەتی پارێزگاکان دەکات! ئەمەش دەرخەری پاشگەزبوونەوەی کرداریە لە فیدراڵیەتی عیراق لەلایەن حوکمڕانانی بەغداوە. کە بەپێی مادەکانی ۱۱۷و ۱۲۱ دەستوری هەمیشەیی دەوڵەتى عێراقى فیدڕال، هەرێمى کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی فیداڵی دانپێدانراوە.

 

بەشێک لە چەسپاندنی ئەم بنەمایانەى سەرەوە بۆ کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەى ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش بەشداریان نەکردوە لە داڕشتنی پرۆژە بودجەی عێراقیدا. پاساوەکەشیان تەنها ئەوەیە کە بەغداد فەرمووی لێنەکردوون بۆ ئەوەى بەشداربن لە داڕشتنى رەشنوسى بودجەدا.

 

ئەم حکومەتە شکستخواردوە نەیتوانیوە ئەو رێژەی ۱۷٪ کە کاتی خۆی بە هەوڵێکی زۆر چەسپێنرا نەک پارێزگارى لێبکەن و بتوانن ساڵانە وەریگرن بەڵکو ساڵ بە ساڵ کەمتر دەکرێتەوە..

 

هەر کەس و لایەک بڕوا بکات بەغداد بەشی بودجەی کوردستان دەنێرێ یان گێلە یان خۆی نەبان دەکات. بۆیە لەو عەقڵیەتەی بەغداد کە لەسەر ئەو سێ بنەمایە بودجەی وڵات دادەڕێژێ هیچ چاوەڕوانیەک ناکرێ، وەک چۆن هەر چاوەڕوانییەک بۆ چاکسازییکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە جگە لە وەهم هیچی تر نییە.

 

ئەم، ووتارە دەربڕى راى نووسەرە و MIRS لێى بەرپرس نیە.