• English
  • العربية

​گەندەڵی وەک دووەم یاخیگەری عێراق ئەمێنێتەوە

د. بیلال وەهاب، توێژەر لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک
عێراق

3/3/2018 2:18:00 PM

مێدیتریانە- دانا تەیب مەنمی  

وەرگێرانی:ماكوس ترانزلەیشن

 نەوت و غازی سروشتی بەکێشەی سەرەکی ئەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی عێراق ئەبێتە دەوڵەتێکی بەرجەستەکەری سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن و یاساو شەفافیەت بەدی دێت. گفتووگۆیەکی قووڵ هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی گەندەڵی، دەمەقاڵێی سیاسی، کەم و کورتی لە دەستوور و یاساو کێشەکانی تریش بەردەوامن لە کۆسپ خستنە بەردەم کەرتی ووزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئایا لەدوای  (٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧) کە ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان بۆ سەربەخۆیی سەرکەوتوو نەبو، گرفتە ئابورییەکانی بەردەم هەرێم و حکومەتی مەرکەزیی چۆن ئەبن؟. هێڵەکانی ووزەی عێراق و هەرێم لە کوێدا جیا ئەبنەوەو لە کوێدا بەرژەوەندییە هەرێمیەکان لەخۆیان دەئاڵێنن؟.

بەگشتی لەمەڕ تێگەیشتن لەر ڕەوشە هەڕەمەکییەی لە عێراقی پێش هەڵبژاردنی (٢٠١٨) ەدا هاتۆتە ئاراوەو، چارەنووسی گرێبەستە نەوتییەکان و کەرکوکی دوای (١٦ن ئۆکتۆبەری ٢٠١٧)، پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS دەستی داوەتە ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ فیگەرە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە کاریگەرەکانی دونیا بکات، ئەمجارەیان قووڵ بونەوەیەک لەگەڵ " د. بیلال وەهاب" توێژەر لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک:

 

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی:  با بپرسین داهاتووی هێڵەکانی ووزە چییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریکراوی ئەوانەی نێوان عێراق و ئێران  لەژێر کاریگەری ململانێ بەردەوامەکانی ناوچەکە چییان بەسەر دێت؟

بیلال وەهاب: ئێران کاریگەریەکی گەورە دەکاتە سەر عێراق و سیاسەتەکەی. هەرچەندە کەرتی وزە ئەو کەرتەیە کە هەردوو وڵاتەکە تێیدا ڕکابەری یەکترن بۆ بەدەست هێنانی پشکەکانی بازاڕ، وە هەناردەکردنی پشکەکانیان لە نێو سنوری ئۆپیک و وەبەرهێنانی جیهانی دا. ئێران هەوڵدەدات کە کەرتی وزەی عێراق بەرەوپێش بەرێت، بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامی کەمی هەبووە. عێراق پێویستی بە سەرمایە و توانای تەکنیکی هەیە، بۆ هەردووکیشیان جێگرەوەی نێودەوڵەتی زیاتر هەیە، بۆ نمونە لە ئاستی جیهاندا ئەلتەرنالتیڤی تر هەیە کە پێشبرکێی کۆمپانیا ئێرانیەکان ئەکەن. هەرچەندە عێراق دەتوانێت سوود لە شێوازی جیاوازی وەبەرهێنان ببینێت، وەک ناردنی بۆری نەوت بۆ ئێران.

 لەڕووی تەکنیکیەوە خەمڵاندن بۆ ئەوە کراوە کە عێراق بە بۆڕی غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەغداد. بەپێی توێژینەوەیەکی (سەنتەری بەیان- کە ئۆفیسی سەرەکی لە بەغدایە) ئەو بۆریە نەوتییە  درێژیەکەی (٣٠٠) کیلۆمەتر ئەبێت و دروستکردنەکەی بری (٦٠٠) ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. جگە لەمانەش وەزارەتی نەوتی عێراق، بێ دەرخستنی وردەکاریەکان، ئەوەی وت کە دان دەنرێت بە دروست کردنی بۆڕیە نەوتێکی تازە بۆ جێگرتنەوەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا (ITP) کە لەژێردستی عێراقدایە و بەکەڵکی چاککردنەوە نەماوە.  

لە هاوینی ساڵی (٢٠١٦) دا بەرپرسانی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا گەشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر وردەکاریەکانی بۆری هەناردەکردنی نەوت کە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات هێڵی دووەمی هەبێت سەرەڕای هێڵی بەندەری جیهان. هێڵە نوێیەکە دەتوانێت ڕۆژانە (٢٥٠) هەزار بۆ (٤٠٠) هەزار بەرمیل ڕەوانە بکات، کە ئاسانکاری ئەکات بۆ ئاڵوگۆری نەوت لەگەڵ ئێران. بەم پێیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو بە پاڵاوگە سنورییەکانی ئیران کە نزیکن لە سنوری عێراق دەدات و ئێران لە بەرامبەردا نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەرەکان دەفرۆشێت. پێدەچێت لە  (٢٠١٧) شدا ئێران چوبێتە ناو گفتوگۆی هاوشێوەوە، ئەمجارە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق. لەوکاتەوەی هەرێمی کوردستان کێلگە نەوتیەکانی کەرکوکی  بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق بەجێهێشت، حکومەتی عێراق نەوتی کەرکوکی ڕەوانەی ئێران کردووە.

بەدەر لە لێکۆڵینەوە تەکنیکی و داراییەکان، مێژووی ڕەفتار و ناوبانگی ئێران وەک هاوبەشی بۆری نەوت، وەک هۆشداریەک وایە.  ئێران مێژووی هەیە لە پەشیمانبوونەوە لەو بەڵێنانەی پێکیان دەهێنێت، تەنانەت بەڵێننامەی واژووکراو و یاداشتنامەی هاوئاهەنگیش لەوانەیە گرنگیەکی ئەوتۆی نەبێت. بۆ نمونە توێژینەوەیەک لەلایەن پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ توێژینەوەی ووزە دەریدەخات، لە دەیەی ڕابردوودا ئێران ژمارەیەکی زۆر لە یاداشتنامەی تێگەشتن و بەڵیننامەی لەگەڵ بەحرەین، کوەیت، عومان و سوریا واژۆ کردووە، وە هەروەها لەگەڵ هیندستان و میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو هیچ کام لەمانە جێبەجێ نەکراون.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، دەسەڵاتی تاکڕەوی گۆڕا بۆ دەسەڵاتی لامەرکەزی بەڵام دەسەڵاتە ڕکابەرەکان هەوڵی مانەوە دەدەن لە ژینگەیەکی قەیراناوی و خراپکراو لەلایەن دەزگا لاواز و شکستخوادووەکانی دەوڵەت.

 

پەیمانگای مێدیتریانە  بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی:  کەوا بێت ئێستا کێشە و مەترسیەکانی سەر کەرتی نەوت و گاز چین؟ بۆچی تا ئێستا داهاتی نەوت نەیتوانیووە ئاشتی و سەقامگیری ئابووری بۆ خەڵکی عیڕاق بهێنیت؟

 

بیلال وەهاب:  ئێستا تەواو روونە، هەرچەندە تەواو راستیشە، کە ئێستا عێراق بەدەست نەفرەتی داهاتەوە دەناڵێنێت. لەراستیدا، کاتێک لێشاوی داهاتی نەوت توانی هێزی سەربازی تۆکمە بۆ عێراق بەدەست بهێنیت و خەڵکی لە برسێتی بپارێزێت، حکومەتە یەکلە دوای یەکەکان نەیانتوانی داهاتی نەوت بەشێوەیەک وەبەربهێنن کە ئابوورییەکی بەردەوام و مۆدێرنی هەبێت. لەجێی ئەوە گەندەڵی تەشەنەی کردووە.

عێراق هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە چاکسازی کردن لە سیستەمی ئابووری نەوت بە شێوەیەک کە رۆڵی کەرتی تایبەتیش لەخۆبگرێت. ئینجا پێویستە سەروەری یاسا، شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی بەرجەستە بێت.

لەژێر دەسەڵاتی سەدام حسین دا، ئەوە داهاتی نەوت بوو پاڵپشتی و فەندی ئەو شەڕانەی ئەکرد کە ڕژێمەکە هەڵی ئەگیرساند، وە بە هۆی داهاتی نەوتیشەوە بوو لە میانەی یاخیبونە نێوخۆییەکان و کۆمەڵکوژییەکاندا خەڵکی ناچار بە ژیان لەسەردەستی دیکتاتۆریەتدا کردبو.  لەدوای پرۆسەی ئازادی عێڕاقەوە، هەرچەندە دەسەڵاتی تاکڕەوی گۆڕا بۆ دەسەڵاتی لامەرکەزی  بەڵام ڕکابەرییەکان هەوڵی مانەوە دەدەن لە ژینگەیەکی قەیراناوی خراپتر و خرپتر کراو لەلایەن دەزگا لاواز و شکستخوادووەکانی دەوڵەت. هەڵبژاردنەکان هانی ناسنامەی سیاسیان ئەدا، لەبەرامەریشدا سەریدەکێشا بۆ بەکارهێنانی کورتبینانەی سیاسەتی چاودێری لەجیاتی بەکارهێنانی سیاسەتی ستراتیجیانەی دوورمەودا. لەئەنجامدا شەری ناوخۆ، تیرۆریزم، گەندەڵی، خراپ بەڕێوەبردن بووەتە هۆی بەهەدەردانی داهاتی بەرزی تۆمارکراوی عێراق لە فرۆشی نەوتدا.

تاکەڕێگەی چارەسەر ئەوەیە کە عێراق دەست بکات بە چاکسازی کردن لە سیستمی ئابووری پشتبەستن بە نەوت، بەجۆرێک کە هەستێت بە لەخۆگرتنی ڕۆڵی کەرتە تایبەتەکان، پێویستە سەروەری یاسا و شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی بەدیبهێنرێت. عێڕاق یارمەتی لە بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەردەگرێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابورییەکەی، لەکاتێکدا ئەم ووڵاتە هەموو کەرەستەکانی بوون بە وڵاتێکی پێشکەوتووی هەیە بەڵام سیاسەتەکەی ڕێگرە لەبەردەمی.

 

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: بۆچی عێراق یاسای خۆی بۆ نەوت و گاز نییە؟ ئایا دەستوورێک یان یاسایەکی لەو جۆرە نابێتە هۆی نەهێشتنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر ڕێگاکانی نەوت؟

 
بیلال وەهاب: وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، لە عێراقدا سیاسەت  نەخشەداڕشتنی تێپەڕاندووە. پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ یاسای نیشتیمانی هایدرۆکاربۆن کرد لە ساڵی (٢٠٠٧). ڕەشنووسی یاساکە کارێکی باشیکرد لە ڕێکخستنی مادە دەستوورییەکان لەبارەی سیاسەتی نەوت و پیشەسازی لەو بوارەدا، بەڵام ‌‌‌هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر داهات و شایستە داراییەکان بەردەوامی هەیە. هەرچۆنێک بێت، ناکۆکییەکان لەسەر دیاریکردنی مافەکان و بەرپرسیارێتییەکان لە نێوان حوکومەتی فیدراڵی لە بەغداد و حوکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەشێک لە دەستوورەکە دەشێوێنێت. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای هەرێمی خۆی دەربارەی سەرچاوە سروشتییەکان دەرکردووە، بەڵام هێشتا عێراق یاسایەکی نیشتیمانی سەبارەت بە نەوتی نییە و پشت بە دەستوور و یاسا کۆنەکان دەبەستێت.

لەوکاتەوەی پەرلەمان لە ساڵێ (٢٠٠٧) شکستی هێناوە لە تێپەڕاندنی یاساکە، ماسەلەی پیشەسازییە نەوتییەکان و ڕێوشوێنەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەیەک جوودا بوونەتەوە. ناکۆکییەکانی دەربارەی مافەکان و ڕێڕەوەکانی نەوت هەر ماونەتەوە. لەدەرئەنجامدا هاوسەنگی دەسەڵات لە نێوان بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێسای دەستووریان هەڵوەشاندۆتەوە. بەڕاستی زۆربەی ناکۆکییەکانیان لەبارەی نەوت، گاز و بودجە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی لەو جۆرە.

سیاسەت ئابوورییش تێدەپەڕێنێت.  بەمجۆرەیە؛ دوودڵی بەغداد لە قبوڵکردنی فیدرالیزمی نەوت و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی فیدرالیزم  بۆ دوا سنوورەکانی بۆتە هۆی دەرەنجامی لەدەستچوونی ئابووری بۆ هەردوولا. بۆ نموونە، حکومەتەکەی عێراق لەمدواییەدا زۆرێک لە نەوتەکەی کەرکووک دادەخات چونکە ڕەتیکردووەتەوە بۆرییەنەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بێنێت. لەلایەکی تریشەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەداشکاندێکی زۆرەوە خەریکی فرۆشتنی نەوت بووە بە بازرگانەکانی نەوت بۆئەوەی خۆی دروور بگرێت لە هاوبەشیکردن لەگەڵ عێڕاق.

پێموایە هەڵبژاردنی دواتری پەرلەمان لە مانگی (١٢ی ئایاری ٢٠١٨) دا پێویستە تەرخانکردنی بەشێک لە یاساکانی بۆ نەوت و گاز لەپێشینە بگرێت تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربازیبێت لە ئابوورییە وێرانەکەی و ڕێگەبدات کەرتی وزەی عێراق بگات بە بەرزترین تواناکانی و دەستکەوتە ئابوورییەکان زۆر زیاتر بکات لەو دەستکەوتە سەرەتاییانە.

 

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: دێینە سەر گرفتێکی تر کە هەمیشە بونی هەیە لە نێوان هەرێم و حکومەتی مەرکەزید ا، ئەویش ئەکرێت سۆراخکردنە یان پرسیارکردنە لەوەی کێشە سەرەکییەکان چیین لەبارەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانییا نێودەوڵەتیەکانی نەوت؟ کامانە باشترین گرێبەستەکان بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان؟


بیلال وەهاب:
تا ئێستا بۆمان دەرکەوتووە کە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستانەیان ئەنجامداوە کە زیاتر گونجاوە بۆ چەند پیشەسازییەکی دیاریکراوی خۆیان. بەشێوازێکی تر بڵێین، گرێبەستەکانی کە لەسەر شێوازی "خزمەتگوزاری تەکنیکیی" ن زیاتر بۆ عێراق گونجاوە لەکاتێکدا گرێبەستەکانی بەشداری وەبەرهێنان (Producting Sharing Contruct-PSC) زیاتر بۆ پرۆفایلی کەرتی وزەی  حکومەتی هەرێمی کوردستان گونجاوترە. سەڕەڕای ئەمانە هەردووکیان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە لە ژینگەیەی کە قەیرانەکەی بریتی یە لە کەمی نرخی نەوت لە بازاڕدا.

بۆ حکومەتی عێراق،  مۆدێلی دوبارە پیاچوونەوە بە گرێبەستەکان و گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە ئامانجی باشتر بۆ هێڵەکانی گواستنەوە دادەنێت. پێکهاتەی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری تەکنیکی بۆ عێراق سوودمەندی هەبوو لەکاتێکدا نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستیدا بوو. بەڵام چیتر نا. لەڕاستیدا وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت مودێلێکی تازەی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری تەکنیکی دەربکات لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵی (٢٠١٨) وەریگرت بۆ دەورێکی تازەی بەیاسایییکردن لە کاتەکانی دواتری ئەم ساڵەدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە توشی قەرزی بەردەوام بووە بە کۆمپانییا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و بازرگانەکانی نەوت بەهۆی خەرجی گشتی کۆنترۆڵ نەکراو. جەنگی دژ بە داعش، لە دەستدانی ناوچەکانی کەرکووک لە دوای ڕیفراندۆم، و کێشە بەردەوامەکانی جوگرافییا کێشەیەکی لە مێژینەیە و سەریهەڵداوەتەوە.

 

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەیت لەدوای ئەوەی ووڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (مەبەسیمان ئۆپیکە) لەم دواییەدا ڕێکەوتنێکیان پێکهێناوە بۆ جڵەوگرتنی بەرهەم هێنان و هاوردەکردن؟

بیلال وەهاب: بەرهەمهێنەرانی نەوت قەدری زیاتری جێگیری بازاڕ دەگرن، گەر نزمیش بێت، وەک لە نرخی فڕین. بە واتایەکی دی، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکرێت بەڵام تا دواسنوورەکانی نەخێر. ڕێکەوتنی ئۆپێک سوپاسی پێداگری ئەندامەکانی و هاوکارییەکانی ڕوسیا دەکات. لەپاڵ ئەوەشدا، ئۆپێک ئاگاداری نرخی بەرزی نەوتە، کە ئەمەش ڕێگە بە نەوتی پاک دەدات دووبارە بەکاربێتەوە و لە بازاڕدا بڵاوبێتەوە، و لە کاریگەری ئەمەدان بەبێ ئەوەی نرخەکان دابەزێنێت هەمدیسان وەک پێشتری لە سایکڵی نرخدا بینیومانە. ئۆپێک وادیارە جێگەیەکی باشی نرخی نەوتیان دۆزیوەتەوە تا بتوانن لەو ڕێگەوە بوودجەکانیان بەرزتربکەنەوە.

 

پەیمانگای مێدیتریانە  بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: باشییەکانی ڕێکەوتن چییە لە نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نەوت؟

بیلال وەهاب: پێم وانییە کە باشییەکان جێی متمانە بن. لەدوای ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزۆر وای لێدەکات دوورکەوێتەوە لە بەکارهێنانی نەوتەکەی خۆی بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە عێڕاق. بەدەستهێنانی ئامانجە ئابوورییەکان ئاسانترە  لەگەڵ نەوتدا وەک لە ئامانجە سیاسییەکان. زیاتریش ئەوەیە کە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان کە نەیانتوانیوە کەرتی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرن بەباشی، لەوانەیە چاودێری بەغدادی لەدواوە بێت.

بەغداد لەلایەکی ترەوە ناتوانی هەروا ڕێڕەوەکان وەلابنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستی کردوون. بەتایبەتی خێراترین ڕێڕەو بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بریتییە لە بۆرییەنەوتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە دروستکردن هێڵی تازە بۆ تورکیا.

ئەگەر ئەمە بۆ شارەزایانای تەکنیکی بەجێبهێڵدرێت، براوەیەکی دوولایەنە بۆ هەردوولا دەتوانرێت بەگونجاوی بەدەست بهێنرێت، بەو بابەتانەشەوە کە باسی هەناردەکردنی نەوت دەکات لە کێڵگەکانی باکوورەوە و ڕێڕەوەکانی دابەشکردنی. هەر لە ئێستەوە نیشانە دڵخۆشکەرەکان دەبینین لە دەرەنجامی ڕێکەوتنی کۆمپانیانی نەوتی باکور لەگەڵ گروپی کاری حوکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای کارگرووپ دەپاڵێورێت لە کەڵەک. دەتوانرێت پێشبینی ئەوەش بکرێت ئەم پێکەوەهاوکاریکردنە بەرزبێتەوە بۆ گومەزی خورمەڵە، کە شوێنەجوگرافییەکەی پەیوەستە بە کەرکووکەوە بەڵام لەلایەن کارگرووپ ەوە بەڕێوە دەبرێت.

دووبارە دەڵێین، ئەوە سیاسەتە ئاڵۆزەکەی عێراقە بووتەوە بەربەست لەبەردەم ڕێگەکەدا. هەڵبژاردنە کان و سەرنجامیش پێکهێنانی حکومەت کۆمەڵە هەلێکی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ دروستکردنی هەندێک خواستی باش لە نێوان بەغداد و هەولێر.

 

 پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: لیرەدا داتا ڕاستیەکانی سەرمایەی نەوت و گازی بەردەوامی عێراق و کوردستانی عێراق چین؟

بیلال وەهاب: ئێمە چاوەڕێی داتای تازە و نوێکراوەین لە هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان. ڕێژەی بەرهەم هێنانی عێراق زیادی کردووە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ڕێژەی عەمبارکردن روو لە کەمییە، وەزیری نەوتی عێراق وتی کە ڕێژەی عەمباری وڵاتەکە لە (١٥٣) ملیۆن بەرمیل پێکدێت. هەرچەندە ئۆپیک ڕێژەی نەوتی عەمبارکراوی عێراقی بە (١٤٨) ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنێت.  

ڕێژەی عەمباری حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتە (٤٥) ملیار بەرمیل کە ڕێژەیەکی دڵخۆشکەرە. هەر کە دۆزینەوە و بەرهەمهێنان بەردەوام بوو، گۆڕانە جوگرافیەکان دەریانخست کە ئەو ژمارەیە ڕاست نیە.  بۆ نموونە، لە ساڵی (٢٠١٦) گەنەڵ ئێنێرجی بڵاویکردەوە کە نیوەی عەمباریەکانی لە (٦٨٣) ملیۆن بەرمیل بۆ تەق تەق دەنارد. لە ئێستا لە زیاتر لە نیوەی عەمباری تەق تەق پێشتر بەرهەمهێنراوە. لە ساڵی (٢٠١٥) کۆمپانیای مۆڵ ڕێژەی عەمبارکردنی ئەکری بیجیل   Akri Bijeel   لە (٨٠٠) ملیۆن بەرمیل بۆ (٤) ملیۆن بەرمیل کەمکردەوە، واتە بەڕێژەی(٩٥٪) کەمی کردووە. ئەم ڕێژەیە پێویستە بەردەوام بگۆڕێت تاکو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و دۆزینەوەکان لەو ناوچەی سەوز بەردەوام دەبێت.

حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر بەدەست نەبوونی شەرعییەتەوە دەناڵێنن. کاتێک کە عێراق، کە لە تووڕەبوونی خەڵک دەترسێت، خۆی ئامادەدەکات بۆ هەڵبژاردن لە مانگی ئایاردا، هەرێمی کوردستان هەوڵی گێڕانەوەی متانەی دەدات بە داواکردن لە ڕێکخراوی دیلۆیت کە پێداچوونەوە بۆ کەرتی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی: ئایا سەنتەرەکانی توێژینەوەی ناوخۆ و جیهان چۆن دەتوانن کاریگەریان لەسەر دەسەڵات هەبێت بۆ گێڕانەوەی شەفافیەت بۆ کەرتی وزە؟

بیلال وەهاب: کارەکتەرە جیهانیەکان کاریگەریان لەسەر حکمەتی عێراق هەیە. وە سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەکان پێیان وایە ئەگەر کارەکان وەک هەمیشەبن گاریگەری هەیە لەسەر بەردەوام نەبوونی سەقامگیری. داعش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە سستی حوکمەت. گەندەڵی وەک دووەم یاخیگەری عێراق دەمێنێتەوە. زۆری ڕێژەی دانەمەزراندن و بێ کاری لە گەنجانی عێراقدا هۆکارە بۆ درووستبوونی یاخیگەری، گرووپی تیرۆرستی و واشدەکات میلیشیاکان بە ئاسانی شەرکەر دادەمەزرێنن، کە لەبەرامبەردا زنجیرەیەک توندوتیژی و ناسەقامگیری درووست دەکات.

بێجگە لە ناوخۆی عێراق، فشارە دەرەکیەکان و هاوکاریەکان لە زیادبووندان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی یارمەتی ئابووری عێراق دەدەن بە پێدانی قەرز و یارمەتی تەکنیکی. دووبارە پێداچوونەوەی گومرگ و کۆمەکەکان یارمەتی دەردەبڕن بۆ دارایی عێراق ( تەنها تێچووی کارەبا لە ساڵی ٢٠١٧ دا ١١ ملیۆن دۆلاری لە بودجەی عێراق تێچووە). لەگەڵ ئەوەشدا دراوسێ و هاوبەشانی عێراق لە کوەیت کۆدەبنەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ دوبارە بنیادنانەوەی عێراق.

 

پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی : ڕێژەی گشت قەرزی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە، بە کۆمپانیا جیهانیەکانی نەوت و قەرزپێدەرەکانیشەوە؟ ئایا هەرێمی کوردستان ئەتوانێت ئەوقەرزانە بداتەوە، ئەگەر نا، چی ڕوو دەدات؟ ڕۆلی حکومەتی فیدڕاڵی عێڕاق چییە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە؟

بیلال وەهاب: بەپێی سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کوردستان (٢٠) بیست ملیار دۆلاری هاوڵاتیانی کوردستان و کۆمپانیاکانی کوردستان و تورکیا و کۆمپانیا نەوتیەکان و بازرگانانی نەوت قەرزارە.

بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی (٢٠١٦) تەنها (٦٧٪) ی داهاتی نەوت چۆتە خەزێنەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوە، کە بڕەکەی تر بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان و بازرگانانی نەوت تەرخان کرابوو.

سەرەڕای ئەو قەرزانەش، هەرێمی کوردستانی عێڕاق چەند مانگە مووچەی دابەش نەکردووە، کە مووچەکەش کەمکراوەتەوە بۆ نیوە. سەرەڕای کەمی داهاتی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ەوە ڕێژەی هەناردەی هەرێمی کوردستانی عیڕاق بۆ نیوە کەمی کردووە، کە وای کردووە قەیرانە داراییەکانی کوردستان قوڵتر ببیتەوە، سەرەڕای خۆپشاندانە توندوتیژانەکانی هاوڵاتیان، کوردستان دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکانی کردووەتە پێشینەی کارەکانی و لە کانونی یەکەمی (٢٠١٧) دا (١٠٠) ملیۆن دۆلاری داوەتەوە.

وەک لە پێشتر ئاماژەی پێکراوە، کە ڕێگەی تەکنیکی هەیە بۆ عێراق  و حکومەتی هەرێمی کورستان کە پێکەوە کاربکەن. پیسەسازی وزەی عێڕاق بەرەوپێش دەچێت، لە کانوونی یەکەمی (٢٠١٧) عێڕاق توانی ڕۆژانە (٣,٥) سێ ملیۆن و نیو بەرمیل هەناردە بکات. کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە عێراق ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ کۆمپانیا نەوتیە جیهانیەکان کە بچنە ناو کەرتی نەوتی عێڕاقەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا هەندێک دەسەڵاتی ماوە، بەتایبەتی بە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی بۆری نەوتی بەندەری جیهان. ئەگەر ئەمە دابخرێت لەلایەن هەرێمەوە حکومەتی عێراق داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوک لەدەست ئەدات. هەروەها پڕۆژەی گاز لەگەل بینا باوی و میران یارمەتی دەردەبێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە. پێش ئەوەی دابنیشن بۆ گفتوگۆی جدی، حکومەتی عێراق چاوەڕێی سازشی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک پێدانی هەموو هەناردەکانی بە سۆمۆ، بەئەنجامدانی ئەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر ناتوانێت ئازادانە هەناردەی نەوت بکات، بەڵام داهاتێکی زیاتر پەیدا دەکات بە بەراورد بە فرۆشتنی بە بازرگانان. هەروەها ئەتوانێت داوا لە عێراق بکات کە قەرزەکانی بگرێتە ئەستۆ. بەمشێوەش، عێراق باشترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ئەم جۆرە ڕێکەوتنانەش لەدوای هەڵبژاردنەوە ئەگەری زیاترە.

لینکى چاوپێکەوتنەکە بە زمانى ئینگلیزى لە بەشى ئینگلزیى وێبسایتى مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی:

http://www.mirs.co/details.aspx?jimare=86