• English
  • العربية

ئاژانسێکی زانستیی - جیهانی کتێبێک بۆ لێکۆڵەرێکی کورد بڵاودەکاتەوە

2/27/2024 12:49:00 PM

   - هەوڵە زانستییەکان

گروپی ئیمراڵد بۆ بڵاوکردنەوە (Emerald Publishing Group) کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ویلایەتە یەکگرتوەکان لە سانتیاگۆیە و لە بەریتانیا لە "لیدز" ە، دوای هەشت مانگ لە تاوتوێکردن کتێبێک بۆ ئەکادیمیست و توێژەری کورد "بەهرۆز جەعفەر" بڵاو دەکاتەوە. 
ئەم کتێبە هەوڵێکی ئەکادیمیە بەناونیشانی:
Deciphering the Eastern Mediterranean's Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional 
Shifts "لێکدانەوەی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: هێنانە ئارای وەرچەرخانێکی ناوچەیی." بڵاودەبێتەوە. 

ناوەڕۆکی کتێبەکە باسی ئابوریی سیاسیی وزە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست. تیایدا گازی سروشتی، نەوت، وزەو چۆنیەتی هاوپەیمانیەتیە سێقۆڵییەکان، هێڵی بۆڕی ئێست-مێد، وزە نوێبوەوەکان و بەکارەبایی کردنی ناوچەکە، ڕۆڵی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی جیهانییدا، کارەساتە ژینگەییەکان، گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان و ڕۆڵی زلهێزەکان و سیناریۆکانی ئایندە کلیکی لەسەر کراوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە بەشێکی کتێبەکە تەرخانە بۆ گرینگیی جیۆپۆڵەتیکیی دەریای سپی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و  ئەو کێشانەی لەم ناوچەیە کەڵەگە بوون وەکو: کێشەی فەلەستین، کێشەی قوبرس، قەیرانی سوریا، دیاریکردنی سنوری ئاویی نێوان ئیسرائیل و لوبنان. جگەلەمەش،  بۆ یەکەمجار کوردستانی باشور و یەدەگە سرووشتییەکەیمان لێرەدا بەستوەتەوە بە حەوزەی دەریای سپییەوە (چاپتەرێکی کتێبەکە سەبارەتە بە کورد). 

لایەنی بڵاوکەرەوە « ئیمرالد» یەکێکە لە کۆمپانیا گڵۆباڵە کاریگەرەکان، زیاتر لە 50 ساڵ ئەزموونی لەگەڵ زانکۆ باشەکانی ئەمریکاو بەریتانیا هەیە. تا ئێستا زیاتر لە (500.000) پێنج سەت هەزار توێژەر بەشدارییان لەگەڵ کردووە لە 130 وڵاتی جیاجیای جیهانەوە، ساڵانە (109.000.000) سەتو نۆ ملیۆن سەردانییان دەکرێ، هەروەها زیاتر لە (30.000.000) سی ملیۆن داونلۆدەریان هەیە.
بەهرۆز جەعفەر، گەنجێکی کوردە ساڵی (١٩٨٨) لە چەمچەماڵ لەدایک بوە. ماوەی حەڤدە ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە دەکات، دکتۆرای لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. دەیان لێکۆڵینەوەو بابەتی لەناوەندەکانی توێژینەوەی جیهان و عێراق بڵاوکردۆتەوە. ماوەی سیانزە ساڵە لە بواری ئاسایشی وزە، جیۆپۆڵەتیکی وزە، قەیرانە ناوچەییەکان و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان قسە دەکات.