• English
  • العربية

بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ، چاره‌نوسی ڕێككه‌وتنه‌ ئۆتۆمییەكه‌ی ئێران به‌ره‌و نادیار ئه‌بات: خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا

1/18/2018 1:47:00 PM

 

ئیدارەی ترەمپ، ڕۆژی ھەینی، ١٣ی ئەم مانگە، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ھەڵپەساردنی سزاکانی سەر ئێران، بەڵام کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمە دواجار ئەبێت هه‌ڵپه‌ساردنه‌كه‌ درێژبکرێتەوە، ئەگەر ڕێکكەوتنە ئۆتۆمییه‌كه‌ ھەموارنەکرێتەوە.


ناوەڕۆکی ڕێکكەوتنەكه چییە؟

ئەم ڕێکكەوتنە ناوەکییەی کە لە نێوان ئێران و پێنج کۆ یەک لە ئەپڕلی ٢٠١٥ واژووکرا، (لە ئۆگێستی ھەمان ساڵ ھەنگاوە جێبه‌جێكارییه‌كانی داڕێژرا) بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر جدی ئیدارەی ئۆباما ھاتە بەرھەم. بەپێی ڕێکكەوتنەکە، تاکو ٢٠٢٥ ئێران چالاکیە ناوەکییەکانی سنوردار دەکات، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ ڕێگریدەکات لە بەدەستھێنانی چەکی ناوەکی لە لایه‌ن ئێرانه‌وه. لە بەرانبەردا سزا ئابوریەکانی پەیوەنیدار بەو دۆسييەیە (دۆسییه‌ی ئۆتۆمی) لە لایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاوە ھەڵدەگیرێن. بەڵام ئەو سزایانەی کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکانی مافەکانی مرۆڤ، تیرۆر و موشەکە بالیستیەکان بەردەوام دەبن. ھەروەھا دەبێت ئەوەش بڵێیین کە چەند كۆتوبەندێک سەبارەت بە ئاوی قورس و پیتاندنی یۆرانیۆم تا ٢٠٣٠ بەردەوام دەبن.


بۆچوونی ئیدارەی ترەمپ لەسەر  ڕێکكەوتنەکە

ترەمپ لەکاتی کەمپینەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ڕێکكەوتنەکە دەردەبڕی. ترەمپ بەڕاشکاوی تا ئێستاش دەڵێت: ئەم ڕێکكەوتنە خراپترین ڕێکكەوتنە لە مێژووی ئەمریکادا. بۆیە لەکاتی کەمپینی ھەڵبژاردنەکاندا به‌ڵێنیدا له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی له‌ ھەڵبژاردنەکاندا، لە ڕێکكەوتنەکە دەکشێتەوە.

گرنگترین ڕەخنەکانی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێکكەوتنەکە ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم; دەبێت ڕێکكەوتنەکە بۆ ماوەیەکی بێسنور (ھەتاھەتایی) ڕێگری لە ئێران بکات لە بەدەستھێنانی چەکی ناوەکی.

دووەم; دەبێت ڕێکەوتنەکە پڕۆگرامە موشەکییە باليستیەکانی ئێرانيش بگرێتەوە.
سێیەم: دەبێت ڕێکكەوتنەکە سنورێک بۆ ھەژموونی بەردەوام فراوانبووی ئێران لە ناوچەکە دابنێت.

ترەمپ ‌له زاری خۆیه‌وه‌ چەندجارێک ڕایگەیاندووە کە ئێران پابەندی ڕێکكەوتنەکە نەبووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە کاروباری پشکێنەرەکانەوە.
ھەرچی خودی پشکێنەرەکانی ئاژانسی وزەی ئۆتۆمە: تائێستا ٩ جار پابەندبوونی تەواوەتی ئێرانیان پشتڕاستکردۆتەوە. به‌هه‌مان شێوه‌ یەکێتی ئەوروپا پابەندبوونی ئێرانی بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەوە پشتڕاستکردۆتەوە.

 

میکانیزمە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکە

ھەموو ٩٠ڕۆژ (٣مانگ) جارێک، پێویستە ئیدارەی ترەمپ دوو جەختکردنەوە ئاراستەی دەسەڵاتی یاسادان بکات: یەکەم، پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە ڕێکكەوتنەکە پشتڕاستبکاتەوە. دووەم، جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بەردەوامبوونى ڕێکكەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ێەمریکایە. ھەروەھا دەبێت کۆشکی سپی بڕیارێک دەربکات کە بە "دۆکیومێنتی ھەڵپەساردن" ناسراوە، بەھۆیەوە ٤ مانگ ھەڵپەساردنی سزاکان درێژبکاتەوە.


ئیدارەی ترەمپ چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕێکكەوتنەکە کردووە؟

ئیدارەی ترەمپ لە ساتەوەختی دەسبەکاربوونیەوە تا ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو،  ھەموو ٩٠ ڕۆژێک، پابەندبەنوونی ئێرانی جەختکردۆتەوە. لە ئۆکتۆبەردا به‌شێك له‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌یى ئه‌نجامنه‌دا، بەڵام نەگەیشتە ئاستی پەکخستنی ڕێکكەوتنەکە، بەڵکو داوای لە دەسەڵاتی یاسادانان کرد لە ماوەی ٢ مانگدا بڕیار لە چارەنووسی ڕێکكەوتنەکە بدەن. ھەرچۆنێک بێت دواتر ترەمپ داوای لێکردن پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ھەموارکردنی ڕێکكەوتنەکە ئامادەبکەن کە تێبینیەکانی ئیدارەکەی لە بەرچاوبگرێت. ھەرچی سەبارەت بە خاڵی دووەمە(بەردەوامبوونى ڕێکكەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ێەمریکایە)، تەنانەت یەک جاریش ئەوەی پشتڕاستنەکردۆتەوە کە ڕێکەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا بێت.
    لەئێستادا ئیدارەی ترەمپ لە ١٣ی ئەم مانگە بڕیاری درێژکردنەوەی ھەڵپەساردنی سزاکانی داوە، بەڵام:

یەکەم: بڕیارە ئەمە دواجاربێت کە ڕێکكەوتنەکە بەم ناوەڕۆکەوەى ئێستایەوە بەردەوام بێت، بەڵکو ئەگەر لەماوەی چوار مانگی داھاتوودا لەگەڵ ئێران نەگەن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ، ئەوکات سزاکان دووبارە دەسەپێنرێنەوە.

دووەم; لەگەڵ بڕیاری درێژکردنەوەی ھەڵپەساردی سزاکان، چەند سزایەکی نوێی سەپاند بەسەر چەند گەورە بەرپرسێکی ئێرانیدا، بەھۆی پەیوەندیان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران.

 

شیکردنەوەی ھەلومەرجە بابەتیەکانی پەیوەست بە بڕیارەکە;

یەکەم: ئیدارەی ترەمپ بە ڕاشکاوی يان بە پەنھانی، کۆتایی پێھێنانی ڕێکەوتنەکەی ناوێت، بەڵکو ڕێکەوتنێکی نوێی دەوێت کە چەند دەستکەوتێک بە ئیدارەکەی ببەخشێت.
دووەم; ترەمب لە ژێر فشاری بەڵێنەکەی دایە، کاتێک بە 'خراپترین ڕێکەوتن'ی مێژووی ئەمریکی دانا، بۆیە دەیەوێت لایەنی کەم وەکو 'مڕاوەغەیەک' ئەوە بسەڵمێنێت کە گرنگی بەو دۆسييەیە دەدات.

سێیەم: ئیدارەی ترەمپ تاڕادەیەکی باش لۆجیک لە رەخنەکانیدا ھەیە له‌مه‌ڕ ئه‌م دۆسیه‌یه‌، چونکە ئێران لە واقعدا لە ژێر گوشاری سزا ئابوریەکاندا ملییدا بۆ ئەم ڕێکكەوتنە، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا بەمافی خۆی دەزانی توانا ناوەکییەکانی تا ئاستی بەرھەمھێنانی چەکە ناوەکییەکانيش پێشبخات. لە چەندین بۆنه‌دا بەرپرسە ئێرانییەکان ئەوەیان خستۆتەڕوو کە: بۆ ئیسرائیل ئەو مافەی ھەبێت و ئێران نەیبێت؟! بۆیە ئێستا دەکرێت ئێران بەسود وەرگرتن لە داھاتی نەوت، تا ٢٠٢٥ بەتەواوی ببوژێتەوە، لەلایەکی تر بە پەرەپێدانی توانا ناوەکییە مەدەنییەکانى و بەدەستھێنانی ئەزموون و بەرەپێدانی موشەکە بالیستیەکان، زۆر بەخێرای دوای کۆتایی ھاتنی وادەی ڕێکەوتنەکە، توانایی بەدەستھێنانی چەکی ناوەکی دەبێت.

چوارەم: گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتێ ناوەڕاست لە سەردەمی ئیدارەی ترەمب، دوای دورکەوتنەوەی لە سەردەمی ئۆباما، پێویست بە ڕووبەڕوبوونەوەی ھەژموونی فراوانبووی ئێران ده‌كات لە ناوچەکە. ئەمەش لە لایەک پێویستی بە دروستکردنی فشارێکی نوێ ھەیە لەسەر ئێران، لەلایەکی تر دەیەوێت ھەردوو لایەنی نیگەران ئیسرائیل و سعودییە بگێڕێتەوە نێو ئۆپراسیۆنی سنوردارکردنی (گۆڕینی ڕژێمى ئێران لە گۆڕێ نیە) ھەژموونی ئێرانی.

بەگشتی، ئەمریکا دەیەوێت لەھەر گۆشەیەکەوە کە بکرێت، فشار و پاڵەپەستۆ لەسەر ئێران دروستبکات تا پاڵ بەھەژموونیەوە بنێت بۆ ئاستێک كه‌ هاوسه‌نگى‌ هێز و سەقامگیری ناوچەکە لە مەترسیدانەبێت. بۆ ئەمە بێجگە لەوەی کە خودی ڕێکەوتنەکە لە ئاستی خواستەکانی ئیدارەی ترەمپدا نیە، دەکرێت تەنانەت ئاڵۆزکردنی دۆسیەکەش بۆ ئامانجە ستراتیژییەکەی لەناوچەکە بەکار و به‌سود بێت. کۆتایی