• English
  • العربية

ئاسایشی وزە لەسایەی ئەگەری جەنگی ئەمریكا و ئێراندا

رۆژانە 17.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بە دوورگەی هورمزدا دەگوازرێتەوە

7/14/2019 12:21:00 AM

تا دێت گرژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرەدەستێنێ. بەتایبەت دوای بەئامانجگرتنی دوو كەشتی نەوتیی زەبەلاح لە دەریای عوممان لە رۆژی 13ی ئەم مانگە. دواتریش تۆمەتباركردنی ئێران بەوەی لە پشت هێرشەكەیە لەلایەن مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە. لەلایەكی دیكەوە رەتكردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا كە پەیامێك بوو ئێرانییەكان لە رێگەی شینزۆ ئابێ، سەرۆكوەزیرانی ژاپۆنەوە بۆ ئەمریكییەكانیان نارد، ئەگەری چارەسەركردنی گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی كەمتر كردەوە. بەمەش مەترسییەكانی سەر ئاسایشی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پتر بوون.

ئەگەرچی ئێران لە بازاڕی وزەدا پشكێكی ئەوتۆی نەماوە، بەتایبەت دوای زیادبوونی گوشارەكانی واشنتن بۆ سەر كەرتی و نەوت و گازەكەی كە بەگوێرەی ئامارەكان ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئایار بۆ 400 هەزار بەرمیل پاشەكشەی كردووە، لە كاتێكدا لە نیسانی ساڵی رابردوو رۆژانە زیاتر لە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرد، بەڵام ئەوەی بازاڕی وزەی نیگەران كردووە هەڕەشەكانی ئێرانە لە وەڵامی سزا ئابوورییەكانی واشنتن، لەوانەش هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتییەكان. 

بەگوێرەی دوایین ئاماری رێكخراوی ئۆپێك، لە مانگی ئایاردا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك بۆ نزمترین ئاستی پێنج ساڵی رابردوو پاشەكشەی كردووە بۆ ژێر 30 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش قەبارەی هەناردەكردنی نەوت لە گەرووی هورمزەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان كەم دەكاتەوە، بەڵام ئەندامانی ئۆپێك بەتایبەت سعودیە، ئێران، ئیمارات، كوێت و عێراق زۆربەی نەوتەكەیان بەو گەرووەدا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكەن. بەگوێرەی ئامارەكان رۆژانە 17.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، ئێران دەتوانێت لە رێگەی حووسیەكانی یەمەنەوە دەستی بگاتە گەرووی بابولمەندەبیش كە رۆژانە 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئایا ئێران دەتوانێ‌ كێشە بۆ گواستنەوەی نەوت لەو دوو گەرووەدا دروست بكات، یان ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران؟

ناكۆكییەكانی ئەمریكا و ئێران شتێكی تازە نییە. داخستنی گەرووی هورمز هەمیشە كارتێك بووە بەدەست ئێرانەوە لە دژی ئەمریكا. بەڵام ئێران دەزانێ‌ ئەو پرسە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، بەڵكو كاریگەریی نەرێنی لەسەر تێكڕای ئابووریی جیهان دروست دەكات. داخستنی گەرووەكە جگە لەوەی نەیاری زیاتر بۆ ئێران دروست دەكات، لە هەمانكاتدا خەرجییە سەربازییەكانیش لەسەر سوپای ئەو وڵاتە بەرز دەكاتەوە، لە كاتێكدا ئەو وڵاتە بە دەست قەیرانێكی قووڵی ئابوورییەوە دەناڵێنێ‌.

سەرەڕای گرژییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ڤەنزوێلا و ناكۆكییەكانی لەگەڵ چین و رووسیا و توركیا، تاران نزیكترین ئەگەرە بۆ هێرشی واشنتن. بەڵام رەنگە گۆڕینی رژێمی ئێران پاروویەكی هێندە ئاسانیش نەبێ‌ بۆ ئەمریكا، وەك ئەوەی لە 2003دا لە عێراق كردی. 

بەگوێرەی توێژینەوەیەكی پەیمانگای واتسن بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و گشتی، تێچووی جەنگی ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق، سووریا و پاكستان لە دەستپێكی ساڵی 2001 تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو 5.9 تریلیۆن دۆلار بووە. هێرشكردنە سەر ئێران ئەگەرێكی دوورە و قورس لەسەر ئەمریكا دەكەوێت، بۆیە ئەمریكا دەیەوێت ئابووریی ئێران لەوەی ئێستا هەیە لاوازتر بێت، ئینجا هەوڵی هێرش بدات. 

كوردستان لەبەردەم هەلومەرجێكی نوێ و سەختدا

زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ‌. بە روودانی هەر جەنگێك لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، دوور نییە كوردستان و عێراق ببنە بەشێك لە گۆڕەپانی ئەو شەڕە. بەشێك لە گروپە شیعەكانیش كە بە بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئێران دەربڕیوە، ئەگەر بە فیعلی پشتیوانی ئێران بكەن، ئەوە لەسەر عێراق گران دەكەوێ‌. روودانی هەر گرژییەك لە ناوچەكەدا ئاسایشی وزەی كەنداو دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە كە لە بەرژەوەندیی فرۆشیارانی نەوتە، بە تایبەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا رۆژانە پتر لە 400 هەزار بەرمیل دەفرۆشێ‌.

بەڵام نابێت هیچ كەس و لایەنێك بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان دڵی بە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە یان زیاتربوونی گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران خۆشبێ‌، چونكە ئەگەر لەلایەك نرخی نەوت بەرز بكاتەوە و داهاتی زیاتر بچێتە نێو خەزێنەی حكومەت، ئەوا لەلایەكی دیكەوە رووبەڕووی قەیرانی دیكەمان دەكاتەوە. تاوەكو ئەمریكا زیاتر تەنگ بە ئێران هەڵچنێ‌، ژمارەی ئەو ئێرانیانەی بۆ دەستكەوتنی كار ئێران جێدەهێڵن پتر دەبن كە بێگومان بەشێكیان روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەمەش باری ئابووریی هەرێمی كوردستان كە خەریكە راست دەبێتەوە، لاسەنگ دەكاتەوە. 

هاتنی دەستی كاری ئێرانی كە بەهۆی ئەوەی دراوەكەیان زۆر بێ‌ بەها بووە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری. ئەمەش دوور نییە ناڕەزایی لێبكەوێتەوە و هەندێك حیزبیش ناڕەزاییەكە بقۆزنەوە و گرفت بۆ حكومەتی داهاتوو دروست بكەن كە سوكانەكەی بەدەست پارتییەوەیە و ئەویش بەڵێنی داوە "كوردستانێكی بەهێز" دروست بكات.

ئێستا كۆلۆمبیا بەدەست قەیرانی ڤەنزوێلاوە دەناڵێنێ‌، هەرچەندە ئەمریكا سزای زیاتر بخاتە سەر ڤەنزوێلا ژمارەی ئەوانەی وڵاتەكەی خۆیان بەرەو كۆڵۆمبیا جێدێڵن، پتر دەبن. ئەمەش گرفتی زۆری بۆ حكومەتی كۆڵۆمبیا دروستكردووە، بۆیە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەبێ‌ زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی هاتنی ئێرانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بكەن.