• English
  • العربية

هەڵبژاردنی ئایندە تەواوی ڕێگەکان لە بەردەم عێراق دا دائەخات

ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

په‌یمانگه‌ى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى، دامه‌زراوه‌یه‌كى نا حكومی ئاكادیمی یه‌، گرنگى ئه‌دات به‌ توێژینه‌وه‌ له‌ بوارى نه‌وت و غازى سروشتى و سامانى ئاودا، هاوكات خۆى به‌ لایه‌نێكى گرنگى كاركردن ئه‌زانێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ى جیۆپۆڵه‌تیك و بارودۆخى ناوچه‌یی و جیهانى به‌گشتى، تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ دونیاى ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و عێراق به‌گشتى و كوردوستان به‌تایبه‌تى، وه‌ به‌شدارى بكات له‌به‌رهه‌مهێنانى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌بوارى ئاماژه‌ پێدراوداو، ڕۆڵى هه‌بێت له‌ دروستكردنى سیاسه‌تى گشتى داو، به‌شدارى زانستى بكات له‌و گفتوگۆیانه‌ى له‌سه‌ر ئاستى جیهانى دا، سه‌باره‌ت به‌ ئێستاو ئاینده‌ى سه‌رچاوه‌كانى ووزه‌و ئاسایشى هه‌رێمایه‌تى و بونیادنانى ئاشتى و كێشه‌ مرۆییه‌كان له‌ ئارادایه‌ (هه‌روه‌كو سێكته‌ره‌كانى كاركردن به‌ سێ زمانى كوردیی و عه‌ره‌بى و ئینگلیزیی له‌ وێبسایتى ئینستیوت دا ئاماژه‌ پێدراوه‌: www.mirs.co) .

9/17/2021 8:22:00 AM

بێوار ڕەحمان

ئەو گریمانەیە زۆر بەهێزە کە هەڵبژاردنی (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١) عێراق ئەگەیەنێت بە دژوارترین قۆناخ لەتەمەنی خۆیدا، لە زانستی سیاسەتدا مەترسیدارترین قۆناخ ئەو کاتەیە کە بۆشایی سیاسیی و ئەمنی دروست ئەبێت و توانا و بژاردەکانی دەوڵەت ئەگەنە ئاستی سفر بۆ ڕووبەڕووبونەوە. هۆیەکی سەرەکی ئەمەش نەمانی سازان ( توافق) ە لە عێراق، زۆربەی کەس لایوایە هاتنی کازمی بەهۆی سازانی لایەنەکانەوە بوە، بەڵام لە بنچینەدا بونی کازمی بە سەرۆکوەزیران لە ئەنجامی نەسازان ( انعدام توافق) بو لە عێراق. لەلایەکی ترەوە زۆربەی کاراکتەرە سیاسییە عێراقییەکان سەرقاڵی گەندەڵی و پرۆژەن بۆ خودی خۆیان، نەک پرۆژە بۆ پەڕاندنەوەی عێراق لە گرفتە قووڵەکان.

چوار هۆکاری سەرەکی ئەبنە مایەی داڕمانی مەترسیدار لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان:

یەکەم/ تەمەنی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی زۆر هەڵکشاوەو تەندروستی ڕێگەی پێ نادات ئەو ململانێیانەی لە نێوان حەوزەی قوم و نەجەف لە لایەک و ئەوەی لە نێوان شەقام و گەنجانی ناڕازی لەگەڵ حکومەت هەیە ئیدارەی بدات.

دووەم/ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها کشاندنەوەی زۆربەی سیستەمەکانی بەرگریی هەوایی و پاتریۆت لە ناوچەکە. تائێستا تەنانەت خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی نازانێت لە چ ڕۆژو بەروارێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەکشێنەوە.

سێهەم/ بە پێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ زۆربەی سەرکردایەتی حکومەت و ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق هەمە، لەدوای هەڵبژاردن بەهای دیناری عێراقی زیاتر دائەبەزێت. ئەمەش وا ئەکات هەڵاوسان (التضخم) ێکی گەورە لە بازاڕدا دروست بێت و بێکاری و هەژاریی و توندوتیژیی و ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە هەڵکشان بکەن.

چوارەم/ لەوەتەی ماڵی شیعی و ڕەوتی شیعی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا هەیە، هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناخە پەرت و پەرتەوازە نەبون، ئاڕاستەی سەدری نزیکن لە سعودییە، ئاڕاستەی فالح فەیاز لە لایەن قەتەرەوە پاڵپشت ئەکرێن، ئاڕاستەی عەبادی لە تورکیاوەو، بەهێزترین ئاڕاستەش ئاڕاستەی کەتائیب و چەندین گروپی حەشدی شەعبییە بە سەرکردایەتی هادی عامری و نوری مالیکی کە سەر بە ئێرانن.

هەرچی ماڵی سوونییە، دابەشبون بۆ سەر سێ کوتلەی جیاواز و دژ بەیەک، ئاراستەی محەمەد حەلبوسی، کوتلەی هاوپەیمانی عەزمی سەر بە خەمیس خەنجەرو هەندێک لە بەعسییەکان، هەروەها ئەسیل نوجەیفی و هەندێک لە بەعسیەکان لە لایەکی ترەوە.

ماڵی کوردیی، زۆر زیاتر لە ماڵی شیعی و سووننی پەرت بونە. هەرچی پەیوەندیی بە وەرگرتنەوەی پۆستەکانە چانسی حەلبوسی و کازمی و بەرهەم ساڵەح لە وەرگرتنەوە یان دانانەوەیان لە پۆستەکانیان لاوازە. ئەگەرچی خودی بەرهەم سالەح لە دەرەوەی کۆ-ڕایی کوردیی گەیشتە ئەو پۆستە.

لە کۆتاییدا، من پێموایە، لەگەڵ گرنگی و گەورەیی مەرجەعییەت لە عێراقدا، ئایندەی عێراق و براوەی ئەم هەڵبژاردنە سێ لایەنی سەرەکی ئەبن، یەکەم، سەدرییەکان، دووەم، حەشدی شەعبی و سێهەمیش پارتی دیموکراتی کوردستان. بەمانایەکی تر پۆستەکان و حکومەتی ئایندە لە عێراق هەریەکە لە بارزانی و سیستانی و سەدر یەکلایی ئەکەنەوە.