• English
  • العربية

لێشاوی کۆبونەوەکانی قائانی و برێت مەکگۆرک لە عێراق: چپە چپ لەسەر گازی سروشتی کۆبونەوەکانی گەرمتر کردەوە

لێشاوی کۆبونەوەکانی قائانی و برێت مەکگۆرک لە عێراق: چپە چپ لەسەر گازی سروشتی کۆبونەوەکانی گەرمتر کردەوە

1/18/2023 11:43:00 PM

 بێوار عەبدولڕەحمان/ هەماهەنگیکار لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS

لێشاوی کۆبونەوەکانی قائانی و برێت مەکگۆرک لە عێراق: چپە چپ لەسەر گازی سروشتی کۆبونەوەکانی گەرمتر کردەوە

پوختەیەک

لە ڕۆژانی (١٥ بۆ ١٧ ی جانیوەری ٢٠٢٣) لەو ماوەی (٤٨) کاتژمێرەدا، هەریەک لە "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی فەیلەقی قودس کە وەک نێردەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ناوزەند دەکرێت، لەگەڵ برێت مەکگۆرک نێردەی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە عێراق زنجیرەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامدا. ئەم دوو سەرکردەیە کاریگەری ئێجگار گەورەیان لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە. ئایا هاوکێشەیەکی نوێ لە عێراق دەبینین؟ ئایا برێت مەکگۆرک ئەو هێزەی دەبێت کە بتوانێت گازی سروشتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە بکات؟ ئایا ئەم سەردانە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی (ی.ن .ک) و (پ.د.ک) بە جێدەهێڵێت؟

با واز لە مەکگۆرگ بهێنین.. هاوەڵەکەی گرنگتر بوو!

لەسەردانەکەیاندا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان،  ئامۆس هۆکستین (Amos Hochstein) نێردەی کۆشکی سپی بۆ ژێرخانی جیهانی و کاروباری وزە لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق "ئالینا ڕۆمانۆوسکی" یاوەری مەکگورگ بوون. هۆچشتاین لە دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی ئەتڵەسی و ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-هیندستاندا کاردەکات. هۆچشتاین ئەندامی پێشووی دەستەی سەرپەرشتیاری کۆمپانیای وزەی ئۆکراینی نافتوگازە. هۆکستین، جولەکەیەکی لە دایکبووی ئیسرائیلە؛ بازرگان، دیپلۆماتکار و لۆبیستێکی ئەمریکییە. لە کۆنگرێسی ئەمریکادا کاری کردووە. لە ئیدارەی باراک ئۆباما و لە سەردەمی وەزیرانی دەرەوە کلینتۆن و کێریدا کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١١ وەک جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و وەک نێردەی تایبەت و ڕێکخەری کاروباری وزەی نێودەوڵەتی دەستنیشانکرا. لە ساڵی ٢٠١٥دا سەرۆک باراک ئۆباما هۆچشتاینی کاندید کرد بۆ ئەوەی ببێتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزە بەڵام ئەنجومەنی پیران کارێکی لەسەر کاندیدکردنەکە نەکرد.

لە کاتێکدا لە وەزارەتی دەرەوە بوو، هۆچشتاین وەک ڕاوێژکارێکی نزیک لە جێگری سەرۆک جۆ بایدن کاری کردووە. لە مانگی ئازاری ٢٠١٧ پەیوەندی بە کۆمپانیای Tellurian کرد کە کۆمپانیایەکی تایبەتی LNG یە و بنکەکەی لە شاری هیوستنە و لەوێ وەک جێگری سەرۆکی باڵای بەبازاڕکردن کاری کردووە تا لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ ڕۆیشتنی.

بەم پێیە، ئامۆس هۆکستیین، لە هەموو ئەو گفتوگۆ ستراتیجییانەی لەسەرانسەری جیهاندا لە بارەی وزەدا لە ئارادان، بەشدارەو ڕۆڵێکی گەورەی هەیە. بە تایبەتی لە دۆسییەیەکی هەستیاری وەکو دۆزینەوەو دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، کە لەدوای (٢٠١١) ەوە هاوپەیمانی ستراتیجی قوبرس- ئیسرائیل- یۆنانی لێکەوتۆتەوە. بە بڕوای "د. بەهرۆز جەعفەر" سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ئەم ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە لە بواری وزەدا ئیسرائیلی لە وڵاتێکی هاوردەکاری گازی سروشتییەوە کرد بە هەناردەکاری وزەو قسەکەرێکی سەرەکی لە دەریای سپی ناوەڕاستدا، ئەگەرچی ڕۆڵی تورکیا لەناوچەکەدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، چونکە پرۆژەکە ناڕەزایەتی و ململانێی هەرێمایەتی هێناوەتە ئاراوە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە، هەرێمی کوردستان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا. ئیدارەی ئەمریکا و ئەوروپییەکان لە لایەک سەرقاڵی زیادکردنی سزاکانن لەسەر ئێران، لە لایەکیش پەلەیانە بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن و ڕیزەکانی ناوەوەی هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش چاویان لەسەر کاریزمایەکی وەکو بارزانی و ڕێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە وەکو حیزبێکی یەکگرتوو، زۆرینە و خاوەن بڕیار لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و عێراقدا.

ئایا مەکگۆرک توانی گرژییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هێورتر بکاتەوە؟

لە دوای تەواوبوونی (٤٨) کاتژمێرەکە، مانۆڕەکانی قائانی و مەکگۆرک کۆتایی هات. حیزبەکانی ناوچەی سولەیمانی کە لە ژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێراندان وەکو: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی بڕیارە لە (٢٠٢٣) دا ئەنجام بدرێت. تا ڕادەیەکیش ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت کە خۆیان بەشیكی سەرەکیین تیایدا. ئەم ئاڕاستەیان کاریگەریی ئێران و بوونی قائانی پێوە دیاربوو لە گۆڕەپانەکەدا.

لە بەرنبەردا، بە پێی زانیارییەکان، مەکگۆرک لە دوو خاڵدا ئامانج و پەیامی سەردانەکەی کورت کردۆتەوە بۆ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت:

  •  * پێویستە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کۆتایی پێ بێت. ئەوەش بەو مانایەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕێگر نەبێت لە جموجوڵەکانی خستنەڕووی وزە.
  •  * پێویستە هەرێمی کوردستان بە پەلە هاوکاری بەغدا بێت لە دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا.

ئایا هەرێمی کوردستان، دەتوانێت لەڕێگای عێراقەوە گاز ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات؟ ئایا ئێران و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ڕێگە ئەدەن گازی ناوچەی چەمچەماڵ و کۆرمۆر ڕەوانەی ئەملاولا بکرێت؟

لێرەدا، ئەبێت بەدوای هەنگاوەکانی قائانی دا خوێندنەوە بکەین. چوونکە سەردانی قائانی بە بێ پەیام نەبووە بۆ سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکن لە عێراق. لە کاتێکدا یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی نێو شیعە و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیک لە ئێران " محەمەد شەیاع سودانی" سەرۆکوەزیرانی عێراقەو، دەڵێت: دەبێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق بمێننەوە؟ ئاخۆ ئەمە کاردانەوەی نەرێنی لە نێو شیعەکاندا بەدوای خۆیدا ناهێنێت؟!

ئیسماعیل قائانی زیاتر لە (٣٠) سەرکردەی ئێرانی و باڵوێزی ئێرانی لەگەڵ بووە لە بەغدا. یەکەمین دیداریان لە ماڵی حەکیمەوە دەستی پێکرد، کە پرسەی خێزانی "محەمەد باقر حەکیم" بوو. لە پەیامێکیشیدا، نامەیەکی " سەید عەلی خامەنەئی" یان پێبوو، کە داوای لە سەید عەممار کردووە هاوکار بێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکان. دواتر لە کۆبونەوەیەکی دیکەدا، داوایان لە "نوری مالیکی" ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەو  "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتی عەسائیبیب ئەهلی حەق کردووە کە نەرمی بەرانبەر یەک بنوێنن، تا دۆخەکە لە گرێزژنە دەر-نە-چووە. چوونکە هەر لە بەریەک هەڵوەشانێک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا، دۆخی عێراق بەتەواوی ئەتەقێتەوە.

خاڵێکی تر، پرۆژەی "عەقەبە" کە تیمی پێشوتری حوکمڕانی کاریان لەسەرکردووە، نابێت کابینەی سودانی کاری لەسەر بکات. ئەمەش بریتییە لە پرۆژەی راكێشانی بۆری نەوتی (بەسرە- عەقەبە) پڕۆژەیەكی نوێ نییەو بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوەو لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سەرجەم حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عیراق پاڵپشتیان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كردوە.

کۆتایی

تێڕوانیین و گفتۆگانی نێوان "محەمەد شەیاع سودانی" و برێت مەکگۆرگ و تیمی یاوەری، بە بێ باسوخواسکردنی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و هەڵکشانی بەهای دۆلاری ئەمریکی تێ نە پەڕیوە. نا- سەقامگیریی دراوی عێراقی ئەگەرچی پێشینەی هەیە، بەڵام گرفتێکی قووڵە کە بەرۆکی کابینەکەی سودانی گرتووە. دەرئەنجامەکانی ئەم گفتوگۆیانە لەسەر بەهای دۆلار، کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دەرئەکەون. هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەک ، پاشان ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان ئەو گرەوە سەرەکییانە ئەبن لە نێوان ئێرانییەکان و ئەمریکییەکاندا، هەڵاوێر دەکرێن.

 

ڕەتکردنەوەی بەرپرسیاریەتی/ نوسەر بەرپرسیارە لەسەرجەم تێگەیشتن و ئاماژەکانی ناو ئەم بابەتەی لەسەرەوەدا هاتووە.