• English
  • العربية

هەژموونى ئابورى چین و کاریگەری بەسەر گۆڕانکارییە جیهانی و هەرێمایەتیەکانەوە

ئاسیا

5/20/2018 12:28:00 AM

 

بۆ داگرتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوەی پی دی ئێفpdf کلیک لێرە بکە

مۆدێلى گەشەى ئابورى چین لە جیهاندا بە مۆدێلێکى ناوازە تەماشادەکرێت، بە جۆرێک لە ماوەى نزیکەى (60) ساڵدا لە دەوڵەتێکى کشتوکاڵى بێ ژێرخانى ئابورى و وڵاتێکى وێران و ماندووى دەستى داگیرکەر و جەنگى ناوخۆییەوە ببێتە دووەمین هێزى ئابورى جیهان لە پاش ویلایەتە یەکگرتووەکان.  خێراترین ئابورى گەشەسەندوو، کە بە تێکڕاى ساڵانە (10%) دە لە سەد گەشەى کردووە. ناپلیۆن دەڵێت: "چین شێرێکى نووستوە، وازیلێبێنن با بنوێت، لەبەرئەوەى کاتێک کە بەخەبەر دێت هەموو جیهان دەهەژێنێت"، لە ساڵى (2014) دا سەرۆکى چین "شى جین پینگ" ئەوەى راگەیاند کە شێرەکە لە ژێر سەرکردایەتى ئەودا بەخەبەرهاتووە، و هەوڵى بەدەستهێنانەوەى پێگە مێژوویەکەى دەدات وەک هێزێکى باڵادەست لە ئاسیادا.

بەشێوەیەکى چالاکانە چین لە سەرانسەرى جیهاندا کاردەکات بۆ وەدەستهێنانى بەرژەوەندیەکانى و فراوانکردنى هێز و دەسەڵاتى خۆى، ئەو سەردەمە بەسەر چووە کە ئەمریکا پێشەنگ بێت وەک لە حاڵەتى سەردەمى یەکێتى سۆڤیەتدا، لە برى ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین لە ئێستادا کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەى کامیان زیاتر دەبنە هێزێکى پەسەندى جیهانى.

چین شادەمارى ئابورى خۆى لە حەوزى روبارى (میکۆنگ) ەوە بۆ ناوەڕاستى ئاسیا داچەقاندووە بە مەبەستى بەدەستهێنانى ئامانجە ستراتیژیەکانى. لە میانى دامەزراندنى دامەزراوەى دارایى هەرێمى نوێوە، پەکین رووبەڕووى سیستمى جیهانى پاش جەنگى جیهانى دووەم دەبێتەوە کە لەژێر چاودێرى و سەرپەرشتى ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دامەزراوە. لە رێگەى دابینکردنى سەرچاوەى دارایى بۆ دروستکردنى رێگاکان، هێڵە ئاسنینەکان، بەندەرەکان، و هێڵەکانى کارەبا رێگاى ئاوریشمى نوێ تێپەڕدەبێت بە ناو ئۆراسیا و دەریاى باشورى چین و ئۆقیانوسى هیندیدا چین ئامانجى ئەوەیە هاوسێکانى راکێشێتە ژێر رکێفى خۆیەوە. تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاوە و چین دەیەوێت لە هەموو جێگەیەکى ئەم جیهانەدا رۆڵ و پێگەى هەبێت. هەروەها دەیەوێت سیستمى نوێى جیهانى بە رابەرایەتى ئەمریکا بگۆڕێت، واتە ئەو سەردەمە بەسەر چووە ویلایەتە یەکگرتووەکان تاکە هێزى پێشڕەوى جیهان بێت.

لێرەوە ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەى رۆڵى چین لە جیهاندا لە رووى ئابورى و تارادەیەکیش لە لایەنى سیاسیەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە دەکات سەبارەت بە بەرژەوەندیەکان و ستراتیژى چین لەگەڵ گەورە زلهێزێکى وەک رووسیا و کیشوەرێکى گرنگ و کاریگەرى وەک ئەوروپا سەرەڕاى گرنگى و ئاستى پەیوەندیەکانى کە وەک تۆڕێک وایە لە سەرانسەرى جیهاندا، توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکانى ئەوەى چین لە جیهاندا چی دەکات و بۆچى ئەنجامى دەدات؟ چین لە وەدەستهێنانى ئامانجەکانى و گەشەکردنیدا پشتى بە ئامراز و هۆکارى ئابورى بەستووە یاخود هێزى سەربازى و بەشداریکردن لە جەنگەکاندا؟ ئایا رۆڵ و کاریگەرى چین لە رووى ئابورى و سیاسیەوە چیە لە جیهاندا؟ ئامرازى دەستى چین چیە بۆ فراوانخوازى و سەرلەنوێ بونیادنانەوەى ئیمپراتۆریەتەکەى لە سەردەمى نوێدا؟ کورد لە کوێى بەرژەوەندیە ئابوریەکانى چیندایە؟ لە نۆ تەوەرى جیاوازدا هەوڵدەدەرێت وەڵامى ئەم پرسیارانە بدرێتەوە.

بۆ خوێندنەوەى تەواوى توێژینەوەکە کلیک لێرە بکە