• English
  • العربية

عێراق و کابینەکەی سودانی: ئایا هەڵوەشانەوەیەکی سەرتاسەریی بەڕێگاوەیە؟

خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی سودانی زیاتر دەبن
ڕاپۆرت و توێژینه‌وه‌

12/21/2022 9:58:00 PM

 بێوار عەبدولڕەحمان/ هەماهەنگیکار و هاوەڵی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

پوختەی جێبەجێکار

تێپەڕبونی (٩٠) ڕۆژ بەسەر کابینەکەی موحەمەد شەیاع سودانی دا..بەرە- بەرە ئیدارەی ئەمریکاو ئێرانییەکان، لایەنە شیعیی و سووننی و کوردییەکانی خستۆتە بەردەم ڕا-ڕایی و پرسیاری جۆراوجۆرەوە: ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی هەتا کۆتایی پاڵپشتی سودانی ئەکەن؟ کێ بوون ئەوانەی "سودانی" یان کرد بە سەرۆکوەزیران؟. هەر لەسەرەتاوە چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتبو لە پێنج کۆڵەگەی سەرەکی: حیزبی فەزیلە، حیزبی دەعوە، حەشدی شەعبی، تەیاری حیکمەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. ئەمانە حکومەتیان پێکهێنا. ئایا تاسەر ئەمانە پێکەوە ئەمێننەوە؟

قۆناخی پاکتاوکردنی لایەنگرانی کازمی و سەدر

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا..دواجار لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ "موحەمەد شەیاع سودانی" بە تەنها خۆی مایەوە لە گۆڕەپانەکەداو، ئەمریکییەکان بێدەنگیان لەوە کرد کە ببێت بە سەرۆک وەزیران، ئێرانییەکانیش پاڵپشتییان لێکرد. هەر لەگەڵ هاتنی ئەو بۆ کورسی سەرۆکوەزیران، لە بری قۆناخی پیرۆزبایی و بەڕێخستنی میوان دەستی کرد بە لادان و دوورخستنەوەی پیاوەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو "مستەفا کازمی" کە خۆی لە (٥٢) بەڕێوەبەری گشتی و (٢٢) ڕاوێژکار و (٤) دەستە دا بینییەوە. سەرەتای گۆڕانکارییەکانیشی لە " ڕاید جوعی" کە بە کاراکتەرێکی عەیاردراوی کازمی ناسراوە، دەستی پێکرد. ڕائید جوعی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشو و بەمدواییەش کازمی کردی بە سەرۆکی دەستگای هەواڵگری عێراق، سودانی لە هەردوو پۆستەکە دووری خستەوە. ئینجا بەڕێوەبەری گشتی پرۆتۆکۆڵ و مەراسیمەکانی ئەنجومەنی وەزیران "حەسەنەین ڕەشید نەقی" کە پێنج سەرۆکوەزیرانی بەدوای یەکدا بینی بوو، هێشتا لە شوێنەکەی خۆی مابوەوە، لەلایەن سودانییەوە لادرا.

ئاژانسە عێراقی و دەرەکییەکان، ئاماژەیان بەوە کرد، دوای دەست بەکاربونی سودانی بە سەدان کامێرای سووسە کردن و چاودێریی کردن لە دیوان و نوسینگەکەیدا دۆزراونەتەوە. تا ئێرە قۆناخی یەکەم بو، کە لادان و گۆڕینی پیاوەکانی  مستەفا کازمی بوون "لەمەشدا سەرکەوتوو بوو."

لە قۆناخێکی دواتردا، سودانی دەستی لە سەدرییەکانیش نەپاراست، لەم هەنگاوەشدا (٤) بەڕێووەبەری گشتی سەدرییەکانی گۆڕی. ئەوەش سەرەتای کاردانەوەی سەدرییەکان و هەراسانبونی "موقتەدا سەدر" ی لێکەوتەوە. هەر یەکسەر دەستی بە جووڵە سیاسییەکانی کردەوە؛ نامەیەکی سەدر لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە ئاڕاستەی ئێرانییەکان کرد. ڕاستەوخۆش قائانی گەیشتە عێراق و هۆشداری دا بە چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانی کە دوورکەونەوە لە گۆڕانکاریی کردن و گۆڕینی پیاوەکانی سەدر لە حکومەتدا. چونکە شانۆی سیاسیی عێراق تەمومژاویتر ئەکات.

قۆناخی شەڕی پۆستەکان و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار

لە کاتێکدا "نوری مالیکی" لە ناو حکومەتدا، ئاڕاستە ستراتیجییەکەی بۆ گۆڕینی "د. حەمید لغەزی" ئەمینداری گشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بوو کە سەر بە سەدرییەکانە، بە بڕوای مالیکی هاوکێشەی بەهێزیی سەدرییەکان لە ناو حکومەتدا لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دێت. مالیکی زۆر هەوڵیدا "غەزی" بگۆڕێت، بەڵام سەرۆکوەزیران "شەیاع سودانی" ڕازی نەبوو! لە دواییدا "حەمید لغەزی" بۆ-خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سودانی کرد، بەڵام سودانی ڕەتی کردەوە.

محەمەد شەیاع سودانی، دەستکاریی سێ پۆستی سەرەکی نەکرد کە نزیکن لە سەدرییەکان، بۆ ئەوەی ئارامی حکومەت بپارێزێت و گەمەکەی لەسەرەتاوە لێ تێک نەچێت، ئەو پۆستانەش: سەرۆکی بانکی مەرکەزی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ و ئەمیندارێتی گشتی بوون. بەمشێوەیە ئەو سێ پۆستە جارێکی تر خرایەوە ژێردەستی سەدرییەکان. ئەمەش ناڕەزایی و توڕەیی مالیکی و عەسائیب و بەشێکی تر لەسەرکردەکانی حەشدی شەعبی. هەر ئەمەش لەسەرەتاوە هۆکارێک بو کە "ماڵی حەکیم" بەشداری کابینەکەی سودانییان نە-کرد. چونکە ماڵی حەکیم ئەیانویست پۆستی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیران و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانیان بە دەستەوە بێت. سودانی پۆستی بەڕێوەبەری نوسینگەکەی خۆی دا بە بەرەی "ئیبراهیم جەعفەری" کە "ئیحسان عەواد" ە، پێشوتر بەڕێوەبەری نوسینگەی جەعفەری بوو لە وەزارەتی دەرەوە. لەلایەکی تریشەوە  بەرەکەی "حەیدەر عەبادی" یش داوای پۆستی ئەکردو، بەشداری کابینەکەی نەکرد.

هەموو ئەم بێنەو بەرانەش (وەک فاکتەری ناوخۆیی)، بوونە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی. ئەوەش گورزێکی گەورەیە کە بەرۆکی کابینەکەی سودانی بگرێت.

قۆناخی هەڵکشانی ڕۆڵی قەیس خەز عەلی لە عێڕاقدا

کێشەیەکی تریش سەریهەڵدا! ئەمجارەیان لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەوەش دەستپێکردنی ناکۆکییە لە نێوان خەزعەلی و مالیکی دا. لە کاتێکدا قەیس خەزعەلی "ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق" پشکی شێری وەرگرتوە لە پۆستەکاندا و بە باڵاەست ئەبیندرێت، کە ڕەوتەکەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ دا تەنها (٢) کورسی پەرلەمانیی بە دەستهێنا. بەرەی خەزعەلی لە ناو هەشت وەزارەتدا ( ١٦) بەڕێوەبەری گشتی وەرگرتووە. لە پۆستە ئەمنییەکانیشدا، خەریکە دەیان دەستەی تریش وەردەگرێت. ئێستا جووڵەیەکی دیاری خەزعەلی هەیە بۆ وەرگرتنی هەندێک لە پۆستە ئەمنییە باڵاکان. بۆیە لە ئێستادا نوری مالیکی و فالح فەیاز و هادی عامری کێبركییان دەست پێکردووە بۆ دەستگرتن بەسەر پۆستە ئەمنییەکاندا.

لە ئەنجامی ئەم پێشهاتەشدا. ئەمریکییەکان لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان "جەنین بلاسخارت" ەوە  پەیامێکیان گەیاندە مەرجەعییەت و سەید عەلی سیستانی، نامەیەکیشیان لە ڕێگەی "باڵوێزی ئەمریکا" وە گەیاندە "حەیدەر عەبادی" بۆ ئەوەی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی بکرێت. چونکە هەژمونی ئەو حکومەتەو باڵادەستی ئەم گروپە پرۆ-ئێرانییانە بەلای ئەمریکییەکانەوە جێی قبوڵ نییە. ئەمەشیان فاکتەرە دەرەکییەکەی بەرزبونەوەی بەهای دۆلارە لە عێراقدا و، ڕەنگە درێژە بکێشێت، لاوازکردنی دراوی عێراقی یەکێکە لە کارتەکانی ئەمریکییەکان لە بەرانبەر ئەو دۆخەی لەسەرەوەدا باسکرا.

خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی سودانی زیاتر دەبن

زۆربەی چاودێران، ئەم کابینەیە بە دوا دەرفەت ئەبینن لە عێڕاقدا. دیارترین خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی سودانی ئەوەیە کە موقتەدا سەدر وەک گەورەترین هێزی براوەی هەڵبژاردن و خاوەن هەژمونێکی جەماوەری گەورە لە عێڕاقدا، بەشدار نییە. هەروەها ڕێژەی بەآداری خەڵک لە دەنگداندا زۆر کەم بووە کە زیاتر نییە لە (٣٥٪) ی بەشداری عێراقییەکان.

دروستبونی ناکۆکی لە نێوان سووننەکان و هەوڵەکان بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمان "محەمەد حەلبوسی"، هەروەها ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، نارەزایەتی ئەمریکا لە پێکهاتەو هەژموونی کابینەکە.. بەرە بەرە بەیەکداکێشانی ئێرانی و ئیسرائیلیش لەناوچەکەدا چاوەڕوانکراوە. هێشتا هەڵڵای هاتنەوەی سەدرییەکان بۆ شەقامیش لە ڕێگەدایە (ڕوونە ئەمجارە بێنەوە شەقام بۆچی دێنەوەو چی ڕووئەدات).

هەموو ئەمانە خەڵکی خستۆتە دڵە ڕاوکێ و ئاژانسەکانی میدیاو ناوەندە عێراقی و دەرەکییەکانی بۆ پێشهاتێکی ترسناک وە ئاگا هێناوە.

 چوارچێوەی هەماهەنگی دەست ئەبات بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامە هەرێمییەکان

یەکێک لە کارە بازرگانییە- ناوچەییەکانی کابینەی کازمی پرۆژەی هاوبەشی نێوان عێڕاق، ئوردون، میسر بو کە لێکەوتەکانی پرۆژەی عەقەبەیە، پاکێچیكی ئابوریی نەوتیی، سیاسیی،  بازرگانیی، ئەلیکتریک (بە ڕووکەش ژینگەییشە). لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی بردووە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە. کە بێ گومان ئاکامەکەی بێ ئاگر و بێ دووکەڵ نابێت. لە بەرانبەردا، هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ پاڵپشتی لە پرۆژەو هەنگاوەکانی "چین" و هێلی ئاوریشمی چینی.

کاتێک "بلاسخارت" لە (٧ ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) سەید عەلی سیستانی بینی، جێگری سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکانی لەگەڵدا بوو. سیستانی نزیکەی (١٠) ساڵە هیچ کاراکتەرێکی سیاسیی و نێوەدەوڵەتی وەهای نەبینیوە! ئەوەی لێرەدا ماوە کوردە، لە ناو کوردیشدا بەرەی بە‌هێز "پارتی دیموکراتی کوردستان" ە، کە ڕۆڵێکی ئیجگار گەورەی لە کردنەوەی گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتدا هەبوو، ئەوەش بە پلەی ئیمتیاز ئەگەڕێتەوە بۆ بوونی "فواد حوسێن" وەک نوێنەری پارتی و بارزانی لە بەغدا.

چوارچێوەی هەماهەنگی بەم هەنگاوانەوە نەوەستان، دەستیان بردووە بۆباسوخواستی دادگایی کردنی مستەفا کازمی و ڕائید جوعی و (بەرهەم ساڵەحیش لە ناو ئەو زومرەیەدا) بە تۆمەتی دەست هەبونیان لە کوشتنی قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. هەربۆیەش چوارچێووەی هەماهەنگی بڕیاریاندا، بەوەی کە کابینەکەی سودانی کۆمپانیایەکی نیشتیمانی بەناوی "شەهید مەهدی موهەندیس" دروست بکات. ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەدوای خۆیدا ئەهێنێت.

ئەنجامێکی کورت

وەها ڕوون بۆتەوە، کە حکومەتی عێراق ناتوانێت سوود لە بەرزی نرخی نەوت و زیادبونی داهات ببینێت و گرفتە بنچینەییەکان چارەسەر بکات. هەروەکو جار و جارەکانی پێشووتر پشک-پشکێنەو بەشکردنی پۆست و ڕۆڵەکان لەسەر بنەمای گروپ و حیزب و تایەفە بەردەوامی هەیە. ئەمەش ئەنجامەکەی بۆ عێراق هەڵوەشانەوەیەکی گشتییە لە ڕووی ئیداری و سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەوە.