• English
  • العربية

پێگەی وزەی کوردستان دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەر

كوردستان

12/6/2017 11:23:00 PM

ئینستیتیوتى مێدیتریانە بۆ توێژینەوەى هەرێمایەتى

دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، نەوتی کوردستان لە بازاڕەکانی جیھان دەستی بە پاشەکشە کرد، ئەمەش دوای ئەوە ھات سوپای عێراق بە ھاوکاری ملیشیاکانی حەشدی شەعبی پەلاماری کەرکوکی دا و دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا گرت. ئەو رووداوە کاریگەری خستە سەر پشکی رۆژانەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەندەری جەیھانی تورکی کە تا پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر رۆژانە پێشوازی لە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کوردستان دەکرد، ئێستا کەمتر لە نیوەی ئەو بڕەی بۆ دەچێ.

پێشتر کێڵگەکانی ھاڤانا و بای حەسەن کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی کەرکوک بوون، لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بوون، ئەمەش پشکی ھەرێمی لەبازاڕی نەوتدا گەورە کردبوو، بەڵام پچرانی ھەناردەی نەوتی ئەو دوو کێڵگەیە لەگەڵ بۆری نەوتی کوردستان-جەیھان، ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی دابەزاند. بەگوێرەی پێگەی تانکەر تراکەر کە تایبەت بە چاودێریکردنی ھەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی کەشتی بۆ بازاڕەکانی جیھان، تێگڕای ھەناردەکردنی رۆژانەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بۆڕی کوردستان جەیھان لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا ٢٦٨٥٨٩ بەرمیل بووە، کۆی گشتیی ھەناردەکردن گەیشتووەتە ٨ ملیۆن و ٥٧ ھەزار ٦٦٦ بەرمیل. ھەموو ئەم نەوتەش بە ١٠ کەشتی نەوت گواستراوەتەوە، پشکی گەورەش بەر یۆنان کەتووە، لە کۆی دە کەشتی، یۆنان، کڕیاری چوار کەشتی نەوتی ھەرێم کوردستان بووە، کە دەکاتە ٣٥.١٨% ئەو نەوتەی کەوا فرۆشتویەتی. دوای ئەویش وڵاتانی کرواتیا و اسرائیل و ئیتالیا دێن.   

ئاشکرایە نەوتی کوردستان بە کەمتر لە نەوتی وڵاتانی دیکە لە بازاڕەکانی جیھان مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش بەھۆی ئەوەی نەوتی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن نەوتی کوردستان بە ھەشت دۆلار کەمتر لە نەوتی خاوی برینت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەگوێرەی کۆمپانیای (dcifx) تێکڕایی نرخی نەوتی خاوی برێنت لە مانگی تشرینی دووەمدا ٦٢.٣١ دۆلار بووە، بەم جۆرە بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە ٥٤.٣١ دۆلار مامەڵەی پێوە کراوە، بەو پێیە داھاتی نەوتی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمدا ٤٣٧ ملیۆن و ٦١١ ھەزار و ٨٤٠.٤٦ دۆلار بووە، جیا لە تێچوونی بەرھەمھێنان و تێچونی گواستنەوە و تێچوونەکانی دیکە.

ئەگەرچی ھەوڵەکانی ئۆپیک و ژمارەیەک بەرھەمھێنەری دیکەی دەرەوەی رێکخراوەکە ھۆکارێکی بەھێز بوون بۆ  پاشەکشەی خستنەڕووی نەوت لەبازاڕە جیھانییەکاندا، دواتریش درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکەی نێوانیان تا کۆتایی ٢٠١٨ لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، بەڵام پاشەکشێی نەوتی کوردستان لە ئۆکتۆبەرەوە بووە فاکتەرێکی سەرەکی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەسەروی ئاستەکانی ٦٠ دۆلار، چونکە نەمانی نەوتی کوردستان کە بەنرخێکی نزمتر لە نرخی ئاسایی بازاڕ مامەڵەی پێوە دەکرا، ھەواڵێکی ناخۆش بوو بۆ کڕیارانی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کڕیارەکانی ناچار بە نەوتی وڵاتانی تر کرد.

ئێستا عێراق بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە دەیەوێت بری بەرھەمھێنانی نەوتی کەرکوک بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە، بەڵام عێراق نەیتوانیووە تەنانەت ئەو برە نەوتەش ھەناردە بکات کە کوردستان پێش ئۆکتۆبەر ھەناردەی دەکرد. بەگوێرەی لێدوانەکانی جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبونەوەی ئۆپێک و دەرەوەی رێکخراوەکە کە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ بەرێوەچوو، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ وڵاتی ئێران کردووە کە رۆژانە ٦٠ ھەزار بەرمیل بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە بکات. ھەروەھا ١٢٠ ھەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە نێوەخۆییەکان دەنێردرێت و ٧٠ ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە دەنێردرێتە بۆ پاڵاوگەکانی ناوەڕاستی عێراق ، بەڵام وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە دەیەوێت کار لەسەر چەند بژارەیەک بکات، لە ھەوڵدایە ھەر چۆنێک بێت نەوتی کەرکوک ھەناردە بکات، یەکێک لە رێگاکان ئەوەیە کە دەیەوێت کار بۆ بنیاتنانەوەی بۆری نەوتی بێجی- پێشخابوور بکات، بەڵام نۆژەنکردنەوەی بۆڕییەکە زیاتر لە ساڵێک دەخایەنێت.

لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆڕی نەوتی کەرکووک - قەسری شیرین رابکێشێ، بەڵام ئەو بژارانەی کەوا حکومەتی عێراق ھەوڵی بۆ دەدات، بەبێ ھەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نابێت. ھەر چەندە وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتگۆکردن، بەڵام مەرجە سیاسی و یاساییەکانی ھەر دوو لا رێگر بوونە لە کۆکردنەوەیان لەسەر مێزی گفتوگۆ.

 زانیاریی تایبەت بە قەرزەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بەھەمان شێوەی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، ناڕوونە، ھەر بۆیە زانینی بری قەرزەکانی سەر ھەرێمی کوردستان کارێکی سانا نیە، بەڵام بەشێک لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لێدوانەکانیاندا بەشێوەیەکی نافەرمی قەرزەکانی سەرھەرێمیان درکاندووە، بەگوێرەی لێدوانەکانیان قەرزە ناوەخۆ و دەرەکییەکانی سەر ھەرێم زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلارە کە پێکدێت لە قەرزی کۆمپانیاکان و بانکە تایبەتەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و قەرزی فەرمانبەران بەھۆیی پاشەکەوتکردنی موچەکانیان. حکومەتی عێراق نزیکەی ١٣٠ ملیار دۆلار قەرزدارە. سەرەرای ئەوەی ئەو وڵاتە یەدەگێکی گەورەی دراوەکەی بەکارھێناوە کە ٨٠ ملیار بووە بۆ ٣٣ ملیار دۆلار دابەزیوە، بۆیە قەرزەکانی سەر ھەرێمی کوردستان خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت، چونکە ئەگەر حکومەتی عێراق بەتەنھا پابەندی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بێت و قەرزەکانی سەر ھەرێم پشت گوێ بخات، ئەوە ھەرێمی کوردستان بەڕووی کێشە دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق قەرزەکانی سەر ھەرێمی کوردستانیش بخاتە نێو لیستی دانوستاندنەکانی نێوانیان، چونکە عێراق خۆشی نیتوانیووە بەبێ قەرزکردن لە دامەزراوە جیاوازەکان، ڕۆژگاری دوای  دابەزینی نرخی نەوت تێپەرێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق بەشێکی زۆر یەدەگی دراوەکەی بەبێ ئەوەی بەشی کوردستانی لێبدات، بەکارھێناوە کە مافی حکومەتی ھەرێمیشە سوود لەو یەدەگە ببینێ، ھەر بۆیە قەرزەکانی سەر ھەرێم کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە، ئەگەر عێراق پابەندی دانەوەی ئەو قەرزانە نەبێ.