• English
  • العربية

ناڕوونی کەرتی وزە، کوردستان و عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

ئاسایشی ووزە

12/26/2017 11:28:00 PM

ئەگەر چی شێوازی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت جیاوازن، بەڵام کاتێک پرسەکە دێتە سەر باسی ناشەفافی لەکەرتی نەوت و گاز و بەفیرۆدانی داهاتەکەى، خاڵی هاوبەشی زۆر دەبینیتەوە.

لە کابینەى شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناوەڕۆکی بەشێک لە گرێبەستەکان رەوانەى پەرلەمان کران و بڵاو کرانەوە، بەڵام دوای ئەوە هیچ گرێبەستێکی دیکە نەنێردرا بۆ پەرلەمان لەکاتێکدا گرێبەستی زۆر گەورە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانیدا کران و رێککەوتنی چەندین ساڵەى بواری وزە لەگەڵ وڵاتان کراون.

بەهۆی ئەو گوشارە میدیایی و پەرلەمانییەى لەسەر حکومەتی کوردستان هەبوو، حکومەت دوو گرێبەستی وردبینی لە داهاتی نەوت لەگەڵ دوو کۆمپانیایی بیانی کرد. یەکێک لەو کۆمپانیاییانە دیلیۆت بوو.کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ گرێبەستێکی لەگەڵ واژۆ کرد. ئامانج لە گرێبەستەکە ئەوە بوو راپۆرتەکانی سامانە سروشتیەکان لە لایەن کۆمپانیا کەوە وردبینیان تێدا بکرێت، ئینجا بڵاوبکرێنەوە. بەڵام لە بڕی شەفافبوونی کەرتی وزەى کوردستان، دیلیۆت بووە هۆکاری نەمانی ئەو داتایانەى کە پێشتر سامانە سروشتیەکان بڵاوی دەکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی گروپی دەستپێشخەریی شەفافیەت لە پیشەسازییەکانی دەرهێنانی وزە و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکچووە کە ئەمەش ناشەفافی زیاتر کەرتی وزە نیشان دەدات.

حاڵی عێراق لە هەرێمی کوردستان خراپترە. ئێستا عێراق لە لیستی ١٠ گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە، ئەگەر چی پێشتر ئەندامی رێکخراوی دەستپێشخەریی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بوو لە کەرتی نەوت و گازدا، بەڵام دواتر بەهۆی جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی بڕگە و مادەکانی رێکخراوەکە، مافی ئەندامێتی لە رێکخراوەکە هەڵپەسێردرا، بەگوێرەى پێنوێنی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦ لە کۆی ١٠٠ خاڵ عێراق ١٧ خاڵی پێدراوە، لە روانگەی ناشەفافییەوە تەنها لە پێش وڵاتانی سوودان و سۆماڵ و لیبیاوە نیە. لەلایەکی دیکەوە عەدنان جەنابی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەهۆی بوونی گەندەڵییەکی زۆر و خراپی بەڕێوەبردنی سێکتەرەکانی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا، لەساڵی ٢٠٠٦ـەوە تاکۆتایی ٢٠١٧ زیانی زیاتر لە ١ تریلیۆن دۆلار بە ئابووری عێراق کەوتووە.

ئەگەر چی بەشێک لە پاشەکشەى عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بوو، بەڵام کە نرخی نەوتیش لەسەرووی ١٠٠ دۆلار بوو، هەر دوو حکومەتەکە دەستیان بەو داهاتە زۆرەوە نەگرت. بگرە عێراق ناچار بوو دەست بە دراوە یەدەگکراوەکەى ببات و قەرزیش بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەى پەیڕەوکرد و قەرزێکی زۆریشی کرد، تەنها بۆ ئەوەى بتوانی موچەى فەرمانبەرانی بدات.

هەر چەندە حکومەتی حکومەتی عێراق مانگانە بری بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتەکەى  بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاماژە نیە بۆ شەفافبوونی حکومەتی عێراق لە کەرتی نەوت و گازدا، بەڵکو پرۆسەى شەفافبوونی کەرتەکە بۆ هەرێم و ناوەند لەوە ئاڵوزترە و، پێویستی بە شەفافبوونی باری سیاسی هەیە بە واتای متمانە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان و دەستەڵات،   پاواننەکردنی ئابووری وڵات، شەفافبوونی گرێبەستەکانی نەوت کە ئەستەمە بەرپرسەکانیش لە ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکان و چەند بڕگەیەک ئاگادار بن.

هەر بەهۆی گەندەڵی و ناشەفافی لە کەرتی وزەدا، هەر دوو حکومەتەکە نەیانتوانیووە ئەو پرۆژانە جێبەجێبکەن کە بۆ پێشخستنی ئەو کەرتە هەیانبووە، حکومەتی عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەى رابردوو هەوڵی بەرزکردنەوەى بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی دا بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام دوای تێپەربوونی ٣٧ ساڵ، نەیتوانی ئامانجەکەى بپێکێت، بەهەمان شێوەش پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە تایبەتی خودی وەزیرەکەى چەند جارێک رایگەیاند کە ئاستی بەرهەمهێنان دەگەیەننە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەلام نەیتوانی لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل تیپەرینێ، ئەویش بە نەوتی هەر دوو کێڵگەى بای حەسەن و ئافانەى کەرکوکیشەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە کەوتنە دەشتی کورد، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر هەر دوو کێڵگەى لەدەست داو هەموو هەوڵەکانی وەزارەتەکەى لە خوار ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هێشتەوە.

هەر دوو حکومەت تەنانەت نەیانتوانیووە پاڵاوگەى ئەوتۆ دابنێن کە چیدی پێویستیان بە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەبێت، عێراق ساڵانە پێنج ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی بەرهەمی نەوت خەرج دەکات.

بەرهەمهێنانی کارەباش کەوتووەتە سەر سووتەمەنی، بەڵام لە بڕی پەنابردنە بەر غازی سروشتی کە تێچووەکەى کەمترە، گازوایل بەکاردێنن کە زۆر لەسەر حکومەت دەکەوێ، هەر چەندە ئێستا حکومەتی کوردستان زۆرتر غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێنێ.

گومان لەوە نیە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیکی تر جیاوازە، لە وڵاتان بڕی تێچوونی دەرهێنان و بەرهەمهێنان، بڕی ئەو باجەش دیاری دەکات کە دەبێ کۆمپانیاکانی نەوت لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت بیدەنە حکومەت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرەڕای ئەوەى تێچووی دەرهێنانی نەوت بەبەراورد بە زۆربەى وڵاتانی دیکەی نەوت زۆر کەمە، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت لە پێدانی باج بەخشراون. بەهۆی نەبوونی یاسای باج لە کوردستان لەسەر بەرهەمی نەوتی کۆمپانیا بیانیەکان، چەندین ساڵە كۆمپانیا نەوتییەكان باجیان نەداوە، پەرلەمانی کوردستانیش بەرپرسی سەرەکی نەبوونی یاسای باجی کۆمپانیاکانی ئەو بوارەیە چونکە دەبوا هەر زوو هەوڵی رێکخستنەوەى باج و چۆنیەتی وەرگرتنی لە کۆمپانیاکان کردبا کە ئەو باجە دەبووە سەرچاوەیەک لە پێکهێنانی داهات و پرکردنەوەى خەرجیەکان، سەرەرای پابەند نەبوونی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی لەو شێونانەى کەوا چالاکیەکانیان تێیدا ئەنجامدەدەن.

پیشەسازی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق و کوردستان پێویستی بە جاکسازیی هەمە لایەنە هەیە، چونکە بەو شێوەى ئێستا هیچ سوودێک بە ئابووری عێراق و کوردستان ناگەێنێ، بگرە لە حاڵەتی دابەزینی نرخی نەوت، ئابووریەکانیان پتر دادەڕمی، چونکە عێراق و کوردستان زیاتر لە ٨٥% داهاتەکانیان پشت بە نەوت دەبەستێت.