• English
  • العربية

پیترۆ یوان جێگەی پیترۆ دۆلار دەگرێتەوە؟

هاوكێشه‌ ئابوریه‌كان

2/11/2018 12:55:00 AM

 

تا دێت ئابووری چین گەشەکردنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەمەش ڕۆژ دوای ڕۆژ خواستی چین لەسەر وزەکان زیاتر دەبێ. چین یەکێکە لە گەورەترین کڕیاری نەوت لە جیهان،  ڕۆژانە بە قەبارەیەکی  زۆر لەو سەرچاوەیە لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی بەکاردەبات، ئەگەری چی ئەو وڵاتە بڕێکی زۆر لەو سەرچاوەیە بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ناتوانێت تەواوی خواستەکانی خۆی لە نەوت پر بکاتەوە، بۆیە ڕۆژانە زیاتر لە هەشت ملیۆن بەرمیل هاوردە وڵاتەکەى دەکات ، سەرەرای ئەو وڵاتە خاوەنی یەدەکێکی گەورەى دۆلارە کە دەتوانێت لەبەرامبەر هاوردەکردنی نەوت بیدات، بەڵام خەونی چین لەماوەى چەند ساڵی رابردوو ئەوە بووە کە بتوانێت بەهای ئەو وزەیە بە دراوەکەى خۆی بدات. دوای گەشەکردنی بەردەوامی ئابووری چین و دەربرینی ڕەزامەندی بەشێک لە وڵاتان بۆ بەکارهێنانی یوان لە چالاکیە بازڕگانیەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆتە هەرەشە لەسەر پیترۆ دۆلار کە ئەمەریکا بەهۆی ئەم سیستەمەوە لەدوای ١٩٧٣ توانیویەتی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان بەهێز بکات چونکە رۆژانە، زیاتر لە ٩٧ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهاندا مامەڵەى کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، ئەگەر تێگرای نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ساڵێکدا بە ٦٠ دۆلار هەژمار بکەین بەهای ساڵانەی زیاتر لە ٢.١٢ تریلیۆن دۆلار  دەکات گومان لەوە نیە ئەمەش قەبارەیەکی کەم نیە هەربۆیە بۆتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ مانەوەى دۆلار وەک دراوێکی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان.

پێشتر پێشبینی دەکرا بەهۆی دابەزینی گەشەى ئابووری چین خواستی چین لەسەر نەوت دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام گەشەکردنی بەردەوامی ئابووری چین و بەپاشوەچوونی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی چین خواستی ڕۆژانەى چینی بەرزکردووەتەوە. بەگوێرەى زانیاریەکانی حکومەتی پەکین ساڵی رابردوو بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە بەڕێژەى لەسەدا ٤ پاشەکشەى بەخۆیەوە بینیووە دابەزیووە بۆ کەمتر لە ٣.٨٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ئەمەش نزمترین ئاستە لەوەتەى ساڵی ٢٠٠٩  لەگەڵ ئەوەشدا داواکاری لەسەر گازی سروشتی بەشێوەیەکی خێرا روو لە بەرزبونەوەیە، کۆمپانیایی نەوتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە پێشبینی دەکات خواست لەسەر ئەو وزەیە لەماوەى ئەمساڵ بەڕێژەى لەسەدا ١٠ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەى حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت گازی سروشتی لەبری خەڵوز بەکار بهێنێت ئەم پلانە بەتەنها هانی بەرزبونەوەى خواست لەسەر گازی سروشتی نادات بەڵکو هانی بەرزبونەوەى خواست لەسەر نەوتی خاویش دەدات کە پێشبینی دەکرێت لەماوەى ئەمساڵدا داواکاری چین لەسەر نەوت بەڕێژەى ٤.٦ بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینێت بگاتە سەرووی ١٢ ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا. لەپاڵ ئەو پلانە حکومەتی چین هەوڵدەدات بە دراوەکەى خۆی نەوت هاوردەى وڵاتەکەى بکات هەر بۆیە ئەو وڵاتە لە دوای ٢٠٠٨ بە چری هەوڵدەدات یەدەگی زێڕ بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەى پاڵپشتی بەهای دراوەکەى بکات، لە ساڵی ٢٠٠٨ یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە ٦٠٠ تۆن بوو، چوارێکی کۆتایی ٢٠١٧ گەیشتە ١،٨٤٢.٨ تۆن لەگەڵ ئەوەش بەهەڵە بەردەوامەکانی پەکین لە ساڵی ٢٠١٥  سەندوقی نێودەوڵەتی دراو یوانی خستە نێو سەبەتەی ئەو دراوانەى کەوا بەهای دراوی ئەو سندوقە دیاری دەکات کە ناسراوە بە مافی تایبەتی راکێشان(SDR)، دراوێکە لەلایەن ئەو سندوقەوە دەردەکرێت کە تەنها لەلایەن بانکە ناوەندیەکان بەکاردەهێرێت، ئێستا یوان لەپاڵ هەر یەکە لە یورۆ و پاوەند و یەنی ژاپۆنی و دۆلار لە دراوی مافی تایبەتی راکێشان بەشدارە، لەگەڵ ئەوەش وەک دراوێکی یەدەک سەیر دەکرێت، بەگوێرەى سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦ یوان سەدا ١.١ یەدەکی دراوی بیانی داگیر کرد کە ساڵانی پێشتر هیچ لەو یەدەکەى داگیر نەکردبوو ئەم هەنگاونەش یارمەتیدەری گرینگن بۆ بەرزکردنەوەى بەهای یوان و راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ دراوەکە، بەشداریکردنی یوان یارمەتی ئابووری چین دەدات پلەوپایەى ئەو وڵاتە بەرزدەکاتەوە بەرامبەر بە رکابەرەکەى کە دۆلارە.

ڕوسیا کە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان بە پرۆژەکە چین دڵخۆشە ڕەزامەندی دەڕبڕیووە، هەوڵدەدات لەرێگەى چینەوە دژایەتی ئەمەریکا بکات و، خۆی لە سزاکانی ڕۆژئاوا بپارێزێت. بۆ پەکین گرینگە، بەرهەمهێنەرێکی گەورەى وەک روسیا پشتگیری لە پرۆژەکەى بکات کە دەتوانێت ڕۆژانە ١.٥٥ ملیۆن بەرمیل لەو وڵاتە هاوردە بکات. هاوكات، ڕووسيا بەم دواييە ڕاى گەياندووە كە هەوڵدەدات بەبەهای ١ ملیار دۆلار قەواڵەکانی بە يوان لە ٢٠١٨ بفرۆشێت ئەمەش جوولەيێكى ترە بۆ پاڵپشتی داروەکە و بەدەستهێنانی متمانە. لە ئايار ٢٠١٧ ڕووسى و چين ڕێککەوتن بۆ ئەوەى بازرگانيى نێوانیان بەرزبکەنەوە بۆ ٨٠ ملیار دۆلار تا كۆتايى ٢٠١٨.  لەلایەکی ترەوە هەر یەکە لە ئێران و ئيندۆنيسيا و فەنزوێلا ڕەزامەندیان نيشان داووە لە پرۆژەكە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی پەکین دەیەوێت رەزامەندی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەدەستبێنێت پێگەى خۆی لەم ناوچانە بەهێز بکات، چین لە ئێستادا هەوڵدەدات قەناعەت بە سعودیە بێنێت بە پڕۆژەکەى ڕازیبێت و یوان قبوڵبکات بێگومان ئەمەش کارێکی سانا نیە بۆ چین بەڵام هەناردەى ڕۆژانەى سعودیە بۆ چین ١.١١٣.٩٣ بەرمیلە لە ڕۆژێێکدا واتا تێگرای ١٧.٤٧% بڕی نەوتی هەناردەکراوی سعودیە پێک دەهێنێت، بۆیە چین کڕیارێکی گرینگە بۆ سعودیە ناشتوانێت پڕۆژەکەى چین پەراوێز بخات بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی چین کە بتوانێت سعودیە رازی بکات خواستی دراوەکەى لەسەر ئاستی جیهان بەرزدەکاتەوە، ئەوە کلیلێکی گرینگە، کە وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوتیش بیر لە یوان بکەنەوە، پێشبینی دەكرێ پرۆژەكەی چین گورزێكی كەمەرشكێن لە دۆلار بدات و ساڵانە  600-800 ملیار دۆلار پاشەكشە بكات.

 

سزاکانی سەر ئێران یارمەتی پیترۆ یوان دەدات؟

لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی ئەمەریکا، هەرەشەکان بۆ هەڵوەشانەوەى رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ئێران، زیاتر بووە. ترەمپ، دەیەوێت ئێران لە بازاڕی نێودەوڵەتی جیا بکاتەوە و توانای ئێران لە گەیشتن بە سیستەمی دارایی جیهان سنوردار بکات. جیاواز بە بەراورد لەگەڵ پێش ساڵی ٢٠١٥ کە تا ئەو ساڵە ئەمەریکا بە پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەترۆ دۆلار توانی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، فرۆشتن و بەرهمهێنانی نەوتی ئێران ئێجکار قورس کرد  ئێرانی لە بازاڕی وزە دوورخستەوە، بەڵام جیا لەوەی ئەمجارە ئەمەریکا تەنهایە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی پیشتگیری لە سزاکانی دژ بە ئێران ناکات، هەنگاوە سەرەتایەکانی ترەمپ بۆ دووبارە ئابلوقە بۆ سەر ئێران، هەڵمەتى واشنتۆن تەنها دەتوانێت پاڵ بە ئێران بنێت تا دەست بە فرۆشتن نەوت بکات بە یوانی چینی لەبڕی دۆلار، رەنگە هێزی ئابووری ئەمەریکا بگۆڕێت بۆ چین ئەمەریکا کاریگەریەکی زۆر گەورەى بەسەر پێگەى وزەى ئێراندا نابێت وەک پێش ٢٠١٥ ئەگەر بەتەنها ئەم هەنگاوە بگرێتەبەر. جیا لەهەموو ئەمانە رەنگە ئێران عێراقیش بۆ لای چین رابکێشێت کە نەوتەکەى بە یوان بفرۆشێت، چین دووەمین کڕیاری نەوتی عێراقە ڕۆژانە ٥٨٩،٨٣ بەرمیل لەو وڵاتە هاوردە دەکات، بۆیە ئەمەریکا لە سەپاندنەوەى سزا بەتەنها ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، جیا لەوەى ئێران بەرەو پیترۆ یوان پەلکێش دەکات، کە چین تێیدا سوودمەند دەبێت.

 

 ئاماژەکان بۆ لاوازبوونی پیترۆ دۆلار چین؟

یەکێک لە ئامرازە گرینگەکانی  ئەمەریکا لە دوای حەفتاکانی سەدەى رابردوو پیترۆ دۆلار بووە، بۆیە بەشی زۆری ئەو نەوتە خاوەى ئێستا لە بازاڕە جیهانیەکان دەفرۆشرێت بە دۆلار مامەڵەى پێوى دەکرێت، حکومەتی ئەمەریکا هەوڵیدا لەگەڵ سعودیە رێکبکەوێت کە تەنها نەوتەکەى بە دۆلار بفرۆشێت لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەیدا سعودیە لەگەڵ ئەمەریکا رێککەوت کە نەوتەکەى تەنها بەدۆلار بفرۆشێت لەبەرامبەر بەمە خۆرئاو چەک و پێداویستیەکانینر بە سعودیە و هەر وڵاتێکی تر بفرۆشێت کە دەیەوێت نەوت بە دۆلار بفرۆشێت لە ساڵی ١٩٧٥ سەرجەم ئەندامانی ئۆپێک ڕازی بوون نەوت بەتەنها بە دۆلار بفرۆشن ئەمەش هانی ئەمەریکای دا تاکو برە پارەیەکی زیاتر بخاتە بازاڕەوە ئەم هەنگاوە خواستی دۆلاری بەرزکردەوە کڕینی قەواڵەکانی ئەمەریکای لێککەوتەوە کە بەتەنها سعودیە لەساڵی ١٩٧٤ بەبەهای ٢.٥ ملیار دۆلار قەواڵەى خەزانەى ئەو وڵاتەى کڕی هانی وەبەرهێنەرەکان و وڵاتانی تریشی دا قەواڵەکانی ئەو وڵاتە بکڕن ئەمەش دۆلار کردە یەکێک لە بەهێزترین دراوەکانی جیهان لەگەڵ ئەوەش ئەمەریکا بەدراوێک توانی نەوت بکرێت کە بەئارەزووی خۆی لێی چاپ دەکات، بەڵام بەردەوامی خستنەڕووی دراو لەلایەن فیدراڵی ئەمەریکا هەرەشەى لەناوچوونی ئەم سیستەمەى بەرزکردۆتەوە.

گەورەترین هەرەشە لە ساڵی ٢٠١٧ بەرزبونەوەى بەردەوامی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا بوو، بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٧ و  دەستپێکی ٢٠١٨ ئەمەریکا خۆشی بووەوە بە هۆکاری بەرزبونەوەى نرخی نەوت سەرەرای کاریگەریەکانی تری پەیوەست بە رێککەوتننامەى نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و تەنکژە داراییەکانی بەشێک لە وڵاتانی خاوەن نەوت، رووداوە جیۆسیاسیەکانیش لەولاوە بوەستن. دابەزینی بەهای دۆلار فاکتەرێکی گرینگ بوو بۆ نرخی نەوت تاکوو دووبارە ڕوو لە بەرزبونەوە بکات ئەمەش بەهۆی ئەوەى نرخی نەوت بە دۆلاری ئەمەریکی دیاری دەکرێت هەر بۆیە پەوەندیەکی پێچەوانەیان لە نێواندا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٧ پێنوێنی دۆلار بەڕێژەى ١١٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی  ئەمەش لە چوارچێوە پلانەکانی ترەمپ بووە بەئامانجی ئەوەى بتوانێت لەرێگەیەوە کێبرکێی بەدەستهێنانی بازاڕەکانی جیهان بکات و کاڵاکانی بۆ بازاڕەکانی جیهان هەرزان بکات لەبەرامبەر چیندا. لەلایەکی ترەوە دۆلار کە وەک یەدەکێک سەیر دەکرێت لەلایەن بانکە ناوەندیەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ سەدا ٧٠.٥ی تێگرای یەدەگی دراوی بیانی پێکدەهێنان بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ سەدا ٦٤ دابەزی کە لە ساڵی ٢٠١٣ سەدا ٦١یشی تۆمارکرد. ئەم فاکتەرەش بۆتە هۆی ئەوەى متمانە بەدۆلار لاواز ببێت بیر لە جێگرەوەى بکەنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە ساڵی ٢٠١٨ پێش گوتارەکەى ترەمپ گرتە فیدیۆیەکی بڵاو کرایەوە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد دۆلار بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت و لە كۆتاييدا من دەمەوێت دۆلار بە بەهێزی ببينم ئەمە دەتوانیت پاڵپشتیەکی بەهێز بێت بۆ دووبارە گەڕانەوەى بەهای دۆلار، بەڵام گوتارەکەى کە لە داڤۆس پێشکەشی کرد دووبارەکردنەوەى دروشمی یەکەمجار ئەمەریکا و هەرەشەکردنی لە چەند وڵاتێک کەبوونەتە هۆی نادادپەوەری لە بازڕگانی جیهان ترسێکی ترە کە بەرهەمهێنەران لەبەر چاوی دەگرن کە دووبارە هەوڵی شکاندنی بەهای دۆلار بداتەوە وەک ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٧ کردی.

بەڵام سەرەرای هەموو ئەم فاکتەرانەش رووخانی سیستەمەکە هەر وا سانا نیە، چونکە ئاشکرایە ئەمەریکا هەم لە رووی یەدەگی زێڕەوە هەم نەوتەوە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش فاکتەرێکی ترە بۆ مانەوەى دۆلار جیا لەوەش دۆلار پاڵپشتیەکی ئابووری و سیاسی و بازڕگانی ئازادی لە پشتە بەڵام چین سەرەرای نزمتری یەدەگەکەى بەردەوام حکومەتی ئەو وڵاتە دەستدەخاتە نێ دیارکردنی بەهای یوانی وڵاتەکەى کە ئەمەش جێگای مەترسیە، چین گەر بیەوێت دراوەکەى جێگەى دۆلار بگرێتەوە دەبێت ئەم کۆت و بەندانە لەبەردەم بەهای یوان لابدات.