• English
  • العربية

ووزەو ئاسایشی ڕۆژهەڵات: ئیسرائیل تورکیایەکی بێ ئەردۆگانی ئەوێت

دوباره‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاسایشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین

5/16/2018 10:24:00 AM

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی (۱٥ی ئایاری ۲۰۱۸) باڵوێزی ئیسرائیلی "ئیتان نائیە" ی لە ووڵاتەکەی دەرکرد، بەهەمان شێوە ئیسرائیلیش کۆنسوڵی گشتی تورکیای بێ سێ و دوو ناردەوە، ئەردۆگان سەرۆکەکەی تورکیا وتی "ئیسرائیل دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستە و خوێنی فەلەستینیەکان ئەڕێژێت". 
ساڵی (۲۰۰۸) تورکیا درێژەی دا بە بڵاوکردنەوەی فلیمی گریانی بەرد (Cry stone) کە تیایدا باس لە فڕاندنی مناڵە عەرەبەکانی فەلەستین ئەکات لە لایەن کۆماندۆی ئیسرائیلیەوە، ئەمە ئیسرائیلی بێزارکرد، بەرپرسانی ئاکەپە بەردەوام پێشوازییان لە "خالید مەشعەل" ی سەرۆکی حەمماس ئەکرد، پێشوازییان لە "عومەر بەشیر" ئەکرد کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ئینتەرپول بەدوایدا ئەگەڕا، هاوڕێیەتی گەرموگوڕی ئەردۆگان و بەششار ئەسەد لە لایەک و خێزانەکانیان لە ناو مۆڵەکانی ئیستانبوڵ ئیسرائیلی توڕەتر ئەکرد، ئیتر پێداگیرییان ئەکرد لە بەتەنگەوەچونی خەڵکی غەززە، ئەردۆگان لە داڤۆس کاغەزی بە ڕووی "شیمۆن پیرێز" ی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا فڕێ ئەداو کۆنفڕانسەکەی بەجێ ئەهێشت و...لە زانکۆی ئیستانبوڵ سیمیناریان بۆ باڵوێزی ئیسرائیل ڕێک ئەخست کەچی لە بەر دەرگا خوێندکارە تورکە ڕەگەزپەرستەکانیان تێ بەرئەداو، ئینجا ئەردۆگان ئەیوت "تاپۆی خاکی ئیسرائیل لە ئەرشیفی ئێمەدایەو موڵکی عوسمانیەکانە"ْ، هەموو ئەمانە لە نێوان ساڵی (۲۰۰۸ بۆ ۲۰۱۰) بوو. 
شەش ساڵ بەسەر پچڕانی پەیوەندییە سیاسیەکانی تورکیادا تێ پەڕی (پەیوەندییە ئابورییەکان هەر بەردەوام بو بەڵام هەڵکشان و داکشانی ئەکرد) لە (شوباتی ۲۰۱٦) ەدا تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن، سەرەکیترینیان غازی سروشتی و پرسی کورد بو، بە جۆرێک ئیسرائیل غازی سروشتی بە تورکیا بفرۆشێ، وە دەست وەرنەداتە کێشەکانی تورکیا.

 

   ئیسرائیل ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەپارێزێت

دەریای ناوەڕاست (Mediterranean) یانی ڕۆحی دونیا، لە ڕووی جوگرافیەوە خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریکاو ئەوروپایە، لە ڕووی مێژووییەوە شوێنی سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی و دەرپەڕینیەتی بۆ ناوچەکانی تری دونیا، بەشە هەرە ستراتیجیەکەی دەریای ناوەڕاست بریتی یە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست یانی (میسر، قوبرس، ئیسرائیل، سوریا، لوبنان، تورکیا) بەگشتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی باشوری ئەوروپا کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست (یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا، فەڕەنسا، ئیسپانیا) تەماسیان هەیە. 
لە ساڵی (۲۰۱٤) ەوە بە فەرمی قوبرس و ئیسرائیل ئەڵێن غازی سروشتی و نەوت مان لە کەنار دەریا دۆزیوەتەوە، وە دەستیان داوەتە بەرهەمهێنان، بۆڕییەکیشان بەرەو ئەوروپا لێداوە، تورکیاش هەر لەخۆیەوەو بە پێشێلکردنی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی کەشتییەکی گەورەی بەناوی باربارۆس ڕەوانەکرد (باربارۆس ناوی وەزیری دەریاوانی سەردەمی عوسمانییەکانە کە لەو سەردەمانە ملی بەهەرشوێنێکەوە ناوە فەتحی کردووەو داگیری کردووە). 
دەرکەوت کە ئیسرائیل پێویستی بە هاوپەیمانێتیەکە بە بێ تورکیا زۆر کار هەیە بۆی ناچێتەسەر، هەردولایان پێویستیان بە یەکتر بو، بەڵام دەریش کەوت ڕێککەوتنی نێوان تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی ئەردۆگان دا ئەنجامێکی نابێت، لە سەرەتای (۲۰۱۸) ەوە بەیارمەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان ئیسرائیل گەیشتۆتە ئەم دەرئەنجام و پانتاییە سیاسیانەی لای خوارەوە: 
یەکەم: هاوپەیمانێتیەکی گەورەی ئەمنی و ئابوریی لە نێوان قوبرس- ئیسرائیل- یۆنان دروست بو، لەسەر ئاستی لوتکە درێژەی پێ ئەدەن بۆ هەناردەکردنی نەوت و غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا، لە واقیعدا دۆزینەوەی (۲۰۰۰) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی و بڕێکی زۆر لە نەوت لە کەنارەکانی قوبرس و ئیسرائیل کە تەنها (۳۰) کیلۆمەتریان نێوانە، ئەمە شۆڕشێکە لە بواری ووزەدا، لە بواری ئەمنیشدا دوو سەرەیە، یەکێکیان سەرلەنوێ وێناکردنەوەی سنورە ئاوییەکانە، ئەویتریش پاراستنی ئاسایشی ئەوروپایە لە پرسی کۆچبەران و قاچاخچی و ماددە قەدەغەکراوەکان و هەتا دوایی. 

       لوتکەی سێ قۆڵی: سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئەلێکس تسیبراس، سەرۆکی قوبرص نیکۆس ئاناستاسیادس، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ

 

 دووەم: ئەگەرچی پەیوەندی بازرگانی و ئابوریی بەردەوامە لە نێوان تورکیاو ئیسرائیل دا (ساڵی ۲۰۱۷ هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین ۱ یەک ملیۆن گەشتیاری لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا گواستۆتەوە) بەڵام ئیتر ئیسرائیل تاقەتی لە تورکیایەک چووە کە ئەردۆگان تیا فەرمانڕەوا بێت، بەڕای پڕۆفیسۆر ئیفرایم ئینبار -Efram Inbar بەڕێوەبەری پێشوی سەنتەری بیغن-سادات و بەرپرسی ئێستای جێرۆزەلیم پۆست ئەمە بابەتێکە لەساڵی (۲۰۱۰) ەوە بڕاوەتەوە، ئەوکاتەی ئەردۆگان و داودئۆغلۆ تەحەدایان کردو کەشتیە بارهەڵگرەکانیان ڕەوانەی غەززە کردو، کۆماندۆی ئیسرائیلیش (۱۰) دە سەرنشینی لێ کوشتن و دەستی گرت بەسەر کەشتیەکانیشدا، هەربۆیە لە (۱٥ی ئایاری ۲۰۱۸) ەوە تورکیاو ئیسرائیل باڵوێزو نوێنەری یەکتریان دەرکرد لە وڵاتەکانیان. پێدەچێت ئەمە ترسێکی ئەردۆگان بێت لە دەستوەردانی ئیسرائیل لەکاروباری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە (حوزەیرانی ۲۰۱۸) ەدا.

 

 کلیلی داخکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات بە کێ دراوە؟.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیەوە بەڵێنی داوە سزای ئێران بدات و ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران و وڵاتانی ٥+۱ هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیشی دا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس/ئۆرشەلیم. لە نیوەی یەکەمی (۲۰۱۸) هەردوو بەڵێنەکەی بەجێهێنا، ئێستا کاتی ئەوەیە لێکەوتەکانی ئەم کارە ببینین؟.
دۆناڵد ترامپ لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەی پێشوەخت تێست کردووە، سەرەتا ڕایگەیاند کە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی ئەگوێزێتەوە، کۆشکی سپی گوتیان ڕەنگە دوو ساڵێک بخایەنێت، بەڵام کە بینییان لە جیهانی عەرەبی دا هیچ کاردانەوەیەک نەبوو، وە مەبەستی سەرەکی ترامپ لە بنەڕەتدا ئەوە بو تێست ی سعودیەو تورکیا بکات، ئاخۆ کامیان بۆ هاوڕێیەتی ئیسرائیل باشن و، لە ناکاو تێکی نادەن، دەرکەوت سعودییە هاوڕێیەکی باشە بۆ ئیسرائیل، زۆریش باشە بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم دووانە بکرێنە دوو ڕێبەری هەرێمی تا بەر بە هەژموونی ئێران بگرن.

 

ئەردۆگان بە ئیسرائیل ئەڵێت ڕەگەزپەرست! 
تورکەکان زیاتر لە ملیۆنێک ئەرمەنی یان جینۆساید کرد، لەکاتێکدا بە ئیسرائیل ئەڵێن مناڵی فەلەستینی ئەڕفێنن، دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بە ناوی "سەبیحە گۆگجەن -Sabiha Gokçan" ئەم کچە لەبنەڕەتدا ئەرمەنی بووە، فڕاندویانەو گەورەیان کردووەو کردویانە بە تورک و، لە تەمەنی (۲۳) ساڵی دا بووە بە فڕۆکەونێکی سەرکەوتوو. ئەردۆگان لە کاتێکدا لەگەرمەی جنێودان بو بە ئیسرائیل و بۆ فەلەستینیەکان ئەگریا خۆی مناڵی کوردی لە ڕۆبۆسکی و زارگەلی لە شیرینی خەودا ئەکوشت، جارێکیان پێشوازی لە خالید مەشعەلی سەرۆکی حەمماس کرد، "ڕەعنان غیتسن" ووتەبێژەکەی حکومەتی ئیسرائیل وتی "ڕات چۆنە ئێمەش پێشوازی لە ئۆجەلان بکەین". 
بەنیسبەت کوردەوە، ئەتوانین بڵێین هەرکاتێک تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان بەهێز بێت ئەوا لە زیانی کوردی باکور و قازانجی کوردی باشورە. لە نەوەتەکان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەم دوو ووڵاتە لە بەرزترین و توندترین ئاستدا بو، مۆسادی ئیسرائیل بەشداری لە گرتنی ڕێبەری کورد و پارتی کرێکاران "عەبدوڵا ئۆجەلان" کردو ڕادەستی تورکیایان کردەوە.

 

  دەرئەنجامەکان: ئایندە چۆن ئەبێت ؟.
ئەردۆگان، پیاوە شەڕفرۆشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆتە سەرچاوەی کێشە بۆ ئەوروپا، بۆ ئۆراسیا، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو ماوەیە بە بێ ئەوەی شوێنی بۆنەکان هی ئەوە بێت لە خۆ وە دەست ئەکات بە ووتنی چەند ئاماژەیەکی مەترسیدار، ئەڵێت "پەیماننامەی لۆزان کۆتایی هات!"، دونیا ئەیەوێ لەو بەشەی قوبرس بڕواتە دەرەوە کە داگیریان کردووە، کەچی (٤۰۰۰۰) چل هەزار سەربازی هێناوەتە قوبرس و ئەڵێت " جگە لە قوبرس ۱۸ هەژدە دورگەی یۆنان هی تورکیایە !". ئەمەش وای کردووە یۆنان و تورکیا هێز بەرانبەر یەک بوەستێنن و دۆخەکە بگاتە ئاستی شەڕ، تورکیا وا تێگەیشتووە یۆنان یش سوریا یە بۆی بچێتە سەر!. 
خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان ئەم دوو وڵاتە غازی سروشتییە لە قوبرس دۆزراوەتەوە، تورکیا تینوە بە نەوت و غازی سروشتی، ساڵانە نزیک بە (٦۰) شەست ملیار غاز ئەکڕێت، بەڵام یۆنان و قوبرس زەمینەیەکی جوگرافی و فەرهەنگی و کەلتورین هاوبەشی تورکیا ناکەن، هەروەها کاتی کودەتاکەی (۱٥ی تەمموزی ۲۰۱٦) چەند ئەفسەرێکی تورکیا بە هەلیکۆپتەرێک گەیشتنە یۆنان، یۆنان ئەڵێ ئەم کەیسە لە دادگایە، ئینجا چەند ئەفسەرێکی یۆنانی چەند مەترێک چوونە ناوخاکی تورکیاوە تورکیا دەستگیری کردون، یۆنان داوایان ئەکاتەوە، تورکیاش لاسایی یۆنان ئەکاتەوە ئەڵێ "ئەوە لە دادگایە"!.
ئەوە یەکلابووەتەوە کە ئیسرائیل تورکیای بەلاوە گرنگە بەڵام بە بێ ئەردۆگان، ئیمڕۆکە جیهان بە گشتی چاوەڕێی تورکیایەکی بێ ئەردۆگان ئەکات. 
کۆتا دەرهاویشتە بریتی یە، لە هاوپەیمانی بەهێزی سعودییە-ئیسرائیل بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکا، ئیسرائیل لە سوریا دژی ئێران ئەجەنگێت تا نەگاتە دەریای ناوەڕاست، سعودییەش بەو زووانە لە کەنداو مانۆڕەکانی بۆ بە گژاچونەوەی ئێران دەست پێدەکات، لە عێراقیش لەمیانەی سەرپێکەوتنی پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی (۱۲ی ئایاری ۲۰۱۸) لە چەندین ئاست دا کار بۆ کۆکردنەوەی کوتلە جیاوازەکان و جموجوڵی ئەمنی و ئابوریی و سیاسیی ئەکات.
هەروەک ئەمریکا لە (۱٥ی ئایاری ۲۰۱۸) گەمارۆی خستە سەر سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران و "ئاراس حەبیب" سەرۆکی بانکی بیلادی ئیسلامی و سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی عێراق کە پێیان وایە پارەکانی سوپای قودس لێرەوە تێ پەڕئەبێت بۆ حیزبوڵڵاو ناوچەکانی تر.

 

- ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS" -