• English
  • العربية

کوردو یۆنان: پەیوەندییەکی دوورخایەن

باڵوێزى یۆنان له‌ عێراق یونیدوس كونتوفونیسیوس سه‌ردانى مه‌سعود بارزانى ئه‌كات ڕێكه‌وتى 29/9/2019 - وێنه‌: وار میدیا
په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان

9/30/2019 9:24:00 PM

پەیوەندییەکانی گەلی کوردو یۆنان قووڵاییەکانی ستراتیژی دوورخایەنی هەست پێ نەکراوی هەیە لەبەر ئەم خاڵانەی لای خوارەوە؛
یەکەم: لە مێژووی دوای هاتنی ئیسلام ( فتوحات/ داگیرکاری : هەر ناوێک بە پێی بیرکردنەوەی خوێنەر) ەوە هەموو گەلانی ناوچەکە بە عەرەب و تورک و فارسەوە فەرهەنگ و زمان و زەمینەی کوردیان چەوساندۆتەوە. یۆنانیەکان نەبێت.
دووەم؛ لەسەردەمی دوای ئاشورەوە، ماددەکان و دواتریش ساسانییەکاندا هێرشی ئەسکەندەر لەتەواوی ناوچەکەدا تەنها بەریەککەوتنی لەگەڵ کوردەکاندا نەبوە، تەنانەت ئەسکەندەر کە گەڕاوەتەوە وتویەتی « بۆم دەرکەوت کە پێویستە گەلی یۆنان ئازایەتی کوردو عینادی فارسیان هەبێت». بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە کتێبی اسكندر مقدونی - مایکل برگن.
سێهەم: پێگەی کوردستان لە ڕۆژئاواو باشورەوە سەری ئەگاتە دەریای ناوەڕاست « ڕۆژ هەڵاتی دەریای سپی» بەمانایەکی تر ئیمڕۆ یان سبەی دەریای ناوەڕاست سەری لەناوخوانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دایە. یۆنانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەباشوری ئەوروپایەو کلیلی گرێدانی جوگرافی و ئەمنی و فەرهەنگی نێوان دەریای سپی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.
چوارەم: ئەگەر بڕیار بێت کۆنترۆڵ کردنی سەرچاوەکانی ووزە سیاسەتی ئاشکراو نهێنی دوێنێی ئیمپریالیزم و ئیمڕۆی زلهێزەکان و خۆرئاوا بێت. ئەوا ئیمڕۆکە هێڵی ووزەی قوبرس و ئیسرائیل و تەنانەت میسر لە ڕێگەی یۆنان و بەدیاریکراوی دوورگەی « کریت- Crete » ەوەیە، ڕۆشنتر لەمە یۆنان مەنهۆڵێکە کە سەری هەموو بۆڕییەکان لەوێدا کۆنێکت ئەکرێن بەرەو ناوجەرگەی ئەوروپاو شوێنانی دیکە. هەرێمی کوردستان تەنانەت عێراقیش ئیمڕۆ یان سبەی ئەبێت لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست ەوە یەدەگی سروشتی خۆیان هەناردە بکەن.
پێنجەم: تەنانەت یەکێ لەو ترسە گەورانەی ئێران و ڕووسیاو تورکیا بەرانبەر عێراق و کوردستان هەیانە ئەوەیە کوتلەی دەریای ناوەڕاست دەوڵەمەند تر بێت. بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش وا تێگەیشتبون ئەمە ڕێککەوتنی ژێر بەژێرە بۆ ئەوەی چیتر نەوتی کەرکوک و هەرێم بە ڕێگەی تورکیادا نەچێ، بەڵکو پێچێکی تێ بخەن و بە رۆژئاوادا بچێتە سەر دەریای سپی.
شەشەم: ئیمڕۆکەو ئەوە چوار ساڵیشە هەریەکە لە قوبرس ، یۆنان، ئیسرائیل هاوپەیمانیەتێکی ستراتیجی بەهێزیان هەیە و مانگانەش کۆبونەوەی لوتکەیان هەیە. میسریش لەگەڵیان هاوتایە. ئەمریکاش بەهەموو هێزی خۆی پاڵپشتی یان ئەکات. تەنانەت لە پێش هەڵگیرساندنی شەڕی داعش- ٢٠١٤ ەوە ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کشاوەتەوە و هێزی خۆی لە دەریای ناوەڕاست جێگیرکردوە. لە ڕووی ئەمنیشەوە لە یۆنان سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی جێگیرکراوە. لە قوبرس کە لەساڵی ١٩٨٣ قەدەغەکرابو چەک لەو دوورگەیە جێگیر بکرێت کۆنگرێسی ئەمریکی ئەو قەدەغە بونە - Ban خستنە سەرەی لابرد. بۆخۆشی ناوچەکە تا سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیست لەژێر حوکم و ئینتیدابی بەریتانیادا بوە. تەنانەت ڕاپۆرتەکان ئاماژە ئەدەن ئەو گەلە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بۆردومانی حەشدی شەعبی و پێگەکانی سوریا ئەکەن چەند دانەیەکیان لە قوبرسەوە هەڵئەسن و دەست بە فڕین ئەکەن.
حەوتەم: لە هەموو ئەوانە گرنگتر هەموو ئەو وڵاتانەی سەرەوە ناویان هات، هەر هەمویان لە خاڵێکدا زۆر کۆکن ئەویش پەراوێز خستنی تورکیاو ئەردۆگانە. هەر هەمویان گرفتی قووڵ و بێ چەندو چونیان لەگەڵ تورکیا هەیە. هەرێمی کوردستانیش تەنها لەبەرئەوەی تورکیا توڕە نەبێت لە ماوەکانی ڕابردوو ئەو پەیوەندییە گەرمەی لەگەڵ یۆنان نەبووە.
هەشتەم: ئەکرێ هەرێمی کوردستان پەیوەندی فەرهەنگی و زانستی و سیاسی و جیۆپۆلەتیکی خۆی لەگەڵ یۆنان گرێبدات. بۆ لەگەڵ ئیتاڵیا و کۆمپانیا ئیتاڵیەکان هەیەتی ، بۆ لەگەڵ یۆنان نەی بێت؟!. یان عێراق بۆچی پەیوەندی لەگەڵ بەرازیل بەهێزتر بێ لە چاو پەیوەندی لەگەڵ یۆنان ؟!.
نۆیەم: سەرباری هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە لایەنێکی گرنگی ئەم پەیوەندییە بریتی یە لە « جالیەی کوردی» لە یۆنان. جالیەی کوردی لە یۆنان کەم نییەو بەشێک لە مرۆڤە دانسقەکانی ئەمڕۆی کورد یان لە یۆنان بون، یان تەنانەت ئاوازی گۆرانیەکیان لە کافتریایەکی یۆنانیەوە هێناوەو کورداندویانە. هەروەها مەسەلەی کۆچبەران و پەنابەران یۆنان پەناگەو تەرمیناڵێکی گەورەی ئەو کۆچبەرە ئەفریکی و ڕۆژھەڵاتی و کوردانەیە کە ئەیانەوێ بگەنە ئەوروپا. هەزاران کورد لە یۆنان گیر ئەخۆن و کەس نییە بەهانایانەوە بچێت.
بەگشتی دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی، دوو خاسیەتی سەرەکی هەیە، سەرەتا ئەبێ بتوانرێت سروشتی هێز لە پەیوەندییەکەدا دەستنیشان بکرێ، ئینجا ئەکتەرەکانی ناو پەیوەندییەکە، بۆنمونە ئایا دەوڵەت و دەوڵەت بەریەک ئەکەون، یان دوو دەستگای نا حکومی لە هەردولا...یان دوو ناوەندی زانستی و کەلتوری و ئابوری .... وە هەروەها...
لەبارەی ئەوەی ئەم پەیوەندییانە بۆچی پەرە پێ نەدراون، وەڵامێکی سادە هەیە، ئەویش تا هەنوکە ٢٩ ساڵە پەیوەندیە دەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان حیزب بەڕێوەی ئەبات، حیزبیش پارتی و یەکێتیە. پارتی سەرقاڵە بەململانێ و پرسی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا. یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش خەریکی کوتلەبازین لە نێوخۆیاندا، کە قسە بۆ هەریەکێکیان ئەکەیت پێشوەخت دڵ و بیری لای ئەوەیە چۆن تۆ بەکاربهێنێ بۆ کوتلە حیزبیەکەی خۆی نەک شتی دیکە!.
رۆژی ٢٩ی سێپتەمبەر ی ٢٠١٩ باڵوێزی یۆنان «یونیدوس كونتو فونیسوس» لە عێراق سەردانی هەریەکە لە بەڕێزان مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی کردوە. ئەگەر ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بێت، بێگومان گرنگی ستراتیجی دوورخایەنی بۆ کوردستان بەگشتی ئەبێت.

-----------------------------------------------------------------------
*به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: سه‌رۆكى : ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی - MIRS