• English
  • العربية

نرخی نەوت و بازاڕە تازە پێگەیشتوەکان

ئاسایشی ووزە

3/15/2020 7:07:00 PM

ئایا لە بنچینەدا نەوت ئەو گرنگیەی ماوە لە جیهاندا ؟. هەموو کاڵایەک لە بازاڕدا پەیوەستە بە خواست و خستنە ڕوو (عرض و طلب- Demand and Supply )ەوە، نەوتیش هەروایە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە زیاتر لە هەر کاڵایەک سیاسەت مامەڵەی پێوە ئەکات. بە گشتی پێنج فاکتەری سەرەکی هەیە کە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەیە، یەکێک لەوانە فاکتەری ئۆپیکە. تا ئێستا جڵەوی ٤٣٪ نەوتی جیهان بە دەست ئۆپیکەوە ماوە. بە ڕێژەی ٣٤٪ سەرچاوەی ووزە لە جیهاندا بە نەوت پڕ ئەکرێتەوە، ٢١٪ یش بە غازی سروشتی.

کاتێک پیشەسازیی لە سەدەی نۆزدەدا تەشەنەی سەند و جموجوڵە جەنگی و سەربازییە جبهانیەکانیش بەردەوام بون، بایەخی نەوتیش بۆ زلهێزەکان زیاتر بو، بۆیە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ووزە (یەکێک) بو لە ئامانجی هێزە گەورەکان و مامناوەندەکان.

لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، زۆرترین قسە لەسەر ئەوەیە کە نەوت بایەخی خۆی لە دەست داوە، سەردەمی نەوت بەرەو کۆتاییە!؟. ئایا ئەمە وایە؟. پێشەکی بزانین ئەوانە کێن خەریکی ختوکەدانی ئەم دیسکۆرسەن، گریمان ئاژانسی ووزەی جیهانی - IEA ، یاخود ئیدارەی زانیاریی ئەمریکی بۆ ووزە یان ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک OPEC) وا ئەڵێت...بەڵام تەماشای ڕاپۆرتی ساڵانەو پێشبینی هەمو ئەوانە بکە کە دوو مانگ بەر لە ئێستا لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) بڵاویان کردۆتەوە، بە پەیمانگە ڕووسییەکانیشەوە بۆ پیترۆڵ هەمویان لە خوێندنەوەکانیاندا هەڵە دەرچوون، بەتایبەت لە دەستنیشانکردنی نرخی نەوت بۆ ساڵی (٢٠٢٠) کەس لەوانە پێشبینی ئەم دۆخەی نە کردوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرکێشیەکانی شازادە گەنجەکەی سعودییە « محەمەد بن سەلمان» ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. بەگشتی ئارگیۆمێنتەکە ئەوەیە تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنە تەکنیکی و غازیی و کارەبایی و هەواییەکان لەناوەندە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی دونیادا گەیشتوەتە دۆخێک کە پێویستی بۆ نەوت کەمتر بێتەوە. هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین (نفط الصخري) لە ئەمریکا و کەنەداو هەندێ شوێنی وەک ئوردون و ئازەربایجان و...تادوایی کە لە قووڵاییەکی دیاریکراودا جۆرە بەردێک هەیە ئەیدۆزنەوەو تا (٤٠٠) پلە گەرمی ئەکەن و نەوتی لێ بەرهەم دێت. ئیتر ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی پێویستی بە نەوتی خاوی برێنت (کە ڕێژەی گۆگرد تیا کەمە) یان نەوتی تەکساس یان عوممان و دوبەی کەمتر بێتەوە لە بازاڕەکانی بۆرسەدا !. بەڵام ئەمەش وا دەرنەچوو، چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل لەم جۆرە لە نەوت دوو هێندەو نیوی تەکنیک و دڵۆپەندنە کلاسیکیەکەی پێشوترە.

بە دیاریکراوی لەساڵی (٢٠٠٠) دا ڕۆژانە جیهان بۆ پێداویستیەکانی خۆی (٧٥٫٨) حەفتاو پێنج ملیۆن و هەشت سەت هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەکاربردووە. بەڵام لە کۆتا ڕۆژەکانی (٢٠١٩) ەدا ڕۆژانە جیهان (٩٤) نەوەت و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار بردووە. ئەوەش مانای وایە پێویستی جیهان بۆ نەوت زیادیکردوە بە بڕی زیاتر (١٩) ملیۆن بەرمیل لە ماوەی (١٩) ساڵدا.

کەواتە چۆن ئەم دیاردەیە ناو بنەین کە لە ناکاو و لە (٧ ی مارسی ٢٠٢٠) دا نرخی نەوت (٢٠٪) ی بەهاکەی خۆی لەدەستداوە؟. ئەمە لەڕووی تیۆرییەوە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە مناوەرە یان (تلاعب - Manipulation) ناوزەند ئەکرێت، بەجۆرێک گەمەیەکە لە بازاری بازرگانی دا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم گەمەیە ئەکەن؟. بەرمیلێک نەوت بە (٣٣$) دۆلار لەکاتێکدا لە هەندێ ووڵات کرێی بەرهەمهێنانی (١) بەرمیل نەوت لە نێوان (٢٠ بۆ ٣٠$)!. لە ڕووسیا کرێی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت (٢٠$) بیست دۆلارە. لە هەرێمی کوردستان (١٧$) دۆلار ئەکەوێت...

لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٨) ەوە ئۆپیک هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ تا نرخی نەوت بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەش ئەیەوێ بڕێکی کەمتر بخاتە بازاڕەوە تا خواست لەسەر نەوت زیاتر بێت. بەڵام لەبەرئەوەی لەساڵی (٢٠١٦) ەوە ڕووسیا لە دەرەوەی ئۆپیک وەک چاودێرێک یان ڕاستتر بڵێین هاتۆتە ناو گفتوگۆ و بڕیاردانەوە نایەوێت سعودیە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکا هەمو بڕیارێک بە ئارەزووی خۆی بدات. بۆیە گفتوگۆکانی ئۆپیک و ڕوسیا (OPEC PLUS) درێژەیان هەیە. لەناو ئۆپیکدا جگە لە سعودییە ئەوانی تر ئەو کاریگەرییەیان نەماوە، بۆ نمونە؛ گابۆن و ئەنگۆلاو کۆنگۆ و ئیکوادۆر و ڤەنزەویلا و لیبیاو نەیجیریا و عێراق و کوەیت و جەزائیر، ئەمانە لە کاتێکدا کە ئەندامی ئۆپیکن، بەڵام تەنانەت بۆ ناوخۆی خۆیان پڕن لە کارەساتی مرۆیی گەورە، هاوکات لەچاو سعودیەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تیایاندا کەمترە. بۆیە سعودیە دەمڕاستی ئۆپیکە و داوا ئەکات (١٫٥) ملیۆن و نیوێک کەمتر بخەنە بازاڕەوە لەو بڕەش ڕووسیا (٥٠٠) پێنج سەت هەزاری بەردەکەوێ، بەڵام ڕووسیا ڕازی نییە. کاردانەوەی چاوەڕوان نه کراوی ئەمە ئەوەبو وەزیری نەوتی سعودیە سەردانی زەهران و کۆمپانیای ئارامکۆی کرد کە توانای هەناردەکردن و خستنە بازاڕ بەرز بکەنەوەو بیگەیەننە (١٣) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئێستا نزیکەی (٣) ملیۆن بەرمیل زیاترە لە پێشوتر لە بازارەکاندا، بۆیە نرخی نەوت داتەپی.

نرخی نەوت داتەپیوە، چونکە سعودییە لە کاردانەوەی ئەوەی ڕووسیا ڕازی نیە ڕێژەی نەوت لەبازاردا کەم بکەنەوە زیاتری خستۆتە بازاڕەوە، هەروەها بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتوچۆ ئاسمانی و زەمینیەکان وەستاون، کارگەو کارخانەکان کەمتر کارئەکەن. ڕێژەی بەکارهێنانی نەوت کەمتر بۆتەوە، تەنها چین ڕۆژانە (٩٤٠) هەزار بەرمیل نەوت کەمتر بەکاردەهێنێت بەبەراورد بەو ڕۆژانەی کە پەتای کۆرۆنا نەبو.

لێرەدا بازاڕە تازە پێگەیشتوەکان (هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەوانە) زیان ئەکات، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان ناتوانین بڵێین ئابورییەکی تەواو هەیە، چونکە سووڕێکی تەواوی دارایی نی یە. بێجگە لەوەی ئابوریی هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر پشت بە نەوت ئەبەستێت. باج و سەرچاوەکانی تری داهات تیایدا ڕێک نەکراونەتەوە. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تا هەنووکە پشت بە حکومەتی عێراق ئەبەستێت، بە پێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و خەمڵاندنەکانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەم دەوڵەتە قەرزە گشتیەکانی لە نێوان (١٢٣ بۆ ١٣٢) ملیار دۆلاردایە. واتە ئەگەر نرخی نەوت ئاوا بەردەوام بێت عێراق ناتوانێ قەرزی دیکە بکات چونکە (سوو) ی زیاتر ئەچێتە سەر قەرزەکان. ئەگەرچی عێراق خاوەنی (٦٩) ملیار دۆلاری یەدەگ و خەوتووە (ئەمەش هەموو وڵاتێک لە ئابورییەکەی دا هەیەتی) بەڵام دەست بۆ ئەم پارەیە ببرێت بەهای دراوی عێراقی جێگیر نابێت و دائەبەزێت. ئەگەر حکومەتی عێراق سیاسەتی دەستگرتنەوە (تەقەشوفات) پەیڕەو بکات ئەوا وەک ئەبینن (٦) شەش مانگە خەڵک لەسەر شەقامەکانن و خۆپیشاندان ئەکەن بۆ ژیانێکی باشتر و دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە هێشتا کابینەیەکی تەواوەتی حکومەت پێک نەهێنراوە.

لەهەموو بارێکدا ئەم دابەزینەی نرخی نەوت زیانی گەورە دەگەیەنێتە ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری نەوت کە لە بازاڕی بازرگانی دا بە گەشەکردوو دانانرێن، ئەوە یەکەمین جاریشە دوای جەنگی کەنداو (١٩٩١) نرخی نەوت دابەزینێکی پێوانەیی تۆمار بکات.

 

لێرەدا بە کورتی چەند خاڵێک وەک چارەسەر ئەخەمە ڕوو؛

یەکەم؛ دۆخی خراپ و خوێنبەربونی ئابوریی لە پڕ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ئەکرێت قەیرانەکە ڕابگیرێت. ناتوانین بنبری گەندەڵی بکەین، بەڵکو ئەکرێت ڕابگیرێت.

دووەم؛ ئەگەر ئاراستەی ئەم مناوەرەیە لە نێوان سعودیەو ڕووسیادا بێت ئەوا دابەزینی نرخی نەوت درێژه ناکێشێت. بەڵام ئەگەر ئامانج لەم گەمەیە بۆ دابەزینی نەوت بریتی بێت لە ململانێ نوستوەکەی نێوان ڕوسیاو ئەمریکا ئەوە درێژە ئەکێشێت.

سێهەم؛ ئابوریی پشت بەستوو بە پارەی کاش کەمتر بکرێتەوە، هەر وڵاتێکی خاوەن دەرامەتی سروشتی پێویستی بە سیستەمێکی دارایی سەرکەوتوو هەیە. ئەگەر سیستەمی ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان ڕێک نەخرێتەوە بەرمیلێک نەوت بە ١٠٠٠ هەزار دۆلاریش بێت کێشەکان گەورەتر ئەکات بچوکتریان ناکاتەوە.

چوارەم؛ حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی « د. عادل عەبدولمەهدی» لەگەڵ ووڵاتی چین لە سێپتەمبەری ٢٠١٩ ەدا گرێبەستێکی واژۆکردووە، تیایدا ڕۆژانە (١٠٠٠٠٠) سەت هەزار بەرمیل نەوت ئەدرێت بە وڵاتی چین لەبەرامبەردا چین ئەرکی بونیادنانەوەی عێراق لە ڕووی کارەباو پەروەردەو تەندروستی و بەگژاچونەوەی تیرۆر لە ئەستۆ ئەگرێت. ئەمە هەرێمی کوردستانیش ئەگرێتەوە. ئەمە لایەنێکی دڵخۆشکەرە پشتی پێ ببەسترێت، چونکە بابەتەکە جۆرێکە لە (مقايضة) واته کاڵا بەرانبەر خزمەتگوزاریی یان کاڵایەکی ترە نەک پارە.

پێنجەم؛ سەر ڕێ خستنی ئابورییەکی خۆڕاگڕ، چونکە ئابوورییەکی جێگیر و خۆڕاگر توانای گەشەکردنی بەردەوام (التنمية المستدامة-Sustainable Development) ی هەیە. لێرەدا بۆیە ئەوترێت بازاری تازە پێگەیشتوو یان نیمچە دواکەوتو چونکە ئەگەرچی بەشداریی هەیە بەڵام گەشەکردن تیایدا لاوازە. سەرەنجام عەیبە گەورەکەی ئەم جۆرە لە ئابوریی ئەوەیە بەرگەی مەترسییە سیاسیەکان ناگرێت و لە ناکاوێکدا وەبەرهێنان و پشکەکان تیایدا تووشی داتەپین ئەبێتەوە.

بەهرۆز جەعفەر