• English
  • العربية

لەپاڵ پەتا جیهانیەکانەوە: تێگەیشتنێکی تیۆریی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا

4/6/2020 8:04:00 PM

لێرەدا سێ بگۆڕ (Variable) هەیە: پەتای جیهانی بە دیاریکراوی مەبەست لێی ڤایرۆسی کرۆنایە، تێگەیشتنی تیۆریی مەبەست لێی ئەوەیە هەموو شتێک لەم جیهانەدا هەواڵ و لێکدانەوەو ستونی ناو ڕۆژنامەو پێگە ئەلیکترۆنیەکان نیە، بەڵکو لە ڕاستیدا سیاسەتی دەرەکی بە پێی قوتابخانە هزریی و تیۆرییەکان ئاڕاستە ئەکرێت بۆ دەیان ساڵ، تیۆر یارمەتیمان ئەدات بۆ تێگەیشتن لە بنەمای شتەکان و پاساودانیان. بگۆڕی سێهەمی بابەتەکە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریکراوی مەبەست لێی ململانێکانی ئێران و ئەمریکایە.

لێرەدا سۆراخی دوو پرسیاری ڕاستەقینە ئەکەین؛

ئایا کرۆنا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەگۆڕێت؟. ئەم پرسیارە بۆیە دنەدراوە، چونکە چیتر نرخی نەوت لەژێر کۆنترۆڵی ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری نەوتدا نەماوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسیەکانی بەردەم هەژمونی حاکمیەتی ئەمریکا لەجیهان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نین بەڵکو هەڵکشان و پەلهاویشتنی (چین) ە بۆ ناوچەکە. وەک هەریەکە لە دیبلۆماتکار و ستراتیجیستەکانی ئەمریکا هنری کیسنجەر و بریجنسکی لە دوای بەهاری عەرەبیەوە دەستنیشانیان کردووە ئاستی ململانێکانی ئەمریکاو چین هەڵئەکشێت. لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ ەدا وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئەمریکا «کیسنجەر» لە میانەی (New Economy Forum) دا ئەڵێت «ململانێی ئەمریکاو چین لە مەترسیدا جەنگی یەکەمی جیهانی تێ ئەپەڕێنێت». لە نوسینێکیدا لەبارەی تێبینیەکانی خۆی لە پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانی دوای کرۆنا ئەمیری پێشوتری کانۆ لە باکوری نەیجیریا سانوسی Sanusi Lamido Sanusi نۆزدە تێ بی نی خۆی لە ژێر ناونیشانی Century Secret 3 World War Featuring: America,China & Rest of the World ئەنوسێت، وێنای ململانێکە ئاوا ئەکات کە «ئەمریکا و چین جەنگێک بەرپا ئەکەن وڵاتەکانی دیکە وەک گیایەک ئەبن کە دوو فیل لەسەری زۆرانبازیی ئەکەن».

پرسیاری دووەمی ئەم بابەتە ئەوەیە ئایا گفتوگۆ تیۆرییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ململانێ نێوچەیی و جیهانیەکان چۆنن؟.

یەکەم: ئاشتی هەمیشەیی یان جەنگی بەردەوام؟.

فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێڵ کانت -Emmanuel Kant دوو بەشداری گەورەی لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا هەیە. یەکەمیان بابەتی ئەخلاق و ئیتیکی هێنایە نێو بنەمای پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکانەوە. بۆچی لەکاتی لێقەومان و کارەساتە سروشتیەکاندا دەوڵەتی (A) یارمەتی دەوڵەتی (B) ئەدات؟.

دووەمیش، لە میانەی کتێبەکەیدا (ئاشتی هەمیشەیی- Perpetual Peace) کە لەساڵی (١٧٩٥) نوسی، تیۆریی ئاشتی بەردەوامی خستە ناو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، ڕۆشنگەریی دەقی گرت و کۆتایی بەجەنگەکانی سەردەمی ناپلیۆن هات. هەر لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی «کانت» بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا دوور بن لە جەنگ و ئاشتی بەرقەرار بێت «ودرۆ ووڵسن» ی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا تێزی« ئاسایشی بەکۆمەڵ» ی ساڵی (١٩١٨) داڕشت و لەمیانەی چواردە خاڵە بەناوبانگەکەیدا وەک پرەنسیپ خستیەڕوو، ئەوەبو کۆمەڵەی گەلان ( عوسبەتول ئومەم) پێکهات. دواتریش عوسبەتولئومەم بوە هۆی پێکهێنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی (١٩٤٥) و تا هەنوکەش لە دیباجەکەیدا نوسراوە ئەم ڕێکخراوە بۆ پاراستتی ئاشتی و ئارامی جیهانی دروستبوە.!.

بەڵام!. وادیارە جەنگ بەردەوامە، سەت ساڵی ڕابردوو دەیان داگیرکاریی لەلایەن زلهێزەکان و ئیمپریالیزمەوە بەناوی جیاجیا ڕویانداوە:

ساڵی (١٩٤٨) بیرمەندی ئەمریکی و پێشەنگی قوتابخانەی ڕیالیزم هانس مۆرگێنتاو -Hans Morgenthau کتێبە بەناوبانگەکەی بەناونیشانی ( سیاسەت لەنێوان نەتەوەکاندا؛ تێکۆشان بۆ هێز و ئاشتی) بڵاوکردەوە. ئێمە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا چەند تیۆرێکی سەرەکیمان هەیە لەوانە؛ ڕیالیزم، لیبراڵیزم، مارکسیزم، نیو- لیراڵیزم، فێمێنبزم، کۆنستراکتیڤیزم...تادوایی. تا ئەمرۆکەش سەرەکی ترین تیۆر کە هیچی دیکە جێگەی نەگرتۆتەوە تیۆری واقعیەت یان ریالیستەکانن (Realist Theory) لە ئەمریکا خاوەندارێتی ئەکرێت. ڕیالیزم، یانی سەنتەرکردنی ڕۆڵی دەوڵەت، لێرەدا بە پێچەوانەی لیبراڵیزمەوە کە تیایدا تاک سەنتەرەو کۆمپانیاو ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕۆڵیان هەیە، دەوڵەت دەستەڵاتی خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا بەش ناکات، دەوڵەت دەوڵەتە. هەمو ئیشی سیاسەت ئەوەیە (هێز-Power) پەیدابکات. ئەوەی هێزمان پێ ئەناسێنێت و هێز دیاری ئەکات (بەرژەوەندی- Interest) ە. ڕیالیستەکان پێیانوایە، سروشتی مرۆڤایەتی هاریکاریی نیەو مرۆڤ لە بنچینەدا چاکەکار نیە. بەڵکو شەڕخوازو بەدە. بۆیە ئێمە بەردەوام لە (ململانێ- Conflict) داین. واتە «ململانێی بەردەوام» هەیە. لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە ڕیالیستەکان دارستانێک دروست ئەکەن کە بەردەوام هەموان لە بۆسەی یەکتردابن، مۆرگێنتاو و ڕێبەرانی ڕیالیزمی کلاسیک پێیانوایە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە سروشتی خۆی بریتی یە لە (فەوزا - Anarchy)، لێرەدا رۆڵی دەوڵەت ئەوەیە بەردەوام لە فراوانخوازیدا بێت، هەموو دەوڵەتێک لە دەرەوەی خۆی خەریکی خۆ بەهێزکردن و ڕاوکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، بەم شێوەیە هەموان هێز بە دەست ئەهێنن و ئیتر کەس شەڕی ئەویتر ناکات!. هێز چی یە!. هێز پۆلێن ئەکەن بۆ هێزی سەربازیی و ئەمنی، هێزی دیبلۆماسی، هێزی ئابوریی، هێزی پەروەردەو گەشەی کۆمەڵایەتی... بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر هێز دەستنیشان ئەکەن ( هێزی نەرم - Soft Power) و (هێزی ڕەق- Hard Power). ئەوەی کە دانسەر و گۆرانیبێژی مۆدێرنی ئەمریکی « مادۆنا- Madonna» ئەتوانێ لە سودان و عێراق جەماوەری هەبێ و کاری خۆی بکات ئەوە هێزی نەرمە. کاریگەرییەکی ڤایرۆس یان دەرمانێکی چینی و بڵاوبونەوەی بە جیهاندا و کۆکردنەوەی قازانج ئەمەش هێزی نەرمە. بڵاوکردنەوەی مووشەک و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ جەنگ دژی ئەوانی تر ئەمە هێزی ڕەقە. لە وەڵامی ئەوە تانانەی کە هێزی دەوڵەتەکان بەریەک ئەکەون و جەنگ بەرپا ئەبێت، ڕیالیستەکان ئەڵێن ئێمە میکانیزمێکمان بۆ ئەوە هەیە پێی ئەوترێ (باڵانسی هێز -Balance of Power) ئەمە بۆ چیە؟. بۆ ئەوەی سەقامگیریی بەرجەستە بێت.

دووەم: ڕۆڵ و پێگەی کاراکتەری دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

لە تیۆری ڕیالیزمدا دەوڵەت کاراکتەرێکی بەهێزە، ئەوانەی دەوڵەت نین ناتوانن یاریکەربن. بەڵام لە لیبراڵیزمدا تاک سەنتەرە و تاک و بازاڕی ئابوری و کۆمپانیاکان ئەتوانن یاریکەرو کاراکتەری نادەوڵەتی بن. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا بەگشتی ڕۆڵی دەوڵەتی ڕۆڵێکی تێکشکاوە، هاوکات « تاک» یش تیایاندا پەراوێزخراوە.

"ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت ڕەنگە دەزگا میدیاییەکان لە کار بکەون". ئەمە نوکتەی چەند ڕۆژنامەنوسێکی ئەوروپیە، کە زۆربەی هەواڵ و ڕووماڵەکانیان ڕۆژانە لەسەر وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. مێژووی ئەم ناوچەیە لایەنی کەمی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە مێژووییەکی پڕ ململانێی بەردەوامە. دوایین گەڕی ناوچەکە ململانێیە لەگەڵ ئێران کە توانایەکی مووشەکی بەهێزی هەیە و ئەکرێت مەترسی بێت لەسەر بەرژەوەندیبەکانی ئەمریکاو دۆستەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

کۆشکی سپی و دۆناڵد ترامپ چەندین جار ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە نایانەوێ ڕژێمی ئێران بڕوخێنن بەڵکو خوازیارن ڕەفتارەکانی سیستەمەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت لە ناوچەکەدا. ململانێکە لەکاتێکدایە کە پەتای کرۆنا تەواوی جیهانی خستۆتە مەترسیەوەو لە هەر (٥) کەسێک ( ٣) کەس لە ماڵەکانی خۆیاندان و خۆپارێزی ئەکەن.

لە بەر ڕۆشنایی لایەنە تیۆرییەکانی سەرەوەدا، ئەکرێت نیەتی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بزانین ئایا لەم دوو ناوچەیە ڕۆڵی دەوڵەتیی چی بەسەردێ؟.

- پێکهێنانی دەوڵەت (State Formation)

- چاککردنەوەی دەوڵەت ( State Reformation)

- یاخود شێوانی دەوڵەت (State Deformation) ە

زۆربەی ئاماژەکان، بەرەو ئەوەن ئەمریکا ڕۆڵی تەگەیی و خۆ- نواندنی بەسەر تەواوی جیهاندا لەدەستداوە. لە ئاستێکی جیهانی گەورەدا سیستەمی تاک جەمسەریی کە جیهان بەتەنها لەلایەن یەک زلهێزەوە بەڕێوە ببرێت کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بەهۆی هەژمونی ئابوریی چین ەوە هەژمونی سەربازیی و سیاسی ئەمریکا نەک پرسیار بەڵکو سکاڵای لەسەرە. لە (١ ی ئەپرێڵی ٢٠٢٠) دا بیگن- سادات سەنتەر (BesaCenter) لە ئیسرائیل پەیپەرێکی کورتی بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی ئایا چین سوریا بونیاد ئەنێتەوە-Will China Rebuild Syria؟. تیایدا دنەی ئەوە ئەدا کە دوای دەیەیەک لە شەڕی نێوخۆیی سوریاو ململانێی ڕووسیاو ئەمریکاو ئێران و تورکیا کە وێرانبونی (٩٠٪) ی ژێرخانی سوریای لێکەوتۆتەوە چین درکی بەوە کردووە هەنگاو بۆ سەراپا بونیادنانەوەی سوریا هەڵبگرێت. لە عێراقیش لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٩) حکومەتی عێراقی بە شاندێکی (٥٠) کەسیەوە ڕوویان کردە وڵاتی چین ڕێککەوتن (نەک گرێبەست) ی (٥٠٠) ملیاریان لە نێوانیاندا واژۆکردووە.

لە ئاستی نێوچەیی دا، ئێران بەرهەڵستکاری ئەمریکایە لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە. ئەمریکا حەزی بەوەیە گورز لە ئێران بوەشێنێت، بەڵام کاتەکەی گونجاو نییە چونکە فشاری جیهانی لەسەرە بەهۆی ڤایرۆسی کرۆناوە. هەروەها لە ئاستی نێوخۆی ئەمریکادا دۆناڵد ترامپ لە بەردەم خۆ-کاندیدکردنەوەیدایە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دا. ئێران ئەم شەڕەی ئەوێت، چونکە لەناوخۆی خۆیدا شکستی هێناوە لە ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنادا، سزاکانی ئەمریکاو ڕەوشی خراپی ئابوریی تینی یۆ ئێران هێنا داوا لە بانکی نێودەوڵەتی بکات بۆ وەرگرتنی قەرز، بەڵام ئەمریکا ڕێگەی نەدا قەرزەکە وەربگرێت، بۆیە ئێران پێویستی بە فشارکردنی زیاترە. هەروەها ئێران زۆر پێویستی بەوەیە کێشە بۆ سیاسەتەکانی ترامپ دروست بکا لە دەرەوە بۆ ئەوەی لەناوخۆی ئەمریکادا ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا شکست بهێنێت.

سێهەم: عێراق شوێنی شەڕەکە

ئێران لە « یەمەن» و کەناراوەکانی عەدەن سەرقاڵی ململانێ بو. ئینجا مەیدانی ململانێکەیان پێ گواستەوە بۆ سوریا، پاش کوشتنی سەرۆکی سوپای قودس (قاسمی سولەیمانی) ئێران پاشەکشەی کردوە بۆ عێراق و عێراقیش بۆتە مەیدانی پەلاماردان و جەزرەبەدانی زلهێزێکی جیهانی «ئەمریکا» و هێزێکی گەورەی هەرێمی «ئێران» لە دژی یەکتر.

لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ دا میلیشیاکانی نزیک لە ئێران (١٤) جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکەو سەربازگەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆتاجار لە ١١ ی مارسی ٢٠٢٠ هێزە پرۆ- ئێرانیەکان لە عێراق ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیان لە سەربازگەی تاجی کوشتوە. ئەمریکا لە کۆتایی لە ٣٠ ی مارسی ٢٠٢٠ دا سەربازگەی کەی وەن K1 ی لە کەرکوک و گەیارە لە نزیک موسڵ و قائیم ی چۆڵکردوە. ئەگەر جوگرافیای دابەشبونی میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران بە نمونە وەربگرین کە دەوری ئەو سەربازگە ئەمریکیانەیان داوە، ڕوونتر دیارە، لە کەرکوک (١٩) بنکەی سەرایای خۆراسانی و کەتائیبی ئیمام عەلی و بارەگای بەدر و کەتائیبی حیزبوڵاو چەند گروپێکی چەکداری تری نەناسراویش هەن...!. لە قائیم (٩) بنکەو بارەگای سەیدوشوهەدا و گروپەکانی حیزبوڵاو سەرایای خۆراسانی هەیە. لە گەیارە بنکەو بارەگای کەتائیبی جوندول ئیمام و بارەگای ڕێکخراوی بەدرو کەتائیبی ئیمام عەلی بونی هەیە.

لەکاتێکدا بەهیچ شێوەیەک لە پرەنسیپی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نیە کە لە عێراق پاشەکشە بکات. بەڵکو ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریداوە ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاتر بکات. هاوکات لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هێرشانەی نییە ناوبەناو ئەکرێتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، لەمەولا ئەمریکا سیستەمی C-RAMs و پاتریۆت لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر ئەکات تا هەر هێرشێکی نادیار پوچەڵ بکاتەوە.

لێرەوە دەرئەکەوێت، حکومەتەکەی عادل عەبددلمەهدی و ئەو دوو سەرۆکایەتیەی دیکە کە پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارە کۆتا کارتی ئەمریکا بونە لە عێراق. کۆتا کاندیدیش « عەدنان زوورفی» کە سەرۆک کۆمار ڕایسپاردووە حکومەت پێک بهێنێت لەلایەن ئێران و گروپە ئێرانیەکانەوە بەرەیەکی دژی بۆ دروستکراوە بەناوی « مقاوەمە».

چوارەم؛ ڤایرۆسی کرۆنا: هاریکاریی یان ململانێ؟

ئەگەرچی جیهان دوای نزیکەی دوو مانگ لەگەشەسەندنی تەواوەتی ڤایرۆسەکە هەر لەسەرەتای ئەو شۆکەدایەو، شرۆڤەی جۆراوجۆر و تەنانەت هەلەق و مەلەقیشی بۆ دەکرێت. بە پێی کۆتا ئامارەکان لە سەرەتای ئەپرێڵی ٢٠٢٠ دا ڤایرۆسەکە (١.٢) ملیۆنێک و دووسەت هەزار کەسی کوشتوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕی (٢.٢) دوو تریلیۆن و دووسەت ملیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە تەرخان کردوە. لانی کەم ئەم جەنگە ئەوەی گۆڕی جەنگاوەرەکان تۆپ و تەیارەو دژە تیرۆر و ناسیۆنالیستیە توندڕەوەکان بن. بەڵکو لێرە بەدواوە تاقیگە بایۆلۆجیەکان و پزیشکەکان و دەرمانسازەکان جەنگاوەری ڕاستەقینەن. لێرە بەدواوە گەڕانەوە بۆ خودو ڕاچڵەکان و خۆناسین لایەنە هەرەباشەکەی ئەم جەنگەیە.

بەڵام!. ئەمە هەر جەزرەبە نەبو لە مرۆڤایەتی، تۆمارکردنی لاپەڕەیەکی دی مێژوو نەبو، تەنها دابەزینی بێوێنەی نرخی نەوت نەبو، زیانی دەیان تریلیۆن دۆلار نەبو لە ئابوریی جیهانی، بەڵکو کودەتایەکیش بو لە تیۆرەکانی زانست دا لە زۆربەی بوارە جیاجیاکاندا، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەمە بەرز ڕاگرتن و هێشتنەوەی قوتابخانەو تیۆریی ڕیالیزم بو، بەڵام لاوازکردنی لیبراڵیزم بو، هەروەها تا ئەوپەڕی سوککردنی نیۆ- لیبراڵیزم بو.

لیبرالیزم، قوتابخانەیەکی سیاسی، ئابوریی کۆمەڵایەتیە، تێزەکانی بریتین لە سەنتەرکردنی تاک، بازاڕی ئابوریی ئازاد، دەرفەتی یەکسان، هەروەها بنەمای « هاریکاریی -Cooperation» لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بونی هەر دیاردەیەکی نێوچەیی لەوە ئەچێ ببێتە هۆی ململانێ یان هاریکاریی لە سیاسەتی دەرەکی دا. لیبرالیزم بڕوای بە هاریکاریی هەیە. هەرچی نێو- لیبرالیزم Neo Liberalism ە قوتابخانەیەکی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیە تەنها بۆ ئەوەی پارە بچنێتەوەو گیرفانی خەڵک بتەکێنێت، جگە لە قازانج و داهات گوێ بەهیچ بەهایەک نادات. هەموو فەلسەفەی نیۆ- لیبراڵەکانی دونیا بخوێنەوە، دێڕێکی تیا نیە باسی سنور یان دەوڵەت بکات. بەڵکو تەنها باسی کۆمپانیا گەورەکان و کەڵەگەکردنی سەرمایەو ڕیکلام و داهاتە. چەند دەیەیەک بو گۆی زەوی بەدەست مرۆڤە چاوچنۆکەکانەوە فریودرابو، کارخانەو کارگەکانیان ژینگەو تەندروستیان لە هەمو شوێنێکدا تێک و پێک دابو، سیاسی و نمایندەکانی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتدا دەست و دەمامکیان گرێدابو، بێدادیان بە دادپەروەری ئەناساند، گوتەو گوفتارە سەرنجڕاکێش و فریودەرەکانیان لە ڕێگە میدیاکانی سەربەخۆیانەوە بەشێکی زۆر لە مرۆڤایەتی لە خشتە بردبو. ئیتر ئەم نیو- لیبراڵیزمە کەوت!. بەهۆی ڤایرۆسێکەوە زەوی پشویەک وەرئەگرێ و سەرچاوە ئاوییەکان ڕونتر دەرئەکەون.

سەرئەنجام

ئەم قەیرانە لەکاتێکدایە کە هەماهەنگی جیهان لە ئاستێکی خراپدایە، ئەوەش جارێک لەبەرئەوەی ئەمریکا دەستی لەو ڕۆڵە ششتوە و، ئەزمونی ئەمریکا لەسەردەمی پێش و پاش کرۆنا ئەزمونی ماندوبونە لە دونیا. هەروەها جارێکیش لەبەرئەوەی ئەوروپاو ئەمریکا لەسەرەتاوە نەیانتوانی لە جدییەتی پەتاکە تێبگەن. بۆیە کرۆنا ڤایرەس سەرەتای کۆتایی سیستەمی تاک جەمسەرییە کە بەتەنها ئەمریکا لە دوای جەنگی ساردەوە سەرداری جیهان بوە. ئەگەر زلهێزەکان پێکەوە « هاریکاریی» یەکتر نەکەن ئەستەمە مرۆڤایەتی ئاکام و بەربەستە قورسە ئابوریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئەمنیەکانی تێ پەڕێنێت. بەمانایەکی تر ئەگەر جیهان لە تێزەکانی ئیمانوێڵ کانت بۆ بەرجەستەکردن و ئامادەگی ئەخلاق لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا نزیک نەبێتەوە، بە پێچەوانەوە « فەوزا» بکاتە دروشمی تیۆریی خۆی ئەوا ئەگەری پێکدادان و جەنگێکی تێکشکێنەر هەیە. ئەگەرچی جەنگ بابەتێکی حەتمیەو هەواڵێک نیە. مێژوو ئەگەر جەنگی لێ دەربکەی چی ئەمێنێتەوە.!.

پریشکی جەنگ و کارەسات ئەگەر ڕووبدات بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بریتی ئەبێت لە تێکچونی ڕۆڵی دەوڵەتیی (State Deformation)، مەترسی تاعونەکە لەلایەک و مەترسی توندوتیژی و هەڵوەشانەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و کۆچ و ئاوێتەبون لەلایەکی تر تێکەڵ بەیەک ئەبن.

لەبارەی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق، دۆستەکانی ئێران لە عێراق ستراتیجین و دڵسۆزانە کار بۆ سەرخستنی پرۆژەی ئێران ئەکەن، بە پێچەوانەوە دۆستەکانی ئەمریکا لە عێراق هەلپەرست و خۆپەرستن. ئێران لە ڕووی کەلتوری و جوگرافی و ئاینی و مێژووییەوە یەک زەمینیەیە لەگەڵ عێراق. لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا واز لە عێراق ناهێنێت. بۆ ئەوەش سیناریۆکانی بریتین لە دروستکردنەوەی عێراقێکی ئەمریکی، هەموو بژاردەکانیش کراوەن لەبەردەمیدا، لەوانە یارمەتیدان بۆ کودەتاکردن. لەوانە ڕێگە خۆشکردن بۆ گەڕاندنەوەی داعش و دواتر سەرلەنوێ ڕزگارکردنەوەی عێراق. کۆتاجار ڕەنگە ویلایەتە یەکگرتوەکان بڕیاری دابەشکردنی عێراق بدات، یەکێک لە ئاماژەکانیش جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆتە لەناوچەی هەولێر و هەروەها سنوری ئەنبار کە ناوچەیەکی سووننە نشینە.

«بەهرۆز جەعفەر: بەرێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی- MIRS، خوێندکاری دکتۆرا پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتیەکان»