• English
  • العربية

ئایا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕوویداوە؟.

تورکیا لە ناسیۆنالیزمێکی ڕەگەزپەرستیەوە (ئیتنۆ- نەیشناڵیزم) ەوە وەرچەرخاوە بۆ ئیسلامگەرایەکی دەستەڵاتخواز
دوباره‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاسایشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین

7/11/2020 10:16:00 AM

 ساڵی (٢٠٠٤) هەریەکە لە عەبدوڵا گویل و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان تەواوی باڵوێزو نوێنەرایەتیەکانی جیهانی عەرەبییان لە وڵاتەکەیان بانگهێشت کرد. بۆیان ڕوون کردنەوە کە تورکیا لەسەردەمی ئەکپارتی دا بە نیازە تاوتوێی یەکێتیەکی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بکات، لەوەش زیاتر تورکیا ئەیەوێت ببێتە ڕێبەرێکی هەرێمایەتی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، بانگى ئه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ جامیعەی عەرەبى كه ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد دروست بکەن وەک ئەوەی یەکێتی ئەوروپا هەیەتی!. ته‌نانه‌ت لەساڵی (٢٠٠٧) ئەمە لەگەڵ سوریا چوە ئاستی جێبەجێکردنەوە. ئه‌م هه‌ولاًنه‌ لە کاتێکدایە تورکیا زیاتر لە نەوەت ساڵە هەوڵ ئەدات ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. 

لەسەردەمی شەڕی داعش دا سەرۆکی فەڕەنسا فرانسو هۆڵاند بە تەوسەوە وتی « تورکیا ساڵی ٤٠٠٠ هەزار ئەبێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا». هەرچەندە پرۆسەی بەئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕێگەیەکی دوورودرێژی بڕی. لەتەواوی خانەی زانسیە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا له توركيا بابەتی (Turkey and EU membership) بوەتە وانەو ئەخوێندرێت. بەڵام چاودێران ئەم بە ئەندامبونە بە گەشتێکی نەزانراو (Unknown Trip) ناوئەبەن.  

سەرۆک کۆماری تورکیا « ڕەجەب ئەردۆگان» بڕیاری دا لە ڕێکەوتی (٢٤ ی تەمموزی ٢٠٢٠) بۆ یەکەمجارو دوای (٨٥) ساڵ نوێژی هەینی لە «ئەیاسۆفیا» بکرێت. ئایا سۆفیا پێش سەرهەڵدانی ئیسلام شوێنگەی ئاینیی مەسیحیەکان بوە لەسەردەمی بێزەنتینیەکاندا. 

  ئەتوانین، بە ڕوونی ئەوە دیاری بکەین کە گواستنەوەی ئایا سۆفیا لە موڵکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شوێنەوارە مێژوییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاینی، سەرئەنجام و دەرخەری سزاکانی ئەمدواییەی یەکێتی ئەوروپایە کە خستویەتیە سەر تورکیا، بەتایبەت لە پەیوەند بە کێشەی قوبرسەوە ئەوروپا بەردەوام هەڕەشە لە تورکیا ئەکات. هەروەها دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا. تورکیا ئەندام نییە لە یەکێتی ئەوروپاو، ئەندامە لە ناتۆ، پابەند نییە بە ڕێساکانی ناتۆ وە، وە هەروەها لە چەندین شەڕو پشێویشدا تورکیا ڕەخنەی ئەوەی هەیە کە ناتۆ هاوکارییان ناکات. لە دوای بەهاری عەرەبیەوە تا کۆتایی ساڵی (٢٠١٩) ڕێژەی پەنابەری سوری و عێراقی لە تورکیاو سنورەکانی گەیشتوە بە (٨.٢) هەشت ملیۆن و دووسەت هەزار کەس. بەردەوام ئەردۆگان هەوڵیداوە پارەو سەرمایەگوزاریی بەم رێگەیەوە پەیدا بکات، لە لایەکی تریشەوە وەک کارتی فشار دژی ئەوروپا بەکاریان ئەهێنێت و ناو بە ناو سنورەکان ئەکاتەوە. 

تورکیا نابێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە تەنیشتیەوە قوبرسی یۆنانی و ئیسرائیل غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست دەرئەهێنن، تورکیا زۆر پێویستی بە غازی سروشتیە بە بەردەوامی ساڵانە بایی (٤٢ بۆ ٥٦) ملیار دۆلار غاز ئەکڕێت. ساڵی وەها هەیە (٢١٪) بودجەی وڵاتەکە بۆ کڕینی غازی سروشتیە. هاوپەیمانێتیەکانی دەریای ناوەڕاست بە تەنیشت یەکەوە (میسر، یۆنان، قوبرص، ئیسرائیل) هەمویان سنوری هاوبەشیان هەیەو سودمەندی غازی سروشتین و مانۆڕ ئەکەن، هەر هەموشیان ناحەزی بێ چەندو چونی ئەردۆگانن؟. ئەمەش لە بەر یەک هۆکاری سادەیە، کە بریتیە لە وەرچەرخان لە سیاسەت و تێگەیشتنی فەرمانڕەوایی تورکیادا. گۆڕانكارییه‌كه‌ش ئەوەیە تورکیا لە ناسیۆنالیزمێکی ڕەگەزپەرستیەوە (ئیتنۆ- نەیشناڵیزم) ەوە وەرچەرخاوە بۆ ئیسلامگەرایەکی دەستەڵاتخواز (Islamic Authoritarianism ). ئەمەش سەردەمی بەربەریەتی خەلافەتی عوسمانی بیری ئەوروپاو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست ئەهێنێتەوە. ئەمە وەک هەڕەشە ئەبینرێت لای هەموو ئەوانەی پێشوتر بە دەست تورکەکانەوە چەشتویانە.

ئەم هەنگاوی وەرچەرخانە لە دوای کودەتا سەر نە گرتوەکەی (١٥ ی تەمموزی ٢٠١٦) ەوە لە تورکیاو تێگەیشتنی فەرمانڕەواکانی دا ڕوویداوە. ئەردۆگان بە یەکجاریی دەستبەرداری پرسی دیموکراسیەت لە ناوەوەی تورکیا بو، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردو پەکەکە هەڵوەشایەوە. هەروەها لە حوزەیرانی (٢٠٢٠) دا بەڕێوەبەرایەتی گشتی سزاکان و دەستبەسەراگرتنی سەر بە وەزارەتی دادی تورکیا ڕایگەیاندوە (١٩٦) زیندانیان لە ماوەی   چواردە ساڵدا (٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٠) دروست کردوە. ژمارەی زیندانیەکان لە ناوەڕاستی ٢٠١٨ بۆ ناوەڕاستی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی (١٤٪) زیادی کردوە.

سەرباری ئەمانە، تورکیای پێش ساڵی (٢٠١٦) ئەو حکومەتە بو کە هەر پارچە زەوییەک، هەر باخچەو شەقامێکی بویستایە پەیکەرێکی ئەتاتۆرکیان تیا دروست ئەکرد. بە پێچەوانەوە ئێستا لە هەر شوێنێکدا تورکیا مزگەوتێک ئەکاتەوە. لە قوبرسی تورکی ژمارەی دروستکردنی قوتابخانەی ئاینی و مزگەوت کە هەڵکشاندایە، لە سێپتەمبەری ٢٠١٨ ەدا ئەردۆگان بە بەهای (٣٠) ملیۆن یۆرۆ لەسەر ڕووبەری (١٦٥٠٠) مەتر چوارگۆشە لە ئەڵمانیا مزگەوتێکی کردەوە. سەرباری ئەمانە، زیاتر لە (٤٠٠٠٠) چل هەزار سەربازی لەو پارچە بچوکەی قوبرصی باکور جێگیرکردوە. وەک چۆن داگیرکردنەکەی لەسەردەمی «بوڵند ئەجەوید» لە ساڵی (١٩٧٣) بە فتوای « نەجمەدین ئەربەکان» بو، مانەوەی ئەمانە لە قوبرسە تورکیەکەدا ئارگیۆمێنتێکی سیاسی نەماوە، تەنها فتوایەکی پێویستە. 

هەرچۆنێک بێت ئۆردەری جیهانی لە پاشەکشەدایەو، هێزە هەرێمایەتیەکان ڕۆڵیان زیادبوە. تورکیاش لەو هێزە ناوچەییانەیە کە لەو پەڕی بەهێزی خۆیدایە. چاودێران هەڵکشانی تورکیا لە لیبیا وە بۆ باکوری عێراق بە مەترسی دائەنێن، چونکە ئەمە خەونی گەڕانەوەیە بۆ فراوانخوازیی ئیسلامگەرایی تورکی لە ناوچەکەدا، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی پێیانوایە ئەردۆگان کۆتا پیاوی دەستەڵاتخوازیی ئیسلامیی- ئیخوانییە لە مێژوودا و، ڕەنگە دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران دەمەو بەیانێک ئەستێڵی مێژوو گۆرانکارییەکی نوێی نێو- خۆیی لە تورکیادا لە خۆ بگرێت.
---------------------------------------------------
* به‌هرۆز جه‌عفه‌ر/  به‌ڕێوه‌به‌رى ئینستیوتى مێدیتریانه‌یه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى، خوێندكارى دكتۆرایه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.