• English
  • العربية

مەرگێک لە ابسرد

ئێران

12/7/2020 12:26:00 PM

 
لە دەرەوەی تاران بە ٧٠ کیلۆمەتر، لە چیاکانی دەماوەند، دوشەممەی ڕابوردوو، محسن  فەخریزادە مهابادی، لە ڕوداوێکی ئاڵۆزی فلیم ئاسادا کوژرا.   کەس ئەوەندە لە سەر موحسن نازانێت. لە دایکبوی  شاری قوممە. هەندێک دەڵێن ١٩٥٧ و هەندێکی تر دەڵین نەخێر ساڵی دوایی لە دایک بوە. کەسێکی دیار نەبوو، هەتا  گۆڤاری فۆرن پۆلەسی لە ساڵی ٢٠١٣ وەک کەسێک کاریگەر پۆلێنی کرد لە ئاستی دونیادا، لە بەر ڕۆڵی لە پرۆسەی چەکی ئەتۆمی ئێراندا.  پاشان نەتانیاهو ناوی هێنا. ئەو بە باوکی چەکی ئەتۆمی ئێران لە قەڵەم ئەدرێت.  یەکەم کەس نیە لەو بوارەدا کاربکات و بە ڕوداوی گومانای بکوژرێت، بەڵکو شەشەم کەسە. لە ڕاپۆرتی مەرگیدا دیسانەوە باس لە کوشتنی قاسم سلێمانیش دەکرێت. قاسم ئەندازیاری هەژەمۆنیەتی ئیرانی بوو لە ناوچەکە، موحسن باوکی ئەو سیستەمەیە کە ئێران دەپاریزێت. ئێران بەبێ چەکی ئەتۆمی ناتوانێت بە ئاسانی هەژەمۆنیەتی هەبێت.   بەڵام مەرگی فەخریزادە تەنها لە بەر ئەوەنیە کە باوکی چەکی ئەتۆمی ئێڕانە، بەڵکو ئاڵۆزی تری زۆر لە ئەو روداوەدا هەیە. ئەم کوشتنە وەک ئەو مردنانە وەهایە کە لە ڕۆمانەکانی ژانڕەی تاواندا دەیخوێنینەوە. 
ئەم مەرگە پڕ توێژاڵە چ لە ڕوی کات و شێوازی ئەنجامدان و ئامانج و کاریگەرییەکانی لە سەر هاوسەنگی و ڕەفتاری هێزەکان لە ناوچەکە. بەڵام لە سەروی هەمویەوە ڕوداوێکی پڕ لە ئاماژەیە بۆ داهاتوی ناوچەکە.  بۆ لە ئێستادا ئەم کوشتنە ڕویدا؟ دونیا و ناوچەکە لە ڕۆژگارێکی ڕاگوزەردا دەژی. ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکی دژە ئێران، هەڵبژاردنی دۆڕاندوە و کەمتر لە دوو مانگی ماوە لە ئۆفیسدا. کۆمەڵێک ئاماژە هەیە کە ئەگەری هەیە ئیدارەی بایدن ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما ببوژێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل و عەرەبەکان (سونییەکان)  بە ئەمە دڵخۆش نین. بۆیە ئامانجی هەرە سەرەکی ڕوداوەکە کوشتنی فەخریزادەنیە وەک کەس، بە دڵنیاییەوە ئەوە گرنگە، بەڵام بەکارهێنانیەتی وەک کارتی فشار بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکرێت پەرچەکرداری هەبێت و لە ئەنجامدا ئەو پەرچەکردارە  دۆخێکی وەها بهێنێتە ئاراوە کە بایدن نەتوانێت باس لە بوژانەوەی ڕێککەوتنامەکە بکات. دیارە ئەم ڕوانگەیە کە زاڵە بە سەر شیکاریی ڕوداوەکەدا، بێ کێشە نیە. چونکە ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەیەکی کەمدا کارێکی وەها ئاڵۆز، مەبەست کوشتنی موحسن، ڕێکبخرێت. کەواتە تەنها ڕەنگە ڕێککەوت بێت کە ئەم کوشتنە کەوتوەتە ئەم کاتەوە.   ئەم کوشتنە ئێران دەخاتە بەردەم بژاردەی یان بێبژاردەیی سەختەوە. وەڵامدانەوە و وەڵامنەدانەوە هەردوو ئاڵۆزی خۆیان هەیە. نەیارانی ئێران لە ناوچەکە لە دۆخێکی وەهادا، ئێرانیان خستوەتە گۆشەیەکەوە هەرچیەک بکات براوەنیە. ئەمە یارییەکی ستراتیژی و سەربازی و جیوپۆلەتیکی سەختە.  ئێران لە دۆخێکدایە کە ئەگەر وەڵام بداتەوە، وەڵامەکەشی دژ بە ئیسرائیل بێت، ئەوا بەهانە بە ئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی، ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا زەمینەی واقیعێک دەخولقێنێت کە ئیسرائیل بەبێ نیگەرانی یان لە بەرچاوگرتنی هیچ مەترسییەک بەردەوام لە ئێران بدات نەک لە سوریا و لوبنان و جێگاکانی تر، بەڵکو لە دڵی ئێراندا.  لە هەمانکاتدا ڕوداوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پلانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لە گەڵ ئێراندا کارێکی ئاسان و بێ ڕکەبەر نابێت.  

چۆن کوژرا؟ 
ڕەنگە کوشتنی فەخریزادە یەکەم کوشتنی لەو جۆرەبێت، لە ڕوی تەکنیکییەوە. دەتوانین ناوی بنێین کوشتنی AI یان زیرەکی دەستکرد. لە ساڵانی ڕابوردودا تەکنەلۆجیا ئەنجامدانی جەنگی بە شێوازێکی ڕادیکاڵ گۆڕی. چیدی جەنگ لە نێوان جەنگاوەراندا بەڕێوەناچێت. بەڵکو جەنگ وەک جۆرێک لە یاری پلەی ستەیشنە. مرۆڤەکان لە جێگا دورەکانەوە لە شوێنە سەلامەت و بێ مەترسییەکانیان، جەنگەکان لە جێگا دورەکان بەڕێوەدەبەن. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە جەنگی ڕوبەڕوو پرسێکی گەورەی ئەخلاقی و سەربازی  هێناوەتە ئاراوە. کوشتن لە دورەوە یان بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ، کوشتن بە درۆن،  هەبونی توانای چاودێریی ناکۆتا، هەموو وەهایکردوە کە مەیدانی جەنگ بۆ هەمیشە بگۆڕێت.  کوشتنی فەخریدزادە بە ئەوجۆرە، دەرخستنی باڵایی تەکنەلۆجیایە، پێش هەموو شتێک. ئەم ئاماژەیە لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کە ئەو توانایەی کە تەکنەلۆجیا دەیبەخشێت سنوری  نیە و ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. کوشتنی فەخریزادە لە شاری ئابسەرد ئاوێکی سارد بە دڵی نوخبەی سیاسی و سەربازی ئێرانیدا دەدات کە ئەوانە لە بەردەم سیستەمێکی باڵان لە ئامرازی جەنگ.  بەڵام بوارێکی تری ئێجگار هەستیار جێگای تێڕامانە. ئایا چۆن هێز و لایەنە نەیارەکان دەستیان دەگات بە ئەو هەموو زانیارییە هەستیارانە دەربارەی کەسانی گرنگی ناو سیستەمی ئاسایشیی و حوکمداری ئێرانی. بە گشتی چاودێران ئەگەری سێ بژاردە دادەنین. یەکەم، دەکرێت سیستەمی ئاسایشی ئێرانی هێندە شپرز و پەرتەوازەبێت کە بە ئاسانی زانیاری دزە بکاتە دەرەوە و هیزە دەرەکیەکان بگەنە ناوی. دووەم، دەبێت سیستەمی ئەلیکترۆنی ئێرانی هێندە لاوازبێت کە بتوانرێت لە لایەن ئەوانیترەوە دزە بکرێتە ناوی هەموو زانیارییەکان ببرێت. سێیەم، دەکرێت لە هەناو سیستەمی ئاسایشی ئێرانیدا خەڵک هەبێت کە کار بۆ هێزی دەرەکی بکات. دەکرێت هەموو ئەمانە بە یەکەوە بن. بەڵام هەبونی زانیاریی  وورد لە سەر شوێن ون کاتی جوڵەی کەسێکی وەک موحسن دەرخەری ئەوەیە کە زانیاری لە دڵی سیستەمی ئاسایشی ئێرانییەوە دەگاتە دەرەوە. ئەمەش مایەی پەشۆکانە بۆ سیستەمەکە و لە هەمانکاتدا جەنگێکی دەرونی گەورەیە. 

بژاردەکانی بایدن؟ 
بێرنی ساندەرس کرداری کوشتنی فەخریزادەی سەرکۆنە کرد. لە تویتێکدا داوای ئەوەی کرد کە دەبێت دیپلۆماسی ڕێگاچارەبێت، نەک تیرۆر. ئەم هەڵوێستە دەرخەری ئەو دۆخە سەختەیە کە بایدن نەک تەنها لە گەڵ نەیارەکانیدا، بەڵکو لە گەڵ پارتەکەی خۆیدا، تیایدا دەژی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە لە ئەو کێشانەدا دەبینین کە لە دەستنیشانکردنی وەزیری بەرگریدا بایدن ڕوبەڕوی دەبێتەوە. باڵی چەپی دیموکرات نایانەوێت کەسێک ببێت بە وەزیری بەرگریی کە نزیک بێت لە کۆمپانیاکانی چەک و لۆبییەکانی چەک. زۆرجار ڕودەدات کە کەسانی نزیک لە لۆبییەکانی چەک دەبنە بەرپرسی  وەزارەتی دەرەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، گەرچی ترەمپ پەیمانیدا کە زۆنگاوەکە وشک بکات، بەڵام دوا وەزیری بەرگریی لە دڵی لۆبیی چەکەوە هاتبوو. ئەو ئافرەتەی کە بایدن نیازی هەبوو بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دایبنێت بە کەسێکی نزیک لە لۆبی چەکەوە دەبینرا لە لایەن باڵی پێشکەوتوی پارتی دیموکراتەوە. بۆیە هەتا ئێستا ئەو پۆستە یەکلایی نەکراوەتەوە. بەڵام لۆبیی ئیسرائیلی و سعودی و کۆمارییەکان و فشاری دۆخی ناخۆ ڕێگە نادات بە ئاسانی لە ماوەیەکی دەستوبرددا پرسی دانوستانی ئێران ببێتە پرسێکی سەرەکی ئیدارەی بایدن. 
وەک کوشتنی فەخریزادە دەریدەخات کە نەیارانی ئێران دەستوەوەستان نابن لە هەنگاوەکانیان و هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر.  دەرئەنجامەکان وەها دیارە ئامانجی نەیارانی ئێران لە ناوچەکە ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگریی لە ئەوە بکەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێرانیش ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات لە پێناو بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران وەک قەڵغانێک دەبینرێت کە دەیپارێزێت لە فشار و دەستوەردان و ڕێگەی بۆ خۆش دەکات هەتا بگەڕێتەوە ناو سیستەمی ئاسایش و ئابوری ناوچەکە. لە دۆخێکی وەهادا ململانێ  بەردەوام دەبێت. ئەم ململانێیە بە گشتی بە شێوازی ناڕاستەوخۆ بوە هەتا ئێستا، بەڵام پاش کوشتنی سلێمانی و فەخریزادە وەها دیارە ئێمە بەرەو قۆناغی ڕاستەوخۆ دەچێن بەڵام بە شێوازێکی تایبەت، لە ڕێگای ناڕاستەوخۆوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە سەردەمێکی تایبەتدا دەژی. عەرەب لە ناوچەکە زۆرینەن، بەڵام خاوەن هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە نین. ئەم بێدەسەڵاتییەی عەرەب زەمینەی بۆ  ئیسرائیل ڕەخساندوە کە ڕۆڵی جەمسەرێکی هەرێمی ببینێت. ئەمەش وەها دەکات کە ناوچە عەرەبیەکان گۆڕەپانی ململانێکان بن. عێراق و سوریا لەم دۆخەدا وەک دوو گۆڕەپانی ململانێ دەمێننەوە. بە گۆڕەپان بونی ئەم دوو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر کورد هەیە.   چەند هەفتەی داهاتوو ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانییە. ئەمریکا بەشێک لە کارمەندانی دیپلۆماسی دەباتە دەرەوە، هەروەها لە هەفتەی داهاتودا بڕێکی تر لە سەربازەکانی دەکشێنێتەوە. ئێمە لە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزداین، ناوچەکە هەتابێت زیاتر ئاڵۆزدەبێت و لە هەمانکاتدا گرنگی بۆ ئەمریکا کەم دەکات.