• English
  • العربية

جەنگی دژە تیرۆر و ڕیالێتی پەیوەندییە ئابورییە جیهانییەکان

تیرۆریزم

1/19/2021 1:58:00 PM

* بەهرۆز جەعفەر

جیهانگیریی، بەوە ناسراوە کە جیهان بچوک ئەکاتەوەو، سەروەرى (سیادة-Sovereignty) ى وڵاتەکان دادەبەزێنێت و نایهێڵێت. سێ ڕەهەندى هەرە گرنگى ئەم پرۆسەیە جیهانى خستۆتە شڵەژان و ژێر پرسیارێکى زۆرەوە:

یەکەم/ ئابوریى و ئاڵوگۆڕە داراییەکان

دووەم/ تەکنەلۆژیاو داهێنانى نوێ

سێهەم/ بەریەککەوتنە کلتوریى کۆمەڵایەتییەکان.

لەدواى هێرشی (11 ی سێپتەمبەر) ى قاعیدە بۆسەر بورجى بازرگانى جیهانى لە نیۆرک، ئیتر تیرۆریزم و جیهانگەرایی، لەناوەندە هەواڵگریی و ئەکادیمى و تینک تانکەکانى خۆرئاوادا، بەتەواوى کەوتە بەر نەشتەری باس و لێکۆڵینەوە. بەجۆرێک تیرۆریزم لەهەر شوێنێک بێت لەڕێگەى سود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیاو داهێنانەکانى خۆرئاواوە، مەترسی بۆسەر خودى جیهان دروست ئەکات، ڕاستەوخۆ ئەبێتە ماددەو تۆپیکێکى نوێ لە پەیوەندییە نێو- دەوڵەتییەکاندا. ئەگەر لەئایندەیەکدا تاقە یەک هۆکار ببێتەهۆى هەڵوەشانەوەی سیستەم و یاسای نێودەوڵەتى، یا چاوێک بە هەیکەل و ئامرازو شێوازەکانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بخشێنرێتەوە، ئەوا هۆکارەکەى قەبەبونى ئەمریکاو جەنگى تیرۆرە لەبەرامبەریدا، ئەمە بۆیە جیهان بەپەرۆشەوە لە جموجوڵەکانى تیرۆریستان بەئاگایە.

تیرۆریستان، تەکنەلۆژیا و چەکەکانى خۆرئاوا دەکەنە ئامرازێکى کارئاسانى بۆخۆیان، حکومەتەکانیش لەڕێگەى مانگى دەستکردو تەکنەلۆژیاوە بەتەواوى چاودێریی نەخشەو پەیوەندییەکانى بەرەى تیرۆر ئەکەن، ئەو شوێنانە دەپێکن کە تەکبیرى تیائەکرێت، ئەودەرگایانە دەزانن کە یەکە یەکە ى سەرکردەى کۆنە بەعسییەکان لێی ئەچنە ژوورێ یان خۆیان ئەیانخەنە ژوورەوە!.

سێ خاسیەت هەیە، جەنگی دژە تیرۆر ئەکاتە جەنگێکی مەترسیدار و درێژکراوە، کە لە ڕاستیدا ئەمانە خاسیەتی خودی تیرۆریزمن:

یەکەم/ پشت بەستون بەئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراوى ڕه‌قى بێ چه‌ندوچون، مەسەلەن لاى داعش ئاینى ئیسلام و بیرى ئوسوڵی سەلەفى پەڕگیرە.

دووەم/ ووزە بڕن ( ئستنزاف ). واتە زۆربەى کات بەشێوەى مەیدانى نا-جەنگن، بەڵکو هەمیشە ناحەزو بەرامبەرەکانیان وەڕس ئەکەن، ترس و ڕا- ڕایی  لەناوهێزەکانى بەرامبەردا دروست ئەکەن، تا ووزەى لێ ئەبڕن.

سێهەم/ تیرۆریزم « موخاتەبی نییه» یانی شتێکی نییه ناوی وەزارەتی کاروباری دەرەوە و ڕێگای دیبلۆماسی و ئاشتیانە بێت. ئەمەش سیفەتێکە کە مامەڵەکان قورس

ئەکات لەگەڵیدا.

کۆنسێپچواڵێزڵیشن: تیرۆر، تیرۆریزم، تیرۆریست

یەکێک لەو گرێ کوێرانەی جیهانی دواکەوتوو یان بەشە باشورییەکەی گۆی زەوی بەگشتی بەدەستیەوە ئەناڵێنن، ئەوەیە بڕوایان بە تیۆریزەکردن نییه، هەموو شتێک بە بێ تیۆرییەک ئەچێتە ڕێوە، مەسەلەن: ئێستا لە دەزگای ئاسایشی عێراق یان هەرێمی کوردستان، یاخود سامانە سرووشتیەكان، یان پەیوەندییە دەرەکیەکانیان بپرسە: ئەو تیۆرییە چییه کە لە پشت ڕەفتارەکانی ئێوەوەیە بۆ لەمس کردنی کێشەکان یا بۆ ئەوەی کاروبارەکانتانی پێ هەڵ بسوڕێنن.؟. بێ شک ( هیچ!.). بۆ نمونە بڵێ دیاردەی بۆکۆحەرام لە نەیجیریا، ئوم شیرینکۆ لە یابان، سوپای ڕزگاریخوازی کۆڵۆمبی، سوپای موحەمەد لە کشمیر، داعش لە عێراق و سوریا، بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی -PLO.هەریەکێ (تەنها یەکێک) لەم دیاردانه وەربگرەو پێمان بڵێ مارکسیزم چۆن لێی ئەڕوانێ؟. مۆدێرنیزم چۆن سەیری ئەکات؟. ڕیالیستەکان و نیۆ- ڕیالیستەکان چۆن شرۆڤەی ئەکەن؟. لیبراڵیزم ئەڵێ چی؟. نیۆ- لیبرالیزم پێی ئەڵێ چی؟. تیۆرە دوو ڕەگەکان (هجین- Hybrid) وەکو تیۆری باڵادەستی سەقامگیریی Hegemonic Stability Theory چۆن ئەم دیاردەیە مان بۆ لێک ئەداتەوە.؟. و ئیتر ئاوا.

چارلیس تیلی Charles Tilly لە کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی ئەمریکی چەمکەکانی تیرۆر، تیرۆریزم، تیرۆریست، جیا ئەکاتەوە، جیای ئەکاتەوە وەک هەر خۆی سێ کۆنسێپتی جیایە، بەپێی ئەدمۆسفێرو حاڵەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، بۆ نمونە ئۆکسفۆرد، پێنتاگۆن، ئەنجومەنی ئاسایش و زۆربەی جیهان لەسەر ناسینەوەی «تیرۆر- Terror» وەک دیاردەیەک ڕێککەوتون. واته ئێمە چۆن بڕیار بدەین کە ڕووداوێک یان دیاردەیەک تیرۆریستیە؟ ئه وان کۆکن لەسەر ئەو پێناسەیەی کە هەر ڕووداوێک « توندوتیژی» تیا بەکارهات و « کرایە سەر خەڵکی سڤیل» و « مەبەستێکی سیاسی لەپشتەوە » بو ئەوا لەلایەن هەرکەسێک بێ و هەر دەوڵەت و ڕێکخراوێک بێت پێی ئەوترێت تیرۆر، ڕووداوەکەش مادام ئەو سێ مەرجەی تیایە تیرۆریتستی یە.

جەنگی دراو و جەنگی دژە تیرۆر

ئاماری جیاجیا هەیە سەبارەت بە تێچووی جەنگی دژە تیرۆر، دروسترینیان ئەوەیە کە نەیشناڵ ئینترێست The national interest و زانکۆی ئیفی لیگ باسی ئەکەن، لەوەدا لە (11ی سێپتەمبەری 2001 ەوە تا سەرەتای 2019) تێچوی جەنگی دژە تیرۆر (5،9) پێنج تریلیۆن و نۆسەت ملیار دۆلار بوە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمەش ژمارەیەکی فەلەکی زۆر گەورەیە. جگە لەوه ى به گشتى تێچوی ئەم جەنگە لە سەر جیهان زۆر زیاتربوە، هەموو کاتژمێرێک جەنگی دژە تیرۆر ملیۆنەها دۆلار لەسەر مرۆڤایەتی ئەکەوێت. ئەو پارەیەی ئەمریکا لە جەنگی عێراقدا سەرفی کرد نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای ئەکات کەمتر لەو بڕە ئەتوانرا کێشەی ئاوی شیرین لە جیهاندا چارەسەر بکرێت، بە پێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی نەخۆشییەکان (CDC) لەم سەرەتای (2021) ەدا زیاتر لە (780) ملیۆن مرۆڤ لە گۆی زەویدا سەرچاوەی ئاوییان نییەو (2.5) دوو ملیارو نیو مرۆڤ لە گۆی زەویدا لە کەشێکی سازگارو تەندروستدا نین، ئەمەش ئەگاتە زیاتر لە (35%) دانیشتوانی گۆی زەوی.

سعودیە، یەکێکە لەو وڵاتانەی هەم لە فرۆشی نەوت دا ناوی دێت، هەم لە هەناردەکردنی تیرۆر بۆ دەرەوەی خۆی، ئێمە لەم نوسینە بە ئەنقەست ناوی ئێران ناهێنین کە ئەویش کار لەسەر هەناردەکردنی شۆڕش یان توندوتیژی بە مەبەستی سیاسیی بۆ دەرەوەی خۆی کردوەو ئەکات. چونکە بەلای کەمی سعودیە بە پێی پێگەی بەناوبانگی ستاتیسکا بە تەنها لە سێ ساڵدا لە ( 2015 ەوە بۆ 2019) بایی ( 58.673) پەنجاو هەشت ملیار و شەش سەت و حەفتاو سێ ملیۆن چەکی کڕیوە. بەشێکی زۆری ئەم چەکانەی لە کوشتنی هاوڵاتیە یەمەنیەکاندا تاقی کردۆتەوە، کە لە (2018) زیاتر لە (14) چواردە ملیۆن یەمەنی کێشەی برسێتی یان هەبووە بەهۆی جەنگەوە.

ئەم ئامارو داتایانەی سەرەوە کە هەمویان بە نەخشە و هێڵکاری لە ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی- MIRS بە ناونیشانی « حوسییەکان کێن و چیان ئەوێت؟» کاری لەسەر کراوە، دەرخەری ئەوەن جەنگی دژە تیرۆر و جەنگی دراو ڕاستەوانە لەگەڵ یەک ئەگۆڕێن.

جەنگی دراو و جەمسەرگیریی هەرێمایەتی

 لوغزێك هه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى « تیرۆر» وەک دیاردەو واقیعێک خۆى بینا ئه‌كا، ئيتر یەکە فەرمیە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان دڵداری لەگەڵ ئەکەن؛ جارێک وەک ئەوەی « چۆمسکی» ڕەخنەی ئەکات لە كتێبى «غزو المستمر» دا کە سیستمە بەناو ئازادو دیموکراتەکان دڵداری لەگەڵ سیستمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکان ئەکەن، جارێکیش ئەم یەکە هەرێمیانە تیرۆریزم وەک کارتێک بۆ دەست و نینۆک کردنی یەکدی بەکاردێنن!. بۆ نمونە بۆ داشکاندنی نرخی نەوت سوودی لێ ئەبینن، بۆ گەمەی جیۆپۆلەتیک و گەنەی بازاڕ لە دژی ئەوانی تری دەرەوەی خۆیان پاڵی پێوە ئەنێن.

سەیری بکە لە (2020) ەدا ئەوە هەر بەهای تومەنی ئێرانی نییه کە بە ڕێژەی (70٪) بەهاکەی خۆی لەبەرانبەر دۆلاردا لەدەستداوە، لەپاڵیدا لیرەی تورکیش (51٪) بەهاکەی خۆی بەرانبەر دۆلار لەدەستداوە، پیزۆی ئەرجەنتینی ( 51٫5 ٪) بەهاکەی خۆی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە، ڕۆبلی ڕووسی (16,7٪) و ڕوپیەی هیندی (11٫8٪) و ڕاندی باشوری ئەفریکا (21٪) و ڕیالی بەڕازیلی (21٫5٪) بەهاکانی خۆیان بەرانبەر دۆلار لەدەستداوە. ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە بەتەنها سعودیە یە کە قسە لەسەر دابەزینی بەهای دراوەکەی ناکرێت، یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیە کە لە هەر دوو جەمسەرە جیهانیەکە ڕووسیا و ئه‌مریكا چەک ئەکرێت.

لە کۆتاییدا ئەوەی ئەمێنێتەوە، پرسیارێکی گەورەیە، كه ئابوری و ئەنەلایزەرە ئابورییەکان هەندێ جار خۆیانی لێ ئەدزنەوە، پرسی «قەیرانی ناسنامە- Identity Crisis» یە، ئەمەیە ئایدۆلۆجیای کردۆتە ئیلتهابێکی ترسناک کە پرسی توندوتیژی و پێکەوە ژیانی لە جیهاندا ڕووبەرووی پرسیاری سەخت کردۆتەوە، ئەم قەیرانانەی دوای جەنگی سارد سەریانهەڵداوە ئەکرێ ناوی بنەین ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆجیا و ناسنامەی گەلان وەک سنورێک لەبەردەم بازاڕی ئابوری ئازادو ئەو شەپۆلە جیهانگیرییەی کە ئەڵێ سنور ناناسم!. پیاوە موخابەراتیەکان ڕێسایەکیان هەیە ئەڵێن ئەگەر لە ژوورێکدا هەموو دەرگاو پەنجەرەکان توند گیرابون، کەمێک تەپوتۆز لەسەر مێزەکانی ژوورەکە نیشتبو، ئەبێت بزانین ئەو تەپوتۆزە لە کوێوە هات!؟. ئەڵێن ئەبێ ئێمەش بە بێدەنگ وەک ئەو تەپوتۆزە بچینە ژوورەوە. ئاخۆ چۆن لە پڕ ماڵی هەموان ئەم تەپوتۆزە گرتیەوە لەکاتێکدا هەر یەکێک لە ئێمە «سەروەری سیادە» واتە سنورێکی دانپیانراوی دیاریکراوی هەیە!.