• English
  • العربية

ڕەهەندەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردن لە ئێران

ئێران

6/17/2021 6:59:00 PM

  - بــەهـرۆز جــەعـفــەر 

سبەینێ ١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سیانزەیەمین هەڵبژاردن لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران دا ئەنجام ئەدرێ. ژمارەی دانیشتوانەکەی (٨٤) ملیۆنەو  بە نزیکەیی (٥٩) ملیۆن مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ڕێژەیەش زۆرینەیان بڕیاریان داوە نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. 
ماوەی مانگێکە، چ بە خوێندنەوە، چ بە بەشداری لەو کۆڕو پانێلانەی سەبارەت بەم پرسە ساز ئەدرێن تێ بی نی دۆخی ئێران ئەکەین لە هەڵبژاردنەکاندا، بەرئەنجامی ئەمە، بەچەند خاڵێک ئەخەمە ڕوو:
یەکەم/ سیستەم لە ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی ئێرانییەوە نەماوە. ئەمانە کۆمەڵێک خێزان و خێڵن، هەمویان خزمی یەکترن، هیچ نەبێت لەسەرێکەوە پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەر هەیە. بە هەرهەمویان ئەو مەشهەدەیان دروستکردووەو، هەریەکەیان لەسەرێکەوە لەناو سیستەمەکەدا خەریکە.

دووەم/ ئەگەرچی دوای رەتکردنەوەی شیاویەتی زۆربەی بەربژێرەکان, تەنیا (٧) کەس مانەوە، لەناو ئەم (٧) کەسەشدا (٢) یان لەبەرژەوەندی ئیبراهیمی ڕەئیسی خۆی کشاندەوە. ئەمانە هەر هەمویان کە کاندیدن یان حەزی خۆ- کاندیدکردنیان هەیەو هەبوە، پیاون،  کەسایەتی مەزهەبین، لەناو مەزهەبەکانیشدا شیعەن، لەناو شیعەشدا “ئیسنا عەشەرین”. هەموو ئەم کاندیدانە پێشوتر لە سیستەمەکەدا ڕۆڵیان هەبووە، هەمووشیان پێکەوە لە سەر سفرەی ڕژێم بون، هەمووشیان بۆڵە-بۆڵ ئەکەن و لە دۆخەکە ناڕازین و هەریەکەیان دروشمێکی بەرزکردۆتەوە بە مەبەستی چاککردنی.

سێهەم/ سەرۆک کۆماری لە ئێراندا ئەگەرچی ئەرکەکەی جێبەجێکردنە، بەڵام پۆستێکە هەموو کەس پێی ئەوێرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەکات، ڕابەر لە سەرۆک کۆمار ئەپرسێتەوە، پەرلەمانو خەڵک و میدیا هەموو ڕووی زاریان لەسەرۆک کۆمارە. بە گوێرەی نوێترین راپرسیی ئاژانسی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا، ئیبراهیمی ڕەئیسی ئەو بەربژێرە تەمەن (٦٠ ساڵەیە،  کە سەرووی (٦٠٪)ی دەنگەکانی ئەو کەسانە بەدەستدەهێنێت کە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.

چوارەم/ ئەگەرچی هەر بۆخۆی دیموکراسییەت لەتەواوی دونیا پرسیارو نیشانەی سەرسورمانی کەوتۆتە سەرو، لەڕووی فەلسەفی و بەرزبونەوەی ئاستی هوشیاری دەنگدەر لە جیهانداو، هەروەها دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنی ووڵاتانداو، دەستبەسەراگرتنی چینێکی پارەدار و میدیادار بەسەر زۆربەی کایەکاندا، وای کردووە پرسیار بکەوێتە سەر پرۆسەکانی هەڵبژاردن . بەڵام لە ئێراندا بەتەواوی ئەم پرۆسەی دەنگدانە پرسیاری لەسەرە. پێش هەموو شت ڕابەری کۆماری ئیسلامی هەموو دەستەڵاتێکی بە دەستە (هەموو دەستەڵاتێک) ، ڕادەی کاندیدبون و دەرچوون هەردووکیان پەیوەستە بە دەوڵەتی قووڵ و دوورو نزیکی لە ڕابەرەوە کە  ئایەتوڵا خامەنەئی یە. ئینجا شورای نیگابان “ شورای پاسەوان” هەر لە سندوقی هەڵبژاردنەکەوە بە دەستیەتی هەتاوەکو ئەوەی ڕێگەنەدا خودی کاندیدەکان بچن بۆ دەنگدان، دەست لە تەواوی پرۆسەکە وەرئەدات!.  هەروەها زۆر فاکتەری تر هەیە. بۆیە کاتێک خامەنەئی کۆتا وتاری پێش (٤٨) کاتژمێری هەڵبژاردن لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران ئەخوێنێتەوە و داوا ئەکات خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی سیستەم و ئێرانێکی بەهێزمان هەبێت، لە هەمان کاتدا خەڵک ئەڕژێنە سەرجادەو بانەکان و دروشمی “ ناچین “ و بەشداری لە هەڵبژاردن ڕەت ئەکەینەوە” بەرز ئەکەنەوە.

پێنجەم/ ئێرانیش وەک تورکیا ووڵاتێکە بێ دەستوەردان لە دەوروبەری خۆی ناژی و ئارام ناگرێت. بۆیە گۆڕانکاری لە ئێران گۆڕانکارییە لە سیاسەتی هەرێمایەتی ناوچەکەدا. هەروەها لە ناوخۆی ئێراندا : سووننە لە ئێران، کورد لە ئێران، تورکمان لە ئێران، بەلووچ لە ئێران..ئەمە جگە لەوەی لەناوخودی شیعەی ئێراندا بەشێکی زۆر لە نوخبەو خەڵک و نمایندەکاران توڕەن لە سیستەمەکە. بە گشتی هەتا پێش چەند ساڵێک چ لەناو سیستەمەکەدا چ لەدەرەوەو ناو خەڵکی ئێراندا کەس زاتی ئەوەی نە ئەکرد ڕەخنەو تانە لە سیستەم و پیاوانی ڕژێمی ئێران بدات. ئێستا لەهەموو ئاستێکدا خەڵکەکەو نوخبەکە دەمیان لە ڕژێم سپی بۆتەوەو ترسیان شکاوەو، ئازایەتی ئەوەیان بەخۆیان داوە قسەی ئەوتۆ بکەن کە پێشوتر لە خەونیشدا نەیان وێراوە. سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران “ئەحمەدی نەژاد” ئەڵێت “ سەرۆکی دەزگای بەگژاچوونەوەی سیخوڕی ئیسرائیل لەئێران خۆی سیخوڕی ئیسرائیلە”!.

شەشەم/ ئەگەرچی هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە عێراق ناکرێت، چونکە ناکرێت ئێران لە یەککاتدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوە ببات!. بەڵام پێدەچێت ئەم قسەیە تا ڕێژەیەکی کەم وا بێت.  خۆی ڕەهەندە نێگەتیڤەکەی ڕۆڵی ئێران لەناوچەکەدا ئەوەیە ڕۆڵی “کاراکتەری دەوڵەتی” ناهێڵێت یان تەواو لاوازی کردوەە. لەناو هەموو دەوڵەتێکدا دەوڵەتێکی تری نیمچە نا-فەرمی دروستکردووە: لە عێراق، لە سوریا، لە لوبنان و یەمەن.. تا ئەگاتە ئەفگانستان و فەلەستین ئێران لەگەڵ گروپی جۆراوجۆردا مامەڵە ئەکا نەک خودی دەوڵەت!.

حەوتەم/ گۆڕانکاری لەئێران کاریگەری لەسەر کوردی ئەبێت. بەڵام ئایا کورد چۆن سود لە گۆڕانکارییەکان وەرئەگرێت؟. سەیربکە، ئەو کاتەی “ شا” لە ئێران ڕووخا بەهۆی شەپۆلی توندی ناڕەزایەتی خەلکەوە لە(١٩٧٨) ئیتر تەواوی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕرا، کەچی کورد ئەوکاتە خەریکی باڵەکانی ناو کۆمەڵەو هەندێ تێزی سواو و پیرۆزکردنی ماوتستۆنگ ێک بوە لەوپەڕی دونیا، کورد خەریکی کارەساتی هەکاری و …ئەو شتانەبوە!. ئێستاش هەر لەهەمسن قۆناخدان کوردەکان!.

لە کۆتاییدا، بە بڕوای من، ئەم هەڵبژاردنە، وە ئەم سەرۆک کۆمارەی کە بڕیارە لە دوای ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ەوە بێت، لە دوو شت دا جیاواز ئەبێت، یەکەمیان ئەوەیە ڕابەری کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەخۆشی و بەهۆی تەمەنەوە ڕۆڵی بەرەو کۆتایی ئەچێت، ڕەنگە سەردەمی ئەم سەرۆک کۆمارە مردنی “ڕابەر” بەخۆیەوە ببینێت، بە پێی دەستوریش سەرۆک کۆمار یەکێک ئەبێت لەو سێ لایەنەی ناو سیستەمەکە کە دەستەڵاتەکانی ڕابەر لە ئێراندا وەر ئەگرێت. جگە لەوەش سەردەمی ئەم سەرۆک کۆمارە لە ئێراندا بەئەگەری زۆر  سەردەمی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و و جەماوەری و سیاسی و ناڕەزایەتی کەمینەکان ئەبێت لە ئاستی جۆراوجۆری جیاوازدا.