• English
  • العربية

پرۆسە نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان: ئاستەنگەکان، لێکەوتەکان، ڕاسپاردەکان

نەوت و غازی سروشتی

6/25/2021 12:12:00 AM

 

پوختەی جێبەجێکار

پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەن لەگەڵ دۆخی ئابوریی و دارایی دا، تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەم هێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن!. لە ناوەڕاستی (٢٠٢١) داین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٧٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئایا چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم بڕە بگەیەنێتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؟.


یەکەم/  گرفتەکانی بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان

جگە لەوەی پابەندی ئۆپیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن. شەش کێشەی سەرەکی لە بەردەم پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستاندان، هەر ئەو فاکتەرانەش مەترسیین لەبەردەم یەدەگ و سەرچاوەی سروشتی دا:

یەک: دیرۆکی گەنەڵ ئینێرجی تورکی و کێڵگەی تەق- تەق

کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. لە ساڵی (٢٠١٥) ەدا بە نزیکەیی (١٥٠٠٠) پانزە هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. بەڵام بە تێکڕا لە ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاستەکەی دابەزیوە بۆ (٩٦٧٠) نۆ هەزارو شەش سەت و حەفتا بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە بە هەڵواسراوی مانەوەی هەندێ ئەکتیڤیتی وەک هەڵکەندن -Drilling  لەو ماوەیەدا. لە چارەکی چوارەمی (٢٠٢٠) دا تێکڕای بەرهەم هێنانی ڕۆژانە کەمی کردووە تا ئەوەی گەیشتوەتە (٧٦١٠) حەوت هەزارو شەش سەت و دە بەرمیل!؟.

 لەگەڵ هاتنی (٢٠٢١) دا لەچوارچێوەی پرۆگرامی دەستوەردان لە (بیر)ەکاندا کە بەرهەمهێنانی زیادکردوە لە بیرەکانی (TT-20z) و (TT-34y) دا. بەڵام لە کۆی گشتی دا ئاستی بەرهەمهێان لە کێلگەکە زیاتر دابەزیوە بۆ (٧٠٠٠) حەوت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا{١}.

لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، لە درەنگانێکی شەودا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گەنەڵ ئینێرجی کە پێشوتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پیتریۆلیۆم -BP  بوە “تۆنی هایوارد  -Tony Hayward  " زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ ئەدات!. بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایەو هەواڵێکی ناخۆشی پێیە!: "بەهای کێڵگە نەوتییەکە زۆر لەوە کەمتر دەرچووە کە ئێمە بیرمان لێ کردبوەوە…". لە کاتێکدا کۆمپانیاکەیان نزیکەی (٩) ساڵە کار ئەکات لە هەرێمی کوردستان!. کاتژمێرێک دواتر بەرەو نیوە شەوە!. کۆمپانیا بەیاننامەیەک بەرەو بۆرسەی لەندەن (London Stock Exchange ) بڵاوئەکاتەوە. تیایدا جاڕی ئەوە ئەدات کە کێڵگەی تەق-تەق لە کوردستانی عێراق نیواو نیو یەدەگەکەی کەمی کردووە. ئینجا ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتیش هاڕەی کردوە بەهۆی شەڕو قەیرانی داعشەوە. لە (٩٨$) ی ساڵی (٢٠١٣) نەوت نرخەکەی گەیشتوە بە (٤٣$) لە (٢٠١٦) دا.
پێدانی ئەم هەواڵە ناخۆشە لە نیوەشەودا بە سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی وایکرد (١) یەک ملیار دۆلار لە پشکەکانی لەدەست بدا، کە ئەکاتە ١/٣ یەک لەسەر سێی بەهای کۆمپانیاکە. دوای ئەمە گەنەڵ پیاچوونەوەیەکی گشتی سەربەخۆی لەسەر کێڵگە نەوتییەکەی تەق- تەق ئەنجام دا، دەرکەوت لەگەڵ کەمبونەوەی ئاستی یەدەگەکەیدا هەندێ بیر لە کێڵگەکەدا ئاو و نەوت تێکەڵ ئەکات {٢}.

 لەمەش سەیرتر " هایوارد” سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی (Ganel Energy) یە، کە بزنسمانێکی بەریتانیی تەمەن (٦٤) ساڵەیە، دکتۆرای لە جیۆ-ساینس لە زانکۆی ئیدنبۆرگ خوێندوەو، لەساڵی (١٩٨٢) ەوە لەگەڵ بی پی-  BPکارئەکا، لە کۆڵۆمبیا گەران و پشکنینی ئەنجامداوە. لە (٢٠١١) سەرۆکایەتی بی پی لە بەریتانیا بە جێدەهێڵێت و، ئەبێتە کەسی بەڕێوەبەری یەکەمی گەنەڵ ئینێرجی و لە کێڵگەی تەق -تەق دا تەقە لەژیان و کۆمپانیاکەی هەڵئەسێت!.

دوو: کەموکورتی و گرفتە جیۆلۆجییەکان

 لەسەرەتاوە کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان  وەها بۆی ئەچوون کە گەڕان و پشکنین- Exploration زۆری پێ ناچێ و تێ ناچێت، جگە لەوەش داتای گەورەو هەڵەیان لەبواری یەدەگ دا پێوترابو، کەهاتن لە هەندێ کێڵگە بەو جۆرە نەبو، وەک لە کێڵگەکانی کێوەچرمەڵەو بەردەڕەش و تازەو …تادوایی دا کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، دواتر وازیان لە کارەکە هێنا. جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە کێڵگەکان، بەتایبەت  کێڵگە سەرەکییەکان ئەکەونە ناوچە شاخاوییەکانەوە زیاتر لە (٢٠٠٠) مەتری پێویستە تا بگاتە دەرهێنان، یان هەندێ جار خەزاناتەکان تووشی تێکپژان و خراپبون بونەتەوە وای کردوە نا - ئارامییەک دروست بێت لە کێڵگەکەدا و کۆمپانیاکە یەدەگ و خەزانەکەشی لەدەستداوە، وەکو لە ئاکری بیجل و بەردەڕەش و هەندێ شوێنی تر{٣}. بەدڵنیاییەوە دیاردەو کێشەی جیۆلۆجی دیکەش هەن (لەمە زیاتر لە بواری تایبەتمەندی ئێمەدا نییه).

سێ: مەترسییە ئەمنیەکان

ئەمە زۆر ترسناکە. جاری واهەبوە دەوڵەتێک مینایەکی لەدەستداوە بە هۆکاری شەڕو تیکچونی ئاسایش، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی تەواوی یەدەگەکەی لەدەست بجێت. بەتایبەتی لەدوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە بەردەوام ویستێک هەبوەو هەیە: لە لایەن ئێران و تورکیاو عێراقەوە کورد لە پرسی ووزە دووربخرێتەوە (لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان).

 لەدوای ڕیفراندۆم / یان (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەرێمی کوردستان (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستدا. دوای ئەم لەدەست دانەش، هێشتا بەشێکی گرنگی ئەو کێڵگانەی هەرێم گرێبەستی لەسەر کردوون و، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی تیائەکەن بۆ هەرێمی کوردستان ئەکەونە ناو جوگرافیای ناوچە دابڕاوەکانەوە. بۆ نمونە کێڵگەی خورمەڵە یەکێکە لە (٥) کێڵگە سەرەکییەکەی نەوت لە هەرێم بەڵام لای بەریتانیاو تورکیاو لە نەخشەشدا ئەکەوێتە ناو سنوری جوگرافیای کیڵگەی کەرکوکەوە. هەروەها سەرەکیترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز کە جیهان چاوی تێ بڕیوە “کۆرمۆر-  Kor Mor ە لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی کۆن، تەنها (٢٠ ) خولەک لە دووز خورماتووەوە دوورە!. ئێستا ناحیەکە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەڵام پێشوتر ڕژێمی بەعسی تیابو، حکومەتی بەعس خستبویە سەر قەزای دووزو و دووزیشی خستبوە سەر پارێزگای سەڵاحەدین. بە هەمان شێوە کێڵگەی پەڵکانە یان گەرمیان لە هەر ئاڵۆگۆڕ و جموجوڵێکی ئێران یان میلیشیاکاندا بە ئاسانی ئەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون. پەڵکانە سەر بەخانەقین و دیالەیە. بەڵام هەرێم مامەڵەی بەو ناوچانەوە کردوە (هەڵبەت هەموو ئەو ناوچانە بێ هیچ ئەملاولایەک سەر بە خاکی کوردستانن).

  بەم شێوەیە هەر گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی یان عێراق دا، یاخود هەر هەنگاوێک بێ بیرکردنەوەی وورد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەکەی لەسەر ئاسایشی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان ئەبێت و، یەدەگێکی زۆر لەدەست ئەچێت.

چوار: کێشە لە جۆرێتی خام و هەروەها نا-چونیەکی نەوتەکە دا هەیە

لە زۆر شوێندا نەوت و غازو کۆندینسەیت هەیە، یان نەوتی قورسە…و…ئیتر بەو شێوەیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست ئەکات.

پێنجەم:نرخی نەوت متمانەی لەسەر ناکرێت

 لەبازاڕی ئابورییدا هەمیشە هەڵگەرانەوە لە نرخ دا ئەگەرێکی کراوەیە. لە پڕ لە دوای گرێبەستێک نرخی نەوت دا ئەبەزێت یان بە پێچەوانەوە… تادوایی. ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمەوە هەیە.

شەشەم: دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و یەدەگ بەهۆی کۆمپانیاکان و پێشبینی هەڵەوە

 لە دوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی دابەزینی نرخ و پێشبینی هەڵەو شەڕی داعش …و … تادواییەوە، چەندین کۆمپانیا یان کێڵگەکان و کوردستانیان بەجێهيشت، وە یان دابەزینی ئاست و توانای کێڵگەکان و داخورمانی بیرەکانیان راگەیاندووە، یاخود بەهۆی بێ ئەزمونی کۆمپانیاکانەوە.

ئەمانە نمونەیەکن لەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١ بۆ ٢٠٢١) دەستیان لەکارکردن لە کێڵگەکان هەڵگرتووە بە هۆکاری جۆراوجۆر:

١/   ئەفرین پی ئێڵ سی (Afren PLC) کێڵگەی بەردەڕەشی جێهێشت. ئەم کۆمپانیایە ساڵی (٢٠٠٤) لە لەندەن دامەزراوە (دامەزرێنراوە!) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بواری بەرهەمهێنانی نەوت. دواتر بوەتە ئەندام لە بۆرسەی لەندەن. لەساڵی (٢٠١٥) لە لیستی بۆرسەکە کراوەتە دەرەوە {٤}!.
٢/ کۆمپانیای مۆڵ Mol PLC ، دەستی لە کێڵگەو بیرەکانی  Akri -Bijeel  و باکرمان هەڵگرتوە لە سەرەتای جانیوەری (٢٠١٦) دا. مۆڵ گروپ کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی هەنگارییە لە بواری نەوت و گازدا، ئۆفیسی سەرەکییان لە بودابێستە{٥}.

٣/ کۆمپانیای ئۆیەل سێرچ (Oil Search Ltd) کێڵگەی تازەی بەجێهێشتوە {٦}. ئەمە کۆمپانیایەکی بواری نەوتە لە ووڵاتی “بابوا گینیای تازە- Papua New Guinea” ئەکەوێتە باشوری زەریای هێمن هاتوە بۆ کوردستان!.

٤ کۆمپانیای شاماران لەساڵی (٢٠١٢) خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێنا لە بلۆکی پوڵکانەو عەربەت، لەبری ئەوە بە پێی گرێبەستەکە (PSC) بڕی (٢٥) ملیۆن دۆلاری داوە بە حکومەتی هەرێم{٧}. ئەم کۆمپانیایە “ShaMaran Petroleum Corp” کەنەدییەو بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە کوردستان وەبەرهێنانی نەوت ئەکات!. ئێستا لە کێڵگەی ئەتروش (یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان) ئۆپەرەیشن ئەکات.
٥/  دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی کێڵگەی غازیی سومەیڵ تەنها لەدوای (٩٠) ڕۆژ لە کارکردن لە (٢٠١٤) بە جێ ئەهێڵن و لە (٢٠١٦) بۆی ئەگەڕێنەوە{٨}.
٦/  گازپرۆمی رووسی لە سێپتەمبەری (٢٠١٧) دەستیان لە بلۆکی هەڵەبجە هەڵگرت بەڕيوەبەری گشتی گازپرۆم ڕایگەیاند “لەمە زیاتر کارکردن و پەرەپێدان لە بلۆکی هەڵەبجەدا ناکرێت”.{٩}.
٧/  ئەکسۆن مۆبێل کێڵگەکانی قەرەهەنجیر و بێتواتەو ڕۆژهەڵاتی عەربەتی بەجێهێشت لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا {١٠}.

٨/  ئۆرێکس پیترۆلیۆم –Oryx Petroleum کۆمپانیایەکی نەوتی کەنەدییە لە (٢٠١٠) دامەزراوە!. سەیری بکەیت، لە (٢٠١٦) دا (٢٠٢) ملیۆن بەرمیل یەدەگی خەمڵاندوە کەچی لە (٢٠١٧) ەدا بوە بە (١٢٢) ملیۆن بەرمیل!. بۆیە کارەکانی لە کێڵگەی دەمیرداخ و زێی گەورە دا ڕاگرتووە {١١}.
٩/   گۆڵف کیستۆن  - Gulf Keystone petroleum لە شێخ عادی و بەر بەحر کارەکانی راگرتوەو دواتر ئەبدەیتی کردۆتەوە.

١٠/  گاز پڵەس –كەڵەکەن –Gas Plus Khalakan لە ساڵی (٢٠١٤) نەوتی لە کێڵگەی شیوەشان دۆزییەوە، لە (٢٠١٦) دەستی بە بەرهەمهێنان کرد.  سەرەتا (١٠٠٠٠) دە هەزار بەرمیلیان بەرهەم ئەهێنا، لە پلانیاندا بو بیکەن بە (٣٠٠٠٠) سی هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە (٢٠١٨) ئاستی کێڵگەکە دابەزی بۆ (٤٠٠٠) چوار هەزار بەرمیل و، دواتر بو بە (٨٠٠) بەرمیل و پاشان بۆیان دەرکەوت ئەمە بۆ کاری بازرگانی ناشێت واتە non-commercial field ە، بۆیە وازیان لێهێنا {١٢}.

"زۆر کۆمپانیاو کێلگەی دیکە هەن، کارەکانیان ڕاگرتوە، یان بەتەواوی کوردستانیان بەجێهێشتووە… وە یاخود…تادوایی ".

شەش: ئاڕاستەی بەرهەم و هەناردەکردن جیاوازە

ئەمەش یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نمونە، جاری واهەیە لەسەری مندا ئەوە هەیە نەوتەکەمان بەرینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست بە بۆڕی و ببینە بەشێک لە هاوپەیمانیتی قوبرس و یۆنان و فەرەنساو میسرو ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەمریکا "کە ئەمانە هەمویان لەسەر ئەم حەوزەیە کۆبونەتەوە". بەڵآم لە مێشکی پەرلەمانتارێکدا ڕەنگە وابێت کە ئەوەی هەیە بیدەین بە سۆمۆ بیفرۆشێت.

 لەملاوە، سەیرئەکەیت ئێران خۆی دووەم یەدەگی غازی سروشتیە لەدونیادا، کەچی ئێمە بەتەنکەر بڕێک لە غازی کۆرۆمۆر ئەبەین بۆ ئێران، لەولاوە لە ئەندێشەی ئەرکدارکراوانی سیاسەتی نەوتی کوردستاندا ئەوە هەیە ئێمە هێڵەکەمان داوە بە ڕووسیا لە گواستنەوەوە تا ئەگاتە بە بازاڕیکردن!، لە لایەکی ترەوە هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهان سکاڵای دادگای پاریسی بەسەر هێناوین… ئیتر بەم شێوەیە هەرێم نازانێت لە کوێوە نەوت بفرۆشێت. ناچار بایی ئەوە هەبێت بیفرۆشێت بە کڕیارەکانی وەک ئیسپانیاو ئیتاڵیاو کۆریاو هیندستان و ( ئیسرائیلیش ئەمان ئەیدەن بە دوو کۆمپانیا کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل).


دووەم/ سەرنجێک بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان

ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەیت، کنە بکەیت و بەدوای ناو و کارو جموجوڵ و ئەزمون و ساڵی دامەزراندنیاندا بگەڕێیت (ئێمە ناوی هیچ کۆمپانیایەک ناهێنین، بەڵام بەشێکی زۆریان وان) کە بێ ئەزمونن، یان بازرگانی کورد لە بەریتانیاو کەنەدا و ووڵاتانی دیکە دای مەزراندون بۆ ئەوەی فریای بۆندە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. بەشێکیان ڕێک تەمەنیان هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (٢٠٠٦) یان ساڵێک پێشووتر یان دواتر دامەزراون. بەشێکی تریان کورد و کەسانی دەستەڵاتدار هێناونی و گرێبەستی بەرهەمهێنانی بۆ کردوون، لەبەرانبەردا کەسەکە کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکەی بەیەک گەیاندووە دەیان ملیۆن دۆلاری وەک بۆنیس و کەمیژن بۆ خۆی وەرگرتووەو، چەندین کەسی نزیکی خۆی لە کۆمپاکەدا بە مووچەی بەرز دامەزراندووە.


جگەلەهەمووئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەبواری نەوت یان بوارەکانی تردا، لە ووڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تەنها (٢٠٠$) دووسەت دۆلاری تێ ئەچێت، هەرکەسێک ئەچێت و بە ئاسانی تۆماری ئەکات لەو ووڵاتانەو، وێب سایتێک بە کۆمەڵێک بابەتی قەرەباڵەخ و دروشم و وێنەی سەرنجڕاکێشەوە دائەنات. ئینجا دێتەوە لە عێراق چەندین تەندەرو گرێبەست وەرئەگرێت و هاوبەش بۆ خۆی پەیدائەکات. لەبەرانبەردا بۆ دامەزرزاندن و تۆمارکردنی یەک کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی نەوتی لە عێراقدا پێویستی بە بڕی (٣) سێ ملیار دینار هەیە!. ئیتر ئەمە هۆیەکی ئاشکراو دیارە کە بۆچی کەرتی نەوتی نیشتیمانی پێش ناکەوێت!..


سەرباری ئەمانەش، کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین گرفتی دیکەیان هەیە لە ووڵاتانی خانەخوێ دا، لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت، بۆنمونە لە ڕووی فەلسەفییەوە جیاوازیی چینایەتی دروست ئەکەن. لەڕووی تێچووەوە تێچوویان زۆرە، پارەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) نادەن بە پێی گرێبەستە نەوتییەکە. کۆمپانیا هەیە دوو ساڵە پارەی پیترۆدۆلاری نەداوە بۆ خزمەتی ئەو لادێ و ناحیەو قەزایانەی تێیدا کارئەکات. بەڵێندەر (کۆنتراکتۆر) ەکان لەناو کۆمپانیاکەو دەرەوەی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیای دیکەیان دامەزراندوەو خۆیان فەرز ئەکەن لەو ناوچانەی کێڵگەکانی لێیە، بە بیانوی عەشایەری یان ئەمانە خەڵکی سنورەکەن و ئەبێت (١٠٠) کەسیان بۆ دابمەزرێت. ئەم (١٠٠) کەسەش هەمووی نەخوێنەوار یان پسپۆڕی بوارەکە نییەو…ئینجا دوای ماوەیەک کە دەوڵەمەند ئەبن هەرخۆیان لە پشتەوە دەست ئەکەن بە داوەتکردنی خزم و کەس و بۆڵ بۆڵ ئەکەن کە خزمەتی ناوچەکە نەکراوەو.. ڕێ لە تەنکەرەکان ئەگرن و دەستەواژەی سەیر بەکاردێنن و… هەرخۆیان ئەچن کێشەکە چارەسەر ئەکەن بەرانبەر ئەوەی لە پشتەوە بەڵێنی چەند ئیمتیازێکیان ئەدرێتێ و …و…تادوایی.


سێهەم: گازی سروشتی: بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، بەفیڕۆدان

لەم (ناوەڕاستی ٢٠٢١) ەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٥٠٠) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لە وەزری گەرما و سەرمادا زیاد دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لەم گەرمایەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی (٤٦٠٠) مێگاوات زیادیکردووە". ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە پیشەسازیی و کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی نییە.
هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە بەدەر نییە لەوەی لە عێراق ئەگوزەرێت، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلي) و بە فیڕۆدان دا. هەموو سەری کاتژمێرێک لە عێراقدا بە بەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز دەسووتێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە (٦.٩) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار. ئەمە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە (١٢٦.٧) تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە ئەکرێت و ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن م٣ گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات.
 
بانکی جیهانیی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لە رووسیا، عێراق، ئەمریکا و ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە ٤٥٪ی کۆی گازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە (١٥٠) ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.


 
پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانی دیکە گاز دەسوتێنن چونکە ووڵاتی پیشەسازیی گەورەو بەرهەمهێنانی گەورەی هەمەجۆریان هەیە، عێراق ئەم گازە ئەسوتێنێت؟!. ڕاپۆرتەکە ووردەکاریی زیاتری داوە و
لە ساڵی (٢٠١٦) دا عێراق زیاتر لە (١٧.٥) ملیار مەتر سێجا و لە ساڵی (٢٠١٩) دا (١٨) ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندووە {١٣}.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە (١٨.٥ تاوەکو ١٩ ) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا (٢٨) هەزار مێگاواتە، هاوکات (٨٥٪) ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن.

دواجار، ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام  عێراقی چاو لە دەست و ڕێی ئێران کردووە، ئێرانیش هەمیشە عێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیوە، یەکێک لە رێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گاز و کارەبایە بۆ عێراق. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "كارەبای عێراق بە گازی سرووشتی ئێران كاردەكات"، ئەوەش بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كەرتی وزەی ئێران ناودەبات {١٤}.

ئەبێت چی بکرێت؟

ڕاسپاردەکان
پێش هەموو شت ئەبێت پلاتفۆرمێکی هەمەلایەنە سازبدەین سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرئەنجامی ئەوەوە دەرئەکەوێت کە پێویستە بە تەواوی پرۆسەکەدا بچینەوە:
ئەلف/ گرێبەستە نەوتییەکان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم شێوازی بەشداری و بەرهەمهێنانە (PSC)، بەپێی گرێبەستەکە پارە لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەش ئەکرێت. ئەوەش لەبەرئەنجامی بێرو- بڕۆیەکی زۆری بیرکارییانە بە پێی فاکتەری ئاڕ (R- Factor). کەلێن و کەموکورتی زۆر تیادا دەرئەکەوێت، لەوانە تێچووی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە، دەستکەوتی حکومەت و موڵکانەی تیادا ڕەچاو بکرێت. کوالێتی کۆمپانیاکان و ئەزمونی کارکردنیان بە جۆرێک بێت کە کۆمپانیاکان بەشێوەی زانستی –ستاندار نەوت دەربهێنن، نەک کێڵگەکان وێران بکەن و ژینگەی ناوچەکان بشێوێنن بە شێوەی ئاسۆیی نەوت دەربهێنن کە ترسناکە.

با/ شێوازی دەرهێنانی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانەوە.

جیم/ پاڵاوتن و پاڵێوگەکان. بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی (٢٠١٧) ی تسیبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە، لە هەرێمی کوردستان (٣) پاڵێوگەی فەرمی و یاسایی : زاخۆ و خەبات و بازیان هەیە. کەچی سەدان پاڵێوگەی دیکەی نا-یاسایی کراونەتەوە!.
د/ هەناردەکردن ( لە هەناردەکردنەوە ئیتر ئەبێت بیر لە ئاسایشی هەرێمایەتی و هاوپەیمانێتی سیاسیی بکرێتەوە)

و/ ئینجا بازاریکردن و بازار دۆزینەوە بۆ کاڵاکە

ن/ ئینجا لۆبی کردن بۆ سیاسەتی ووزەو دۆزی نەتەوەیی کوردستان

 

                                  بۆ داگرتنی ئەم پەیپەرە و خوێندنەوەی بە شێوەی پی دی ئێفPdf کلیک لیک لێرە بکە    

--------------------------------------------------------------------------------------

 بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە هەرێمایەتییەکان، دامەزرێنەرو سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.

 

               سەرچاوەی پێویست کە لەم پەیپەرەدا بەکارهێنراون


{1}. Genel Energy (2021) https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/

{2}. Reuters (2016) How Hayward’s Genel lost its Kurdish oil reserves
https://www.google.com/amp/s/mobile.reuters.com/article/amp/idUSL5N18N3S4

 {3} Robin Mills, ‘A rocky road and Kurdish oil and independence’ (Iraq Energy Institute, 19 February 2018)

{4}. Reuters (2014) Afren expects operations at Barda Rash oilfield to resume by end-October.

{5}. Mol Group (2016). Relinquishment of the AKRI-BIJEEL block in the Kurdistan Region of Iraq https://molgroup.info/en/investor-relations/investor-news/relinquishment-of-the-akri-bijeel-block-in-the-kurdistan-region-of-iraq
{6}. Oil and gas Journal (2017). Oil Search exits Middle East, will focus on Papua New Guinea.
https://www.ogj.com/general-interest/article/17288597/oil-search-exits-middle-east-will-focus-on-papua-new-guinea
{7}. ShaMaran Petroleum (2012), ShaMaran Petroleum Finalises Agreement With KRG to Relinquish Pulkhana and Arbat Blocks in Kurdistan.
https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-petroleum-finalises-agreement-with-krg-to-122588/

{8}.Trading and operation Update' (Genel Energy plc, 20 January 2016) http://www.genelenergy.com/media/1888/genel-trading[1]and-operations-update-200116-final.pdf

{9}. EnergyTerminal (2017) Gazprom Neft quits Halabja oilfield in northern Iraq. https://www.aa.com.tr/en/energyterminal/energy-diplomacy/gazprom-neft-quits-halabja-oilfield-in-northern-iraq/582

{10}. Bousso and Dmitry Zhdannikov, 'Chevron drills oil well in Iraqi Kurdish area after the two-year gap: sources' (Reuters, 20 September 2017) https://www.reuters.com/article/us-chevron-exploration/chevron-drills-oil-well-in-iraqi-kurdish-area-after-two[1]year-gap-sources-idUSKCN1BV1UG

{11}. Ron Bousso (2016), 'Shrinking oil reserves crimp Iraqi Kurdistan's allure' . Reuters.

{12}. Mediterranean Institute for Regional Studies (2019), Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Surveying Actual data and investigating the declared Numbers. Prepared by Bahrooz Jaafar and Hemn wali. Working paper. P: 25.

{13}. The World Bank (2021) Seven Countries Account for Two-Thirds of Global Gas Flaring

https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2021/04/28/seven-countries-account-for-two-thirds-of-global-gas-flaring

{١٤}. ڕووداو (٢٠٢١)ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئەو گازەی رۆژانە لە عێراق بەفیڕۆدەچێت بەشی كارەبای سێ ملیۆن ماڵ دەکات. https://www.rudaw.net/sorani/business/131020207