• English
  • العربية

لوتکەی ووزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بە بێ تورکیا

نۆیه‌مین لوتكه‌ى ڕۆژهه‌لاتى ده‌ریاى سپى: سه‌رۆك كۆمارى میسر "عه‌بدولفه‌تاح سیسى"، سه‌رۆكوه‌زرانى یۆنان "كیریاكوس میتسوتاكیس" سه‌رۆكوه‌زیرانى قوبرص "نیكوس ئاناستاسیادس". 18 ى ئۆكتۆبه‌رى 2021.
حەوزەی دەریای ناوەڕاست

10/21/2021 8:37:00 PM

بەهرۆز جەعفەر*
ڕۆژی (١٨ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) نۆیەمین لوتکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان میسرو قوبرس و یۆنان دا سەبارەت بە پرسی ووزەو ئاسایش (وەک هەموو جارەکانی پێشوتر) بە بێ تورکیا بەڕێوەچو.  ئەم لوتکەیە هەمیشە ئیسرائیلیشی تیادا بەشدارە. هەرچی قوبرس و یۆنان و میسرو ئیسرائیلە پەیوەندییەکی زۆر توندتۆڵیان هەیە، بە پلەی ئیمتیاز گازی سروشتی کۆی کردونەتەوە. ئەوە دە ساڵە گفتوگۆیان هەیە، حەوت ساڵیشە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی وڵاتەکانیان لە لوتکەی سیانی و چواری دا دەست ئەخەنە سەر دەستی یەکدی.  ئەنکاراش، هەموو ساڵێک دوای تەواوبونی کۆنفڕانسی سێ سەرۆکەکە هەر ئەڵێت “ بە بێ تورکیا سەرکەوتو نابێت”. 
لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆری کۆمپانیای نۆبڵ ئینێرجی-Noble Energy ی ئەمریکی و کۆمپانیای ئینی-ENI ئیتاڵی و کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان لە ژێر ئاوەوە بروسکەیەک هات، گڕێک چوو بە ئاسماندا..  بۆ یەکەمین جار جاڕی دۆزینەوەی گازی سروشتی لە ژێر ئاودا و لە کەناراوەکانی ئیسرائیل- قوبرس- لوبنان- میسر درا.
ساڵی (٢٠١٠) هاوکات بو لەگەڵ یەکەمین تێکچونی  پچڕانی پەیوەندی سیاسیی و دیبلۆماسیی و سەربازیی  لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا بە هۆی سووربونی تورکیا لە هاوکاری حەماس و دەستبەسەراگرتنی کەشتی “ مافی مەرمەڕە-Mavi Mar Mara Flotilla” و کوشتنی زیاتر لە دە کەسی تورک لەناو کەشتییەکەدا لەلایەن کۆماندۆی ئیسرائیلییەوە.

سەرەتای ساڵی (٢٠١١) بەهاری عەرەبی ڕوویدا.. ئیتر یەک-یەک هەموو ئەو ووڵاتانەی لە ئەوروپاو ئەفریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سنوریان ئەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەراست (مێدیتریانە) پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا تێک و پێک چوو، لیبیا بو بە گێژاو بۆ تورکیا، میسر بەهۆی کودەتاکردن بەسەر ئیخوان و موحەمەد مورسی دا و هاتنی عەبدولفەتاح سیسی بۆ سەر دەستەڵات بو بە ڕکابەری تورکیاو لەهەر شوێنیکدا دژی پرۆژەکانی تورکیا ئەوەستنەوە لەناوچەکەدا. 
سوریا و لوبنان لە نزیکترین دۆستی تورکیاوە بون بە گەورەترین گرفت بۆ تورکیا. کێشەی قوبرس وەک ڕەگی گرفتە قووڵەکەی تورکیا هەروا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. 
قوبرس و یۆنان وەک دوو دەوڵەتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە هەموو شوێنێکدا دژی هەموو جوڵەیەکی تورکیا ئەوەستنەوە. فەڕەنساو ئیتاڵیاش وەک دوو وڵاتی ئەوروپی سەر دەریای ناوەڕاست لە مانۆڕەکانیان دژی جموجوڵە دەریاییەکانی تورکیا دەستەوەستان نەبون و پەیوەندییەکانیان لەم دە ساڵەدا لەوپەری خراپی دا بوە. 
جگە لە حەوزەی دەریای سپی ناوەڕاست، ڕووسیاش لە  هەندێ لوتکەو کۆنفڕانسە گەورەکانی تایبەت بە ووزە تورکیا بانگهێشت ناکات. 
  ئەنکارا، دە ساڵی ڕێکە هەموو ڕێگەیەکی بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی گازی سروشیی لە کەناراوەکانی قوبرسی تورکی گرتەبەر، هیچی نەدۆزییەوە. ئەو یەدەگەی دۆزراوەتەوە لە قوبرسە ئەوروپیەکەیە (تورکەکان پێی ئەڵێن قوبرسی ڕۆمی) لە کێڵگەکانی ئەفرۆدیت-Aphrodite (بلۆکی ژمارە ١٢ کە یەدەگی سروشتی تیایدا لە نێوان ٣.٦ بۆ ٦ تریلیۆن پێ سێجایە) و کالیپسۆ-Calypso (بلۆکی ژمارە ١٥ یەدەگی سروشتی تیایدا بە ٨ تریلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە) و (١٣) بلۆکی گازیی لاوەکی تردا کە ئەکەونە سنوری ئاویی دەوڵەتی قوبرسە یۆنانیەکەوە. 
هەر لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە، قوبرسی یۆنانی داوای لە هەرێمی قوبرسە تورکییەکە کرد کە ئامادەیەو هاوبەشییان لەگەڵ ئەکات و یەکبگرن و هاوکار بن، بەڵام تورکیا ڕێگەی نەدا ئەمە دروست بێت!. لە دواتردا کە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) هێڵی بۆڕی گازی سروشتی  بەناوی پرۆژەی ئێست مێد-East -Med بۆ گواستنەوەی گازی ئیسرائیل و قوبرس بە درێژایی (١٩٠٠) کیلۆمەتر بە ژێر ئاودا بەڕێکەوت بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی دوورگەی کریت-Crite ی یۆنانەوە، ئینجا “موستەفا ئاکینجی” سەرۆکی قوبرسە تورکییەکە ڕایگەیاند، کە پەشیمانن داواکەی قوبرسی یۆنانیان بۆ هاوبەشی لە پرۆژەی گازی سروشتی دا ڕەت کردۆتەوە.

      نەخشەی کۆبونەوەی وڵاتانی خاوەن گازی سروشتی لە دەریای سپی ناوەڕاست: قوبرس- ئیسرائیل- یۆنان- میسر 

بۆ تورکیا؛ ئەم هەموو گێژەنگە بە هۆی گازی سروشتیەوە بەردەوامە، ووڵاتانی بەشدار لە دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی لە سنورە ئاوییەکانی خۆیاندا ڕێگەیان بە تورکیا نەداوە بەشدارییان لەگەڵ بکات، ناو بەناویش بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیاوە لە ناوچە ئاوییەکانی قوبرس- یۆنان یەکێتی ئەوروپا سزای قورسی سەپاندوە بەسەر تورکیادا. ئەنجامەکەی ئەوەیە لیرەی تورکی لەماوەی ئەم (١٠) دە ساڵەدا (٦٥٠٪) بەهاکەی خۆی لە دەستداوە، لە هەموو مێژوودا بەهای لیرە ئاوها نەهاتۆتە خوارەوە (960 لیرەی تورکی =100دۆلاری ئەمریکی). سەرۆک کۆماری تورکیا “ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” لەماوەی (١) ساڵدا (٣) جار سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای گۆڕیوە!. بۆ ئەو..! لەڕاستیدا پێویستە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت نەک سەرۆکی بانکی ناوەندی. چونکە گرفتەکە لەوێوە نایات کە ڕێژەی (سوو-فائده) ی بانکی زیادبوە، گرفتەکە لە کەمبونەوەی یەدەگی بیانییەوە دێت لە بانکی ناوەندی تورکیاوە، چونکە سەرمایەدارە بیانییەکان هەم سەرمایەکانیان هەم پارەکانیان کە بە دۆلار و یۆرۆیە ئەکشێننەوە لە بانکە تورکییەکان.

جێی پرسیارە...! تورکیا وڵاتێکی پیشەسازیی گرنگە، نزیکەی (٧٥٪) ووزەی پێویست لە نەوت و گازی سروشتی لە دەرەوەی خۆی هاوردە ئەکات. ساڵانە تەنها بۆ کڕینی گازی سروشتی لە نێوان (٤٣ بۆ ٥٦) ملیار دۆلار سەرف ئەکات، ئەمەش هەندێ جار ئەکاتە (١٩٪) بودجەی گشتی ساڵانەی وڵاتەکە، ناکرێت وڵاتەکە ووزە لە نەیجیریاو ڕوسیاوە هاوردە ئەکات، بە ڵام لە باشورو باکوری ڕۆژئاوای تورکیاوە لە بن دەستیدا شۆڕشێک لە بواری ووزەدا ڕوویداوە و ئەم هەر تەماشاکەر بێت و بەشداریی پێ ناکەن!.
ئێمەش لە “ پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی” بەشداری و چاودێرییمان هەبوەو هەیە لەسەر کۆبونەوەی سێ قۆڵی قوبرس-یۆنان- میسر، کە زانکۆی نیکۆسیاو دەنگی قوبرس -Voice of Cyprus سەرپەرشتی ئەکەن. کوردیش چ لە سوریاو چ لە عێراق لە رووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی ووزەوە هەم زۆر نزیکە و هەم ڕاستەوخۆ سەری لەناو خوانی ئەم گۆڕانکارییانەدایە کە گازی سروشتی هێناویەتیە پێشەوە.  هەموو کۆنفڕانسەکان تەنانەت زۆربەی پەیپەرە ئاکادیمیەکان و پانێڵەکان بە بێ ئەوەی کورد خۆی ئامادە بێت باسی هەرێمی کوردستان و باکوری سوریا ئەکرێت. هەر جارێک وەک ئاماژەیەک بۆ ووتەکەی “ دۆناڵد ترەمپ” پرۆفیسۆر "ئەندریاس سیۆفانۆس" وە “ مونسیف کەددار- کە سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکەشم بو”  ئەڵێت “ مستەر کورد” یش ئامادەیە، ڕوو ئەکاتە من و “ پانزە خولەک کاتت هەیە مستەر کورد”. ئەو (ئەوان) وا تێگەیشتون سەرکردایەتی سیاسیی کورد تەواو هوشیار و پاڵپشتن و بە ئاگان لەوەی ئێمە پەیمانگایەکمان بۆ دیراساتی ستراتیجی بەناوی مێدیتریانە داناوە، لەکاتێکدا ئەوە تەنها هەوڵ و ماندوبون و گیرفانی خۆمانە. بەڵکو کورد خۆی دیارنییە لەناو ئەم ڕووداوانەدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە باری ئەمنی و ئابوریی و دیبلۆماسیی کوردستانەوە.
بەزمەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست هەم خۆشە هەم زۆر ئاڵۆزە!. ئیماراتیش هاتۆتە ناوەوە!. لە هەر کوێ تورکیا پرۆژەیەکی هەبێت لەو ناوچەیە ئیمارات دژی تورکیا پرۆژەیەکی تری هەیە. لە کۆتایی (سێپتەمبەری ٢٠٢١) دا ئیمارات (٢٢٪) پشکەکانی کێڵگەی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (١) ملیار دۆلار کڕی. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئیمارات.
لە سیاسەت و زانستی سیاسیدا نۆرم و نەگۆڕی هەمیشەیی نییە!.واتە ناکرێت بڵێین تا هەتایە تورکیاو ئیسرائیل یان تورکیاو میسر یاخود تورکیاو یۆنان پەیوەندییەکانیان ئاسایی نابێتەوە، بەڵام گرفتەکانی تورکیا زۆر زیادی خایاند لەگەڵ ووڵاتانی کە سنوری ئاویی هاوبەشیان لەگەڵی هەیە لە دەریای ناوەڕاست (ميديتريانه-Mediterranean). ئەردۆگان و دامەزراوە تورکییەکان زۆر گەشتی بێ ئاکام و زۆر هەوڵ و لێدوانی نەرمی دا تا درزێک بدۆزێتەوە لەگەڵ هەرکامێک لەو ووڵاتانە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە!. ئەوەی من تێی گەیشتووم ئەو وڵاتانە تورکیا بە پێگەیەکی گرنگ و گەورە ئەزانن بەڵام  بە بێ ئەردۆگان!. متمانە بە ئەردۆگانێک ناکەن هەمیشە بیر لە نیۆ-ئیسلامیزم و ئیتنۆ-ئیسلامیزمی تورکیی ئەکاتەوەو، بە ئاشکرا پێشوتر هاواری کردووە “ ئێوە تاپۆی خاکەکەتان لە ئەرشیفی ئێمەدایە” وەک ئاماژە کە میسرو ئیسرائیل و قوبرس بەدەست دەوڵەتی عوسمانیەوە بون!.

 

* بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، دامەزرێنەرو سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS