• English
  • العربية

ئاڵۆزیی ئاسایشی ناوچەیی: قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پاراستنی ئاسایشی جیهانی پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەرجەستەبونی سەقامگیریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە هەیە.
په‌رتووك

12/17/2022 3:17:00 PM

بەهرۆز جەعفەر

هونەری تێکەڵ کردنی بەرژەوەندی و کاخەزەکانی خۆت بە هێزە ناوچەییەکان، بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سیاسەتی زلهێزەکان، دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆت لە ئانوساتی کێبڕکێی هێزە گەورەکاندا.. پێویستی بە باکگراوەندێکی تیۆریی هەیە.

لایەنی کەم لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، ڕووسیا هاتوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوتەریب "چین" لە ڕووی ئابورییەوە بەرەو ئەفریکا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش پەل ئەکێشێت. لە کاتێکدا سیستەمی جیهانی تاک جەمسەرییە بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا. ئەمە چی یە؟ ئێستا بۆ نمونە "چین" شاندێکی کوردیی، یان کۆمەڵە ئەکادیمیستێکی کورد بانگهێشت بکات، چۆن ئەو ئاماژانەی بونی چینیەکان لە ناوچەکەدا شرۆڤە ئەکەن؟ بێگومان ئەگەر پاشخانێکی تیۆریی نەبێت، هەر دوو خولەکی یەکەم، تێئەگەن کە ئەمە بۆ-خۆی نازانێت بە دوای چی کەوتوە!

لێرەدا، بە کورتی باسێکی "تیۆری ئاڵۆزیی ئاسایشی هەرێمایەتی-RSCT" پێویستە. کە ساڵی (٢٠٠٣) لە میانەی  کتێبەکەیاندا هەریەک لە باری بوزان- Bary Buzan و ئۆلی وەیڤە- Ole Waever    بە ناونیشانی "هەرێمەکان و هێزەکان: ستراکچەری ئاسایشی نێودەوڵەتی" ئەم تیۆرەیان خستە ناو ئەدەبیاتی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەمان بە کورتی ئەڵێن؛ ئەگەر لە ماوەی جەنگی سارد و جەنگەکانی پێشوتردا، پرسی ئاسایش بریتی بو لە ئاسایشی سەربازی و هێز بۆ ڕووبەڕوبونەوەی فیزیکی و داگیرکاریی. ئیتر قۆناخی دوای جەنگی سارد پرسی "ئاسایش" دەیان ئاستی تری پەیداکردوە و پرسێکی ئاڵۆزە؟ ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئاسایشی وزە، ئاسایشی ئابوری، ئاسایشی ئاو، ئاسایشی ژینگە ، ئاسایشی هەرێمایەتی، ئاسایشی مرۆیی (کۆچبەر) و ...تادوایی. بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەم تیۆر (بیردۆز- نەزەریە) ەدا، سەقامگیریی و ئارامی دەستەبەر بێت، ئەبێت لە سەر ئاستی ناوچەیی بیر لە پاراستنی ئاسایش بکرێتەوە.. بۆ نمونە ئاسایشی جیهانی پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشەوە لە ناوچەیەکی وەک دەریای ناوەڕاست، ئەفریکا، یان باشوری ئاسیا، یاخود ڕۆژ‌هەڵاتی ئەوروپا کە ئێستا جەنگی ئۆکرایناو ڕووسیا هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە پاراستنی ئاسایشی جیهانی پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەرجەستەبونی سەقامگیریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە هەیە. لەم توێژینەوەیەدا:

Stivachtis Y.A. (2021) "A Mediterranean Region? Regional Security Complex Theory ". Virginia Polytechnic Institute and State University, Blacksburg, Virginia, USA.

توێژەر، ئیش لەسەر ئەوە ئەکات کە کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، بریتی بو لە وەرچەرخانی بونیاد (ستراکچەر) ی سیستەمی نێودەوڵەتی لە شێوەی دوو جەمسەرییەوە بۆ یەک جەمسەرییەک کە کۆی دەستەڵاتی لە یەک سەنتەردا کۆکردەوە (بە ڕێبەرایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان). بە بەردەوامی ئەمریکا (٧٥٠) بنکەی سەربازیی لە سەرانسەری ئەم جیهانەدا هەبوە لە ناوچە جیاوازەکان. ئەمەش تاک جەمسەرییەش وایکردوە کە هێزە هەرێمییەکان وەکو: ئیسرائیل، ئێران، تورکیا، بەمدواییە قەتەر و ئیمارات و سعودییە بیر لەوە بکەنەوە کە خۆیان- بۆ خۆیان پەیوەندیی ناوچەیی دروست بکەن، یاخود گرژیی ناوچەیی دروست بکەن بە بێ گوێدانە ئەوەی سروشتی سیستەمە نێودەوڵەتییەکە تاک جەمسەرییە و یەک دەستەڵاتدار لەسەری هەڕەمەکەوە هەیە. ئەمە تەنانەت دە ساڵ پێش کۆتایی هاتنی جەنگی ساردیش، لە هەشتاکاندا هەبوە، ئێران و عێراق شەڕیان ئەکرد، ئیسرائیل بایی ملیارەها دۆلار بە نهێنی چەک و چۆڵەی بە ئێران ئەفرۆشت. ئەمریکاو شیللی و باشوری ئەفریکاش چەکی کیمیاوییان بۆ عێراق پەیدا ئەکرد.

ئەگەر، ئەم باکگراوەندانە نەبن، چۆن کۆمپانیایەک، حکومەتێک، حیزبێک، گروپێکی بەرژەوەندیخواز، ناوەندێکی توێژینەوە کاری لۆبی و بەرز ڕاگرتنی پرسێک بە دروستی بکات؟

لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی گازی سروشتی هەیە، کێشەی کۆچبەر هەیە، کێشەی فەلەستین هەیە، کێشەی قوبرس هەیە، کێشەی سوریا هەیە. چۆن ئاسایش دەستەبەر ببێت بە پێی ئەو تیۆرە لە کاتێکدا هەریەکێک لەو وڵاتانەی ئەو ناوچەیە ( تورکیا، یۆنان، قوبرس، میسر، لوبنان، ئیسرائیل، سوریا) ئەجێندای جیاواز و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە! لێرەدا پێویستە زەمینەی هاوبەش لەسەر بنەمای ژینگە، ئابوریی، جوگرافیا، کۆچبەر هەبێت بۆ هاریکاریی هەرێمایەتی (وەک ئەبینن تاڕادەیەک دروست بوە).

ئەوە "چین" هات. ئەمریکاش هەر هەیە. ئاڵۆزیی هەرێمایەتیش هەیە و هێزە هەرێمییەکان بە پێی تیۆرییەکەی سەرەوە دەستیان کراوەتر بوە (جا بۆ ئاشتی یان بۆ ناکۆکی و دەستوەردان). کورد چی دەکات؟

چین نەک لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین کڕیاری نەوتە، بەڵکو یەكێكە لە گەورەترین كڕیارانی نەوتی جیهان بەتایبەتیش سعودیە، بە گشتی (٢٥٪) ی بەرهەمە نەوتییەکانی سعودیە دەكڕێت. ئەمریکا تا ئێستا لە ڕووی تەکنەلۆژیاو سەربازییەوە گەورەترین بەرهەمهێنەرە. بەڵام "چین" یش بەرهەمهێنەرەو ئابورییەکی تەواو بەهێزی هەیە؛ داهاتی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە (1.34) تریلیۆن دۆلار لە ساڵی (2001) وە گەیاندووەتە ( 17.7 ) تریلیۆن دۆلار لە ساڵی ( 2021). بەلایەوە  گرنگە بازاڕی نوێ و ژینگەی نوێ تاقی بکاتەوە.

لە عێراقدا، چینیەکان مۆڵەتی پەرەپێدانی "پاڵێوگەی فاو"یان لە بەسرە بە (٧) ملیار دۆلار لە ساڵی (٢٠٢١)دا وەرگرتووە. لە (٢٠٢٢)دا چین بڕیاریداوە کە (١٠٠٠) هەزار خوێندنگە لە عێراقدا دروست ئەکات. ژینگەکە لە دووسەرەوە زەمینەسازی بۆ چین خۆشکردووە کە ئەسپی خۆی لە عێراقدا تاو بدات:

یەک: هەر لە ساڵی (٢٠١٨ ەوە تا ٢٠٢٢)کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، بریتش پیترۆلیۆمی بەریتانی و شێڵی هۆڵەندی کێڵگە نەوتیەکانی عێراقییان بە جێهێشت و کشانەوە. ئەوەش بەهۆی گۆڕینی سیاسەتی نێوخۆیی کۆمپانیاکان خۆیان، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت، دەستکەوتی کەم و نا سەقامگیریی ژینگەی کارکردن لە عێراق بە هۆی تیرۆرەوە. بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیا چینییەکان شوێنی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانیان گرتۆتەوە. لەم (٢٠٢٢)ەدا چینیەکان لە (١٤) کێڵگەی نەوتی سەرەکی و مامناوەندی عێراقدا ئۆپەرەیشن ئەکەن، کە ئەکاتە زیاتر لە (٥٠٪)ی نەوتی عێراق. جگە لەوەش بەردەوام چین ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی عێراق بۆ خۆی هەڵ ئەگرێتەوە.

دووەمین فاکتەر ئەوەیە، لە (٢٠٠١ ەوە تا ٢٠٢٢) تێڕوانین و سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ عێراق سەرکەوتو -نە-بوون. بەرئەنجامی ئەمە ئێران و ڕووسیاو چین هەریەکەیان بە جۆرێک کاریگەری خۆی لەسەر عێراق دروست کردووە.

لە ئاستی گڵۆباڵیشدا (گڵۆباڵ کۆی ئەو پرسانەیە/ ئاریشانەیە کە پەیوەستی بە ئاستی تەواوی گەلان و دەوڵەتانی جیهانەوە هەیە)، چین لە ئەوروپاش ئەم دەرفەتانە ئەقۆزێتەوە. بۆ نمونە، بەهۆی قەیرانی ووزەوە، هەزاران کارگە دائەخرێن، ئەوروپییەک ئەگەر شامپۆیەک نرخەکەی لە (٢) یۆرۆ وە بگاته (٤)یۆرۆ ڕەنگە بتوانێت بیکڕێت، بەڵام کە نرخی شامپۆیەک بگاتە (٧ بۆ ١٠ یۆرۆ) بە دڵنیاییەوە خەڵک ئەچن شامپۆ چینییەکە دەکڕن کە بە یەک یۆرۆیەو، هەرزان و ئاسان کاڵای چینی دەگاتە هەموو شوێنێک لە جیهان.