• English
  • العربية

جیۆپۆڵەتیکی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان: چەقبەستن یان دیدگایەکی نوێ؟

ئاسایشی ووزە

8/13/2023 12:17:00 AM

   - بــەهــرۆز جەعـفـەر 

         بۆ داگرتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوەی پی دی ئێف Pdf کلیک لێرە بکە

 پوختەی جێبەجێکار

یەدەگی نەوت و گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، دەورە دراوە بە کۆمەڵێک کێشە؛ دابەشبوونە سیاسییە- نێوخۆییەکان و پەککەوتنی دامەزراوەکان، فشارە یەکلەدوای یەکەکانی حکومەتی ناوەندی بەغدا، هەوڵە ناوچەییەکان بۆ دوورخستنەوەی کورد لە پرسی وزە. ئەگەر هەرێمی کوردستان دیدگایەکی نوی بۆ ئاسایشی وزە پێک بهێنێت و دامەزراوەی کارا درووست بکات، گازی سرووشتی هەرێم لە توانایدا گۆڕانێکی جیۆپۆڵەتیکیی بەرجەستە  بکات. نێوەندگیرییەکانی خۆرئاوا (ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەوروپا) هەوڵ دەدات پێگەی هەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی لە ئاستی ناوچەییدا جێ بکاتەوەو بپارێزێت.

ناساندن

هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانی هێڵی بۆڕی خۆیەتی؛ بۆڕی نەوتی کوردستان لە "کێڵگەی تەق تەق "ەوە دەست پێدەکات کە بە (٨١) کیۆمەتر کۆنێکت کراوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە، لە خورمەڵەوە بە درێژیی (٢٨١) کیلۆمەتر بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتوە بە فیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا، لەوێشەوە بەستراوە بەو هێڵەی تورکیا لەناو خاکی خۆیدا لە (١٩٧٣) بەدواوە درووستی کردوە تا بەندەری جەیهان لە سەر دەریای ناوەڕاست. هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤) ەدا ئەم هیڵە بۆڕییەی بونیاد ناوە، سەرەتا دیزاینی بۆڕییەکە وا کراوە کە (٧٠٠) حەوت سەت هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بگوێزێتەوە، بەڵام لە (ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ڕۆس نەفت هاتە ناو پرۆسەی گەشەپێدان و توانستکردنی چالاکیی بۆڕییەکەوە، بڕیاربوو کە توانای گواستنەوە بۆ (٩٥٠) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە.

بە پێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی (٢٠٠) تریلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە (نزیکەی ٥.٧ تریلیۆن مەتر سێجا)، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان ڕێبەرایەتی (٢٥) تریلیۆن پێ سێجا گازی سەلمێنراو و (١٩٨) تریلیۆن پێ سێجا گازی نە-سەلمێنراو دەکات. یەدەگی سەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە ئێمە لەبارەیەوە دەزانین (واتە ئاستی متمانەمان لەسەروو ٩٠٪ لەسەریان هەیە)، لەکاتێکدا یەدەگی نەسەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە کەمتر دڵنیاین لێیان، بەڵام هەندێک ئاماژەمان هەیە بۆ بوونیان و، دەکرێت لە ڕێگەی تەکنیکی نوێی پێشکەوتوەوە ئەوانیش بسەلمێنرێن.

پێشبیینیەکان، بەو ئاڕاستەیەدا بەهێزن کە لە داهاتوودا گازی سروشتی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگتری بازارەکانی وزە، بە تایبەت لە پێڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆن و پاراستنی ژینگە.

 لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتوەکان، بە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردوە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (٢٠٢٤) دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و، ساڵی دواتریش هەنگاو بنێ بەرەو (١) ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی ڕۆژانە. ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیای داناگاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە  شادەماری ئابوریی هەرێمی کوردستاندا کاردەکات، کە ڕۆژانە (٥٠٠) ملیۆن ستاندارد- پێ سێجا گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣ دا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە کێڵگە گازییەکەوە دەست دەکەوێت بە ڕێژەی (٦٪) بەرزبۆتەوە بە تێکڕای ١٩٠٠ بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانە، نزیکەی (٢٠٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت.  ئینجا کێڵگەکە، بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی گازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە. بەگشتی داناگاز سەرچاوەی کارەبایە بۆ نزیکەی (٥) ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەم هەوڵە ئەکادیمییە، نیشانی دەدات کە ئاستی گازی سرووشتی و نەوتی هەرێمی کوردستان، توانای خۆ-گونجاندنی لەگەڵ بازاڕی ئابوریی جیهانییدا هەیە. هەروەها بە دیدێکی ڕیالیستیانە دەگەڕێت، تاوەکو دەرفەتە جیۆپۆڵەتییەکییەکان لە ناو سیسیتەمی هەرێمایەتی نوێدا بۆ گازی سرووشتی کوردستان بدۆزێتەوەو تۆختریان بکاتەوە.

چوارچێوە

لەکاتێکدا، ململانێ بەردەوامە- نێوخۆییە- حیزبییەکانی هەرێمی کوردستان دیمەنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی تەڵخ کردوە، ئەوەش لەلایەک دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی پەکخستوە، لەلایەکیش لە دوای (٢٠٠٣) ەوە، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی بەهێز لە پشت سێکتەری وزەوە ، دیدگا (Vision) ی هەرێمی کوردستانی وەک نا- دیارێک وە پێش چاو خستوە.

  ئەم هەوڵە لەگەڵ خۆیدا پەنا بۆ شێوازی (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی-Critical Thinking) دەبات. چوونکە بیرکردنەوە کاتێک ڕەخنەییە کە دەرگیر بێت لەگەڵ "لۆژیک" دا، بۆ ئەوەی خودی "بیرکردنەوە" کۆنترۆڵ بکرێت و لەدەست دەرنەچێت. بەمانایەکی دیکە، لێرەدا هزرێک دێت و دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی چاکسازیی، چوونکە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرهەمی ئەقڵە، لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا؛ دیدگایەک یان بیرۆکەیەک وەڵامی دیدگاو هەوڵێکی دی دەداتەوە. کاتێک دەزگایەکی جیهانی بەهاندانی حکومەتی عێراق، یان هەر هێزێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئارگیۆمێنتێک بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی فشۆڵبوونی کەرتی وزەی کوردستان لە ڕووی یاسایی و ئابوریی و سیاسییەوە بخاتەڕوو، لە بەرانبەردا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێت ئارگیۆمێتێکی دیکە، فیکرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، کەرتی وزەی کوردستان بواری دەربازبوونی هەیە لەو گیروگرفتانەی هەیەتی، هەڵسەنگاندن دەکات و بەها بۆ فیکر و ئارگیۆمێنتی بەرانبەردادەنێت.

ڕۆڵی تورکیا لەناو خوانی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچەکەدا، بابەتێکی سەرەکییە. لەڕاستیدا پەیوەندی ئەنقەرە لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە ماوەی (٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٣)  دەریخستوە کە هاوبەشی نزیکتر لەگەڵ کوردەکانی عێراق دەتوانێت لە چەند ئاڕاستەیەکەوە کاریگەریی دابنێت.  لە عێراق، حکومەتی هەرێم  لوولەیەکی نەوتی پێکهێناوە کە لە ڕێگەیەوە  تورکیا توانیویەتی سیاسەت لە بەغدا لە قاڵب بدات. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، تورکیا پشتی بە حکومەتی هەرێم بەستووە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سوریا کەمتر بکاتەوە.

بۆیە، لەساڵی (٢٠١٣) ەوە، بەغدا سکاڵایەکی لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی (ICC) کە لقێکی لە پاریسە تۆمارکردوە، ئەنجامەکەی لە (٢٠٢٣) دا بە قازانجی بەغدا شکایەوەو بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە (١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢ ) دا، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (٢٠٠٧) لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە بە نا-دەستووری چواندوە. هاوتەریب بەغدا نامەی بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت نارد کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، تاوەکو مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکەن. چەندین گەڕی دیکەش لە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەن.

پێوانە-کردنی سیاسەت و ئابوریی لە عێراق؛ بۆچی بەسرەو بەغدا کارەبایان نییە؟

لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا، عێراق (٢٠.٨) بیست هەزار و هەشت سەت مێگاوات کارەبای بەرهەم هێناوە، بەڵام دەوڵەتەکە بەگشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی پێویستی بە ٣٤٠٠٠ -  ٣٥٠٠٠ هەزار مێگاوات کارەبایە. بۆ ئەم مەبەستە، نزیکەی (٤٠٪) ی کارەبا لە ئێرانەوە بە زیاتر لە نرخی بازاڕی جیهانی هاوردە-دەکرێ بۆ عێراق.  بەگشتی، ساڵانە عێراق بە بەهای (٤) ملیار دۆلار کارەبای لە ئێران کڕیوە.. عێراق خاوەنی (٦.٤) تریلیۆن پێ سێجا گازە کە لەئەنجامی دەرهێنانی نەوت دەستی دەکەوێت (گازی هاوەڵ-Associated gas) ە. بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی بانکی نێودەوڵەتی، ئەم وڵاتە هەموو سەرە کاتژمێرێک بەبەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز بە فیڕۆ  دەدات، ئەمە لە ساڵێکدا دەکاتە نزیکەی (٢.٥) دوو ملیار و نیو دۆلار، ئەوە ژینگە پیس دەکات و ماددەی ژەهراوی دەخاتە بەرگە هەواوە.

بە گشتی عێراق، لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، بۆ پانزە پارێزگاکەی ناوەڕاست و خواروو ڕۆژانە پێوایستی بە ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا گازە بۆ کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. بە پێی گوتەی پسپۆڕان، بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانی وزە، ساڵانە نزیکەی (٤٠) ملیار دۆلار زیان بەر ئابوری عێراق دەکەوێ، ئەو زیانانەش بریتین لە ئەو بڕە پارە زۆرەی کە عێراقییەکان بۆ کڕینی وزە خەرجی دەکەن، زیانەکانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، هەروەها کێشە تەندروستییەکان کە بەهۆی بەردەوامی پچڕانی کارەباوە درووست دەبن.

لەچوارچێوەی سزاکاندا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، قەدەخەی کردوە، کە دۆلار بگاتە دەستی ئێران و ڕووسیا، هەموو هەوڵێکیش دەدات کە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گازی ڕووسیاو ئێران کەمتر بکات. بۆیە دوو ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ( نزیکەی ١١ تریلیۆن دیناری عێراقی) پارەی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقیی-  TBIدا گیری خوارد. ناوبەناویش چەندین بانک و کەسایەتی عێراقی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە دەکەونە لیستی ڕەشەوە، بەهۆی ئەوەی دۆلاریان بۆ ئێران و ڕووسیا حەواڵە کردوە.

 حکومەتەکەی بەغدا دوای دوو هەڵبژاردنی پێشوەخت و چەندین خۆپیشاندان، پێکهاتوە. بەهەموو لایەنەکانی بەشدار نوێنەری نزیکەی (٢٠٪) ی عێراقییەکانن. لەکاتێکدا لە هەندێ پارێزگای عێراق پلەی گەرما گەیشتبوە (٥٠) پلەی سیلیزیی، ئێران لە ناوەڕاستی تەمموزی ٢٠٢٣ دا کارەبای لە عێراق بڕی! مەترسیی خۆپیشاندان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکە دەبێتە یەکێک لە ئەگەرەکان، لە  دوای چەندین هەوڵی وەزیری دەرەوەی عێراق "د. فواد حوسێن" لەگەڵ ئەمریکییەکاندا، واشنگتۆن هەنگاوی نا بۆ ئەوەی عێراق لە ڕێگەی بانکە نا- عێراقییەکانەوە لەماوەی (١٢٠) ڕۆژدا پارەی قەرزی کارەباکە بداتەوە بە ئێران. بەڵام ئەمە عێراق ڕزگار دەکات؟

لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا عێراق و ئێران ڕێککەوتن کە ئاڵوگۆڕی کاڵا بەرانبەر کاڵا بکەن، ئێران گازی سرووشتی بدات بە عێراق و، لەبەرانبەردا عێراقیش ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدات بە ئێران. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئێران نەوتی عێراقی بۆچی یە لە کاتێکدا خۆی خاوەنی (١٥٧) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، چوەرەمین یەدەگی جیهانە؟! لە یەکێک لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتوە، ئەگەر ئێران گازیش ڕەوانەی عێراق نەکات، دەبێت عێراق ئەو بڕە نەوتەی کە دیاریکراوە بدات بە ئێران!

لەکاتێکدا، لە ساڵی (٢٠٢١) ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بەیەک بڕو ئاڕاستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، ئێران و گرووپە شیعییە- میلیشیاکان لە عێراق، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین هێرشی ئاشکرایان کردۆتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە تا جانیوەری ٢٠٢٣ سێ جار بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.  لە ١٣ ی مارسی ٢٠٢٢ دا ئێران (١٢) مووشەکی نا بە شوێنی نیشتەجێبونی "شێخ باز بەرزنجی" خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (٤٠٪ ی هێڵی بۆڕی کوردستان کارگرووپ و ٦٠٪ ی ڕووس نەفت خاوەندارێتی دەکەن).

 لەبەرانبەر سیاسەتەکانی ئێران دا، تورکیا باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی کردۆتە جێگەی هێرشە چڕوپڕەکانی بە بیانووی لێدان لە پەکەکەوە، لەناوچەی جێ نفووسی ئێران دا، کە پارێزگای سولەیمانییە جۆرێک لە مانۆڕی ئاسمانیی و چالاکی زەمینی نیشان دەدات، هەروەها ئەمە تاقیکردنەوەیەکە، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ چەک و درۆنەکانی پەیدابکات لەسەر ئاستی دونیادا.

سێگۆشەی هەرێمی کوردستان- ئەنقەرە- کەنداو

وڵاتانی کەنداو یان ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) دەتوانن گرینگ بن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی بۆ هەولێر. هەروەها دەیانەوێت وەک گەورەترین کوتلەی وزە لەجیهاندا دەربکەون، لەکاتێکدا کە ڕۆژئاوا تینووە بۆ سەرچاوەی گازیی جێگرەوە، لە کاتێکدا شەڕ لە ئۆکرانیا بەردەوامە.  

سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.  هەر لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی غازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆرییەکی ١١٢ میلییەوە کە بەڵێنی کردنەوەی یەدەگی بەرفراوانی دابینکردنی غاز دەدات. ئەمە هەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی هەناردەکردنی کورد دەرکەوت، هەروەها ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی غاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە هەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو هەفتە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی غازی کوردستانی کرد. بەجۆرێک لەماوەی دوو مانگدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم  دوو جار سەردانی ئیماراتی کردوە، یەکەمیان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی حکومەتەکان لە ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢، دووەمیان بۆ بەشداری لە لووتکەی وزە (٢٨-٢٩ی ئاداری ٢٠٢٣) دا بەڕێوەچوو، تیایدا ئامانجی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیمارات تایبەت کرد بە كەرتی وزە و گفتوگۆ سەبارەت بە پەرەسەندنە هەرێمییەكان.

سەردان و گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتوو، وەک دیاردەیەکی بەردەوام، ئاسۆی سێگۆشەیەکە کە دەتوانێت جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی و سیستەمی ئابوریی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، بە سوود- وەرگرتن لە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو.

بەغدا هەر جووڵەیەک بکات، پێویستی بە ئێران هەیە، تەنانەت بە بێ ڕەزامەندی ئێران هەڵبژاردن کردن لە عێراقدا مەحاڵە. هەرێمی کوردستانیش، بۆ هەر جووڵەیەک ناتوانێت هەڵکەوتەو پێگەی تورکیا ڕەچاو نەکات. تێوەگلانی هەولێر لە تەماسگرتن لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا بە بێ تورکیا نییە؛ لەم ڕوانگەیەوە، حکومەتی هەرێم و یەدەگی غازەکەی موژدەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کەنداوییەکان دابین ناکەن، بەڵکو بۆڕییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی حکومەتی هەرێم بە درێژایی (١١٢) میل بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا پێویستی بە پارەدارکردن و بەدەستهێنانی پشتگیریی بەغدایە. ئەکتەرە هاوبیرەکانی ئێران لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تەحەدای هەناردەکردنی نەوت و غازی کوردستانیان کردووە، سنووردانان بۆ ئەم ئەکتەرانە پێویستی بە پاڵپشتی و هەوڵەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی جیهانی هەیە بۆ پاڵپشتی ژێرخانی وزەی کوردستان.

  لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئارەزووییەکی زیاتر لە نێوان وڵاتانی کەنداودا هەیە بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی چالاکتر لە عێراق و بەشێوەیەکی کاراتر پەیوەندییەکانی هێز لە عێراقدا لێک بدەنەوە. ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ  پەیوەندییە درێژخایەنەکانی قەتەر و ئیمارات لەگەڵ سەرکردە یەکەمەکانی ئێستای سووننە لە عێراق وەکو محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، کە هەردووکیان لە نزیکەوە هاوپەیمان و هاوبیرییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە.  زیاتر لەوەش، بەشداریکردنی ئیمارات (بەهۆی داناگازەوە) لە پەرەپێدانی توانای گازیی کوردستان هەیە. هەروەها سعودییەکان بۆ وەبەرهێنان لە ئەنبار(وەک گەورەترین ناوچەی سووننە نشین) بە تەوژمێکی بەهێزەوە هاتونەتە ناوەوە: کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی پەرە بە کێڵگەیەکی غاز دەدات لە پارێزگای ئەنبار کە بتوانێت زیاتر لە (٤٠٠) ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت، هاوکات هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازییەکانی سعودیە و دامەزراندنی یەکەیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا کە گوژمەکەی (٣) ملیار دۆلارە.

هەرێمی کوردستان؛ بانگێک بۆ ڕیالیزم

لە ڕیالیزمدا، چۆن کنە بکەیت، بابەتەکە پەیوەندیی بە دەستوور و یاساو ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەوە نییە. بەڵکو سەراپای تیۆرەکە تیۆری هێزە لە پێناو مانەوەدا، "ناسینی بەرژەوەندیی- Interest"، "دەستخستنی هێز- Power"، تێگەیشتن لە کێبڕکێ-Competition"، "فەوزا-Anarchy" و نەزمی کارکردنی سیستەمی جیهانی و هەرێمایەتی ئەو چەمکە هەرە جەوهەرییانەن کە ڕیالیزمی کلاسیک بە ڕێبەرایەتی هانس مۆرگێنتاو- Hans Morgenthau، ڕیالیزمی نوێ بە ڕێبەرایەتی کینز واڵتز جەختی لێ دەکەنەوە.

مۆرگێنتاو، لە شاکارە بەناوبانگەکەی – سیاسەت لە نێوان گەلان: تێکۆشان لە پێناو هێز و ئاشتی " Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace" کە ساڵی (١٩٤٨) چاپی یەکەمی بڵاوبۆتەوە، ڕوانگەیەکی واقیعبینانە بۆ سیاسەت و دەسەڵات دەخاتە ڕوو. ئەم چەمکە ڕۆڵێکی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەبوو، ئەمەش وایکرد کە لە سەردەمی جەنگی سارددا دەسەڵاتی جیهانیی بەرجەستە بێت.  بەلای مۆرگێنتاوەوە: "دەوڵەتمەدار دەبێت لەڕووی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە بیربکاتەوە، تا وەک دەسەڵات لەنێو زلهێزەکانی دیکەدا بیری لێ بکرێتەوە. ئەقڵی جەماوەریی بێ ئاگایە لەوەی ڕوودەدات، ڕەنگە تاکێک هەر بۆخۆی بڵێت؛ من دادپەروەریم دەوێ،جا با ئیتر لەولاوە جیهان وێران دەبوو!". ریالیزم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پرەنسیپە ئەخلاقییە گشتگیرەکان ناتوانرێت لە کرداری دەوڵەتەکاندا جێبەجێ بکرێت. ئەوەی پێویستە سەنتەری بیرکردنەوەو کارکردن بێت "بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانییە"، دەوڵەت یان هەرێم دەبێت ئەمە بکات.

لە ژێر کاریگەریی تێزەکانی "تۆماس هۆبز" و "هانس مۆرگێنتاو" دا، زانای ئەمریکی "کینز واڵتز-Kenneth Waltz" بوو بە باوکی تیۆرەی ڕیالیستی نوێ (خۆی بە ستراکچڕاڵ ڕیالیزم) ناوی دەبات، واڵتز لایوایە کۆی هەڕەشەکان لەدەرەوەی سیستەمی ناوخۆیی دەوڵەتەکە یان هەرێمەکەوە دێن، جەخت لە سرووشتی سیستەمی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە فەوزایە، چوونکە هەمووان بە دوای هێز و سەرچاوەی هێزدا دەگەڕێن. بۆ ئەم مەبەستە داوادەکات "بەهێز- حاکمێک" لە جیهاندا وەکو ئەمریکا بە پێوە وەستابێت. هەرێمێکی وەکو کوردستانی باشوور، یان ڕۆژئاوا ئەگەر ئەمریکایەک بە پێوە نەوەستابێت بە چەند کاتژمێرێک ئێران و تورکیا و میلیشیا عێراقییەکان چۆنیان بوێ ئاوها پەلاماری دەدەن.

هەرێمی کوردستان ٥١٣ کیلۆمەتر سنووری جوگرافی هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. لەماوەی (٢٠١٤  بۆ ٢٠٢٣) هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بۆڕی جەیهانی تورکی، وەک جێگرەوەیەکی هەرزانتر بۆ نەوتی ئێران وەبەرچاو کەوتوە. لەساڵی (٢٠٢١ و ٢٠٢٢) دا ئێران (١٦٪) ی خواستی تورکیای لە گازی سرووشتی دا پڕکردۆتەوە، بەڵام گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زیاتر لەو بڕە بۆ تورکیا بخاتە ڕوو، سەقامگیرتر و هەرزانتریشە؛ بۆیە ئێران وەک کێبڕکێکارێکی مەترسیدار لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.

ئەمە جگەلەوەی، هەرێمی کوردستان (٥٧) بلۆکی نەوتی هەیە، کە تەنها لە (١٢) بلۆکدا کارکردن بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، کۆی نەوتی هەناردەکراو و بەکاربراو (بەرهەمهێنراو) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەروو (١٥٨) ملیۆن بەرمیل نەوت، کە رۆژانە لە هەموو کێڵگەکانەوە ٤٣٣ هەزار و ٧٢٦ بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە. سەرباری ژمارەیەک پاڵاوگەی سەرەکی وەکو کەڵەک، لاناز، بازیان و تاوکێ، کە بەپێی زانیارییەکان توانایان دەگاتە ٢٦٥ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا، بۆ نموونە نوێترین پاڵاوگەیان کە لانازە توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. هەرێمی کوردستان ٤ هەزار و ٢٠٠ بۆ ٤ هەزار و ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە ٧٥٪ ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە.

پرۆژەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست

لەپاڵ ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دا، لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست (EMGF) هەیە. ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: تورکیا، سوریا، لوبنان، ئیسرائیل، قوبرس، میسر، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین دەگرێتەوە. کە هەموویان خاوەنی یەدەگی گازی سرووشتین یان ئەندامن لەو لووتکەکەیەدا لە ساڵی (٢٠١٧) ەوە پێکهێنراوە جگە لە تورکیا، لەو لوتکەیەدا هەریەکە لە فەڕەنساو ئیتاڵیاو یۆنان سێ ئەندامی سەرەکیین (ئەوانیش دەکەونە سەر دەریای سپی). لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە گازی سرووشتی لەکەنارە ئاوییەکانی قوبرس و ئیسرائیلدا دۆزراوەتەوە، هەردوو وڵاتەکەی لە هاوردەکاری وزەەوە کردووە بە هەناردەکار! بە ڕێگەی بۆڕییەکەوە کە دڕێژییەکەی (١٩٠٠) کیلۆمەترە بەسەر پەرشتی ئەمریکاو بە تێجووی (٧) ملیار یۆرۆ بونیادنراوە، گازی سرووشتی قوبرس و ئیسرائیل دەگاتە دوورگەی کریتی یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکە. ڕۆژئاوا، ئەوەی نەشاردۆتەوە کە وەک جێگرەوەیەک بۆ گازی ڕووسیا پشت بەم پرۆژەیە دەبەستن.

ئیمارات لەوێش بەشدارە! ئەگەرچی “ئیمارات” لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٠) دا وەکو ئەندام لە مونتەدای گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی قبوڵکرا ( بەسیفەتی چاودێر) کە بارەگاکەی لە قاهیرەیە. دواتر هەریەکە لە تەلئەبیب و ئەبوزەبی باڵوێزخانەیان لەلای یەکتر کردەوە، ئینجا لە کۆتایی(سێپتەمبەری ٢٠٢١) دا ئیمارات (٢٢٪) پشکەکانی کێڵگەی گازی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (١) ملیار دۆلار کڕی.

بە بەراورد بە ئیمارات، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر نزیکترن لە حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەوە. لێرەشدا، بە بێ تورکیا کارەکە ئاسان نییە؛ چاوەڕێ دەکرێت دوای ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و میسر کە دوو قسەکەری سەرەکیی ناو لووتکە گازییەکەن، تورکیاش بەشداری پێ بکەن.

چی ڕوودەدا کاتێک پارچە ئاسنێک گەرم دەکەیت؟

هەرێمی کوردستان لاواز بوە، لەبەرئەوەی دامەزراوەی یەکگرتوی نییە؛ وەکو سووپایەکی یەکگرتووی پۆشتەو پەرداخ، ئابورییەکی هەمەچەشن و سەقامگیر، هەروەها ململانێ سیاسییەکان کاریگەری نا-جۆریان کردۆتە سەر ژیانی خەڵک. هەروەها هەرێمی کوردستان دامەزراوەی بیرکردنەوەو توێژینەوەی زانستیی- پاڵپشتیکراوی نییە. لە بنچینەشەوە، کورد خاکێکی داگیرکراوی هەیە، سەت ساڵ (١٩٢٣- ٢٠٢٣) جەنگ و ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق هەبوە. هەریەکە لە بەغداو هەولێر لە دوای (٢٠٠٥) لە بۆسەی یەکتردان و متمانەیان بەیەکدی نییە.

کاتێک پێگەی کورد لە کەرکوک بەهێز بوو، عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی  لەسەرانسەری وڵاتەکەدا ئەنجام دەدا جگە لە "کەرکوک". کاتێکیش تەعریبی ئەنجام داوەو، جوتیارانی کوردی لەسەر زەوییەکانیان هەڵکەندوە، دوای هەژدە ساڵ لە دیسەمبەری ٢٠٢٣ دا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوکدا ئەنجام دەدات.

عێراق یاسای نەوت و گازی نییە، چوونکە لە هەژدە ساڵی ڕابردوودا پێگەی کورد بەهێز بوو، نەیدەویست.  ئێستا کە کوردو یەدەگی نەوت و گازەکەیان بە یاسا لە قاڵب داوە، هەرێمی کوردستان ڕادەکێشن بۆ دەرچواندنی یاسایەکی نەوت و گاز کە هەموو دەستەڵاتە نەوتیی و گازییەکان لە دەست حکومەتی فیدراڵی بەغدادا چڕبکاتەوە. کورد وەکو ئاسنێکی ڕەق وابوو، بەهۆی نەبوونی دیدگایەکی ستراتیجیی گشتگیرەوە، بەهۆی فشارە هەرێمایەتییەکان و مەترسییە هەمیشەییەکانی بەغداوە، بەتەواوی گەرم کراوە، ئاسنێک یان کانزایەک کە گەرم بکرێت، چەکووشێکی پێدا بکێشیت چی لێ دێت؟ بێگومان شێوەکەی دەگۆڕێت (گۆڕان لە شێوەدا ڕوودەدات).

ئایا کورد، وەک گۆڵچییەک لە پاڵ گۆڵەکەدا دەوەستێ و تۆپەکان هەروا بە ئاسانی بێن و بچن بە گۆڵدا؟ یان ئەمیش، هەوڵەکانی خۆی لە هەموو ئاستەکاندا، چڕدەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەی شپرزەو گەرم بکات و، بە چەکووشێک شێوەی بەرانبەرەکەی بگۆڕێت؟

عێراق! لەساڵی (٢٠٠٤ ەوە تا ٢٠٢٢) دەوروبەری یەک تریلیۆن دۆلاری دەستکەوتوە، لەم بڕە (٣٦٥) ملیار دۆلار دیار نەماوە!؟ هەر لەماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا بە بەردەوامی ساڵانە لە نێوان (٢٥٪ بۆ ٤٠٪) بوودجەی عێراق بە فێڕۆچوە. تەنها لە کەرتی کارەبادا (٨٠) ملیار دۆلار خەرج کراوە کارەباش نییە و لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت!؟ لە ئابی ٢٠٢٢ دا، پڕۆفیسۆر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق دەستی لە کارکێشایەوە، لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا دەڵێت؛ ساڵانە لە خاڵە سنوورییەکان و گومرکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ٦- ٧ ملیار دۆلار دیار نامێنێت. دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مانگانە تەنها لە کۆبوونی خۆراک و خۆراکی هاوڵاتیاندا (٢٠٠) ملیار دینار گەندەڵی دەکرێت. ئەمە جگە لە دزی سەدە کە پارەی باجەکانی عێڕاقە لەسەردەمی حکومەتەکەی "موستەفا کازمی" دا لە بانکەکانی عێراقەوە لەماوەی تەنها دوو مانگدا (٢.٥) دوو ملیار و نیو دۆلار لە عێراق دزراوەو براوەتە دەرەوە. لە (٢٠٢٣) دا عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر لە (١٠٠) ملیار دۆلاری یەدەگی لە بەردەستدایە، ئەمە بەهۆی بوونی ژێرخانێکی ئابوریی بەهێزەوە نییە، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا، هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەناوخۆ و دەرەوەدا گۆڕانکاریی بەسەردادێت.

هەروەها لە پرۆژە یاسای بوودجەدا فەوزایەکی زۆر هەیە، دیارترینییان ئەوەیە ٦٣  تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە کە دەکاتە (٢٥٪) ی کورتهێنان و هەڵئاوسان لە بوودجەدا ڕۆژانە نە- فرۆشتنی (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقدا، بە تەواوی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراقی ئیفلیج دەکرد، کە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕاپۆرتەکان وەهان، کە لە ڕووی ژینگەییەوە کووڵانی گۆی زەوی لە عێراقەوە دەستی پێکردوە، بە پێی "سەنتەری ئیماراتی بۆ سیاسات" باشووری عێراق چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە کە پەیوەندییان بە کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگەوە هەیە، لە کاتێکدا وڵاتەکە گۆڕانکارییەکی توند لە شێوازی کەشوهەوادا بەخۆیەوە دەبینێت. بۆ نمونە عێراق لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لانیکەم نزیکەی ٥٠٪ ی داهاتی ساڵانەی ئاوی لە ڕووباری فورات و ٤٠٪ی لە ڕووباری دیجلە لەدەستداوە (کە تورکیا گرتویەتیەوە). لە ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق هۆشداری دابوو کە یەدەگی ئاوی وڵات لە ساڵی پێشووەوە بۆ نیوە دابەزیوە. دواتر لە هەمان ساڵدا شەپۆلی گەرمای توند و کەمبوونەوەی بارانبارین و زریانی تۆز و خۆڵبارینی توند و بەردەوام و شووتی بووە هۆی لەدەستدانی (٦٠) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و (٣٠) هەزار نەمام، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی (٣٠) هەزار خێزان لە هەشت پارێزگادا. کاتێک گەرماو بێ ئاویی عێراق دەگەیەنێتە کەناری لەناوچوون، ئایا چاوەڕێ لە تورکیا دەکات لە خنکان قوتاری بکات؟

 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەوڵەتەکە هێشتا سەرقاڵە بە ململانێ تایەفییەکان و زیادکردنی بودجەی میلیشیاکان و بەشبەشێنەی سیاسییەوە.

دەرئەنجام

هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەکەی پێویستی بە داڕشتنەوەی سیاسەتەکانییەتی، بۆ ئەوەی دیدگایەکی نوێ بهێنێتە ئاراوە. کلیلی ئەم دیدگا نوێیە بە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمدا تێدەپەڕێت. نابێت بەدیار چارەسەر نەکردنی بەربەستە کۆنەکانەوە بوەستن و تەحەدا نوێیەکانیش بێن و کەڵەگە بن. کاتێک دەزانین، ڕێکخراوێک یان حکومەتێک ڕووئیای هەیە، کە ئەو لایەنە وەڵامی سێ پرسیارەی سەرەکی بداتەوە: ئەو خەونە یان ئامانجە چییە کە حکومەتەکە لە پێناویدا تێدەکۆشێت؟ ئەو کێشەیە چی یە کە حکومەتەکە لەپێناویدا هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری بکات؟ هەروەها ئێمە کێ و چی بە ئامانج دەگرین تا کاریان لەسەر بکەین؟ بەبێ یەکێک لەو سێ پایەیە، ئەگەر دیدگایەکیش هەبێت، کەمووکورتی هەیە. هەریەکە لە حەوزەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و کەنداوی عەرەبی دەتوانن هاریکاریی هەرێمی کوردستان بن بۆ وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکیی.

لێرەوە، ئەم هەوڵە تیشکی خستۆتە سەر ئاسۆکانی هەستانەوەی کوردستان لە ڕوانگەی گازی سروشتیی، بەڕێگەی لە خۆ-گرتنی سیاسەتێکی ڕیالیستیانەوە بۆ ناسینی سەرچاوەکانی هێزو بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستان. دابەشبوونە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کە بوەتە هۆی لاوازکردنی تواناکانی، ناکۆکی بەردەوام لەگەڵ بەغداو هەڕەشەی ئێران لەو تەحەدا دیارانەن کە هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتی بازدانێکی جیۆپۆڵەتیکییدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. زیاتربوونی دەستەڵاتی کەنداوییەکان لە عێراقدا دەبێتە هۆی شڵۆقبونی هەژموونی ئیڕان و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان پەرتتر دەکات، بۆیە باشتربوونی پەیوەندیی لەگەڵ بەغداو پاراستنی هاوسەنگی و بەرچاوگرتنی ئێران دەبێتە سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو بۆ هەرێمی کوردستان. هەموو ئاستێک، ئاستی کارکردن و هەموو جێگایەک دەبێت جێگای کار لەسەر کردن بێت بۆ هەرێمی کوردستان.

لە دەستپێشخەرییەکی وادا، کە هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئیمارات، حەوزەی دەریای سپی، ئەوروپاو ئەمریکا تێیدا بەشدارن، لەو مەترسییە ئەمنی و جیۆپۆڵەتیکییانە کەم دەکرێتەوە کە ئێران لەناوچەکەدا درووستی دەکات. چوونکە نەزمی نوێی جیهانی لەسەردەمی جەنگی ئۆکراینادا، پێویستی بە وزەیە، دوور نییە بنوسرێت "بەخێر بێن بۆ شارستانییەتی گازی سرووشتی".

 کلیک لێرە بکە  

بەهرۆز جەعفەر/ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی