• English
  • العربية

چین و نەوتی عێراق

چین بە بونی بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکیەکان، عێراق ناچار دەکات کە نەتوانێت وازی لێبهێنێت چونکە ناتوانرێت کڕیارێکی وەها لە بازاڕدا بدۆزرێتەوە.
هاوكێشه‌ ئابوریه‌كان

12/4/2023 9:58:00 PM

   د. سەردار عەزیز

ماوەیەک لەمەوپێش کۆمپانیای ئێکسۆن لە کێڵگەی گەورەی قوڕەنەی ڕۆژئاوا لە کارکردن دەستی کێشایەوە. ئەمە وەها بینرا کە کۆتایی کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژئاوایە لە عێراق، ئەوانەی کە لە ئەدەبیاتی نەوتدا بە حەوت دەستەخوشکەکە ناسراون. کشانەوەی ئێکسۆن، چین جێگرەوەی بوو. چیرۆکی چین و نەوتی عێراق چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. 
لە ساڵی ٢٠٢٢ سارا ماکفارلن، لە ڕێگای واشنتۆن ئینستیویتەوە، پەیوەندی پێوەکردم، بۆ قسەکردن لە سەر هەوڵی عێراق بۆ ڕێگریی لە زاڵبونی کۆمپانیا نەوتیەکانی چین بە سەر کەرتی نەوتی عێراقدا. پرسی فرۆشتنی پشکی ئیکسۆن و لوک ئۆیلی ڕوسی بۆ چینیەکان لە ئارادابوو. عێراقیەکان بە ئێکسۆنیان گوتبو کە ئەوان وەها بە باشتر دەزانن کە پشکەکانیان بدەن بە کۆمپانیای نەوتی بەسرا.
ئەم هەوڵی ڕاگرتنی چینیەکان وەک هەنگاوێکی گرنگ بینرا لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا. پاش گفتوگۆ لە گەڵ سارادا، کە بۆ ڕۆیتەر کاری دەکرد، لە ڕێگەی کەسێکەوە قسەم لە گەڵ لوئەی خەتیب کرد، وەزیری پێشوی کارەبا و ماوەیەک وەزیری نەوتی عێراقی. لوئەی زانیارییەکی ئەوتۆی نەبوو. لە ڕاستیدا هەستمکرد، وەک زۆر عێراقی بە تەواوی هەرزەکاریی تێنەپەڕاندوە. پۆزێک هەیە لە کەرتی نەوتدا، کە بەرپرسانی وڵاتی نەوتی دەڵێن کاشکا نەوتمان نەبوایە، ئەویش وەها پۆزی لێدەدا، منیش پێمگوت لە سۆماڵ خراپتر دەبوین، وتی، نەخێر وەک مەغریب دەبوین.
سەرباری هەوڵەکان بەڵام نەتوانرا ڕێگریی لە چینیەکان بکرێت. ئەم ڕۆژانەی پێشوو کارێکم بۆ خانەی بیری ئیماراتی کرد لەمبارەوە. چۆن چین هەوڵدەدات کە عێراق وەها وابەستە بکات بە خۆیەوە کە توانای ئەوەی نەبێت ئاسایشی وزەی بخاتە مەترسیەوە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە پێویستمان بە تێگەیشتنە بۆ ئاسایشی وزە لە دیدی چینەوە.
مێژوی چین لە گەڵ نەوتدا مێژویەکی تایبەتە. لە پاش شۆرشی چینی، چین پشتی بە سۆڤیەت دەبەست بۆ دابینکردنی وزەی. پەیوەندی ماو و ستالین پەیوەندیەکی ئاسان نەبوو، ستالین نەیدەویست کەس بەهاوتای خۆی بزانێت بە تایبەتی کۆمۆنیستەکان، هەتا لێی یاخی نەبن، وەک تیتۆ لە یوگوسلاڤیا کردی. بەڵام پەیوەندییەکە درێژەی کێشا. پاش مەرگی ستالین پەیوەندی چین و سۆڤیەت بەرە و خراپی ڕۆشت، لە ساڵی ١٩٦٩ گەیشتە ئاستی بەریەک کەوتن. ئەمە بوە هۆکاری پچرانی پەیوەندی وزەی نێوان هەردوو وڵات.
ئەوەی کەمێک شارەزایی لە ماوزیمدا هەبێت دەزانێت کە یەکێک لە چەمکە سەرەکیەکانی ماویزم پشت بەخۆبەستنە自力更生 . کاتێک کە سۆڤیەت نەوتی بڕی، هەرزوو پاش ئەوە دەست بە پشکینین کرا لە ناو چیندا و لە ئەنجامدا لە ناوچەی تاچینگ Daqing  大庆 نەوت دۆزرایەوە، چین توانی پشت بە خۆی ببەستێت، تەنانەت هەندێک هەناردەش بکات. بەڵام لە ناوەڕاستی هەشتاکان ئەمەش بەرەو کۆتایی ڕۆشت، ئیتر چینیەکان گەشتنە ئەو باوەڕەی کە کرانەوە و گەشەی ئابورییان ناچاریان دەکات لە دەرەوە بە دوای دابینکردنی نەوتدا بگەڕێن. ئەمە بۆ چین ئاسان نەبوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ چین بە ناچاری و بەیەکجاری بوو بە وڵاتێکی هاوردە لە بواری نەوتدا. لەم روەوە چین کۆمەڵێک ستراتیژی گرتە بەر، یەکێک لەو سیاسەتانە ڕۆشتن بو بۆ ئەو جێگایانەی کە کەسی تری لێنەبوو یان هیچ کۆمپانیایەک توانای نەبوو بڕوات. لە نەوەدەکان چین هەمیشە دژ بە ئابلۆقەی سەر عێراق بوو لە نەتەوە یەکگرتوەکان، بەمجۆرە لەلای ڕژێمی پێشوو جۆرێک لە قبوڵیەتی بۆ دروستبوبوو. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک لە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دەرچوو، چین خێرا وەک دەرفەتێکی بینی بۆ هاتنی بۆ ناو کەرتی نەوتی عێراق. هەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٩٧ گەشتە لێکگەیشتنێک کە چین لە کێڵگەی نەوتی ئەحدەب کار بکات. بەڵام پرۆسەکە بە هۆی دۆخی سەختی عێراقەوە بە ئاسانی بەرەوپێش نەچوو.
ئەمجۆرە لە مامەڵەیە، لە لایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرێت کە چین سود لە لاوازی ئەوانیتر وەردەگرێت بۆ مەبەستی سودی تایبەتی خۆی. کاتێک کە سەدام لابرا، چین داوای گەڕانەوەی بۆ گرێبەستەکانی کرد، بەڵام بە ئاسانی قبوڵ نەکرا. چین بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری دا کە لە قەرزەکانی عێراق خۆش بێت. کاتێک لە شەرم الشێخ لەمبارەیەوە کۆنفراسێک سازکرا، چین ئاماژەی بە ئەمە دا، بەڵام بە فەرمی بڕیاری نەدا هەتا لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٧ سەرۆکی عێراقی ئەو کاتە جەلال تاڵەبانی سەردانی چینی کرد و لە گەڵ سەرۆکی چینی ئەو کاتە هوژین تاو دا کۆبوەوە. دیارە پلانی چینیەکان وەهابوو کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی عێراقدا بڕیاری لێخۆشبونی قەرزەکان بدەن بۆ کۆمەڵێک مەبەست. 
جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی تایبەتی هەبوو بە چینەوە، کە بە تەواوی نازانرێت پاڵنەرەکانی چی بوون. مەلا بەختیار پێی گوتم کاتێک سۆڤیەت پشتیوانی شۆرش نەبوو، مام جەلال بەرەو چین ڕۆشت. بەڵام لە ڕاستیدا چین بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەبوو، لە ماویزمی کوردی. وەک دەڵێن خۆشەویستیەکی تاک لایەنەبوو، وەک زۆرێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن.
هۆکار و پاڵنەرەکان هەرچی بن، جەلال تاڵەبانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی چین بۆ عێراق دادەنرێت و یەکێتی ڕێخۆشکەری سەرەکی ئەم پەیوەندییەیە. 
کە دێتە سەر ئاسایشی وزە، چین چەند بنەمایەک بەلایانەوە مایەی نیگەرانیە، یەکەم، چۆن دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە بگات و چۆن بە سەلامەتی بیگەیەننە چین. لەم پێناوەدا چەندین هەنگاویان ناوە، بۆ نمونە ڕاکێشانی بۆڕی لە ڕوسیا و ئاسیای ناوەندەوە. هەروەها پەرەدان بە بەندەری گوادار لە پاکستان، هەرچەندە ئەم هەنگاوە ئەگەری سەرکەوتنی کەمە. بەڵام هەوڵەکان هەرچۆنێک بێت، چین هێشتا پێویستی بە گواستنەوەی وزەیە لە نێو ئەو دەریا و زەریا و تەنگەبەرانەوە کە ئەمریکا بە سەریدا زاڵە هەر لە کەنداوی عەرەبیەوە هەتا تەنگەبەری مەلاکە. 
 هەرچی پەیوەستە بە عێراقەوە، ئەوە لە چەند ئاستێکدا دۆخێکی تایبەتە. یەکەم، ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە عێراق بونی سەربازیی هەیە، دووەم، ئەمریکا هێشتا کاریگەری هەیە لە سەر بڕیاری سیاسی و ئابوریی و دارایی عێراق، سێیەم، ئەمریکا ڕۆڵێک دەبینێت لە ڕاگرتنی ئاسایشی عێراقدا. هەموو ئەمانە بۆ چین لە یەککاتدا مایەی قبوڵ و نیگەرانیە، چونکە چین نایەوێت لە بواری سەربازی و ئاسایشدا هیچ هەوڵێک بدات.
بۆیە چینیەکان وەهای دەبینن کە هەوڵ بۆ پێکەوەبون دەدەن. بەڵام هەتا بێت چین بە سەر کەرتی نەوتی عێراقدا زاڵ دەبێت. نابێت ڕۆڵی ئێران لەم ڕوەوە نادیدە بگرین. ئێران هەمیشە دژ بە پێدانی گرێبەست بوە بە کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان لە عێراق. لە ٢٠٠٧ەوە بە بەردەوامی هەوڵی ئەمە دەدات. 
لە پێناو مسۆگەرکردنی بەردەوامی نەوتی عێراق چین چەند ڕێگایەکی گرتوەتە بەر، کە بە کورتی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم.
یەکەم، هەرزانکردنی خزمەتی کەرتی نەوت بە ئاستێک کە هیچ کۆمپانیایەکی تر نەتوانێت کێبڕکێ بکات، ئەمە تەنها بۆ کۆمپانیا ئەوروپایی و ئەمریکاییەکان نیە، بەڵکو ژاپۆنیەکانیش گلەیی زۆر دەکەن. چینیەکان دەتوانن ئەمە بکەن، چونکە خۆیان کارەکان دەکەن، هەروەها قازانج مەبەست نیە لە لایان چونکە کۆمپانیاکان حکومین. بەڵکو ئاسایشی وزە ئەولەویتیانە.
دووەم، چین دەیەوت، نەوت تەنها مامەڵەیەکی بازاڕی نەبێت، بەڵکو بە بواری ترەوە گرێ بدرێت، بۆ نمونە ژێرخان، ئاوەدانی و گرێبەستی درێژخایەن و قەرز. کەسێکی وەک عادل عەبدوالمهدی ڕۆڵێکی کاریگەریی بینیوە. نەک تەنها لە واژۆکردن بۆ گرێبەستی نەوت بەرامبەر ژێرخان بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک وەزیری نەوت بوو لە گەڵ عەبادیدا سەردانی چینیان کرد، دەستی بەم پرۆژەیە کرد و پاش ڕۆشتنی لە کابینەی حکومەتی عەبادی داوایەکی هەبوو کە ئەو ڕێکەوتنە کۆتایی پێنەهێنرێت و پەرەی پێبدرێت، وەک مزهەر ساڵەح پێمان دەڵێت خواستەکەی لە بەرچاو گیرا و پەرەی پێدرا.
سێیەم، چین تەنها کڕیاری سەرەکی نیە، بەڵکو لە بوارەکانی تری وەک دەرهێنان و گواستنەوە و پاککردنەوەدا کاردەکات. سێ قۆناغەکەی نەوت لە بواری ئەدەبیاتی نەوتدا ناسراوە. چین هەروەها بە بونی بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکیەکان، عێراق ناچار دەکات کە نەتوانێت وازی لێبهێنێت چونکە ناتوانرێت کڕیارێکی وەها لە بازاڕدا بدۆزرێتەوە. چینیەکان زۆر بە ئاگایانە ئەم پرسی ساغکردنەوەیە بەکار دەبەن.
چوارهەم، چین هەوڵدەدات کە نەک تەنها عێراق سەرچاوەی وزە بێت بۆ چین، بەڵکو چینیش ببێت بە سەرچاوەی وزە، بە تایبەتی تەکنەلۆجیای وزە لە عێراقدا، ئەمە بە ڕونی لە بواری وزەی خۆر و کارەبا و بوارەکانی تردا دەبینرێت.