• English
  • العربية

مەسەلەى كورد لە ڕوانگەی ململانێی عەرەب- ئیسرائیلەوە

توێژینه‌وه‌ له‌ بوارى كه‌مایه‌تیه‌كاندا

11/23/2017 7:38:00 PM

*بەهرۆز جەعفەر

لە (25/12/1991) هەرەسی یەكێتی سۆڤیەت ڕاگەیەنرا، پاشان دیواری بەرلین ڕووخا، جەنگی كەنداوی دووەمیش كۆتایی پێهات، سیستەمی جیهانی چووە قۆناغێكی نوێوە، ئەمریكا تاكلایەنە بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی ململانێكانی كەوتە ئەستۆ، بەجۆرێك ئەكرێت دەستپێكی هەموو ململانێ‌ و ڕووداوەكانی ئێستاو ئایندە، وەك چوارچێوەیەكی مێژوویی بگەڕێنینەوە بۆ هەرەسی یەکێتى سۆڤییەت. دەركەوت ئەو "هەرەسە" كۆتایی مێژوو نەبو، ببینن لە (2015) شدا، هێشتا خۆرئاوا لەڕێگەی (ناتۆ ) ەوە، هەر چاوی لەسەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەوروپایە، كە لە بنا لوتی ڕووسیادان، تا ئەو ئاستەی كە تۆپیكی یەكەم لە هەڕەشە و مەترسیەكان بۆ سەر ئاسایشی جیهانی، بریتی بێت لە: پێكدادانی ناتۆ لەگەڵ هێزەكانی ڕووسیای فیدراڵ لەناوچەی قرم. بێگومان توركیا لە ڕیزی وڵاتانی دامەزرێنەری ناتۆدا ناوی هاتووە و، لەساڵی (1952) ەوە تیایدا ئەندامێكی سەرەكییە.(1)

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، كێشەی عەرەب- ئیسرائیل، مەسەلەی كورد، گرفتە هەڵواسراوەكانی توركیا (بە هەندێك گۆڕانكارییەوە) هەر بەكراوەیی مانەوە. بۆیە لەم باسەدا زەرورەتم زانی، لەیەك بازنەدا، تیشك بخەمە سەر ڕیشەی ململانێكانی ناوچەكە، دنەی كێشە نەریتیە هاوبەشەكانی (كوردوستان-فەلەستین) لەلایەك، (كوردوستان-ئیسرائیل) یش لەلایەكی تر، لە چەند تەوەرەیەكی هەستیاردا بدەم. كە سەری لەناو خوانی تەڵەزگەكانی (ئیمڕۆ) و (سبەینێ‌) دایە.

 

      یەكەم: حزب و ڕۆڵی لە وێناكردنی سیاسەتی ئیسرائیلی دا

گرنگترین دیاردەیەك لە ئیسرائیل، كە سیستەمی حزبایەتی پێ بناسرێتەوە، بریتی یە لە "فرە حزبی". بە پێی پۆلێنكردن (5) جۆر حزبی تیایە: (حزبی كرێكاران، حزبە دینیەكان، حزبە ماركسیەكان، حزبە پارێزگارەكان، حزبە عەرەبییەكان). ئەمانە هەریەكەیان بە دید و بەرنامەیەكی ڕۆشن ئەیانەوێت ڕەسمی سیاسەتی ئیسرائیلی بكەن، وە كاریگەریی خۆیان هەبێت.(2)

فرە حزبی، لەهەر شوێن و كاتێك دیاردەیەكی ئاسایی ناو سیستەمی حزبایەتیە، وەك ئاماژەیەك لە بونی دیموكراسیەت، بەڵام بۆ ئیسرائیل دیاردەكە سەرنجڕاكێشە و بۆتە ناسنامەی سیستەمەكەشی. لە ڕووبەرێكی بچوكی وڵاتەكەیان كە (21000) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (1948) یەك بستە خاك نەبوو جێگەی سەلامەتی جولەكەكان بێت، بە بەردەوامی زیاد لە (1) ملیار دوژمنی هەمیشەییان هەبوە، هەر شوێنێكی جیهان وەك ئەو ژوورە گازییانە وابون كە نازییەكان بۆ خنكاندنی جولەكە دروستیان كردبو، لەسەر لم گەورەترین وڵاتی كشتوكاڵیان دروستكردووە، گەورەترین هێزی ژێرزەمینی و دەزگای خزمەتگوزاری نهێنیان داهێنا، بون بە ووڵاتێكی تەكنەلۆژی، ئاوارەكان هەموو گەڕانەوە،، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانیان نەگەشتۆتە (2) ملیۆن كەس(3).. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە دیموكراسی ڕووەكێكە تیایدا ناڕوێت، جولەكەكان لەدامەزراندنی وڵاتەكەیاندا، دیموكراسیەت و فرەحزبی و فڕە ڕەنگیان بۆ ناوخۆی خۆیان لەیادنەكردووە، بە ئەندازەیەك (13) جار دەستاودەستكردنی دەستەڵات لە ئیسرائیل ڕوویداوە.

دووەمین تایبەتمەندی، لە سیستەمی حزبایەتی ئیسرائیلدا، بریتیە لە لێكترازان و جیابونەوەو دروستبونی حزبی نوێ، ململانێ و كێبركێی حزبەكان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات، لەكاتی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی كەنیسەت (پەرلەمان) ی ئیسرائیلی، ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تەكەتولات و ئینشقاقاتی حزبی و، پێكهێنانی حزبی نوێ. هەروەكو "ئارئێل شارون” هەستا بە دامەزراندنی حزبی”كادیما" لەساڵی (2005) پێش هەڵبژاردنی كەنیسەتی ئیسرائیلی لە (2006) دا.(4)

ئیسرائیل، بچوكترە لەڕووبەری جوگرافی پارێزگایەكی وەك سولەیمانی كە (23000كم) چوارگۆشەیە. لەباشوری كوردوستان (50) حزبی سیاسیی تۆماركراوە (14) یان توركمانین!. بەهەمان شێوە هەموو حزبەكانیش تووشی ترازان و جیابونەوە بوون لەناو كورددا.. جیاوازییەكە ئەوەیە: ئەقڵی كورد ئەقڵێكی موئەسەساتی نییە. ئەو جولەكانەی لەدوای پەیمانی بلفۆڕ (1919) چاویان لەوە كرد بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەهەرە پیاوە ڕاقی و ڕۆشنبیرەكانی جیهان بون، بەڵام ئەوانەی لە كوردوستان لە شاخەكانەوە هاتنەوە شارەكان، هەرە مرۆڤە نەخۆشەكانی خۆرهەڵاتی ناوین بون، چونكە لەپێش (ماد) ەوە ئەمانە هەر لەشاخەكان بون.

ئەو ئەوروپیانەی لەدوای (كۆڵەمبوس) چوونە خاكی ئەمریكاوە، هەرە خەڵكە ئەرستۆكرات و خاوەنبیرەكان بون، تەمەنی دەوڵەتی ئەمریكاو تەمەنی شاری سولەیمانی یەك شتە كە (250) ساڵێكە.بۆچی تا بێت سولەیمانی بەرەو دوا ئەڕوات، ئەمریكاش بوو بە مەزنترین هێزی گەردون! ئەوانەشی زوو هاتنە شارەوە لەسولەیمانی كەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەنەكان بون! لە پارێزگایەكی وەك سولەیمانی تەنها (8) ساڵی حوكمڕانی وەربگرین، (2750) ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی هەیە، كەدزی و بەهەدەردانە، لە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل بە هێزترین سەرۆك كە "ئێهود ئوڵمەرت” بووە، لە (2014) دا، (6) ساڵ حوكم ئەدرێت، چونكە لەحەفتاكان بەڕێوەبەری شارەوانی بووە، بەهەدەردانی كردووە، بە تۆمەتی ئەوەشی (150) هەزار دۆلاری لەسەرمایەدارێكی ئەمریكی وەرگرتووە. .

ئەمە وێنەی ئەو دەوڵەتە بچوكەیە، كە ڕەگەزو زمانی لەگەڵ هیچ شوێنێكدا هاوبەش نییە. لەكاتێكدا توركیا لەسەر میراتی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژووش دانیشتووە، ساڵی (2005) بەبڕی (500) ملیۆن دۆلار، گرێبەستی لەگەڵكردووە، بۆ تازەكردنەوەی (170) دەبابە، بەبڕی (688) ملیۆن دۆلار فڕۆكەكانی فانتۆم-4 (f-4) ی توركیا تازەكردووەتەوەو، مووشەكی دژە بالیستی پێداوە.(5)

 

 دووهەم: فرە بەرەیی لە فەلەستین

دیسان ئەو دەنگە دەنگەی لەكوردوستان هەیە، بەهەمان بڕو ئاڕاستە لە (فەلەستین) یش هەبووە.. قوربانیەكانی نەك (100) ساڵ، بەڵكو (30) ساڵی كوردو (30) ساڵی فەلەستین بەراورد بكە، نیو هێندەی كورد ئازار و كۆمەڵكوژییان بەرانبەر نەكراوە. شەڕی ناوخۆی یەكێتی و پارتیش ژمارەی قوربانیەكانی بیست هێندەی شەڕی ناوخۆی فەتح و حەمماسە. ئەو (قودس) ەی جولەكە ناوی ناوە پایتەختی ئەبەدی، لەسەردەمی فتوحاتەوە بۆ مەمالیكەكان، بۆ عوسمانیەكان، بۆ ئینتدابی بەریتانی (1921)، بۆ شەڕی عەرەب ئیسرائیل (1967)، هەتا (2006) یش كە دەوڵەتی فەلەستین ڕاگەیەنرا، هەر كاتەو وێنەیەكیان بۆ كێشاوەو، وتراوە ئەونە كیلۆمەترە. هەموو ڕووبەری فەلەستین (26323) كم چوارگۆشەیە، ناگاتە تەنها ڕووبەری داگیركراوی خاكی (كەركوك) و (موسڵ) ی كورد. لەكاتێكدا فەلەستینیەكان بە بەردەوام لەدەرەوەی خۆیان (1) ملیار لایەنگریان هەبووە، لەهەموو مێژووی سەدەی بیستەم دا (1) ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی نییە باسی كوردبكات، بەڵام (10) دانە هەیە تایبەت بە فەلەستین، وەكو (كامب دیڤید لە 1978) كۆنگرەی مەدرید (1991) ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆ (1993) و هی دیكەش. كەواتە پرسی كورد كێشەی خۆیەتی.

ساڵی (2006) بزوتنەوەی مقاوەمەتی ئیسلامی (حەماس) لەهەڵبژاردنێكدا، زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، جگە لە توركیا كەس ئیعترافی پێ نەكرد (ڕەگی لە تیرۆردایە)، دایانبڕی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی (2007) كەرتی غەززەی كۆنترۆڵكردەوە، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی دا، لە (23ی تەمموزی 2007) ئەرۆدگان ئەوەی بۆ ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكوەزیران لەحكومەتەكەی غەززە خستەڕوو، كە  توركیا ئامادەیە مەلەفی ئاشتی بجوڵێنێت، ووتی "ئێمە لەتوركیا دوای پێكهێنانی حكومەت لەو چەند هەفتەیەی ئایندەدا، ئامادەین لەپێناو ئەو گورزە بەهێزو ئازارەی بەرتان كەوتووە، كاربكەین بۆ گەڕانەوەی یەكڕیزی بۆ ڕیزەكانتان، ئێمە ئەبین بە دوژمنتان ئەوكاتەی سەركەوتوو بوین لە بەرجەستەكردنی ئاشتی لەنێوانتانداو، تەبایی ڕیزەكانتان لەفەلەستین پاراست". لەوەش زیاتر ئەردۆگان وتی" ئێمە ئازارێكی زۆرمان هەیە كە خوێن لەبەر براكانمان لە فەلەستین ئەچۆڕێت، ئەم دابەشبون و پەرتبونەتان هەڵوێستتان لاوازئەكات، زیان بە بەرژەوەندیی گەل و مەسەلەكەتان ئەگەیەنێت، هەروەكو بەردەوامی ئەم ناكۆكیە نێوخۆییەتان، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئایندە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئەبێت”(6)

هەموو جیهانی ئیسلامی هاوسۆزی بۆ فەلەستینیەكان دەرئەبڕی، كۆمەك و هاوكاری ئەكردن، (حەماس و فەتح) یش، خەریكی شەڕ و مەعمەعەی ناوخۆیی بون.

 

سێهەم: توركیا لەسەردەمی ئاكپارتی دا

واقیعی جیۆ-سیاسیی توركیا حاڵەتێكی شازی جیهانییە، لەلایەك قوڕگی دەریای سپی ناوەڕاستی گرتووە، كێشە لە توركیابێت، كێشەیە لەهەموو ئەو وڵاتانەی ئەكەونە سەر ئەم دەریایە، كە (2,5) دوو ملیۆن و نیو كیلۆمەتر چوارگۆشە لەسەر زەوی ئەگرێتەوە، لە باكوری ئەنادۆڵ و ئەوروپاوە تا ئەگاتە باكوری ئەفریقاو وڵاتانی عەرەبی وەك: لوبنان و سعودیەو سوریا و میسر...تاد. ژمارەیەك تەنگەبەری ئاوی وەكو (بوسفور) و (دەردەنیل) و (مەرمەڕە) ی هەیە، كە دەریای ڕەش بە دەریای (ئیجە) ەوە ئەبەستنەوە.

توركیای ئەردۆگانی، ئەگەر ناسنامەیەكی هەبێت، ئابورییەكەیەتی، بە بڕوای من ئەم پرۆسەی گەشەكردنە لە (2002) دەست پێدەكات و لە (2014) دا كۆتایی پێهاتووە، وەك یاری مارو پەیژەكە لەلوتكەوە بۆ سفر ئەگەڕێتەوە. لە ساڵی (1980-2001)، كە ئاكپارتی لە (نۆڤەمبەری 2002) هات توركیا (427) ملیار دۆلار قەرزار بو، بەگەورەترین قەیرانی دارایی ئەژمێررا لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە.

 تەنها زیادبونی ڕێژەی گەشتیار لە ساڵی (2002 ەوە بۆ 2005) لە (12.8) ەوە دوانزە ملیۆن و هەشت سەت هەزارەوە بووە (21.2) بیستویەك ملیۆن و دووسەت هەزار. دەستكەوتی گەشتیاریی (17.5) حەڤدە ملیارو پێنج سەت ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە تەنها بۆساڵی (2005). بەمەش توركیا بوو بە (10) یەمین وڵاتی جیهان بۆ گەشتوگوزار. لەساڵی (2008) دا (30,929,192) سی ملیۆن و نۆسەت و بیستو نۆ هەزار و سەت و نەوەت و دوو گەشتیاری بیانی هاتونەتە توركیا. داهاتەكەی (21,9) بیست و یەك ملیار و نۆ سەت ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە. لە (2014) دا (42) ملیۆن گەشتیار ڕووی لەتوركیا كردووە..ساڵی (2008) كە كۆتا ساڵەكانی پەیوەندییە گەرموگوڕەكەی توركیایە لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان گەیشت بووە (3.38) سێ ملیار و سی و هەشت ملیۆن دۆلار.(7)

"توركیا حەماس وەك بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی نابینێت".. ئەمە سەرۆكوەزیران "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان" لە ئاگادارینامەكەی بۆ ئەمریكا دووپاتی كردۆتەوە،. بەڵكو حەماس: بزوتنەوەیەكی بەرگریكارە لە خاكی خۆی، ئەندامەكانی لە زیندانەكانی ئیسرائیلدان، لەگەڵ ئەمەشدا لە پرۆسەی هەڵبژارنێكی دیموكراتی دا ڕەوایەتی بەدەستهێناوە؟. ئەی پەكەكە چییە؟

وەختێك سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس "خالید مەشعەل" سەردانی توركیای كرد، گەلێك كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ سەر توركیا هەبوو، دیارترینیان، ئەوەبو ووتەبێژی سەرۆكایەتی حكومەتی ئیسرائیلی (رەعنان غیسین-Raanan Gissin) بو، ووتی” ئێمە لە حكومەتی توركیا ئەپرسین، هەست بەچی ئەكەن ئەگەر حكومەتی ئیسرائیل پێشوازی لە عەبدوڵا ئۆجەلان بكات؟!".. پاشان ئەردۆگان پێشوازی لە "عومەر بەشیر" ی سودان ئەكرد، كە كۆمەڵكوژیی كردبو، پۆلیسی ئینتەرپول بەدوایدا ئەگەڕا..ئەها ووردە ووردە ئەمە ئەو كۆدانەن كە ڕێگرن بۆ ئەندامبونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا(8)

 

مەسەلەی كوردو سەرئەنجام

لەناوچەكەدا عێراق و سعودییە و كوەیت بەنەوت و غازەوە خۆیان مانیفەیست ئەكەن، ئوردن و سوریا كێشەی سەرچاوەی ووزەیان هەیە، توركیا ئاسایشی ووزەی خۆی لەئاودا ئەبینێتەوە (كەئێستا لەگەڵ قوبرسی یۆنانی لەناكۆكیدان). ئێران لەگەڵ ئەوەی خاوەنی نەوتە، ترسی لەسەر ئایندەی خۆی هەیە، بەتایبەتی كەمبونەوەی بەنزین لەو وڵاتەدا. لەساڵی (635 ز) دا (ئەلمەقدیسی) وا باسی كورد ئەكات كە: كیانێكی جیاوازن، زمان و دابونەریت و هەڵسوكەوت و سروشتی خاكەكەشیان لەدەوروبەر جیاوازە. دوای (1380) ساڵ لە قسەكەی ئەلمەقدیسی، كورد هێشتا ئیشی لەسەر بەرەو پێشبردنی ئەو جیاوازییانەی خۆی نەكردووە، بگرە كاڵیشی كردونەتەوە. لەبەرئەوەی لەسەدەی بیست و یەكدا، كێشەی نەریتی نێوان دەوڵەتان، لەسەرخاك و سەروەری و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان، تێكەڵ بە بەرژەوەندییە ئابورییەكان دەبێت. لەگەڵ هاتنی لێشاوی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ كوردوستان و دەوروبەری، ئاسایشی نیشتمانی كراوەتە قوربانی ئاسایشی ووزە و نەوت و غاز.

 لە ڕووانگەی باسەكەوە، پرسی كورد پرسی خۆیەتی، خۆی نەیتوانیوە خاوەندارێتی لەخۆی بكات، هەمووی لەبەر سپلیت و مووچەی خانەنشینی پاڵی لێداوەتەوە، چاوەڕێ ئەكات كێ بەرگری لێ بكات، سەلەفیەت كە سعودییە كارگەكەیەتی و هەناردەی ئەكات بۆ دەرەوەی خۆی؟. ئینجا دیبلۆماسیەتی كوردیی لەوەها كاتێكدا، ئەبێت دیبلۆماسیەتێك بێت ئامادەگی لەهەموو دونیادا هەبێت، كەچی تەنها لە فەیسبوك و ئەوشتە تافیهانەدا كورد ئامادەیی هەیە.

بەلای كەمەوە، لەم باسەدا بینیتان، ئەردۆگان چەند بە پەرۆش بووە، بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی گەلی فەلەستین و، سازان و ئامادەكردنیان بۆ تەحەدا گەورەكان، پاڵپشتی كردنی ئەردۆگان و گریانی بۆ مناڵە فەلەستینیەكان، هاوسۆزی و هاودینی نییە، ئەردۆگان لە لێدوانێكیدا گوتی” تاپۆی فەلەستین لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی دا پارێزراوە".. بەڵكو ئاكپارتی لەگەڵ هاتنی بۆ دەستەڵات، سیاسەتی گەڕانەوەی بۆ جیهانی عەرەبی و دەوروبەری پەیڕەوئەكرد، كە (80) ساڵە عەرەبەكان تورك بە فیتنەی ناوماڵی ئیسلامی ئەزانن.

لە (1ی ئازاری 2003) پەرلەمانی توركیا، ڕەتی كردەوە ڕێگە بەهێزەكانی ئەمریكا بدات، هێرش بكەنە سەر خاكی عێراق، چونكە ترسیان لە فیدراڵیەت و سەربەخۆیی كوردەكانی باكوری عێراق هەیە. هەمان ڕۆژ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا "كۆڵن پاوڵ" گەیشتە توركیا، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە وتی” توركیا ڕێگەی داوە هاوكاریمان بكات، كۆنگرێس بڕیاریداوە یەك ملیار دۆلار هاوكاری دارایی توركیا بكەین ".. دوای داگیركردنی عێراق، ئەردۆگان تەلەفۆن بۆ (جۆرج –دەبلیو بوش) ئەكات: دوای ئەوەی سوپاسی ئەو هاوكارییە داراییەتان ئەكەین، یەك داخوازیم هەیە، كە لەنامەی ساڵانەی ئەمریكادا، بۆ ئەرمەنەكان ووشەی” جینۆسایدو كۆمەڵكوژیی" بەكار مەهێنن. .!! .كاتێك سەرۆكی زانكۆی ئیستانبوڵ باڵوێزی ئیسرائیل ئەكاتە دەرەوە لە میواندارییەك، خوێندكارەكان فیكەی لێ ئەكەن، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵوێزی توركیا "نەمەق تان" لە وڵاتەكەیان بانگ ئەكەن و پێی ئەڵێن” ئیسرائیل ئیش لەڕێگەی لۆبی خۆی لە كۆنگرێسەوە، ئیش لەسەر ئەوە ئەكات نەتەوە یەكگرتوەكان بە بڕیاری كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان نەسەلمێنێت، توركیاش ئەبێت پالپشتی مانبكات لە شەڕی دژی تیرۆر (كە حەمماسی فەلەستینە).

هەموو ئەو نمونانە، بۆ ئەوەن بیركەرەوە و بڕیاردەری كورد، بزانێت: كە پرسی كوردیش ئاوەها مامەڵەی پێوەكراوە.

ئەو هێزەی كورد، هەیەتی پێویستی بە (فەتحكردن لەناوەوە) هەیە.نەك (دەرەوە). پاش (32) ساڵ پەكەكە بووەتە خاوەنی (17000) هەزار گەریلا لەشاخ و (12000) هەزار شەهید، (80) ئەندام پەرلەمان لە توركیا، نزیكەی (10) ملیۆن دەنگدەر و (100) سەرۆكی شارەوانی و (3) ملیۆن پشتیوانی كوردانی تاراوگە.. ئەم هێزە، خاوەنی 25 حزب و ڕێكخراوی سیاسی و هێزی گەریلاییە لەهەر (4) پارچەی كوردوستان، بەپێی سەرچاوە ناڕەسمیەكان ساڵانە نزیكەی (500) ملیۆن یۆرۆ داهاتی كۆكراوەی پەكەكەیە، (10) كەناڵی ئاسمانی هەیە.

بەپێی ووتەی وەزیری دارایی توركیا "محەمەد شیمشیك" لەكاتی تاوتوێكردنی بودجەی ساڵی (2015) گوتی" جەنگ لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردوستان لەسەرەتاوە تائێستا (435) ملیار دۆلاری ئەمریكی تێچونی هەبوە، چاودێران گومانیان لەو ژمارەیە هەبو كە وەزیری دارایی دركاندی، چونكە بە پێی ڕای ئابوریزانان و لایەنەكانی خەمڵاندن بۆ زیانەكانی توركیا، لەجەنگ دژی پەكەكەدا، توركیا (880) ملیار دۆلار زیانی كردووە.. لە باشوری كوردوستانیش بەرەو ئەوە ئەچێت (1) ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانە بكات. هەتا ئامرازەكانی هێز لەخودی خۆتدا وەگەڕ نەخەیت، ناتوانی پەخشی بكەیت بۆ ئەودیوی خۆت.(9)

 

 ئەو سەرچاوانەی سودیان لێوەرگیراوە:

(1).Gurbuz,Mustafa (2015): Turkey's Kurdish Questions and the Hizmet Movement, Rethink Paper 22. Washington DC, March 2015.

(2).د.محمد جمال الدین العلوی (2008) : الاحزاب وأپرها فی الرسم السیاسە الاسرائیلیە.مركز الدراسات الاقلیمیە,الكلیە العلوم السیاسیە، جامعە موصل. العراق. ص 5.

(3) ڕۆبرت سەنت یۆهن (2011) داود بنگوریون دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل (وەرگێڕانی: شەفیق حاجی خدر). ل 87

(4) العلوی (2008): مصدر السابق. ص 6.

(5). رائد محمود أبو مگلق (2011): العلاقات التركیە- الاسرائیلیە وأپرها علی القڤیە الفلسگینیە (2002-2010)، رسالە ماجستیر، من قسم الاقتصاد والعلوم الاداریە (برنامج العلوم السیاسیە)، جامعە الازهر، غزە.

(6). Saleh&Nafi (2007) The Palestinian Strategic Report for year 2005. Zaytune Center for Studies and Consultation, Number of Pages 257,  Beirut

(7). اڵاقتصاد التركی والسیگرە قویە علی المنگقە العربیە (للنقاش)، (30/1/2013)

http://www.startimes.com/f.aspx?t=32103947

(8).Palestine Strategic Report (2008): Zaytuna Center for Studies and Consultations, the first edition, Beirut, Lebanon.

(9).Gurbuz,Mustafa (2015): Turkey's Kurdish Questions and the Hizmet Movement, Rethink Paper 22. Washington DC, March 2015.