• English
  • العربية

ئایا ئەو قەیرانەی لە کوردستان هەیە پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە هەیە؟

كوردستان

11/27/2017 5:15:00 PM

 بە نزیکەیی هەموو سەرکردایەتی بەناو (سیاسی و ئەمنی) کورد دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، ئەگەر لە یەکێتیەوە بیگریت، ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ( کە لە کۆنگرەی دوو بۆ دەست و پێ بەتاڵەکانی یەکێتی دەنگ مان بۆ داو دروستکرا، تا هەندێک بێ ئیش لە وەسەتی حزبا ئیتر نەچن لە چاخانەکاندا زەمی یەکێتی و سەرکردەکانی بکەن) دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم پەیامی بڵاو کردەوە کە ڕیفراندۆم یان نابێت بکرێت یان ئەبێت لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیش بکرێت، هەموو دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی، یەک یەک، بە کۆ، پەیامیان ئەنوسی و پاڵپشتی ڕیفراندۆم یان ئەکرد، کوتلە پەرلەمانییەکانی یەکێتی و یەکگرتوو، گۆڕان و کۆمەڵیش زۆربەیان، سۆسیالیست، شیوعی، بزوتنەوە، میدیاکارەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی بەناو (مەدەنی) هەموویان بە جلی کوردییەوە دەنگیان داوە بۆ ڕیفراندۆم!. ئەمە کارێکی شەریفانە و ئازایانە نییە خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەدزنەوە، ئێژن هەمووی خەتای ڕیفراندۆم بو، هەڵە بو،، هەمووی خەتای پارتی و بارزانی بو،،،،،،، تادوایی. ئەی پێشتر بۆ هەڵەکانتان نەووت؟. ئەی بۆ کە ئەچوون بۆ لای بارزانی ئەتانوت هەموو شتێ ئۆکەیەو، سەرئەکەوین !.

 چ دە ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم لە میدیاکان، چ مانگێک پێش ڕیفراندۆم بە بێ ئاگاداریی میدیاکان، پەیامی سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆمم گەیاندە لوتکەی بەڕێوەبەرانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. پارتی بەشێکی گرنگی ئەو ئیفلیجییەیە لە دونیای حوکمڕانی کوردی بەهۆی دونیایەک خەڵکی گەنەخۆر و مشەخۆر و بێباک لەو حزبەدا، ئەی ئەوانی تر؟ ئەیانەوێ بڵێن چی؟ نەوتیان نەفرۆشتووە؟. ڕۆژنامەنووسیان نەکوشتووە؟. دەستی ئەم و ئەویان نەهێناوەتە ناو کوردستانەوە؟. 
 
بەگشتی، پارتی و یەکێتی بە هۆی حیقدی شەخسی کۆن یان بەهۆی تموحی ئێستایان، یان بە هۆی سەرلێدەرنەکردنیان لە دونیای ئیمڕۆ، هیچ شتێک لە نیشتیمانسازیی نازانن، ئەو قەیرانەی ئیمڕۆ لە کوردستان هەیە لە ڕووی سیاسیەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکان، لە ڕووی حوکمڕانییەوە ئەگەڕێتەوە بۆ دوای پرۆسەی ئازادی (۲۰۰۳) لە ڕووی میدیایی و شڵەژانی کۆمەڵایەتیەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن و، بە دیاریکراویش لە دوای (۱۷ی شوبات)ەوە هەیە، لە ڕووی داینامیکی ڕووداوە هەرێمییەکانیشەوە ئەگەڕێتەوە بۆ بەهاری عەرەبی و هاتنی داعش، هەموو ئەمانە پێکەوە کۆمەڵێک دان یان لە ناو دەمی هەرێمدا کلۆرکردووەو، ئازارێکی زۆری هەیە، بە درێژایی ساڵ دان ناشۆن، گوێ بەهیچ نادەن و ئەیهاڕن، دوایی کە ئازار دەست پێ ئەکا، جنێو بە پزیشکەکان ئەدەن کاتژمێرێ درەنگتر هاتووە بۆ نۆرینگەکە.

دەرئەنجام و ڕاسپاردە بۆ ئایندە ئەمەی لای خوارەوەیە:

یەکەم: ئەبێت کورد سێکتەری نەوت و غاز تێکەڵ بە کوردایەتی نەکات، نەوت و غاز کاڵایەکی ئابوریین بۆ خۆشگوزەرانی و هاندان بۆ پێشکەوتنی کەرتەکانی تر، نەک تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیاو ململانێی سیاسیی ناوخۆیی و عێراقی بکرێت، دوایی کارەسات بە دوای خۆیا دێنێت.
دووەم: کێشەی ئایندە کێشەی ئاوە، هەرێم بێ ئاو ئەبێت، سەرچاوەکەشی لە تورکیاو پرۆژەی گاپ --GAP ەوەیە، هەروەها بەنداوی "ئەلیسۆ" کە ئەویش هەر بەهۆی پرۆژەی گاپ (Great Anatolian Project) ەوەیە، وەک پێشوتر لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە مێدیتریانە ئەمەمان ئەنەلایز کردووە.

سێهەم: لە (۲۰۱٤) ەوە بۆ (۲۰۱۷) لە چەندین شوێندا ئاماژەمان بە تێکچوونی ئاسایشی ناوچەی سولەیمانی کردووە، بەهێڵێک لە سلێمانییەوە تا دووز، ئەوجا میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم نوسینانەیان ئەقۆستەوە ئەیانکرد بەهەواڵ، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ئاسایشی کوردستانە، بە بێ سلێمانی و کەرکوک یانی نیوە زیاتری ڕووبەری کوردستان ئیفلیجە و هەڕەشە لە هەموو شوێنەکانی تریش دروست ئەکات، جا ئەوە سەرەتاکانی ئەو تێکچوونە ئەمنییە دەرکەوتوون و، بەڵکو زوو ئەو خوێنبەربوونە ڕابگیرێت!.