• English
  • العربية

عێراق و تونێلێکی تاریک: حکومەتی زۆرینە، تەوافوقی نیشتیمانی، جەنگی ناوخۆ

11/9/2021 8:15:00 PM

*بێوار ڕەحمان

بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە ترۆپکی ئاڵۆزیی خۆی مەترسییەکان زیاتر ئەبن. یەکەمجارە، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە درۆن هێرش بکرێتەسەر ماڵی سەرۆک وەزیران. یەکەمین جارە هەست ئەکەیت خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە ئاڕاستەو شوێنی خۆیان گۆڕیوە بۆناوچەی سەوزی بەغدا؟. نزیکەی مانگێک تێپەڕی بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی (١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) دا هێشتا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ڕا نە-گەیاندوە؟.

سەرەتای ئاڵۆزییەکە: گەیشتنی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا

دوای ئەوەی هەریەکە لە حەشدی شەعبی و دەوڵەتی قانون و فەتح و زۆرترین سەرکردەکانی سووننە کە لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانیان زۆرکەمی کردوە، بۆیان دەرکەوت ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەنگەکان هاوشيوەی یەک بونە لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن. بۆیە دەستیان کرد بە ڕێگری و پشێوی و خۆپیشاندان و هەڕەشەی جۆراوجۆر

لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، موقتەدا سەدر لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە؛ نسار ڕوبەیعی و حەسەن عزاری و حاکم زاملی ئامادەکاری کردو بۆ ڕۆژیهەینی (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) گەیشتە شاری بەغدا. لەگەڵ گەیشتنی موقتەدا بۆ بەغدا بۆ یەکەمین جار لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە بۆ-خۆی سەردانی لایەنەکانی کرد. پێشوتر لایەنەکان سەردانی موقتەدا سەدریان ئەکرد. ئەمجارە سەدر یەکەمین گفتوگۆی خۆی لەگەڵ ماڵیسووننی دەست پێکرد، لەگەڵ «محەمەد حەلبوسی» نزیکەی دوو کاتژمێر کۆبونەوە نەگەیشتنە ئەنجامێک، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، حەلبوسی هیچ بەڵێنێکی بە سەدر نەدا بۆ ئەوەی پێکەوە گەورەترین کوتلە پێک بهێنن. لە پاشاندا سەدر دووەمین کۆبونەوەی خۆی بردە ماڵیسەید عەممار حەکیم، سەید عەمار ئەو پیاوەیە کە وادەرئەکەوێت هەموو دەنگە ناڕازییەکانی ماڵی شیعە کۆئەکاتەوە لەسەر مێزێک. بۆیەزۆربەی کابینەکانی پێشوو لە ماڵی حەکیم پێکهێنانی بۆ کراوە، وە هەر ئەو کاندیدانە سەرکەوتون کە لە ماڵی حەکیمەوە  دانراون. بۆیە موقتەداسەدر زۆرترین خواست و نیەتەکانی خۆی خستۆتە بەردەم عەمار حەکیم. تەنانەت ئامادەیی نیشانداوە کە هەرچۆنێک  سەید عەمارو عەبادی وهادی عامری پێیان باشەو چۆن بیانەوێت وا لەگەڵیان ڕێک ئەکەوێت.

پێکهێنانی حکومەت بە بێ مالیکی ئەستەمە

 لە کۆتاییدا موقتەدا سەدر دوو مەرجی هەیە، چونکە ئەو ئەیەوێت حکومەتێک لە زۆرینەی شیعەو سووننەو کورد پێک بهێنێت:

یەک/ بە هیچ شێوەیەک حیزبی دەعوەو دەوڵەتی قانون بە شداری ناکەن لە حکومەت و، بەهیچ شێوەیەکیش لەگەڵیان دانانیشێت.

دوو/ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ قەیس خەزعەلی نە دا ئەنیشێت و نە دەهێڵێت بێنە ناو حکومەت.

ئەم دوو مەرجەش بە لای سەید عەممار حەکیم ەوە زۆر قورسە، چونکە خۆی ئەزانێت حکومەتێک  بە بێ مالیکی و بە بێ حزبی دەعوە زۆر ئەستەمە بتوانێت سەرکەوتو بێت، ئەوەش لەبەر ئەم (٣) هۆکارەی  خوارەوە:

یەک/ حیزبی دەعوە (١٢) ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی کردوە، خاوەنی (٢٧٦٠) بەڕێوەبەری گشتییە لە حکومەتی عێراقدا، خاوەنی (٢٨) دەستە و (٤٧) بریکاری وەزیرن. تەنانەت  زۆربەی ئەفسەرە باڵاکان و فەریق ڕوکن و پلە باڵاکان هەیە هەموو لە دەستی نوری مالیکیدایە. مالیکی ئەو پیاوەیە کە لە هەڵبژاردنەکەی پێشوەختەکەی (١٠ی ئۆکتۆبەر) دا زۆرترین دەنگی لەناو هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری و حەشددا هێناوە. بۆیە ماڵی حەکیم پێیان وایە بە بێ مالیکی زەحمەتە حکومەت پێک بهێنرێت، سەدریش تەنانەت ئامادە نییە لەگەڵ مالیکی دابنیشێت!.

دووەم/ موقتەدا سەدر، هەروەها لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبوەوە، عەبادی پێشوتر لە پێناوی موقتەدا سەدر دەستبەرداری حیزبی دەعوە بو، وە دەستبەرداری نوری مالیکی بو. بەڵێنی ئەو کاتەی موقتەدا سەدر بو کە بەڵێنی بە عەبادی دا بۆ جارێکی تر بیکاتەوە بە سەرۆکوەزیران، بەڵام هەلومەرجی سیاسیی ئەوکات وای نەخواست و عەبادی نەبوەوە بەسەرۆک وەزیران.

لە ئێستادا، چانسی عەبادی بەهێزە بۆ هەر ئەگەرێک کە موقتەدا سەدر کاندیدی بکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. بەگشتی هەریەکە لەموستەفا کازمی و حەیدەر عەبادی ئەو دوو کەسەن کە ناویان لە گیرفانی سەدر دایە بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.

هۆکاری سێهەم، پارتی دیموکراتی کوردستانە. کە هوشیار زێباری سەرۆکایەتی وەفدەکەی پارتی ئەکرد لە بەغدا، بەڵام موقتەدا سەدر چاویبە وەفدەکەی پارتی نەکەوت لەبەغدا. بەڵکو وەفدەکەی پارتی چاویان بە تەیاری سەدری کەوت و، موقتەدا وای نیشانداوە کە تەنها لەگەڵ کەسانی پلەیەکی لایەنەکان دانیشتن ئەکات و سەردانی هەولێر ئەکات.

بەگشتی سەدر، پلانی گەشتەکەی بۆ بەغدا بۆ ماوەی (٨) ڕۆژ بو. بەڵام تەوژمی بەهێزی خۆپیشاندەران و نارەزایی زۆری حەشدی شەعبی وبرینداربونی زیاتر لە (٣٥٠) کەس و کوژرانی (٨) کەس لە نزیک ناوچەی سەوز، وای ئەخواست خێرا دەمەو بەیانی رۆژی شەممە (٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) بگەڕیتەوە نەجەف، لەبەرئەوەی خاڵی بەهێزو ناوچەی نفوسی موقتەدا بەغدایەو، پێکدادانی قورس لە نێوان لایەنەکاندا دروست نەبێت.

هێرش بۆ سەر ماڵی سەرۆکوەزیران گفتوگۆکانی وەستاند

عێراق، بە تونێلێکی ئێجگار تاریکدا گوزەر ئەکات، هێرش کردن بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆسەر ماڵی موستەفا کازمی، پەیامە گەورەکەی ئەوەبو لەمەودا ماڵی هیچ سەرۆک سەرکردەیەک لە عێراقدا پارێزراو نییە. ئەوەی جێی سەیرە! رۆڵی مەرجەعیەتی باڵا ئێجگار لاوازدەرئەکەوێت، چ لە بەر پێگرتنی ناکۆکی و تەقینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، چ لە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی سەرۆکوەزیراندا. بەپێچەوانەوە پەیامی ئەمریکاو فەڕەنساو بەریتانیاو وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر بو بۆ پاڵپشتی موستەفا کازمی. لە ئێرانیشەوە عەلی شەمخانی قسەی کرد و ئیدانەی هێرشەکەی کرد، وتیشی؛ ئەمە سەرەتای فیتنەیەکی ناوچەییە!. شەمخانی پیاوێکی نۆرماڵە، لە بنچینەدا شیعەیەکی خەڵکی ئەهوازە. یەکێک بوە لەو کەسانەی هەوڵیداوە نێوەندگیریی لایەنە عێراقییەکان بکات، بەڵام بەهۆی کێشەو ململانێکانی  لەگەڵ قاسمی سولەیمانی، شەمخانی لەبەردەم ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لە پرۆسەی هەماهەنگی لایەنە عێراقییەکاندا و کشایەوە. ئێستا عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، تاکەکەسێکیش بو لەو وڵاتە قسەیکرد بەرانبەر هێرشکردنە سەرماڵی کازمی. جگە لەوەی شەمخانی بەرپرسی مەلەفی دانوستاندنە لەگەڵ سعودییە کە لە بەغدا بەڕێوە ئەچێت.

 

ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن پەسەند ئەکرێت؟.

هەریەکە لە قەیس خەزعەلی و ئەبولوەلائی و هەموو سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ، ئەو هێرشەی سەرماڵی کازمی بە کاری خۆیان نازانن،بەڵکو بە سیناریۆی کازمی خۆی ئەزانن.

گریمانەیەکی دیکە هەیە!. ئاخۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن پەسەند ئەکرێت؟. ئایا دادگای فیدراڵی کە « فایەق زێدان» سەرۆکێتی وکاندیدی هاوپەیمانی هاوپەیمانی فەتح بو بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، ئایا کاندیدەکان قبوڵ ئەکات؟.

ئایا بۆچی هیچ هێرشێک نییە بۆ سەر سەرۆک کۆماری عێراق، بۆچی تا ئێستا هیچ لایەنێکی شیعەو سووننە هێرش ناکەنە سەر بەرهەم ساڵەح!. لە کاتێکدا بەرهەم ساڵەح  واناسراوە هەمیشە خەریکی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆی بوە لە بری کوردو عێراق و پارێزەری دەستور. لەکاتێکدا بەرهەم ساڵەح بو موستەفا کازمی هێنایە سەر شانۆی سیاسی و کاندیدی کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

پرسیارێکی تری جەوهەری ئەوەیە، ناوچەی سەوز کە (٥٦) کیلۆمەترەو نزیکەی (٦٠٢٨) چەکداری لێیە، (١٦) هەزار چەکداری هەواڵگریی لێ یە، باڵوێزخانەی (٣٨) وڵاتی لێیە، باڵوێزخانەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی لێ یە، پەرلەمان و ئەمیندارێتی گشتی و ماڵی زۆرترین سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی لێ یە. هەموو حکومەتەکەی عێراق لە ناوچەی سەوزە. لەناوچەی سەوزیشدا کە ماڵی سەرۆک وەزیران دەکرێتە ئامانج ئیدی چی ئەمێنێتەوە بۆ ئاسایش و بۆ فەرمانڕەواییکردن لە عێراق!؟.

دواجار، عێراق بوەتە مەیدانی ململانێی هێزە ناوچەییەکان، سەدر نزیکە لە سعودییەکان، گروپەکانی نزیک لە ئێرانیش  بونێکی بەهێزیان لەگۆڕەپانەکەدا هەیە، وەکو ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا، سعودییەو ئێران تا ئەوپەڕی ململانێیان لە لوبنان کرد، دواتر سیستەمی دارایی و بانکی لوبنانی داڕما، پاشان حکومەتێک پێکهات و ئێران ئەیەوێت ڕۆڵی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

دەرئەنجام

گەورەترین شکستی عێراق ئەوەیە، کە هێزێکی دامەزراوەیی- نیشتیمانی- سەربازیی نییە، بەڵکو هەر لە هێزەکانی ناوخۆ و ڕاوێژکاریئاسایشی نیشتیمانی و بەرگریی و پلەدارە باڵاکان هیچیان لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیران « موستەفا کازمی» دا نین. لە هێرشەکەی سەرماڵی کازمیدا زۆربەی فەرماندەو ئەفسەرە باڵاکانی عێراق هیچیان نەگوت!. کازمی بە تەنها مایەوە.

هەرچی موقتەدا سەدرە، خۆی لە گەڕێکی تری گەورەی مەیدانی سیاسیدا ئەبینێتەوە، زیاتر بایەخ بە ئامادەکردن و خستنە مەیدانی گەنجەکان ئەدات، بۆ یەکەمین جارە سەدر کە دێتە گفتوگۆ و دانیشتنەکانەوە هەریەکە لە سەید مستەفا یەعقوبی و ئاتوڵڵاکانی دەوروبەری بەشداری پێ ناکات، بەڵکو گروپێکی گەنج بەدەوریەوە ئەبینرێن. لەگەڵ ئەمەشدا دەرەنجامی کۆتایی ئەوەیە کە مەرجەعیەت ڕایگەیاندوە، حکومەتێکی تەوافوقی- نیشتیمانی پێک بێت، موقتەدا سەدریش خەونی ئەوەی هەیە حکومەتێکی زۆرینە پێک بهێنێت لە شیعەو سوونەو کورد، کە ئەمەیان ئەستەمە. ئەمە سەرەتاکەی بێت سەدان بریندارو کوژراو هەبێت و بە درۆن هێرش بکرێتە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران، کەواتە کۆتاییەکەی باش نابێت.