• English
  • العربية

نەوتی کەرکوك، چەند ساڵێک بەختەوەری و دەیان ساڵ دەردیسەری

عێراق

2/11/2019 6:54:00 PM

 دکتۆر جەبار قادر

 دەرکردن و هەناردەکردنی نەوت پێویستی بە هێزی کارو کەرەسە و ئامێری تەکنیکی زۆر هەبوو، کە ئەمانەی دواییان لەو سەردەمەدا لە عیراق دەست نەدەکەوتن، بۆیە زیاتر پشت بە هێزی کاری هەزاران کرێکار بەسترا.

کرێکارانی عیراقی ئەو کارانەیان دەکرد کە شارەزایی و بەهرەی تایبەتیان پێویست نەبوو نەوت کارمەندێکی زۆری لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، هندستان، ئێران و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبییەوە دەهێنا. هەرچەندە کارکردن لە پرۆژەکانی کۆمپانیای نەوتدا سەخت بوون، بەڵام لە بارودۆخی هەژاری و بێ کاری دانیشتواندا دەرفەتێکی باش بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان..

 ژمارەی کرێکاران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندا بوو. تا ساڵی ١٩٤٥ ژمارەیان دەگەیشتە ٤٦٤٤ کرێکار، دوو ساڵ دواتر واتا لە ساڵی ١٩٤٧ ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ ١١٧٣٦ کرێکار. ئەو ژمارەیە بۆ شارێکی ڕۆژهەڵاتی ٧٥ هەزار کەسی ڕێژەیەکی باش بوو و داهاتێکی ئابوری باشی بۆ دانیشتوان دەستەبەر دەکرد. داهاتی کرێکاران جموجووڵی زۆری خستە بازاڕەوە. ڕۆڵی کۆمپانیای نەوت تا بڵێی گرنگ بوو لە ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی و هونەری کرێکار و کارمەندەکانی. یەکێ لە بنەماکانی کاری کۆمپانیای نەوت ئەوە بوو کرێکار و کارمەندی ئەو وڵاتانەی نەوتیان تێدا دەدۆزرێتەوە ڕابهێنن و ئامادەیان بکەن بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان، نەك لە وڵاتانی دیکەوە کرێکاریان بۆ بێنن. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ١٩٥٦ "ناوەندی ڕاهێنانی پیشەسازی" لە عەرەفە کردەوە. سەنتەری ڕاهێنانی پیشەسازی دەیان خولی هونەری بۆ کرێکران لە بوارەکانی بیناسازی، کارەبایی، بۆڕیچێتی، لەحیم، فیتەری و دارتاش...تاد دەکردەوە.

دیمه‌نێك له‌ كێڵگه‌ى باى حه‌سه‌ن -  كه‌ركوك

دەرچووە هەرە بەتواناکانی ئەم خولانەی دەناردە بریتانیا بۆ فێربوونی پیشە جیاوازەکان بە شیوەی زانستی و پراکتیکی. لە ساڵانی ١٩٤٨ – ١٩٦٠ نزیکەی ٦٠٠ کرێکار لەم سەنتەرە ڕاهێنانی هونەرییان بینی و بەرە بەرە جێگەی کارمەندە بیانییەکانیان لە کۆمپانیای نەوت دەگرتەوە. دواتریش کۆمپانیاکانی نەوتی مووسڵ و بەسرە کەڵکی زۆریان لێیان بینی. کۆمپانیاکە ژمارەیەکی باشی خوێندکاری عیراقیشی دەناردە بریتانیا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی ئەندازایاری و پیشەسازی نەوت و ئابوریدا. ساڵی ١٩٥٣ یەکەمین دەستەی خوێندکاران بەڕێ کران کە ژمارەیان ٣٨ قوتابی بوو. لەو ساڵەوە تا ساڵی ١٩٦٦ بە پێی ئەو پرۆگرامە ٥٠٠ قوتابی خوێندنیان لە زانکۆکانی بریتانیا تەواو کرد. کاتێکیش دەگەڕانەوە بۆ عیراق لە کۆمپانیای نەوت، وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای نیشتمانی نەوت، پاڵاوگەی دۆرە و دەزگا حکومییەکانی دیکە، بە تایبەتی لە وەزارەتەکانی ئابوری و فێرکردن دەستیان بە کارکردن دەکرد و ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێشکەوتنی عیراق.

سیاسەتی کۆمپانیای نەوت ڕۆڵێکی باشی بینی لە چالاکی و گەشەکردنی پیشەسازی و فێربوونی پیشەکان لە سەر بنەمای زانستی و پراکتیکی. دەرچووانی خولەکانی سەنتەری ڕاهێنان لە تەك کارکردنیان لە کۆمپانیای نەوت لە ناو بازاڕدا دوکانیان بۆ خۆیان دەکردەوە و لە دوای دەوام کاریان تێدا دەکرد. لە ڕێگەوەی دوکانەکانیانەوە سەدان شاگرد و کرێکاریای دیکەیان فێری ئەو پیشانە دەکرد. ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم پرۆژەو کارانە بەشداری کردنی چالاکانەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کەرکوك بوو لە بواری پیشەسازیدا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی. لە کۆتایی چلەکان و دەسپێکی پەنجاکان هەست بە چالاکییەکی ئابوری بەرچاو دەکرا کە هەزارەها خەڵک بەشدارییان تێدا دەکرد. شار گەشەی دەکرد و گەورە دەبوو.

دروستکردنی خانوو و بەرە بۆ کارمەندانی کۆمپانیا بووە هۆی خواستی زۆر لە سەر کەرەسەی بینا، کرێکار، وەستا، کارەباچی، بۆڕیچی..تاد. ماڵە تازەکانیش پیویستییان بە دروستکردنی ئامێری فێنک کەرەوە و مۆبیلیای ناو ماڵ و زۆر پێداویستی دیکە هەبوو. پیشەسازی چاپ و بڵاوکردنەوەش لایەنێکی دیکەی ژیانی تازەی کەرکوك بوو کە لە پەنجاکاندا هەنگاوی بەرچاوی دەنا. یەکەمین سەرژمێری پیشەسازی لە ساڵی ١٩٥٤، کە وەزارەتی ئابوری عیراق ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی دامەزراوە پیشەسازییە گەورە و بچووکەکان لە کەرکوك گەیشتبووە ١٣٢٨. لەو دامەزراوانە ٣٥٢٧ کرێکار کاریان دەکرد. ئەو ژمارانە دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتیان نەدەگرتەوە. کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیای نەوت پۆشاکی تایبەت بە خۆیان هەبوو، خواست لە سەر ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی پیشەسازی جڵ و بەرگ لە کەرکوك. هەروەها بۆ دابینکردنی خواستە زۆرەکانی کۆمپانیای نەوت بۆ خۆراک و پێداویستی تر پیشەسازی خۆراک، بەرهەمی کانزایی، کیمیاوی گەشەی باشیان بە خۆوە بینی. هەر کۆمپانیای نەوتیش بوو کۆگای ساردکرەوەی دروست کرد. پێداویستییەکانی کۆمپانیای نەوت کەرکوكی کرد بە یەکەمین لە سەر ئاستی هەموو عیراق لە بەکارهێنانی کارەبادا و بە دووەمین شار لە دوای بەغدا لە بەکاربردنی ئاوی پاکدا. لە زۆر بواردا کەرکوك بەغدای لێ دەرچێت لە گەڵ هیچ یەکێک لە شارەکانی دیکەی عیراقدا بەراورد نەدەکرا.

کۆمپانیای نەوت بە مەبەست کاری نەکرد بۆ پێشخستنی پیشەسازی پیترۆکیمیاوی لە کەرکوك، هەرچەندە تا ساڵی ١٩٧٢ زیاتر لە ٧٠٪ نەوتی هەموو عیراق لە کەرکوک دەردەهێنرا. ئەو جۆرە کارگانەی لە حومس، بانیاس و لوبنان، دواتریش لە دۆرەی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٥، کە دوو سەد و پەنجا کیلۆمتر لە کەرکوکەوە دوور بوو، دروست دەکرد. ئەم هەنگاوانەش هەڵبەتە هەروا بەبێ هۆکاری سیاسی و ستراتیژی نەبوونە.

 

 

 

کۆمپانیای نەوت پێویستی زۆری بە جێگاو ڕێگا بوو بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و نیشتەجێکردنی کارمەندەکانی. لە کەرکوکی ئەو سەردەمەش هیچ باڵەخانەیەک نەبوو دەستبدات بۆ ئەو مەبەستانە، بۆیە بیر لە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کەیوان و دواتریش سێ کۆمەڵگای نیشتەجێبوون کرایەوە. لە چلەکاندا کۆمپانیای نەوت کاری زۆری لەم بوارەدا ئەنجامدا و باڵەخانەی پێویستی لە کەیوان دروست کرد. تا ساڵی ١٩٥١ یش سێ کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی دروست کرد کە ژمارەی خانووەکانی ٥٠٢ خانوو بوون. پێموایە لەم خانووانە تەنها تاک و تەراکی بەر کورد کەوتوونە و زۆرتریان بە سەر کرێکار و کارمەندە کرستیانەکاندا دابەش کران. وردبوونەوە لە ژمارە و ڕێژەی دانیشتوانی گەڕەکە تازەکانی کەرکوك لە نزیک کۆمپانیای نەوت لە سەرژمێری ١٩٥٧دا ئەو ڕاستییە بە زەقی دەردەخات.

پێشتریش کۆمپانیای نەوت لە ساڵی ١٩٣٠ یەکەمین وێستەگەی کارەبای لە کەرکوک دروست کرد. لەوێوە کارەبای دەدا بە پرۆژەی ئاو لە سەر زێی بچووک. ساڵی ١٩٤٩یش وێستەگەیەکی نوێی گەورەتری کارەبای دروست کرد، کە لێوەی کارەبای دەداوە شاری کەرکوك. لە هەمان کاتدا کۆگا، خواردنگە، یاریگا و ناوەندی کولتوریشی دروست کرد. لە بواری تەندروستیشدا لە ساڵی ١٩٣٧ نەخۆشخانەی کەیوانی دروست کرد و دواتر لە کۆتایی چلەکان تازەی کردەوە و فراوانی کرد.

لە ساڵانی یەکەمی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا پشکی حکومەتی عێراق لە داهاتی نەوت زۆر کەم بوو، تەنها چوار شلنی ئاڵتونی بوو بۆ هەر تەنێک نەوت، کە ئەو چوار شلنە دەیانکردە دە سێنتی ئەمریکی، لە کاتێکدا هەر بەرمیلێکی نەوت بە ٦٥ سێنت دەفرۆشرا. ئەم بارە تا ساڵی ١٩٥١ بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٢ بە هۆی رێککەوتنی هەردوو لا لە سەر دابەشکردنی یەکسانی قازانجەکان لە نێوان حکومەت و کۆمپانیای نەوتدا داهاتی عیراق بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە. لەم بارەوە ژمارەکان بۆ خۆیان دەدوێن، لە هەموو ساڵانی ١٩٣٤ – ١٩٤٥ حکومەتی عیراق تەنها ٢١،١٧ ملیۆن دیناری لە داهاتی نەوت دەسکەوت، بەڵام تەنها لە ساڵی ١٩٥٢ داهاتەکەی گەیشتە ٤٠،٧٤ ملیۆن دینار و لە ساڵی ١٩٥٨ گەیشتە ٧٩،٨٩ ملیۆن دینار. تا ساڵی ١٩٤٥ نزیکەی ٩٤٪ هەموو نەوتی عیراق لە کەرکوك دەردەهێنرا.

 لە ساڵی خۆماڵی کردنی نەوتدا (١٩٧٢) ڕێژەی نەوتی کەرکوک هێشتا زیاتر لە ٧٠٪ هەموو بەرهەمی نەوتی عیراق بوو. تا ئەو ساڵەش حکومەتی عیراق بە سەر یەکەوە زیاتر لە دوو ملیار دینار، واتا زیاتر لە شەش ملیار و نیو دۆلاری لە داهاتی نەوت دەسکەوت، ئەم ژمارەیە بۆ ئەو سەردەمانە پارەیەکی یەگجار زۆر بوو.

لە گەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی عیراق لە سامانی نەوت، داهاتی تاکیش بەرز بووەوە، لە ٣٠ دینارەوە ساڵی ١٩٥٠ بۆ ٥٥ دینار لە ساڵی ١٩٥٦ و ١٠٠ دینار لە ساڵی ١٩٦٩. توانای دارایی بەشێک لە دانیشتوانی کەرکوك زیادی کرد و ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی چالاکی ئابوری و بازرگانی لە ناو شاردا. خواستەکانی ڕۆژانەی کۆمپانیا بۆ خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەشەکردنی کشتوکاڵی لێکەوتەوە. چالاکی ئابوریی شار لە زۆری ژمارەی دوکان و کۆگاکاندا خۆی دەنوان، کە ژمارەیان لە لیوای کەرکوك گەیشتە ٢٦٨٤ دوکان و ٣٢٣٥ کەس کاریان تێیاندا دەکرد. ئەو کۆگانەش کە بە جوملە شتیان دەفرۆشت ژمارەیان گەیشتە ٣٢ کۆگا. لە ساڵی ١٩٥٦ دا سێ بانك لقیان لە کەرکوك کردەوە. ژووری بازرگانیش لە ساڵی ١٩٥٧ لە شارەکە کرایەوە.

خۆشگوزەرانی خەڵک لە ژمارەی ئۆتۆمبیلەکاندا ڕەنگی دەدایە کە لە ١٣٢٨ەوە ساڵی ١٩٤٩ گەیشتە ٧٤٩٣ ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٧١. دیاردەی پاسکیل(بایسکڵ) و پاسکیلسواری لە کەرکوك یەکێک لەو دیاردانەیە کە کارمەندانی کۆمپانیای نەوت هێنایانە کەرکوکەوە، ساڵی ١٩٥٠ ژمارەیان ١٩٣٧ پاسکیل بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٧١ ئەو ژمارەیە گەیشتە ٩٣٠٨ پاسکیل. بەسەر یەکەوە ژمارەی ئەو خانووانەی کۆمپانیای نەوت دروستی کردن گەیشتە ٢١٤٢ خانوو. ئەمەش ژمارەیەکی یەگجار زۆر بوو بۆ ئەو سەردەمەی کەرکوک و چەندین گەڕەکی نوێی پێکدەهێنا.

کۆمپانیای نەوت گەلێ خزمەتگوزاری پێشکەش بە کارمەندان و کەس و کاریان دەکرد، لەوانە نەخۆشخانەی کەیوان کە لە ساڵی ١٩٣٧ کرایەوە و ئەو کاتە تەنها ٤٤ قەرەوێڵەی تێدا بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٣ ژمارەیان گەیشتە ١٢٥ قەرەوێڵە. تازەترین ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ دابین کرابوو و بە یەکێک لە باشترین نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا. لە ساڵی ١٩٦٧ ژمارەی قەرەوێڵەکانی گەیشتە ١٤٠. لە تەک ئەمەدا سێ بنکەی تەندروستی لە عەرەفە کرانەوە. بنکەیەکیش لە ناوچەی پیشەسازی کە پیداویستی بەهاناچوونەوەی بەپەلەی بۆ دابین کرابوو. ئەو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییانە داتای وردیان لە مەڕ ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانیانیان کردووە و ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆیان ئەنجام دراون تۆمار کردووە. شایانی باسە ساڵی ١٩٤٧ تەنها ١٠ نەخۆشخانە لە هەموو عیراقدا هەبوون، حەوتیان لە بەغدا بوون و ئەو سیانەکەی دیکەیان لە کەرکوك و مووسڵ و بەسرە بوون، لیواکانی دیکەی عیراق هیچ نەخۆشخانەیەکیان تێدا نەبوو.

کۆمپانیای نەوت گرنگی بە سەلامەتی کرێکاران دەدا لە کاتی کارکردندا و ناوەندی تایبەتی لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ئەو مەبەستە و ڕێگە گرتن لە ڕووداوی سەر کار کردبووەوە. لە ساڵی ١٩٤٦ ژەمی خۆراکی هەرزانی (٣٠ فلس) بۆ کرێکاران لەو خوادنگەیەی کە ٥٠٠ کەسی دەگرت دابین کردبوو. لە گەڵ هەموو ئەو کار و چالاکییانەدا یانەی کارمەندان، هۆڵی وەرزش، کتێبخانە، هۆڵی بۆنەکان، یاریگا و مەلەوانگەی و یانەی کرێکارانی دامەزراند بوو. پرۆژەیەکیشی بۆ پاشکەوت بۆ کارمەندان دامەزراند و بەو پارەیەی کۆیان دەکردەوە زۆریان توانیان خانوو بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بکڕن. هەندێکیشیان بەو پاشکەوتە منداڵەکانیان نارد بۆ خوێندن بۆ دەرەوەی وڵات. کارێکی دیکەی کۆمپانیا هاندانی بزووتنەوی ڕۆشنبیری بوو لە ڕێگەی نامیلکە، گۆڤار و بڵاوکراوەی ترەوە کە باسی ئاوەدانکردنەوەیان لە کەرکوك دەکرد. ئەم کارانە ڕۆڵی گەورەیان بینی لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری لە شارەکە. گۆڤاری "خەڵکی نەوت – أهل النفگ" لە ساڵی ١٩٥١/١٩٥٢ نزیکەی ٧٥٠٠ دانەی لێ دەردەچوو و پەنجا هەزار کەس دەیانخوێندەوە. لە دوای سێ ساڵ تیراژەکەی گەیشتە ١٨ هەزار دانە، لە ساڵی ١٩٥٤/١٩٥٥ یش گەیشتە ٣١ هەزار دانە و ساڵی دواتر ١٩٥٦/١٩٥٧ تیراژەکەی گەیشتە ٤٥ هەزار دانە. پێموایە تا ئێستاش نە لە کوردستان و نە لە عیراق هیچ بڵاوکراوەیەک بەو تیراژە لە چاپ نادرێت. ژمارەیەکی زۆری ئەو گۆڤارە لە کەرکوك دابەش دەکرا. لە حەوتەمین ساڵی دەرچوونیدا ژمارەی لاپەڕەکانی لە ٤٢ بوو بە ٧٢ لاپەڕە. ساڵی ١٩٥٣ هۆڵێکی سینەماش لە بابای ڕۆژئاوا کرایەوە و فیلم و شانۆگەری تێدا پێشکەش دەکرا و تیپی هونەری بەرهەمەکانی خۆیانیان تێدا نمایش دەکرد. بۆ بزاڤی وەرزشیش لە ساڵی ١٩٤٧ یاریگای وەرزشی کە چوار گۆڕەپانی تۆپی پێ، دووی سەبەتە، دوو بۆ تێنس و گۆڕەپانێکی گشتیش بۆ کێبڕکێ ساڵانە دروست کران. یاریگاکە هەر بە یاریگای کۆمپانیا یا(شەریکە) ناسراوە. کۆمپانیا پاسی تایبەتی تەرخان کردبوو بۆ گواستنەوەی کرێکاران لە ماڵەوە بۆ سەر کار و بە پێچەوانەوە.

 کورد بەشدارییەکی کەمی لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیای نەوتدا هەبوو. ژمارەی کرێکار و کارمەندانی کوردیش لەو دامەزراوەیە لە چاو ژمارەیان لە کەرکوک زۆر کەم بوون. ئەوانەشی کە کاریان تێدا دەکرد لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەبەر شاڵاوی دەرکردن و و دوورخستنەوە کەوتن. ئەمەش وایکردووە زۆر جار کورد بڵێت نەوتی کەرکوک هیچ خێر و بێرێکی بۆ کورد نەبووە. هەڵبەتە دزین و تاڵانکردنی نەوتی کەرکوک لە پازدە ساڵی ڕابردوودا لە سەر دەستی مافیای کوردی هیچ پەیوەندی بە قازانجی کوردەوە نیە. بەڵام ڕاستییەکی مێژوویی هەیە دەبێت لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە لەو گەشەکردنە ئابورییەی کەرکوکدا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو شارە بە خۆیەوە بینی کوردیش پریشکێکی بەر کەوت. باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە بە هۆی ئەو گەشەکردنەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دێهاتەکانی کەرکوك باریان کرد بۆ شار و لە هەڵکشانی نائاسایی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوکدا ڕێژەیەکی باشیان پێکدەهێنا و چالاکانە بەشدارییان لە ژیانی ئابوریدا دەکرد.

ئەمە پوختەیەکی کورتی دەسکەوتەکانی کەرکوك بوو لە کۆمپانیای نەوتی عیراق لەو سەردەمەدا، کە ئیمپریالیزمی بریتانی دەستی بە سەر سامانی نەوتدا گرتبوو. بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کرێکارانەوە هەبوو، بەرهەمی خەباتی کرێکارانی کۆمپانیای نەوت بوون بە تایبەتی لە کاتی مانگرتنی گاورباخیدا.

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 دکتۆر جەبار قادر
 دکتۆرا لە مێژووی کورد