• English
  • العربية

تورانچێتی تورکیا و ئاڵۆزییەکانی قەفقاز

تورکیا، دیجلە و فوراتیش تەنیا لە کاتی بە یەکگەیشتن و درووستبوونی (شط العرب )دا وەک ڕووبارێکی نێونەتەوەیی لە قەڵەم ئەدات
جوگرافیاى سیاسى

11/24/2022 9:45:00 PM

فەرەیدوون پەروازە 

تورکیا وەک وڵاتێکی دو ڕەگەی ئوراسیایی بە بێ قرم و قاڵەی میدیایی خەریکی ڕێخستنی دو گەورە گەڵاڵەی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە تەمان بە بێ تێکدانی سنوورە سیاسییەکان قەپی خۆیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیە داگرن و کەوشەن جوغڕافیایی خۆیان وەک سەردەمی عوسمانییەکان لێکەنەوە. لەو وتارەدا هەوڵ ئەدرێ پێگەی تورکیا لە ئاستی ناوچەییدا هەڵسەنگێندرێ و هەروەها دەرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو گەڵاڵە سنووربەزاندنە توێکاری بکرێ.

زاراوە سەرچەشنەکان: ئیسلامی ئیخوانی ، تورانچێتی، ئێران، کوریدۆری زەنگەزۆر

سەرەتا
ژیئۆپۆلیتیکی تورکیا بە هۆی کوریدۆری وزە، کونتڕۆڵی سەرچاوە ئاوییەکان و بەردەبازێک بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران، زیاتر لە جاران بایەخی پەیدا کردووە و تەنانەت تورکیا وەکوو کارتی گوشار کەڵکی لەو پوتانسێڵانە وەرگرتووە."تورکیا ژێرخانێکی بەهێزی پێکهاتوو لە حەوت هێڵی بۆڕی گوازتنەوەی گازی سروشتی، دو ئەنباری ژێر زەوینی گازی سروشتی، چوارکێڵگەی بە تەوشکردنی(مایع کردن) گازی سروشتی و دو هێڵی دەریایی بە درێژایی ۹۳۰کم و دو هێڵی زەوینی بە درێژایی ۱٤۲ و ۷۰ کم کە ساڵانە ۱٥٫۷٥ ملیارد میتر سێجا گازی سروشتی دەگوازێتەوە"[۱] کە لە داهاتوودا بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە  ئاڵۆزییەکانی ڕوسیا و ئەوروپا، بەتەمایە گەشە بە هێڵەکانی گوازتنەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئوروپا بدات. سێ دەریای مەدیتەرانە، ئیژە و دەریای ڕەش دەرەتانێکی سروشتییە لە بەردەم تورکیادا بۆ گەشەی کوریدۆر و گوازتنەوەی وزە. لە لایەکی دیکەوە وڵاتی ئێران بە هۆی باشترین هەڵکەوت و ژیئۆپۆلیتیکی ناوچەکەوە دەرەتانی قۆرخکردنی هەموو کورێدۆرێکی ناوچەکەی هەیە بەڵام " سیاسەتی داخراوی ئێران و بە ئەمنییەت کردنی هەموو پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، دیسانەوە لە خزمەت کوریدۆری تورکیا و دەوردانەوەی لە سنوورە باکورییەکانی ئێراندا هەیە "[۲].کارتێکی دیکەی تورکیا بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، پرسی ئاوە. تورکیا لە ئاستی ناوچە و تەنانەت جیهانیشدا یەکی لەو وڵاتانەیە کە خاوەن زیاترین بەنداوە. بێجگە لە گەڵاڵەیGap، گەڵاڵەی Dapی لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتولیدا هێناوەتە ئاراوە."لە پەنجاوپێنج ساڵی ڕابردودا تورکیا ۲۷٦بەنداوی هەبوە،لە ۲۰۰۳ بەدواوە ئاستی بەنداوەکانی گەیاندە ۷۲٦ و بە تەمایە ئەو ڕێژەیە تا ساڵی ۲۰۲۳ بگەیەنێتە ۱٤٥٤بەنداوی گەورە و بچووک."[۳]. تورکیا بێجگە لە قڕکردنی سوریا و عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی تووشی کێشە و ئاستەنگ کردوە.لە داهاتوودا "چوار پارێزگای باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە باری وەرزێڕی و پیشەسازییەوە بە هۆی درووستکردنی بەنداو و سیاسەتی ئاوی تورکیاوە ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە"[٤].  ئەردۆغان لە دەسبەکار بوونی بەداوی ئیلیسودا دەڵێ پرۆژەی درووستکردنی بەنداوەکان مەبەستی سیاسی لە پشتە.
ئەگەر ڕێکەوتنامەیەکی ئاوی لە نێوان تورکیا و ئێران لە ئاستێکی نزمدا هەیە، ئەوا "لە گەل سوریا و عێراقدا نە ڕێکەوتنامەی ئاوی هەیە و تەنانەت تورکیا، دیجلە و فوراتیش تەنیا لە کاتی بە یەکگەیشتن و درووستبوونی (شط العرب )دا وەک ڕووبارێکی نێونەتەوەیی لە قەڵەم ئەدات "[٥]. هەڵکەوتی جوغرافیایی تورکیا وەک دەروازەی، هۆکارێکە بۆ پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئورووپا. یەکەم وێستگە و بەردەبازی پەنابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تورکیایە. لە ساڵ ۲۰۱٥دا لێشاوێکی یەک ملیۆن کەسی وەک پەنابەری سوری دەربازی وڵاتانی ئورووپایی بوون کە بە کێشەیەکی گەورە لە مێژووی ئەو یەکێتییەدا لە قەڵەم ئەدرێ. لە دوای ئەوە "لە ساڵی ۲۰۱٦دا لە نێوان یەکێتی ئوروپا و تورکیادا ڕێکەوتنێک واژۆ کرا لە سەر دیاریکردنی بودجەیکی ٥٦۰ ملیۆن یۆرۆیی بۆ یارمەتی پەنابەران و تۆندوتۆڵکردنی سنوورەکانی لە گەل ئوروپا بۆ بەرگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران "[٦]. بە پێی هەوڵی هەواڵدەرییەکان بڕیارە" تا ساڵی ۲۰۲٤ بودجەیەکی سێ ملیارد دولاری یەکێتی ئوروپا بۆ پەنابەرانی سووری لە تورکیا تەرخان بکرێ "[۷]، ئەوەش لە حاڵێکدایە تورکیا هەم بودجەکان وەردەگرێ،هەم پەنابەران ئاودیوی وڵاتی سوریا دەکاتەوە و هەم سەبارەت بە ڕێگەگرتنی پەنابەران بەرەو ئورووپا کەمتەرخەمی دەکات. تورکیا لە جێگاوپێگای ناتۆ کەڵکی دڵخوازانە وەردەگرێ و بێجگە لە سەرکوتی نەیارانی، لە ئاستی ناوخۆیی ئەو هاوپەیمانە سەربازییەدا ڕەفتاری سەرەڕۆیانە دەکات. دژایەتی تورکیا سەبارەت بە وەرگرتنی فینڵاند و سوید لە چوارچێوەی ناتۆدا، هەتا ئیستە ئەو پرسەی بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە. تورکیا دەڵێ"دەبێت ئەندامانی ناتۆ هەڵوێستێکی هاوبەشیان وەکوو یازدەی سیپتەمبەری۲۰۰۱ ئەمریکا، سەبارەت بە مەترسی تیرۆریزم لە تورکیادا هەبێ، وەکوو ئەوەیکە لە مادەی ٥دا  جێبەجێکرا"[۸]. ئەندامبوونی دو وڵاتی فینلاند و سوید لە ناتۆدا گرێدراوە بە یارمەتی نەدانی ئەو دو وڵاتە سەبارەت بە یارمەتی ماڵی و لۆجستی بە pkk و دەرکردنی ئەندامانی ئەو ڕێخراوە لە وڵاتەکەیان.
هەڵاوسانی ئابووری تورکیا، لە ئیستەدا پلەی ۱۸٥٪ تۆمار کردوە و قەیرانی بێکاری لە تەشقی خۆیدایە. تورکیا بە هۆی هندێک ئیمتیازاتی تایبەتەوە دەتوانێ لەو قەیرانە ئابوورییە دەربازی ببێ، ئەگەر لە دو سیاسەتی ناوچەیی مەترسییدار  دەست هەڵبگرێ.

ئیخوانیزم، تورانیزم
دو چەمکی ئیخوانیزم و تورانیزم لە تورکیا، یەکییان ئاراستەکەی بەرەو ئاوە گەرمەکانی باشوور و یەکییان بەرەو ناوچەی قەفقاز و تورکستان پەلی هاوێشتووە. تورکیا لەو چاخەدا ناوەندی بڕیاردان و بە کردەیی کردنی بیری ئیخوانگەرییە لە ناوچەکەدا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا قەتەر جۆرێک هاوپێوەندی لە گەل بەشە ئیخوانییەکەی تورکیادا هەیە، ئەگینا هەموو وڵاتانی شێخ نشینی کەنداو لە گەل بیری ئیخوانییدا ناکۆکن و هەروەها پێکهاتەی مەزهەبی وڵاتانی ناوچەی شام و مەدیتەرانەیی پێکهاتووە لە ڕەوتگەلی شێعەگەری،سەلەفییەت و ،،، کە ئیخوانگەری لەو ناوچەیەدا لە کەمینە دایە. دەوڵەتی تورکیا لە ڕوواڵەتی دینییدا ئیخوانخوازە، بەڵام لە گەل ڕەوتە توندئاژۆ و تەکفیرییەکان و تەنانەت لە گەل داعشدا لە پێوەندی و مامەڵە دایە. چالاکی و مانۆڕی باڵە ئیسلامییەکەی تورکیا بە زۆری لە باکوور و ناوەڕاستی سوریادایە. وادیارە تورکیا لە قۆڵی مەزهەبەوە زۆر سەرکەوتوو نیە، چوونکا وەک وڵاتێکی ئیسلامی دو ڕووباری گەورەی دیجلە و فوراتی بە ڕووی خەڵکی برسی و شەڕ لێدراوی عێراق و سوریادا گرتۆتەوە. لە ئاکامی ئەو سیاسەتە دژە مرۆیی و دژە ژینگەیەی تورکیادا، ئیخوانگەری بازاڕ و مشتەری دینی لە دەست داوە و لە ناوچەکەدا بەرەو داکشان چووە. لە ناوخۆی تورکیادا، هەڵبژادنەکان، پێوەری هەڵکشان و داکشانەکانی بازاڕی ئیخوانگەری نیشان ئەدا و لە سەر ئەو داتایە بێت وادیارە ئیخوانەگەری لە تورکیادا لە لوتکە دایە. بیرۆکەی نیئۆعوسمانیزم کە لە سەردەمی ئەردۆغاندا گەشەی کرد، پێوەندی بە بەهاری عەرەبی و مانۆڕدانی تورکیا لە سوریا و لیبی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە بیرە نەوتییەکان و قاچاخی نەوتەوە لە سوریادا هەبوو." لە عوسمانیخوازی نوێی تورکیادا دیاردەی  ئیسلامیزم،  تورکیزم، ڕۆژهەڵاتخوازی، ڕۆژئاواخوازی بەدی ئەکرێ "[۹]. تورکیا بە پێچەوانەی وڵاتانی خاوەن نەوت، ئابوورییەکی چەند ڕەهەندەی هەیە و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا مەبەستی داگیرکاری و دەست بە سەرداگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی دراوسێکانی لە پشتە. تورکیا بە زەبری ئەرتەشێکی بەهێز و دەوڵەمەندەوە خەریکی داگیرکارییە. ئەرتەشی تورکیا سەرەڕای ئەوەیکە هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە  هەوڵدراوە، ئەرتەشێکی مۆدێڕن و بە سەبکی ڕۆژئاواییەکان بێ، بەڵام نەیتوانیوە خۆی لە ڕەگەزپەرەستی و سەرکوتکاری دەرباز بکا. "ئەرتەشی تورکیا لە سەر بنەما هزرییەکانی کەمالیزم و لائیسیتەدا دامەزراوە و لە ئاستی ناوخۆشدا ئەرکی سەرەکی پاراستنی دەسەڵاتە لائیکەکەی تورکیا و دژایەتی ئەحزابی ئیسلامی بووە "[۱۰]. دەسەڵاتی ئەرتەش لە تورکیادا ئەوەندە بەهێزتر لە هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و ئەحزابەکان بووە کە فەرماندە باڵاکان بە دەیان جار هەوڵی کودیتا و بە دەستهێنانی دەسەڵاتییان داوە.
پرسی گرنگ و ڕیسکی سیاسی تورکیا پێوەندی بە دۆخی ئیستەوە هەیە کە تێیدا دەژین. تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتولییەوە لە ژێر ناوی تورکستانی گەورەدا بە هاوکاری ئازەربایجان دەستی داوەتە جێبەجێ کردنی هندێک پرۆژە و پلانی نوێ. سەرقاڵ بوونی وڵاتانی ڕوسیا و ئێران بە شەڕی ئوکراین و پرسی ئەتۆمی و لە ئیستەشدا سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران،هەلێکی باشی بۆ تورکیا و ئازەربایجان پێکهێناوە هەتا بە پاڵەپەستو خستنە سەر ئەرمەنستان کوریدور یا داڵانێکی بە ناو بازرگانی لە باشووری قەفقازدا پێک بێنن. پرسی کوریدوری زەنگەزور لە ئیستەدا، ئەوەندە چۆتە پێشەوە کە کۆماری ئیسلامی وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی حەسابی بۆ دەکا. مانۆڕدانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ڕووباری ئەرەس، درووستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی و مەدەنی لە ئەرمەنستان، بانگهێشتی باڵوێزی ئازەربایجان لە ئێران و هەروەها پێوەندیدانی کارە تیرۆریستییەکەی شاچراغ لە شیراز بە داعشی باکۆوە، نیشانەی پەرەسەندنی قەیران و ئاڵۆزییەکانی دو لایەنە. لەو نێوەدا ئازەربایجان ئەکتەری سەرەکی و ئاشکرای گۆڕەپانەکەیە، بەڵام پلانداڕێژ و بیرۆکەوانی ئەو پرسە تورکیایە.
پچڕانی گازی ئوروپا لە لایەن ڕوسیاوە، بایەخی ژیئۆپۆلیتیکی وڵاتانی ئاسیا ناوەڕاستی بۆ درووستکردنی کوریدووری گوازتنەوەی گاز و شتوومەک لە چین و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئوروپا زیاد کرد. ڕۆڵی ئازەربایجان و تورکیا لە باشووری قەفقاز و جوغڕافیای نێوان دو دەریای خەزەر و دەریای ڕەش و ئیژەدا ستراتیژیکە. ڕۆڵی ئێران لە پێکهێنانی کورێدۆری بازرگانیدا بە هۆی سیاسەتی داخراو ،بایکوتەکان و گرنگیدان بە ژیئۆپۆلیتیکی دەریای باشوور لە ناوچەی قەفقازدا لاوازە و ئەوەش هەلێکی زێڕینە بۆ تورکیا. کۆماری ئیسلامی بۆ گەشەی پێوەندییەکانی لە گەل ئەرمەنستان لە ڕێکەوتنێکی دو لایەنەدا بڕیاری داوە" ساڵانە بڕی ۳٦٥م س گازی سروشتی هەناردەی ئەو وڵاتە بکات و تا ساڵی ۲۰۳۰ ڕێژەکەی دو بەرابەری بکاتەوە."[۱۱]، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئێران بە سەر مامەڵەی ڕوسیا و ئەرمەنستاندا چووە و ئەگەر ڕوسیا بە دولار گاز دەفرۆشێ، ئەوا ئێران مامەڵەکەی بەرابەر بە هاوردەکردنی کارەبایە بۆ ناوخۆ.
ترسی کۆماری ئیسلامی لە درووستکردنی کوریدۆری ئازەربایجان و تورکیا بە هۆی باری ئابوورییەوە نیە، بەڵکوو هێنانە ئارای پرسی تورکستانی گەورە و ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی تورکەکانی ئێران لە لایەن ئازەربایجان و تورکیاوە، گەورە ئاستەنگی ئیستەیە بۆ ئێران. دیارە تورکیا پرسی تورکستانی گەورەی بە جدی هێناوەتە بەرباس و " لە هندێک زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا ناوەندگەلێک بۆ درووستکردنی یەکێتی تورکی لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئوروپا هەتا تورکستانی چین پێکهێناوە و  یەکدست کردنی زمانێکی ستانداردی تورکی پرۆژەی یەکەمە"[۱۲] . تورکیا بۆ سەرخستنی ئەو گەڵاڵەیە لە پێشدا هەوڵ ئەدات ژێر خانی فەرهەنگی، ئابووری و سیاسی درووست بکا. درووستکردنی کوریدوری زەنگەزور قۆناخێکی نوێ لەو بوارەدا دەست پێدەکات. درووستکردنی تورکستانی گەورە لەو سەردەمەدا نە ئیمکانی هەیە و نە پێک دێت، بەڵکوو پێدەچێ مەبەستی تورکیا، تەنیا ناوچەی قەفقاز بێ. ئێران سەرەڕای هەبوونی ژێرخانی فەرهەنگی و مێژوویی لە قەفقازدا، بەڵام ناتوانێ وەکوو تورکیا مانۆڕی هێز بدات. کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لە عێراق و شامدا چڕ بۆتەوە، گرنگی بە ناوچەی قەفقاز نەداوە. لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە وەکوو ئەفغانستان و تاجیکستان، کۆماری ئیسلامی گرنگی بە پرسی زمانی فارسی داوە و لە میدیاکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. کۆماری ئیسلامی هەڵوێستەکانی باکۆی خستۆتە ئەستۆی ئیسرایل و ئینگلیز و پێیوایە کە پلانی زایۆنیزمە لەو ناوچەیەدا. هەڵوێستی پۆتین سەبارەت بەو پرسە بە جۆرێک چارەسەری کێشەکان و سەقامگیرکردنی ئاشتییە. دیارە پۆتین هەر جۆرە دەسکاریکردنێکی سنوورەکان لە چۆارچێوەی ئەو کۆنە فیدراتیوەدا لە ڕێگای ڕاپرسی و ڕێفراندۆمەوە بە ڕەوا دەزانێ و شایەد ئاستەنگی بۆ درووست نەکا. کۆماری ئیسلامی لە پرسی قەفقازدا ڕوبەڕووی گەورەترین خەسار دەبێتەوە. سیاسەتوانانی ئێرانی پێیانواییە کە سی ساڵ کەمتەرخەمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بەو ناوچەیە ئەو بارودۆخەی پێکهێناوە. کاوە بەیات دەڵێ" وڵاتی ئازەربایجان پێشتر بە خاناتی باشووری قەفقاز و ئاڵبانیای قەفقاز دەناسرا و لە ساڵی ۱۹۱۸دا لە دوای هێرشی عوسمانلییەکان وەک ئازەربایجان ناسراوە "[۱۳]
کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە تورکیا هیچ هەڵوێستێکی نەگرتووە و بە هەڕەشەکردن لە ئازەربایجان ناڕاستەوخۆ پەیام بە تورکیا ئەدات. تورکەکانی ئێران لە باری زمانی و فەرهەنگییەوە جۆرێک هاوپێوەندی زمانی، فەرهەنگی و مێژووییان لە گەل تورکەکانی ئەودیو سنوور هەیە، بەڵام تورکەکانی ئێران لە بەدەنە و جمگەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەستی باڵایان هەیە و تەنانەت پارێزگا تورک نشینەکانیش لە باری ئابوورییەوە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئێرانن. لە باری فەرهەنگی و زمانییەوە تورکەکان خاوەن هیچ مافێکی فەرهەنگی و زمانەوانی لە ئێراندا نین و هێشتا زمانەکەیان ڕووی خوێندنگەی بە خۆوە نەدیوە. تورکەکانی ئێران بە هۆی هاوبەشیی زمانی، فەرهەنگی و مەزهەبییەوە کاریگەری میدیای ئازاد و تورک زمانی ئازەربایجان و تورکیا لە سەریان زۆرە. هەر چەن خەڵکی دو وڵاتی تورکیا  و ئازەربایجان بە ڕیز  زۆرینەیان سونی و شێعەی دوازدە ئیمامین بەڵام دەسەڵاتی سیاسی هەر دو وڵات  لائیک و کۆمارییە.
سەرئەنجام:
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەو شێوەیە بچێتە پێشەوە، دەگات بە شەڕی ماڵوێرانکەر و درێژ مەودا. تورکیا و ئێران هەرکام پشتیوانی ماڵی و لۆجستی دو وڵات ئەدەن. لەو نێوەدا ڕۆڵ و دەستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئیسرایل، ئاقارەکان بەرەو ئاکامی نادیار دەبات.عەرەبستان بۆ دوورخستنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەی کەنداو بەرنامەی یارمەتی ماڵی بۆ گەرم کردنی شەڕ لە ناوچەی قەفقاز دەبێ. کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئەزموونی تاڵی جەنگەوە ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو بەرەی شەڕەوە، بەڵام پێدەچێ بە موشەکی بالستی و کیشوەربڕ بە شێوەی شەڕی بەرتەسک مانۆری هێز بدات. ورووژاندنی پرسی تورک لە ئێران بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و دیموکراتیکەکان لە چواچێوەی فیدڕاڵیزمدا نیە بەڵکوو دابڕاندنی بەشێکی زۆر لە خاکی ئێرانە کە لە باری سیاسییەوە هەم لۆژیکی نیە و هەم هاتنەدی لانیکەم لەو سەردەمەدا دژوار و ئەستەمە.
 

فەرەیدوون پەروازە/ دەرچووی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پەیام نووری سنە، چاودێری پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، ئاسایشی نێوچەیی و پرسی ئێران بەتایبەتی.

سەرچاوەکان
۱ــ ترکیە بە مرکز تجارت انرژی تبدیل میشود  خبرگزاری آناتولی. ۱٤۰۱٫۸٫۱۰
۲ــ رئیسی نژاد ،آرش .کریدورها ایران را دور میزند.azariha.org
۳ــ تعداد سدهای ترکیە در پنج سال آیندە دو برابر میشود. خبرگزاری جمهوری اسلامی . ۱۳۹٦٫۹٫۲٤
٤ــ ابر پروژە سدسازی ترکیە کشت و صنعت را در چهار استان کشور نابود میکند. ۱٤۰۰٫۹٫۳۰ .خبر گزاری تسنیم
٥ــ افراسیابیان، وحید. سیاست آبی ترکیە، استفادە ابزاری برای کسب قدرت.ir diplomasy.com
٦ــ دویچەولە فارسی ـ ۲۰۲۱٫۱۲٫۲
۷ــ خبرگزاری آناتولی ـ ۲۰۲۱٫٦٫۲٥
۸ــ چرا ترکیە با عضویت سوئد و فنلاند در ناتو مخالف است.خبرگزاری ایسنا.  ۱٤۰۱٫۲٫۳۱
۹ــ امیدی، علی . رضایی، فاطمە . عثمانی گرایی جدید در سیاست خارجی ترکیە . فصلنامە روابط خارجی.سال سوم،شمارە سوم پاییز ۱۳۹۰
۱۰ــ دلیرپور،دکتر پرویز . نظامیان و سیاست.دانشگاە پیام نور،رشتە علوم سیاسی-۱۳۹٤.ص ۱٤٦
۱۱ــ افزایش دو برابری صادرات بە ارمنستان. جهان صنعت. ۲۰۲۲٫۱۱٫۸
۱۲ــ طاطبایی، دکتر سید جواد.خطر ( ترکستان بزرگ ترکیە ).ensafnews.com. ۱۳۹٥٫۸٫۱٤
۱۳ــ بیات ،کاوە . بازگشت قفقاز.سی سال بی اعتنایی ایران بە قفقاز و ضررهای آن برای منافع ملی. مجلە اندیشە پویا.شمارە ۷٦.  آبان ۱٤۰۰