• English
  • العربية

گرنگیی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان

سنوور و ڕووبەری ئێستای عێراق بەرهەمی داگيرکاریی بریتانیا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.
كوردستان

9/24/2023 8:33:00 PM

پرۆفيسۆر دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان

یەکێك لەسەرچاوە گرنگەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بریتییە لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان. دوو جۆر ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە: ڕێککەوتننامە فرەلایەنەکان و ڕێککەوتننامە دوولایەنەکان. ڕێککەوتننامە فرەلایەنەکان زیاتر داڕێژەری یاسا نێودەوڵەتییەکانن و، هەرچی ڕێککەوتننامە دوولایەنەکانن ڕەهەندێکی گرێبەستییان هەیە؛ دوو دەوڵەت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو ڕێک دەکەون و ئەرك و مافەکانی نێوانیان ڕێک دەخەن.

عێراق و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان

سنوور و ڕووبەری ئێستای عێراق بەرهەمی داگيرکاریی بریتانیا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە. لە دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی ١٩٣٢وە تاوەکوو ئەمڕۆ، عێراق سەدان ڕێکكەوتننامەی پەسەند کردووە. سەرەڕای گرنگیی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کەچی دەستوورەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥، ١٩٥٨، ١٩٦٤، ١٩٧٠ بايەخێکی ئەوتۆیان بە ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان نەداوە. بۆ نموونە ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتیی تابیەت بە ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جينۆسایدی ساڵی ١٩٤٨، لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٥٩وە پەسەند کراوە، کەچی عێراق تا ئەمڕۆ تاوانی جينۆسایدی نەخستۆتە ناو یاسای سزادانی عێراقییەوە؛ بەڵکووو لەوەیش زیاتر، دامەزراوە عێراقییەکان، بە حکوومەت و سوپاوە، تاوانی جينۆسایدیان دژی گەلی کوردستان ئەنجام داوە و، ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکەیان ساڵی ١٩٤٨ی پێشێل کردووە و دەقەکان وەکوو وشەی مردوو لە سیستەمی یاسادانانی عێراقیدا ماونەتەوە.

عێراق لەو وڵاتە سەيروسەمەرانەیە کە ڕێکكەوتننامەی دژی بەشێکی گەلەكەی بەکار هێناوە. لە ٦/٣/١٩٧٥ عێراق و ئێران واژۆیان لەسەر ڕێکكەوتننامەی جەزائير کرد و دواتر پەیماننامەی تایبەت بە سنوور و دراوسێتیی باشیان لە ١٣/٦/١٩٧٥ واژۆ کرد کە سێ پرۆتۆکۆڵی دەربارەی داڕشتنەوەی سنووری ئاوی و داڕشتنەوەی سنووری خاکی و پرسی ئاسایشیی لەگەڵ هاوپێچ کرابوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕێکكەوتننامانە، خۆیان بە ڕێکكەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی دوولایەنە پیشان دەدا، بەڵام مەبەست لێی، تواندنەوەی شۆڕشی کورد بوو لەو سەردەمەدا. هەر ئەو ڕێکكەوتننامەیە، بووە هۆکارێکی سەرەکیی هەڵگيرسانی جەنگێكی درێژخایەنی هەشت ساڵە لە نێوان عێراق و ئێران.

بابەتی ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی و عێراق، زۆر پرسی سياسی و ئابووری و یاسایی لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەوەی پێویستە لێرە بگوترێت ئەوەیە کە دەستوورەکانی عێراق بايەخێکی ئەوتۆیان بە ڕێکكەوتننامەکان نەداوە. ئەوەتا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعسی، بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، دەسەڵاتی پەسەندکردنی ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتیی لە ئەستۆ بوو. لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ دەستووری عێراق ئەم دەسەڵاتەی بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە.

 پێگەی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دیاری نەکراوە؛ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پێگەی ڕێکكەوتننامەکان لە سەرووی یاساکان و تەنانەت لە سەرووی دەستووریشە. بەڵام دەستووری عێراق ئەوەی دیاری نەکردووە کە نابێت یاسایەك دەربچێت پێچەوانەی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بێت. لە ماددەی (٢)ی دەستووری عێراقی بەرکار، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە کە نابێت یاساکان پێچەوانەی بنەما جێگيرەکانی ئیسلام و بنەماکانی ديموکراسی و ماف و ئازادییەکان بن کە لە دەستووردا هاتووە. هەروەها ماددەی (١٣)ی دەستوور، زۆر بەڕوونی ڕێگە بە هیچ ڕێکكەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی نادات کە لە سەرووی دەستوورەوە بێت؛ هەرچەندە لە ماددە (٨)ی دەستوور نووسراوە، کە عێراق ڕێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت. سەرەڕای گرنگیی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام عەقڵییەتی یاساییی عێراقی، نەگەیشتۆتە ئاستی ئەوەی کە لە پێگەی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان تێ بگەن.

تێنەگەیشتن لە پێگەی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان: بڕیاری دادگەی باڵای ئیتیحادی دەربارەی خۆر عەبدوڵڵا وەکوو نموونە

کێشەی سنووریی نێوان عێراق و کوێت مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە؛ تا گەیشتە ئەو ڕاددەیەی بەشێك لە سنوورەکانی نێوانیان بەپێی بڕیاری ژمارە (٨٣٣)ی ساڵی ١٩٩٣ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت. بە مەبەستی جێگيرکردنی سنوورەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەتاهەتایە بەشی حەوتەمی چارتەری خۆی بەکار هێنا؛ بەڵام هەندێك بابەتی سنووریی تریش هەبوون، دواتر بەپێی ڕێکكەوتننامەی دوولایەنەی نێوان کوێت و عێراق لە ٢٩/٤/٢٠١٢ دەربارەی خۆر عەبدوڵڵا چارەسەر کران.

بەڵام دادگەی باڵای ئیتحادی بڕیارێکی تایبەت بە نادەستووریبوونی ڕێکكەوتننامەی عێراق و کوێت دەربارەی خۆر عەبدوڵڵای لە ڕێکەوتی ٤/٩/٢٠٢٣ دەرکرد و، تاكلایەنە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکكەوتننامەی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارەی دادگەی ئیتحادی، دوو مەترسیی تێدایە بۆ عێراق؛ مەترسییەکان ڕەهەندی یاسایی و سیاسییان هەیە. سەبارەت بە ڕەهەندە یاسایییەكە، بەپێی ئەم بڕیارە بێت گشت ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی کە عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٥ پەسەندی کردووە، دەخرێتە ژێر پرسیاری دەستووریبوون؛ ئینجا ڕێکكەوتننامەکە دوولایەنە بێت یان فرەلایەن. بە واتایەکی تر گشت ئەو ڕێکكەوتننامانەی عێراق لەو ماوەیەدا پەسەندی کردوون، پێویستی بە ڕێژەی یاساییی ٢/٣ی ئەنجومەنی نوێنەرانە، کە ئەمەیش لە زۆربەی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکانی عێراقدا بەرجەستە نەبووە. عێراق لە ماوەی نێوان ٢٠٠٥ و تاوەکوو دەرچوونی یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠١٥ دەربارەی بەستنی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، دەیان ڕێکكەوتننامەی پەسەند کردووە، کە ڕەهەندی ئابووری، ئەمنی، وەبەرهێنان و…یان هەبووە؛ دەکرێ بەشێکی زۆری ئەو ڕێکكەوتننامانە، تانەی نادەستووریبوونیان لێ بدرێت. ئەمەیش ناوبانگ (سومعە)ی نێودەوڵەتیی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە چۆن ڕێکكەوتننامەیەك، بۆ نموونە ڕێکكەوتننامەکەی “خۆر عەبدوڵڵا” کە لە ساڵی ٢٠١٣وە پەسەند کراوە، دوای دە ساڵ بەتاكلایەنە لەلایەن عێراقەوە هەڵبوەشێتەوە؟ یان ئەو ڕێکكەوتننامانەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی تر واژۆ کراون. دەکرێت بە دەیان ڕێکكەوتننامەی تریش تانەیان لێ بدرێت و عێراق بخرێتە دۆخێکی یاساییی نێودەوڵەتیی کارەساتبارەوە؛ بەمەیش عێراق ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دەبێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر کوێت بەم هەڵوەشانەوە تاكلایەنە ڕازی نەبوو، عێراق بە زەبر و هێز بڕیاری دادگەکە جێبەجێ دەكات؟ ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

سەبارەت بە ڕەهەندە سیاسییەکەی، دادگەی ئیتحادی زۆر بەدرێژی باسی لە مێژووی پڕکێشەی نێوان کوێت و عێراق کردووە. هەر لە ساڵی ١٥٤٦ەوە پێیدا هاتووە تا ساڵی ١٩٩٠؛ بەناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکات کە کێشەکانی عێراق و کوێت چارەسەر نەبوونە و، دادگەکە نەيویستووە ناوە فەرمییەکەی کوێت کە “دولة الکويت”ە بەکار بێنێت، وەکوو ئاماژەیەك کە کوێت بەشێك بووە لە عێراق. بڕیارەکەی دادگە بەڕوونی  باس لەوە دەکات بریتانییەکان بە درێژاییی مێژوو بەرگرییان لە کوێت کردووە؛ نە تەسلیمی عوسمانییەکان و نە عێراقییەکانیش کردووە. مەترسییە سیاسییەکە بۆ عێراق ئەوەیە، عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٦١ بەفەرمی گەڕانەوەی کوێت بۆ عێراقی ڕاگەیاند و لە ساڵی ١٩٦٣ بەو دەردە چوو و لەسێدارە درا. دواتر لە ساڵی ١٩٦٦ عەبدوڵڕەحمان عارف، دیسان دۆسیەی داگيرکردنی کوێتی کردەوە و دواتر بەعسییەکانی ١٩٦٨، لە سەرۆکایەتی بەدەریان نا. لە ساڵی ١٩٩٠ سەددام حوسێن، کوێتی داگير کرد و دواتر بينيمان عێراق چیی بەسەر هات. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دادگەی ئیتحادی دەیەوێت ئەو دۆسیەیە دیسان بکاتەوە؟! ئایا دەستێك لە پشت ئەم بڕیارەوەیە، یان تەنیا غروورێكی عێراقچێتییە؟ بێ گومان بەتەنیا کوێت نا بەڵام بریتانیا و ئەمریکا وەڵامیان بۆ ئەم پرسە دەبێت.

سوودوەرگرتنی هەرێم لە ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان

لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتیی بە واتای یاسای نێودەوڵەتی پەسەند نەکردووە، بەڵام چەندان یاداشتی لێكتێگەیشتنی واژۆ کردووە؛ گرنگترینی ئەو یاداشتانە بریتین لە: یاداشتی نێوان سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە ١٥/٦/٢٠١٠ و، یاداشتی لێکتێگەیشتنی ١٢/٧/٢٠١٦ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەربارەی جەنگی داعش. وەک لە دەستوور و یاسای عێراقی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠١٥ی یاسای بەستنی ڕێکكەوتننامەکاندا هاتووە؛ دەسەڵاتە فيدراڵییەکانی عێراق ئەرکی دانوستاندن و واژۆکردن و پەسەندکردن و تۆمارکردنی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیان لە ئەستۆدایە. سروشتی ڕێکكەوتننامەکان ئەوەیە کە بەسەر گشت دەوڵەتدا جێبەجێ دەبێت، بێ ئەوەی پێویست بکات پەرلەمانی هەرێم یاسای بەرکاركردنی بۆ دەربکات.

پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن هەرێم سوود لەم ڕێکكەوتننامانە وەرگرێت؟ یەکەم خاڵ ئەوەیە کە هەرێم نابێت بە هەمان عەقڵییەتی عێراقی بڕوانێتە ڕێکكەوتننامەکان، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، هەرێم پێویستە بەبایەخەوە بڕوانێتە ڕێکكەوتننامەکان. وەکوو دەزانرێت، ڕێکكەوتننامەکان بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێ دەپەڕێت. هەر لە قۆناغی دانوستاندنەوە، هەرێم پێویستە ئاگاداری بابەتەکە بێت و بتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر داڕشتنی دەقی ڕێکكەوتننامەکان؛ بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە، كە دەسەڵاتی تەواوی لە بابەتی دانوستاندن و واژۆکردن هەیە. سەبارەت بە پەسەندکردنیش، دەکرێت نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی کۆمار، دەسەڵاتەکانیان بخەنە کار بۆ ڕێگریکردن لە هەر بابەتێك کە دژی هەرێمی کوردستان بێت و، بە هەموو ئامرازە یاسایی و سیاسییەکان بەرپەرچی ئەو دەقانە بدەنەوە.

بەڵام پێویستە بگوترێت، زۆربەی زۆری دەقەکانی ڕێکكەوتننامەکان بابەتی گرنگی تێدایە کە دەکرێت لە کاتی جێبەجێکردن لە ئاستی ناوخۆی عێراق سوودی لێ وەرگیرێت. دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان- کە حکوومەتی هەرێمە- دەتوانێت میکانیزم بدۆزێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی ڕێکكەوتننامەکان لە ئاستی هەرێم؛ یان سوود لە پێگەی وەزیری دەرەوەی عێراق وەرگرێت و لە ڕێی ئەوەوە وا بکرێت کە ڕێکكەوتننامەکان سوودیان بۆ هەرێم هەبێت.

وەک دەزانین، پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، پایەی سەرەکین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم. ئینجا پێویستە هەرێم کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێکكەوتننامە دوولایەن و فرەلایەنانە بکات، کە عێراق پەسەندی کردوون. ئەم بابەتەیش لە ڕووی یاسایییەوە کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، لەبەر ئەوەی عێراق قبووڵی کردووە؛ ئینجا شێوازی جێبەجێکردنەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتە ناوخۆیییەکانی عێراق. واتە ڕێکكەوتننامە پەسەندکراوەکە، چوارچێوەیەکی یاسایییە بۆ دامەزراوە عێراقی و کوردستانییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکكەوتننامەکە.

سەبارەت بەم پرسە چەندان پرسیار دێتە پێشەوە: تاچەند – بۆ نموونە – هەرێمی کوردستان سوودی لە ڕێکكەوتننامەی کۆماری عێراق و یەکێتیی ئەوروپا لە بواری شەراکەتی ستراتیژی لە بواری وزە وەرگرتووە کە لە ساڵی ٢٠١٢وە لە عێراق چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ یان ڕێکكەوتننامەی شەراکەت و هاریکاریی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام، کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە پەسەند کراوە و زیاتر لە (١٨٠) لاپەڕە دەبێت؟ پێش چەند ڕۆژێك لە ٢٨/٨/٢٠٢٣ ڕێکكەوتننامەی دوولایەنەی نێوان کۆماری عێراق و ئیمارات دەربارەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا دەزانین ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئیمارات لە لووتکەدایە و، یاساکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یاساکانی عێراق هاندەرن بۆ وەبەرهێنانی بیانی. لە کاتی ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران خەریکی پەسەندکردنی ڕێکكەوتننامەی شەراکەتی ستراتیژین لەگەڵ فەڕەنسا لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و سەربازی و ئابووری و ڕۆشنبيری و هتد. ئایا تاچەند دەتوانێت سوود لەو ڕێکكەوتننامانەی سەرەوە وەرگرێت؟

ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکی کەمن. ڕێکكەوتننامە پەسەندکراوەکان لەلایەن عێراقەوە، بەشێکن لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم و، پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەگەر عێراقیش بابەتێکی جێبەجێ نەکردبێت وەکوو ئەرکێکی نێودەوڵەتی، دەکرێت  هەرێم کاریان لەسەر بکات و سوودی لێ وەرگرێت. بۆ نموونە ڕێکكەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جينۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ کە لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٥٩ پەسەند کراوە، لە ئاستی عێراقدا کارێکی ئەوتۆی لەسەر نەکراوە؛ زۆر گرنگ دەبێت هەرێمی کوردستان لە ئاستی خۆیەوە کاری لەسەر بکات و تاوانی جينۆساید بخاتە ناو سیستەمی یاساییی خۆیەوە.

کۆتا وشە

ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، دەروازەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان. ڕێکكەوتننامەکان ئامرازێکی گرنگن بۆ بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکان. ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی دەسەڵاتدارانی فيدراڵیدت دانوستاندن و پەسەندکردنیان بۆ دەکرێت، بەڵام دەتوانرێت ڕێکكەوتننامەکە دوای ديراسەتکردن و دانانی میکانیزمی گونجاو، سوود و قازانجەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بێت.