• English
  • العربية

شکستی مێژوویی و هەنووکەیی دەوڵەتی عێراق

ئەمە چیرۆکی راستەقینەی هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراقە. بەبێ فیدراڵی و کورد، رەنگە عێراقێک هەر نەمێنێت.
عێراق

10/6/2023 10:09:00 AM

 - ئینتیفاز قەنبەر

عێراقی نوێ کە لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە 1921 دروستکرا، جیاوازە لەو عێراقە دێرینەی کە لە کتێبە مێژووییەکان دا هەیە. کۆنۆڵیالە بەریتانییەکان چەند هەرێمێکیان پێکەوەلکاند بۆ ئەوەی عێراقی مۆدێرن دروست بکەن، چەند هەرێمێکی تێکەڵ لە خەڵکی جیاواز کە لە مێژوودا بەشێک نەبوون لە عێراقی دێرین.

کۆلۆنیالە بەریتانییەکان عێراقیان لە وڵاتێکی پاشکەوتووی ژێر دەسەڵاتی لاوازی عوسمانییەکانەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرن و خاوەن سێ کۆڵەگەی دەوڵەتمەداری، سوپا و پۆلیسی بەهێز، دامەزراوەی نیمچە دیموکراسی؛ پەرلەمانێک و شا فەیسەڵی یەکەم، کە خەڵکی حیجاز بوو و هەروەها بیرۆکراسی حکومەت.

سیستەمە سیاسییەکەی عێراق لەسەر هاوپەیمانی دوو پێکهاتەی سەرەکی بنیاتنرا، کورد و عەرەبی سوننە. زۆربەی سیاسییەکان و ئەفسەرە یەکەمەکانی سوپای عێراقی تازە دامەزراو سوننە و کورد بوون، پاشماوەی سوپای ئیمپراتۆریی عوسمانی بوون. یەکەم بەتالیۆنی سوپای عێراق، بەتالیۆنی موسا کازم بوو، لەلایەن جەعفەر عەسکەری، کە کوردێکی سوپای عوسمانی بوو فەرماندەیی دەکرا. سیاسییە گرنگەکانی دیکەش کەسانی وەک نووری سەعید بوون، کە ئەفسەرە سوننەکانی سوپای عوسمانی بوون.

شیعەکانی عێراق لە کایە سیاسی و سەربازییەکاندا پەراوێزخران، ئەوەش درێژەی ئەو سیاسەتە بوو کە سوپای ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆ چەند سەتەیەک پیادەی دەکرد. شیعەکان ئەزموونیان لە سیاسەت و سوپادا نەبوو، لەبەرئەوە وەک چارەسەرێکی کردەیی، بەریتانییەکان پێیانوابوو کە عێراقی سەقامگیر تەنیا بە هاوپەیمانی سوننە- کورد دروست دەبێت. ئەوەش دواتر بووە کۆڵەگەی سەرەکی سیستەمی سیاسی لە عێراق. ئەم هاوپەیمانییە سوننە – کورد لەسەرەتادا وادەردەکەوت کە باش کار دەکات، لە هەمان کاتدا شا فەیسەڵی یەکەمی عێراق، هەوڵیدەدا زۆرینەی شیعەش بۆ لای خۆی راکێشێت بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەوان بۆ دەوڵەتە نوێییەکەی مسۆگەر بکات. پێکهاتەکانی دیکەی وەک جوو و کریستیان لەگەڵ عێراقییەکانی دیکە دەژیان و لە دەوڵەتە نوێیەکەدا وەکو بیرۆکرات بەشدار بوون.

بەڵام سیستەمە سیاسییەکە رووبەڕووی زۆر کێشە بووەوە و هەندێکیان پەیوەستبوون بە کەموکوڕی ستراکتۆری پێکهێنانی عێراق و هەندێکیشیان پەیوەستبوون بەو گۆڕانە دینامیکیانەوە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویاندا. وەک پێشتر گوتم، پێکەوە لکاندنی هەرێمی نوێ بە عێراقی دێرینەوە، لەوانە موسڵ و بەسرە، بەڵام بەتایبەتی کوردستان هەر زوو بەریەکەوتن و ئاواتی سیاسی جیاوازی دروست کرد، ئەوەش دەستپێکی تێکشکانی باڵانسە هەستیارەکەی عێراق بوو.

هاوبەشی و هاوپەیمانی نێوان سوننە و کورد عێراقی بە یەکپارچەیی هێشتبووە و، تاوەکو ئەوکات ئاواتی سیاسی شیعە نەببووە رکابەریەکی مانادار لەسەر دەسەڵات. کێشەیەکی دیکەی بنچینەیی ئەوەبوو کە بەریتانییەکان سوپای عێراقیان بە هاوتەریبی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دروستکرد. نەک سوپایەک کە لەلایەن عێراقەوە دروست بکرێت و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق دروست کرابێت. ئەمەش بەو مانایەی کە ئەفسەرەکانی سوپای عێراق کە تاوەکو ماوەیەکی کەم بەر لەوکاتە دڵسۆزییەکەیان بۆ ئیمپراتۆریی عوسمانی بوو، هەستێکی ئەوتۆیان نەبوو کە دەبێت گوێڕایەڵی دەوڵەتی عێراق بن. هەست و بۆچوونێکی باو لەنێو دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کە سوپا پیاوەتی بۆ دەوڵەتی عێراق دەکات نەک گوێڕایەڵی بێت و ئەرکداری دەوڵەت بێت. بەشێکی دیکەی ئاڵۆزییەکەش ئەوەبوو کە شا عێراقی نییە، بەڵکو شایەکی لەناکاو هەڵتۆقیوی خەڵکی حیجازە.

لە 1930کاندا، هەستێکی باوی نەتەوەپەرستی لە ئەوروپا سەریهەڵدا و لەگەشەکردن دا بوو. ئەو هەستە وایکرد کە چەند هێز و جوڵانەوەیەکی شۆڤێنی و نازی سەرهەڵبدەن و کۆمەڵگەی ئەوروپی بەشێوەیەکی بەرفراوان بە سەربازیکرا و پێکهاتەی کەمینەکان کرانە ئامانج و شەپۆلێکی دژە-سێمیتی [دژە-جوو] لە دژی جووەکان سەریهەڵدا. ئەم جۆرە ئایدیۆلۆژیانە بۆ نێو سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شۆڕبوونەوە و وایانکرد کە ئاواتی شۆڤینیزمی عەرەبی لەنێو کۆمەڵگەی عێراقیشدا سەرهەڵبدات، بەڵام لە هەموو ترسناکتر ئەو هەستە لەنێو سوپای عێراقیشدا سەریهەڵدا، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک ئەفسەرەوە کە دڵسۆزیان بۆ دەوڵەتی عێراق هەمیشە لەژێر پرسیاردا بوو.

ئەفسەرە قەومییە عەرەبەکانی نێو سوپای عێراق رووی چەکەکانیان بە ئاراستەی کورد وەرگێڕا. ئەمەش درزێکی گەورەی خستە نێو هاوپەیمانی سوننە- کورد کە بەریتانییەکان دروستیان کردبوو و، کۆڵەگەی دەوڵەتی عێراق بوو. لەجیاتی ئەوەی وەک کۆڵەگەی دەوڵەتی عێراقی تەماشا بکرێن، ئەفسەرە شۆڤینیستە عەرەبەکانی نێو سوپای عێراقی کوردیان وەک بەشێکی ژێردەستەی عێراق دەبینی و هەوڵێکی خاچپەرستانە بۆ لەنێوبردنی ناسنامە و هەبوونی کورد دەستی پێکرد. ئەم شڵەقاندنەی هاوپەیمانی سوننە - کورد دەستپێکێک بوو بۆ لەکەداربوونی شەرعیەتی دەوڵەتی عێراق و دواتر وێرانبوونی یەکێیتییەکەی.

نەبوونی دڵسۆزی لەنێو سوپای عێراق دا بۆ دەوڵەتی عێراق کە لەلایەن شۆڤینستە عەرەبەکانەوە بەهێزترکرا، دەرگای بۆ حەزی ئەفسەرە عێراقییەکان کردەوە بۆ ئەوەی هەوڵی لە نێوبردنی سیستەمە سیاسییەکە بدەن لە رێگەی زنجیرە کودەتایەکەوە ؛ کە لە 1935ەوە بە کودەتایەکی شکستخواردووی بەکر سدقی دەستی پێکرد.

وەک کاردانەوەیەک، لە کۆتاییەکانی 1930ەکاندا، دوای ئەوەی کورد بەردەوام هەستیان بە پەراوێزخستن و بە ئامانجگرتن دەکرد، دەستیان بە خۆرێکخستن کرد و بزووتنەوەی سیاسی کوردی دەرکەوتن. ئەمەش وایکرد کە رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و گەلی کورد تووندتر بێت و دەرەنجام چەوساندنەوە و کوشتنی کورد زیادی کرد. بەهۆی بەهێزبوونی قەومیەتی عەرەبی و سەرنواندنی پاشایەتی عێراق بۆ خواستی شۆڤینسیتەکانی سوپا، درەنجام شەڕێکی نێوخۆیی لەنێوان سوپای عێراق، کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی لە بەغدا سەرکردایەتی دەکرا، لە دژی کورد بەرپابوو.

لە 1940ـە کاندا، وەدەرنانی کورد لەنێو دەزگاکانی دەوڵەتی عێراق دا بە دامەزراوەیی کرا. تێکشکاندنی کودەتای 1941ـی سوپای عێراق، کە کودەتایەکی دژە بەریتانی بوو و لەلایەن نازییەکانەوە پشتیوانی دەکرا. دواتر دووبارە گەڕاندنەوەی پاشایەتی لەلایەن بەریتانییەکان و لەسێدارەدانی ئەو چوار ئەفسەرەی کە سەرکردایەتی کودەتاکەیان کرد، هانی سوپای عێراقیدا کە خواستی لەنێوبردن و تواندنەوەی پاشایەتی لە عێراق بەهێزتربێت لەلای.

هەروەها، دامەزراندنی ئیسرائیل لە 1948، زیاتر هانی جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادی دا و، دواتر کێشەی فەلەستین بووە پرسێکی باو بۆ کۆکردنەوەی جوڵانەوە شۆڤێنییەکان، هەستی پێویستی لەنێوبردنی پاشایەتی و دامەزراندنی رژێمی سەربازی لە ناوچەکە زیاترکرد.

یەکەم سەرکەوتنی جوڵانەوەی "ئەفسەرانی ئازاد" لە میسر بوو لە 1953 و کۆماری میسریان دامەزراند و سەرکردەیەکی قەومی کاریزماتیک، جەمال عەبدولناسر، سەریهەڵدا. هاتنی عەبدولناسر بەشێوەیەکی چالاکانە هانی سوپای عێراقی دا لە دژی پاشایەتی، ئەوەش دەرەنجام کودەتا خوێناویەکەی ١٩٥٨ی لێکەوتەوە. رووخاندنی پاشایەتی لە کودەتایەکی خوێناوی کە لەلایەن گرووپێک ئەفسەری سەربازییەوە سەرکردایەتی دەکرا و گرووپەکە ناوی جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیان لە خۆیان نابوو و کەسانی وەکو عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفیان تێدابوو، مەشخەڵی کۆتایی هێنان بە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیان بەرزکردبووەوە و بەڵێنی پێشڤەچوون، یەکسانی و دادپەروەرییان دەدایە خەڵکی عێراق. بەڵێنی کۆتاییهێنان بە شەڕی حکومەتی عێراق لە دژی کورد، هەر زوو دەنگی نەما. بەغدا دەستیکردەوە بە هێرشی سەخت بۆ سەر چیاکانی کوردستان، بەڵام ئەم جارە بە چەکی ترسناکەوە، وەک بۆمبی ناپاڵم و بە ئامانجگرتنی گوندەکانی کورد بە هەڕەمەکی و کوشتنی کوردی بێ تاوان و وێرانکردنی ژینگەکەیان.

لەنێوان 1921 - 2003 ئەفسەرە عێراقییەکان 10 جاری هەوڵی کودەتایان دا. هەموویان خوێناوی بوون،هەندێک لە هەوڵەکان سەرکەوتن و هەندێکیان شکستیان هێنا. بەڵام لە هەموویان دیارتر کودەتاکەی 1968 بوو، کە لەلایەن حیزبی بەعسەوە ئەنجام درا. حیزبێکی سۆسیالیستی، قەومی عەرەبی شۆڤینی کە بەشێوەیەکی سیستماتیکی عێراقی لە دەوڵەتێکی تاکڕەوی سەربازییەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێکی تۆتالیتاری. رژێمی بەعس دژبەرەکانی بە ئامانج دەگرت. هەرێمی کوردستان کە بنکەی زۆربەی جوڵانەوە و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بوو، بووە ئامانجی سەرەکی رژێمی بەغدا.

دوای دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن سەدام حوسێنەوە لە 1979 دا، لە کودەتایەکی نێوخۆیی حیزبی بەعس دا، هاوشێوەی (شەوی چەقۆ درێژەکانی هیتلەر)، بۆ لەنێوبردنی نەیارەکانی لەنێو حیزبەکەدا، عێراق رۆژ داوی رۆژ دۆزەخیتر دەبوو، لەگەڵ دەستپێکی شەڕی عێراق- ئێران، هێرش و بۆمبارانکردنی کوردستانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. چەوساندنەوەی کورد لە 1988 دا گەیشتە لووتکە، کۆمەڵکوژی و ئۆپەراسیۆنی ئەنفال ئەنجام دران، کە تێیدا نزیکەی 180 هەزار کورد کوژران و شەش هەزار گوند لە ماوەی ساڵێکدا وێرانکران. دواتر هەڵە گەورەکەی سەدام حوسێن روویدا، داگیرکردنی کوێت و بێسەروبەری سەریهەڵدا. ئینجا وێنەی کۆڕەوی ملیۆنان کورد لە دوای سەرهەڵدانی 1991 بە جهیان دا بڵاوبووەوە و وایکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەرێمی نەفڕین بسەپێنێت لە 1991دا . ئەوەش دروستبوونی دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆی کوردی لێکەوەتەوە و بەردەوام بوو تاوەکو رووخانی سەدام لە 2003.

دوای هێرشی کوێت لە 1990 و گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر عێراق تاوەکو 2003، ئەمریکا و جیهان بۆیان دەرکەوت کە عێراق دەوڵەتێکی شکستخواردووە. لە راستیدا، لەو دیدە مێژووییەی کە لەسەرەوە باسکراوە، ئەگەر بێ لایەنانە تەماشای مێژووی عێراق بکەیت، دەبینی کە عێراق لەسەر بنەمای هاوپەیمانی کورد و سوننە بنیاتنرا، بەڵام هەر زوو ئەو هاوپەیمانییە دوای دامەزراندنی دەوڵەت لە 1921 کۆتایی هات. 10 کودەتای سەربازی خوێناوی، چوار شەڕی دەرەکی، یەکێکیان هەشت ساڵی خایاند و، چەندین شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و، کوژران و ئاوارەبوونی ملیۆنان لەلایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەرکەوتوو نەبوو هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە. هەر لەو رووشەوە وەسفکردنی عێراق وەک دەوڵەتێکی سەقامگیر لە پێش 2003 ەوە، ئەفسانەیەکی تەواوە.

بۆشاییەک بۆ بیرۆکەی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق هەبوو. لە واشنتن، تێگەیشتنێکی باو هەبوو، کە عێراق وەک ئەوەی کە هەیە، چیدیکە قابیلی مانەوە نییە. عێراقێکی نوێ دەبێت، بەشێوەیەکی سرووشتی دیموکراسی بێت و زۆرینە تێیدا فەرمانڕەوابن. هەرچەندە شیعەکانی عێراق زۆرینەبوون، ئەمریکا و رۆژئاوا لەبەر شۆڕشی شیعی ئێرانی لە 1979 بە وریاییەوە تەماشای شیعەی عێراقیان دەکرد.

زیرەکی ئەحمەد چەلەبی و پەیوەندی پتەوی لە واشنتن توانی ئەوانەی کە دەیانویست عێراق و ناوچەکە بگۆڕن بۆ دیموکراسی قایل بکات کە شیعەکانی عێراق دەبنە هاوپەیمانێکی نوێ و کرداری بۆ ئەمریکا و شیعەی عێراق مەرجەعی شیعەگەرایین لە جیهان و دەبنە شوێنگرەوەی هاوپەیمانی شیعەی ئێران کە ئەمریکا و رۆژئاوا لە دەستیانداوە.
لە دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەر، ئەمریکا بۆ فۆرمێکی لێبووردەتری ئیسلام دەگەڕا وەک ئەڵتەرناتیڤێک. چەلەبی توانی شیعە وەک ئاڵتەرناتیڤێکی میانڕۆ نیشانبدات و ئەو ئارگیومێنتە پێشبخات کە زۆرینەی شیعە لە عێراق لە مێژوودا لەلایەن رژێمە سونییەکان و بەهاوکاری دەوڵەتە سوننە تووندڕۆیەکانی ناوچەکە، وەک ئەوانەی کەنداو، بەدیاریکراویش سعودیە، چەوسێندراونەتەوە. بەشێوەیەکی دیکە بڵێم، چەلەبی توانی تێگەیشتنێکی نوێ، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی عێراق بۆ دیموکراسی پێشکێش بکات و، فۆکەس لەسەر رووخاندنی رژێمی ئێران بگۆڕێت بۆ روخاندنی رژێمەکەی سەدام. کە بەپێی ئەو لێکدانەوەیە، هاوپەیمانێکی نوێی ئەمریکای لە دووەم گەورەترین دەوڵەتی شیعی، عێراق، دروست دەکرد. بیرۆکەکە سەرنجڕاکێشە، بەڵام دوو لایەنی گرنگی فەرامۆش کردبوو.

یەکەم: چەلەبی چەند دەیەیەک بوو لە تاراوگە دەژیا. سەختە پشت بەوە ببەسترێت کە ئەو پشتیوانییەکی بەربڵاوی لە عێراق دا هەبێت. لەبەرئەوە ئەمریکا پێویستی بە بەشدارییەکی بەرچاوی عێراقییەکی راستەقینە بوو بۆ پشتگیریکردن لەو بیرۆکەیە و رەوییدان بە بیرۆکەکە. ئەوەش مەحاڵ بوو لە ژێر کۆنترۆڵی تۆتاڵیتاری رژێمی سەدام.

دووەم: ئەمریکا متمانەی بە شیعەی عێراق نەبوو. تێگەیشتنی باو، بەتایبەتی لەنێو دەزگاکانی هەواڵگری واشنتن دا ئەوەبوو کە شیعە لە عێراق، هەر کە سەدام رووخا، بە دوای ئێران دەکەون. لەبەرئەوە ئەمریکا پێویستی بە گەرانتۆرێکی عێراقی بوو، کە رەگ و ریشەی لە نێوخۆی عێراق بێت. کێ دەیتوانی ببێتە ئەو گەرانتۆرە و پشتیوانییەکی بەرچاوی هەبێت لە عێراق؟ هیچ کەس لە عێراق نەیدەتوانی ئەو دوو مەرجە دابین بکات، جگە لە کورد. بەپێچەوانەی شیعەی عێراقەوە، رەزامەندییەکی یەک دەنگ، هەمەلایەنە بەرامبەر بە کورد هەبوو. جگە لەوەش کورد هەرێمی خۆیان و ملیۆنان دانیشتووانیان هەبوو، دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ بوون.

لەبەرئەوە، کورد باشترین گەرانتۆر بوون بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا. واشنتن رۆژ دوای رۆژ زیاتر ئامادە دەبوو ریسکی گۆڕینی رژێم لە عێراق بکات و باوەڕێکی بەهێزی بەوە هەبوو کە ئەو عێراقە شکستخواردووەی لەسەر هاوپەیمانی کورد – سوننە لە 1921 دروستکرا، بگۆڕدرێت بۆ عێراقێک لەسەر بنەمای هاوپەیمانی شیعە- کورد لە عێراقێکی دیموکراسی نوێ دا لە 2003. بیرۆکەکە رۆژ دوای رۆژ لەلای کەسانی بڕیاربەدەستی واشنتن زیاتر و زیاتر جێگەی قبوڵکردن بوو.

بە تەماشاکردنی رەگ و ریشەی شکستەکانی عێراق، ئەوە زۆر روون بووەوە کە سێنترالیزم لە عێراق هۆکاری سەرەکی شکست بووە، چونکە کوشندەترین چەکە بۆ چەوساندنەوە لەلایەن دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداوە. لەگەڵ ئەوەی کە عێراق زیاتر پشتی بە داهاتی نەوت دەبەست و ئابووری بازاڕی لەنێوچوو، حکومەتەکانی بەغدا هەموو سامان و داهاتی وڵاتەکەیان لە ژێر دەستدا بوو، کۆنترۆڵی سوپا لای ئەوان بوو، دەزگای پۆلیس و ئاسایش لە کۆنترۆڵی ئەواندا بوو، ئەمە لەکاتێکدا کە خەڵک نە هیچیان هەبوو، نە کۆنترۆڵیان بەسەر هیچەوە هەبوو.

بەهۆی چڕبوونەوەی ئەم دەسەڵاتە بێ سنوورانە لە بەغدا، سەرهەڵدانی دیکتاتۆری بێ بەزەیی لە بەغدا شتێکی مسۆگەربوو، دیکتاتۆرێک کە دەسەڵاتی بێ سنووری بۆ چەوساندنەوەی تەواوی وڵاتەکە هەبێت. بۆ دیکتاتۆرێکی لەو شێوەیە کوشتن و چەوساندنەوەی کورد، باشترین رێگە بوو بۆ ئەوەی هێز و بازووی خۆی نیشانبدات. لەبەرئەوە، بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگیرێت کە دیکتاتۆری دیکە لە بەغدا سەر هەڵدات، دەبووایە دەسەڵاتی بەغدا دابەش بکرێت و داهاتی نەوت دابەش بکرێت بەسەر ئەو هەرێمانەدا کە لە بەغدا دوورن و دابەش بکرێت بەسەر بەشەکانی دیکەی عێراق دا. لە ئەنجامدا، ئەمریکا و ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تێگەیشتنێکی هاوبەشیان هەبوو کە فیدراڵیزم تەنیا چارەسەرە بۆ سیندرۆمی شۆڤینیزمی بەغدا و تاکە چارەسەرە بۆ بەرهەمهێنانی عێراقێکی سەقامگیر و ئایندەیی.

بیرۆکەی لابردنی سەدام لە دەسەڵات لەسەر ئەو بنەمایانە بوو و دواتر ئەوە زۆر روون دیاربوو. ئەگەر کورد نەبووایە، گۆڕانکاری رژێم لە عێراق رووی نەدەدا و فیدراڵیزم و بە دەسەڵاتکردنی هەرێمەکان و دەرهێنانی کۆنترۆڵی داهاتی نەوت لە دەستی بەغدا و رادەستکردنی بە هەرێمەکان، بنچینەی ئەو سیاسەتە تازەیە بوون بۆ عێراق.

لە 1998، سیاسەتی سەرۆک کلینتۆن کە بە سیاسیەتی "دەبڵ سنووردارکردنی ئێران و عێراق" ناسرابوو، سیاسەتێکی لێکەوتەوە کە دەیویست کۆتایی بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رژێمی سەدام بێنێت. ئەمە دەرگای بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی دا داخست. دواتر هەندێک هەنگاوی بەدوادا هاتن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لە رێگەی کۆفی عەنانی ، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەگەڵ سەدام بنیات بنرێتەوە. عەنان لەسەر داوای کلینتۆن سەردانی بەغدای کرد. سەرەڕای ئەم پاشڤەچوونانە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، سەرکەوتنێک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە 1998 بەدیهات، کۆنگرەی نیشتیمانی عێراقی سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی پڕۆژەی "ئازادی عێراق".

بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، ئۆپۆزیسیۆنی رژێمێک توانی سەرکەوتووبێت لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەک کە داوای رووخاندنی رژێمی سەدام و دامەزراندنی دیموکراسی لە رێگەی پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە ناوخۆی عێراق بکات، بۆ ئەوەی رژێمی سەدام بڕوخێنێت. ئەم دەستکەوتە، تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی گەورەبوو بۆ هاوپەیمانییە نوێیەکەو، بەبێ کورد سەرینەدەگرت.

دوای ئازادکردنی عێراق لە 2003، زۆر لە سیاسییە ئەمریکییە ئاست ناوەند و نزمەکان کە دەهاتنە بەغدا کاریان دەکرد لە قوڵایی ئەو دۆخە سیاسییە نوێیە، یان تێنەدەگەیشتن، یان تێگەیشتنێکی کەمیان لەبارەوە هەبوو. بڕیاری ئەمریکا بۆ راگەیاندنی داگیرکردنی عێراق، لە مانگی ئایاری 2003 کارەساتێکی سیاسی بوو بۆ عێراق و بردنەوەیەک بوو بۆ بەعسییەکان و تیرۆریستەکانی عێراق. لەبەرئەوەی رەوایی تەواویان پێدرا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەمریکییەکان و شەڕێکی تەواوی تیرۆریستی لە تەواوی وڵاتەکە جگە لە کوردستان بەرپا بکەن. لە کوردستان ئاشتی هەبوو. ئارام بوو، ئاشکرابوو ئەوەی کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە تەنیا سنوور نییە، بەڵکو کولتوور و ژینگەکەیەتی. خێرا زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکان وایکرد ئەمریکا فۆکەسی لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراقەوە بگۆڕێت بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی و بەرپەرچدانەوەی تیرۆر.

تاقیکردنەوەیەکی دیکەی گەورە، نووسینەوەی دەستوور بوو، کە بەردی بناخەی ستراتیژیی بوو بۆ عێراق و هاوپەیمانی شیعە- کورد، هاوپەیمانییەک کە سەرەڕای تیرۆریزم و هەرایەکی زۆر لە زۆر بەشی وڵاتەکەدا، هێشتا بەباشی کاری دەکرد. نووسینەوەی دەستوور لە ماڵی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجام درا لە بەغدا. ئەزموونێکی ناوازە بوو بۆ من. پرۆسەیەکی زۆر ئەستەم بوو و هەندێ جار رووبەڕووی بەربەستی زۆر جیدی دەبووینەوە، بەڵام سەرئەنجام سەرکەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوور.

دەستوور رێککەوتننامە نوێیەکەی عێراقە کە فیدرالیی لە عێراق پەسەند کرد و توانی هەرێمی دیفاکتۆی کوردستان بپارێزێت. لە راستیدا، هەرێمی کوردستان نموونەیەک بوو کە نووسەرانی دەستوور دەیانویست لە هەموو عێراق کۆپی بکەنەوە. گۆڕینی هەر پارێزگایەک بۆ هەرێمێکی فیدراڵی لە دەستوور ئاسانکرا و مافی خاوەندارێتی نەوت لە هەرێمی کوردستان، جگە لەو کێڵگە "هەنووکەییەکان" درایە هەرێمەکان. ئەوە کێڵگە نەوتییەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. گفتوگۆی سەر پرسی نەوت و هەرێمەکان (بۆ نموونە کوردستان) تووند بوون. گفتوگۆی نێوان ئەوانە بوو کە پشتیوانیان لە سێنترالیزمی بەهێز دەکرد، (بیرۆکەیەک کە پێشتر شکستی هێنا بوو)، لەگەڵ ئەوانەی کە بیرۆکەی نوێی فیدراڵییان هەبوو بۆ ئەو مەبەستەی، ئەوەی کە ماوە لە عێراق بیپارێزین.

دەستوور شەرعیەتێکی بێ وێنەی بەدەستهێنا:

1- لەلایەن کەسانێکەوە نووسرایەوە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵێکی بەرفراوانی عێراقییەکان (شیعە، سوننە، کورد، مەسیحی، بەعسی، ئیسلامی و گرووپی دیکە)یان دەکرد.

2- لەلایەن مەرجەعییەتی نەجەف پەسەند کرا.

3- لە هەمووی گرنگتر لە رێگەی ریفراندۆمێکی جەماوەریی راستەوخۆ لەلایەن گەلی عێراقەوە پەسەند کرا.

ئەم دەستوورە گرێبەستی نوێی عێراق بوو، بەڵام دەستوور ناتوانێت خۆی جێبەجێ بکات، بەڵکو بە ئیرادەی سیاسی و خەڵک جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە دەستبەجێ ئەم دەستوورە دووژمنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دروستبوو. بەعسییەکان و تیرۆریستەکان ئەم دەستوورەیان بە هەڕەشە لەسەر بوونی خۆیان دەزانی. ئێرانیش ئەمەی بە هەڕەشەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی دیموکراسی و فیدراڵی بینی کە بە بیرۆکەی مەترسیداری دادەنێت.

رژێمی ئێران دەستبەجێ دەستی بە لاوازکردنی دەستوور کرد. بیرۆکەی وەک فیدرالی، دابەشکردنی سەروەت و سامانی نەوت مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر رژێمی ئێران و دەکرا بڵاوبێتەوە بۆ ئێران و دەسەڵاتی ئاسنینی تاران لەسەر گەلی ئێران لاواز بکات.

سیاسەتی هاوپەیمانی سێ قۆڵی ، شیعە و کورد و ئەمریکا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی دەستی بە داڕووخان کرد. ئەوەش بە هاندانی ئێران و لەبەرنەبوونی تێگەیشتنی پێویست لەلایەن بیرۆکراتە ئەمریکییەکانەوە لە بەغدا و واشنتن. بە هاندانی ئێران، شیعە دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆ سەر ئەمریکییەکان، ئەو ئەمریکیانەی کە ئەوانی هێنایە سەر دەسەڵات. هەنگاوی دواتریش ئەوەبوو کە دووبەرەکی لەنێوان شیعە و کورد دروست بکرێت.

دۆخی سیاسی کە سیستەمی تازەی لەسەر بنیاتنرا بوو، داڕووخا. هاوسەنگی هێز و بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی دەستوور وردە وردە هەڵوەشێنرایەوە لەلایەن ئێران و دارودەستەکەی. لەبەرئەوە سیستەمی سیاسی رۆژ دوای رۆژ زیاتر لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. هیچ شتێک کار ناکات. دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنی بێ مان و ژماردنی دەنگ بچووک کراوەتەوە، بەبێ هیچ بەپرسیار راگرتنێک و سەروەریەکی یاسا.

لەکاتێکدا کە تەواوی عێراق لە گەندەڵی و تیرۆریزم و ئاژاوەی سیاسی دا نقوم ببوو، کوردستان سوودی لە سەقامگیری خۆی بینی بۆ ئەوەی گەشە بکات و پێشبکەوێت، بەڵام تاوەکو کوردستان زیاتر پێشکەوت، زیاتر بوو بە ئامانجی دارودەستەکانی ئێران. شیعە خێرا لە هاوپەیمانی کوردەوە گۆڕا بۆ نەیاری کورد.

بەهۆی ئەو کولتوورە شۆڤینیستەی کە لە بەعسەوە ماوەتەوە و چەندین دەیە حوکمی ئاسنینی ناوەند لە بەغدا، دەسەڵاتداری شیعی سیاسی دەستیکردووە بە کارکردن بۆ بێبەشکردنی کوردستان لە مافەکانی، دەستوەردەداتە کاروباری ناوخۆی هەرێمەکە و فیدراڵییان کردووە بە فەرمانێکی کارپێنەکراو. بۆ ئێران، هەڕەشەی دەستووری عێراقی تەنیا ئەوە نییە کە فیدراڵی و دیموکراسی بە وڵاتەکەیدا بڵاوبکاتەوە، بەڵکو سیستەمێکی ئاڵۆزی دەوڵەتمەدارییە کە دەسەڵاتەکان لە یەکدی جیا دەکاتەوە و وادەکات کە ئەستەم بێت بتوانێت عێراق کۆنترۆڵ بکات.

تاوەکو بەغدا تاکڕەوتر بێت، تاوەکو عێراق سێنتراڵیتر بێت، بۆ ئێران ئاسانترە عێراق کۆنترۆڵ بکات و فەرمانڕەوایی بکات. هەروەها، کوردستانێکی پێشکەوتوو، شوێنێک کە خەڵکی ئازادییان هەیە و ئەمریکی و رۆژئاواییەکان تێیدا بەخێرهاتن دەکرێن، هەڕەشەیەکی دیکە دروست دەکات ئەویش ئەوەیە کە کوردانی ئێران، کە تەنیا چەند میلێک دوورن، رەنگە ئەو بەهایانە ببینن و بیگوێزنەوە بۆ ئێران.

تاوەکو ئێران کۆنترۆڵی زیاتری عێراق بکات، چاوتێبڕینەکانیان زیاتر دەبن. پەیوەندی مێژوویی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ئێران و زۆر لە سەرکردەکانی کورد کە چەندین دەیە لە ئێران ژیاون، بەربەستێکە لەبەرامبەر کۆنترۆڵی تەواوی ئێران لەسەر عێراق. ئەمەش رێک ئەو هۆکارەیە کە وایکردووە ببێتە ئامانج، نەک لەبەرئەوەی کە دژە ئێرانە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لەسەر مافی خەڵکەکەی بەبێ گوێدانە ئێران، دەوەستێت.

ئەمە چیرۆکی راستەقینەی هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراقە. بەبێ فیدراڵی و کورد، رەنگە عێراقێک هەر نەمێنێت.

 

ئیتیفاز قەنبەر؛ دامەزرێنەر و سەرۆکی دوو ڕێکخراوی قازانج نەویستە بە ناوەکانی دامەزراوەی ئایندە و کۆمیتەی چالاکیی پاراستنی کورد (KPAC). ئەنتیفاد قەنبەر لەگەڵ خوالێخۆشبوو د.ئەحمەد چەلەبی و کۆنگرەی نەتەوەیی عێراق (INC) کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک جێگری هاوپەیمانی سەربازی، باڵیۆزخانەی عێراق، واشنتۆن دی سی دەست نیشان کرا، کار دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوکاری سەربازی ئەمریکا و عێراق. هاوەڵی پەیمانگەی میدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.