• English
  • العربية

حوسیەکان کێن و چیان دەوێت؟

توێژینه‌وه‌ ئیتنیه‌كان

1/31/2018 4:58:00 PM

تیمی ئامادەکار

بەهرۆز جەعفەر و بیلال ئیسماعیل حەمە

سەرەتاى سەرهەڵدان و گەشەى حوسیەکان دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوێکى پەروەردەیى ئاینى کە لە لایەن کۆمەڵێک زاناى مەزهەبى زەیدى شیعە لە پارێزگاى (صەعدەى باکورى یەمەن) دامەزرێنرا. بە مەبەستى بڵاوکردنەوەی بنەما و دروشمەکانى ئەو مەزهەبە بە شوێنکەوتوانى و بایەخدان بە لایەنى کلتورى و رۆشنبیرى و پەروەردەیى پەیڕەوکەرانى ڕێبازەکە و بڵاوکردنەوەى لە ناوچەکانى دیکەى یەمەن دا. لەگەڵ بەرەو پێشچوونى رووداوەکاندا و هەستکردن بە پەراوێزخستن گۆڕانکاریەکى ریشەیى لە ژیانى ئەم گروپەدا هاتە ئاراوە و لە نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا، ئەمەش بوو بە رێکخراوێکى سیاسیى و بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانى یەمەنیان کردو نوێنەریان چووە پەرلەمانەوە، لە هەمان کاتدا رێکخراوەکە تووشى لێکترازان هات و گروپێکیان لێ جیابوویەوە کە ئێستە بە ناوەکانى لاوانى موسوڵمان (الشباب المؤمن) یان پشتیوانانى خوا (أنصار الله) وە یاخود بەگشتی بە (حوسیەکان) دەناسرێن. ئەم گروپە لە نەوەدەکانەوە رۆڵێکى سیاسى کارایان هەبووە لە ناوخۆى یەمەندا و تەنانەت گەیشتە ئاستێک رووبەڕووى شەپۆل و تەوژمی سووننى ببنەوە بە هاوکارى حکومەتى یەمەنى، بەڵام دەرئەنجام بەهۆى پەراوێزخستنیانەوە سەرەڕاى ئەو رۆڵە سیاسیەى هەیان بووە ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژاردو، دواجار پەنا یان برد بۆ جەنگ لە دژى حکومەتى یەمەنى کە هەتاوەکو ساڵی (٢٠١٨) بەردەوامى هەیە.

سەرەتای ساڵی (٢٠١٨) یەو، حووسیەکان بەرۆکی یەمەن یان گرتووەو، سەرۆکی پێشوتری یەمەن "عەلی عەبدوڵا ساڵەح" یان لەو ووڵاتە کووشت و، بونەتە هەڕەشەیەکیش بۆ سەر ئاسایشی هەرێمایەتی.

لێرەوە، پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بە بەرپرسیارێتیەکی ئاکادیمی زانی لە چوارچێوەی توێژینەوەو ڕاپۆرتەکانی خۆیدا، سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەسەندنی حووسییەکان لە لایەک و، ڕەهەندو لێکەوتە هەرێمییەکانی لەلایەکی تر شی بکاتەوە.

 

تەوەری یەکەم: قۆناغی دروست بوون و گەشەکردن

هەرچەندە وەک بوونێکی سیاسی، سەرەتای هاتن و بەشداریی حووسییەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٩٢) ئەوەش وەک دەرئەنجامێک هات لەبەرانبەر فەرامۆشکردنیانەوە، دژی هاشمییەکان هاتنە گۆڕەپانەکە. وەکو "ناو" بۆ یەکەمین جار ناوى حوسیەکان لە ساڵى (2004) دا بەکارهێنرا، لەگەڵ سەرهەڵدانى جوڵانەوەیەکى چەکدارى لە دژى هێزەکانى حکومەتى یەمەنى لە پارێزگاى صەعدە کە لە (حوزەیرانى 2004) ەوە هەتاوەکو (تەموزى 2008) پێنج جەنگیان لە گەڵ سوپاى یەمەنیدا ئەنجامداوە. لە لایەکەوە، دەسەڵات و ناوچەى نفوزى حوسیەکان بەردەوام لە زیادبووندابووە و توانیویانە چەند ناوچەیەک بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیان، لە لایەکى دیکەشەوە کاریگەرى و مەترسى حوسیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى بە ئاشکرا دەبینرێت، تەنانەت توانیویانە مەترسى لەسەر دەوڵەتێکى وەک سعودیە دروست بکەن و لە ماوەى نێوان (٢٠١٧ بۆ سەرەتای ٢٠١٨) زیاتر لە دووجار مووشەکیان ئاڕاستەى سعودیە کردووە.

 

حووسییەکان: چیرۆکی جووڵانەوەیەکی ئاینی، سیاسی، چەکداریی

جوڵانەوەى حوسیەکان، جوڵانەوەیەکى سیاسی یە بە باکگراوندى ئاینى شیعەگەرایى- چەکداریی، لە سەرەتادا پارێزگاى صەعدە لە باکورى یەمەن ناوەندى ئەم جوڵانەوەیەیە، دواتر بەهۆى ئەوەى ئەو پارێزگایە بە زێدی مێژوویى زەیدیەکان و حوسیەکان بە تایبەتى دادەنرێت، بە ناوەکانى لاوانى موسوڵمان (الشباب المؤمن) یان پشتیوانانى خوا (أنصار الله) یان (حوسیەکان) دەناسرێن، چەندین گۆڕانکارى فیکریى و سیاسی سەرەکی بەسەر ئەم گروپەدا هاتووە، هەتاوەکو گەیشتوونەتە ئەو دۆخەى کە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئەجێندەی ووڵاتانی هەرێمی .

سەرەتاى چیرۆکەکە بەوە دەست پێدەکات، کاتێک ژمارەیەکى زۆر گروپى زەیدیەکان لە یەمەندا لە پارێزگاى (صەعدە) لە ساڵى ( 1986) رێکخراوى (لاوانى موسوڵمانیان) دامەزراند، ئامانج لەو رێکخراوەش بریتى بوو لە ووتنەوە و بڵاوکردنەوەى وانەکانى تایبەت بە مەزهەبى زەیدیەکان بە شوێنکەوتوان و پەیڕەوکەرانى ئەو مەزهەبە، لەسەر دەستى (سەلاح ئەحمەد فلیتە) لە ناوچەکانى: صەعدە، عمران، حجە، صەنعا، محویت، زمار، ئیب و تەعز. لەو کاتەدا (بەدرەدین حوسى – حسین حوسى دامەزرێنەرى گروپەکە) لە گەورەترین زانایانى زەیدیەکان بوو، یەکێک بوو لە مامۆستایانى تایبەت بە (مەزهەبى زەیدیەکان) لەو دەستەیەدا وەک مەرجەعێکیش تەماشادەکرا لەگەڵ (مەجدەدین موئەیدى) و ناوى حوسیەکانیش دەدرێتە پاڵ (بەدرەدین حوسى).

بۆ خوێندنەوەى زیاتر لیک لێرە بکە