• English
  • العربية

شەیڵ گاز و ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی تورکیا

بلۆگ

2/10/2018 12:33:00 AM

دڵشاد موانى


ووزە هەر بە تەنها بزوێنەری چالاکی ئابووری جیهان نیە، پاڵنەر و لێکەوتەی ڕووداوە ئەمنی و سیاسیەکانیش لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی ووزە و پاراستنی بەرژەوەندی و خواستی پاوانخوازی زلهێزەکان ڕوو ئەدەن.

ڕەنگە جیاوازی نەتەوەیی، ئیسنیکی، دینی و هەرێمایەتی کەمێک ڕووداوە سیاسیەکان خێراتر یان هێورتر بکەنەوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەوە تەنها هۆکاری ووزە و سەرچاوەکانیەتی کە بەشێوەیەکی دراماتیکی و چاوەڕوان نەکراو گۆڕانکاریە هەرێمایەتی و جیهانیەکان ئەخوڵقێنن.

 

لە دەیەی کۆتاییدا فۆرمی بەدەست هێنانی ووزەی سەوز و گەڕان بەدوای سەرچاوەیەکی دیکەی ووزەدا کە هیچ نەبێت کەمێک پاکتر یان هەرزانتر بێت لە نەوتی ڕەش، چوار چێوەیەکی جیهانی وەرگرتووە، بەتایبەتی دوای بەستنی کۆنگرەی لەیەک گەشتنی جیهانی لە پاریس بۆ نزمکردنەوە ئاستی گەرم بوونی مەناخ و کەمکردنەوەی بەدەست هێنانی ووزە لە ڕێگای بەکارهێنانی کاربۆن و خەڵوز و نەوتی ڕەش و ...هتد

 

شەیڵ گاز وەک سەرچاوەیەکی جیاواز و نیمچە سەوز بۆ بەدەست هێنانی ووزە لە زۆر شوێنی جیهان لە ئێستادا کنە و پشکنین و سەرمایەگوزاری بۆ ئەکرێت، نرخی تێچووی شەیڵ گاز لە گازی سروشتی هەرزانترە و شێوازی دەرهێنان و و گواستنەوەی بەکاربردنیشی زۆر پاکترە لە نەوت و بەشێوەیەکی بەرچاو ئاسانترە لە شیوازی دەرهێنانی گازی سروستیش.

 

بە گوێرەی پشکنینە جیۆلۆجیەکان لە جیهاندا بەزۆری نیشتیمانی دایکی شەیڵ گاز لە ژێر زەمینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە، هەرچەندە لە ئەورووپاش بەڕێژەیەکی بەرچاو شەیڵ گاز پەی پێبراوە، وەک لە وڵاتی فەرەنسا، بولگاریا، پۆڵەندا و بەریتانیا...هتد

 

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەیڵ گاز بەشێوەیەکی بەرچاو تەنها لە ژێرخاکی کوردستاندا بەقوڵای ٣ کیلۆمەتر بۆ ناخی زەمین دۆزراوەتەوە، کە بە گشتی ئەکەوێتە ژێرخاکی سنوری باشور و باکوری کوردستان وەهەروەها درێژ ئەبێتەوە هەتا ژێر خاکی قامیشلۆ و کۆبانێ و عفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

تەکنیکی دەرهێنانی شەیڵ گاز لە ڕێگای ناردنی پرێشەی هایدرۆلیکییەوە ئەبێت کە پێی ئەوترێت (هایدرۆ فراکین)، بەهۆی هەناردەکردنی تەووژمی لمی وورد و ئاو و کیمیکاڵەوە بۆ قوڵایی زەمین هەتا ئەگاتە ئەو ئاستەی کە پێی ئەوترێت ناوچەی بەردی (شەیڵ) بۆ دروستکردنی کەندەک و درزی بچوک لە ناو بەردە ڕەشەکاندا، کە بەهۆی دروست بوونی ئەو درز و لێکترازانانەوەوە گازی بارمتەکراوی ناو بەردەکان بەرەڵا ئەبێت و پاشان لە ڕێگای دروستکردنی پەستانەوە ئەو گازە ئازاد بووە هەڵئەکێشرێتە سەر زەوی بۆ پاشخان کردن و هەناردە کردنی بۆ جێگای مەبەست.

 

لە ئێستادا پیشەسازی گازی ناوخۆی وڵاتی تورکیا زۆر لاوازە ، تورکیا بۆ پێداویستی ناوخۆیی لە وڵاتی ڕوسیا وئێران و ئازەرباینجانەوە گازی سروشتی هاوردە ئەکات،

لە ٥٦٪ی کۆی گازی بەکارهاتووی وڵاتی تورکیا لە وڵاتی ڕوسیاوە دێت ، تورکیا هەمیشە بێ ئۆقرە بەشوێن جێگرەوەیەکی تردا ئەگەڕیت بۆ بەدەست هێنانی پێداویستیە گازیەکانی خۆی، هەتا لە داهاتوودا بێ نیاز بێت لە وڵاتی ڕوسیا بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی.  

گۆڕینی ئاڕاستەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەرەو وڵاتی ئێران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، وڵاتی تورکیای نیگەران کردوە، گۆڕانکاریەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون بەهۆی لێدانی شۆکێکی ئابووری زۆر بەهێز لە وڵاتی تورکیا، بۆیە بەهەمان شێوە لە ئێستادا وڵاتی تورکیا بەشوێن جێگرەوەیەکی ئابووری تردا وێڵە کە ببێتە هۆی ڕاستکردنەوەی باری لاری ئابووری ئەو وڵاتە لە داهاتوودا.

 

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی بواری ووزە، شەیڵ گاز تەنها پەتی ڕزگاربوونی ئابووری وڵاتی تورکیایە کە ئەتوانێت لە ئێستادا دەستی پێوە بگرێت بۆ ئەوەی قوتاری بێت لەو بارە ناهەموارەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووی لێدەنێ، بەو پێیەی دەرهێنانی شەیڵ گازهەم ئەبێتە جێگرەوەی گازی ڕوسیا وە هەم قەرەبووی ئەو زیانە ئابووریانەی بۆ ئەکاتەوە کە بەهۆی وەستانی هەناردەکرنی نەوتی کەرکوکەوە لەدەستی داوە.

لە پێش ئینڤێستکردن پیشەسازی شەیڵ گاز پێویستی بە فەراهەم هێنانی ئۆقرەیەکی ئەمنی درێژخایەن هەیە، بۆ بەدەست هێنانی شەیڵ گاز لە کێڵگە گازیەکانی سەر سنوری کوردستانی باشور و باکور و ڕۆژئاوا، تورکیا ئەیەوێت بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر پشتوێنەی ئەمنی بەهێز لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی دروست بکات، هەتا

 بتوانێت لەمپەری ئەمنی لەبەردەم دەرهێنان و بە بازاڕی کردنی بەرهەمی شەیڵ گازی کێڵگە سنوریەکانی نەهێڵێت.

 

ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی کانتۆنی عفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ دروست کردنی ئەو پشتوێنە ئەمنیەیە کە وڵاتی تورکیا بە هاوکاری سوپای ئازادی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەیەوێت دروستی بکات، هەتا دەستی شەڕڤانانی کورد لەو ناوچەیە دوور بخاتەوە.

 هەرچەندە وەزیری دەرەوی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵۆ رایگەیاند کە دوای عفرین ئۆپەراسیۆنەکەیان درێژ ئەکەنەوە بۆ منبج و هەتا سنورەکانی هەرێمی کوردستانی باشوریش ئەڕۆن.

 

دوای هەشت ڕۆژ، هێشتا سوپای تورکیا نەیتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەو تۆ بکات، بە گوێرەی لێدوانە سەربازیەکان چەند هێرشێکی یەک لە دوای یەکی سوپای تورکیا لە لایەن هێزە کوردیەکانەوە لە عفرین تێکشکێنراوە و جاوەڕوانی سەرکەوتنی حەتمی لە هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عفرین و ناوچە کورد نشێنەکانی تر ناکرێت، بۆیە هەوڵدان بۆ چارەسەری سەربازی و دروست کردنی پشتوێنەی ئەمنی و هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە لایەن تورکیاوە دۆخی ناوچەکە هێندەی تر دژوار ئەکات.

 

 ئۆپشنی گفتووگۆ و دروست کردنی بواری ئاشتیانە لە پێناو هاوبەشی پێکردن و چەسپاندنی سودی ئابووری بۆ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان تەنها چارەسەری لۆژیکیە.  تورکیا ئەتوانێ شەیڵ گاز بکاتە هەوێنی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی پشکی ئابووری بۆ کورد لە پیشەسازی شەیڵ گازدا، هەتا لە جێی دروست کردنی پشتوێنەی ئەمنی پشتوێنەی ئاشتی لە ناوچەکەدا دروست ببێت بۆ ئەوەی بەبێ پەراویزخستنی هیچ نەتەوە و گروپێک ئاینزایەک هەموو لایەک بە ڕێژەیی سودمەند بن لەو سەرمایە سروشتیەی کە لەو دەڤەرەدا بوونی هەیە.



لە ئێستادا شەیڵ گاز کارتێکی بەهێزە بەدەست کوردەوە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چونکە جیۆپۆلەتیکی ئەو دەڤەرەی شەیڵ گازی تێدایە بە جۆرێکە کە وڵاتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ بەسەرکەوتووی وەبەرهێنان بۆ بەدەست هێنانی شەیڵ گاز بکات هەتا بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ کوردی باشور و ڕۆژئاوا ڕێک نەکەوێت لەسەر سودی ئابووری پیشەسازی شەیڵ گاز بۆ هەموو لایەک.