• English
  • العربية

ئایا لە سوریا كورد توركیا تێك دەشكێنن؟

سوریا

1/23/2018 11:48:00 PM

 

نوسینی مایكل ڕۆبن

وەرگێڕانی: مێدیتریانە- MIRS / د.پشتیوان فەرەج

توركیا بە ڕاجیمە پەلاماری شاری عەفرینی كوردیدا لە سوریا، ئەو شارەی كە كورد لە سوریا بەڕێوەی دەبات دوای ئەوەی كە ئەلقاعیدە و تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند. بەرپرسەكانی توركیا دەڵێن ئەوان پلانیان هەیە كە پشتوێنێكی سەلامەتی بەدرێژایی ( 20 )  میل لە سوریا دروست دەكەن لەسەر سنوری توركیا. ئەردۆغان هەڕەشەی لە كوردی توركیا كرد تا لەجیاتی كوردانی سوریا نەیەنە گۆ، وە بەڵێنی سەركەوتنی دا لەماوەیەكی كورتدا.

ئەمە هەڵەیەكی كوشندەی ئەردۆغانە، هەڵەیەك كە لەوانەیە توركیا گۆج بكات. ئەردۆغان نەخۆشی غروری هەیە و دەستێوەردانە سەربازی و سیاسیەكانی زۆر قورس لەسەر توركیا كەوتووە. كاتی خۆی توركیا جێ‌ ی شانازی ناتۆ بو، بەڵام ئێستا خزمەتگوزاریە سەربازی و ئەمنیەكانی توركیا لە سێبەر زیاتر هیچی تر نین. سوپا و ئەمنی توركیا نە ئەزمونیان هەیە نە ڕاهێنان نە دیسیپلینی نەوەی پێشوی خۆیان هەیە. لە ئێستا لە هەر چوار فرۆكەوانێكی توركیا یەكێكیان لە زینداندایە و زۆربەی فرۆكە ئێف 16 كانی توركیا لەزەوی كەوتون بەهۆی نەبوونی فرۆكەوانی مەشق پێكراو. لە (2012) ەدا هێزەكانی سوریا فرۆكەیەكی ئیف 4 ی توركیایان خستە خوارەوە. وە كوردەكان چەندین هەلیكۆپتەری توركیایان خستۆتە خوارەوە.

ئەوەش ڕوون نیە ئایا سوپای توركیا توانای شەڕی بەشێوەیەكی كاریگەر هەیە. لەوانەیە توركیا دەسەڵاتی بەسەر هەندێك لەناوچەكانی سوریا هەبێت بەڵام بونی توركیا لە سوریا تەنها لەسەر ئاستی سیمبۆلدایە نەوەک واقیع. ئەمەش ئەو هۆیەیە كە دەزگای میتی توركیا كۆمەك و هاریكاری  بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدەی كرد، وە ڕێگەی بەداعش دەدا بە ئازادی بەسنورەكانی توركیادا تێپەڕن بۆ سوریا. بەكورتی، ئەردۆغان دەیویست ڕۆڵی فەرماندەیەكی سەربازی ببینێت، لەكاتێكدا پێویست بەوە ناكات خۆی شەڕی قورس بكات، دەیەوێت لاسایی ئەزمونی  موستەفا كەمال ئەتاتورك بكات كە ناوبانگی پێدەركرد و بوو بە دامەزرێنەری كۆماری توركیا.

چەندین نمونە هەیە بۆ ئەوەی لاوازی هێزەكان و سوپای توركیا لەبەرامبەر نەیارەكانی خۆی لە سوریا بخەینە ڕوو. لە ( 2016) دا داعش دوو فرۆكەوانی توركیای سوتاند كە لە سوریا دەستگیری كردن. كە ئەگەر توركیا بەهێز بوایە نەیدەهێشت ئەو فرۆكەوانانەی بكەوێـتە دەست داعش، ئەمەش بەڵگەیە كە توركیا لە هەواڵگیریدا وڵاتێكی لاوازە و كەموكورتی گەورەی هەیە. یان ئەگەر توركیا بەهێز بوایە ئەوا دەیتوانی شوێنی ئەو فرۆكەوانانەی دەست نیشان بكردایە پێش ئەوەی بكەونە دەست داعش و ئەمەش دیسانەوە بەڵگەیەكە لەڕووی هەواڵگیریەوە توركیا كورتی هێناوە. هەر بۆیە ئەردۆغان نەیتوانی دان بە شكستی خۆیدا بنێت كاتێك كە ئەو دوو فرۆكەوانە سوتێنران، بۆیە ئەردۆغان تەنها نكۆڵی لە كوشتنی ئەوان دەكرد و ڕەتی كردوە دان بە راستی ئەو ڤیدیۆیەدا بنێـت كە بڵاوكرایەوە و لە میدیاكانەوە نەیهێشت ئەو فیدیۆیانە بڵاوبێتەوە.

خاڵێكی تری لاوازی توركیا تێكچونی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە. بۆ دەیان ساڵە تیرۆریستان بەدڵی خۆیان پەلاماری تیرۆریستی لە توركیا ئەنجام دەدەن، راستە چەند جارێك هێزی ئەمنی و ئاسایشی توركیا توانیویانە هەندێك هەوڵی تیرۆریستی پوچەڵ بكەنەوە، بەڵام ئەمە كاریگەر نەبووە. لە دوای ئەوەی ئەردۆغان لە پاش كودەتاكە دەستی كرد بە پاكتاوكردنی بەرپرسە باڵاكانی سەربازی و ئەمنی وڵاتەكەی یان سزادانیان بەگواستنەوەی شوێنی كارەكانیان، ئەمە بوو بە هۆی زیادبوونی پەلاماری تیرۆریستی نەك تەنها لەناو توركیا بەگشتی بەڵكو لەناو شارە گەورە و سەلامەتەكانی وەك ئیستانبوڵ و ئەنقەرە. ئەمەش شتێكی نەزانراو نیە بۆ كەسێك كە شارەزای مێژوو بێت. بۆ نمونە دوای ئەوەی كە جۆزیف ستالینی دیكتاتۆری یەكێتی سۆفیەت دەستی كرد بە پاكتاوكردنی نەیارەكانی لەناو سوپای سوور پێش ئەوەی كە نازیەكان وڵاتەكەی داگیر بكەن لەكاتی جەنگی جیهانی دووەم. یان بۆ نمونە ئەو هۆكارەی كە وای كرد عێڕاق بەئاسانی بچێتە ناو خاكی ئێرانەوە لە بەهێزی عێڕاقەوە نەبوو بەڵكو  بەهۆی ئەوەوە بوو كە ئایەتوڵا خومەینی دەستی بەپاكتاوكردنی بەرپرسە سەربازیەكانی ئێران كردبوو لە قۆناغی پاكتاوكردنی دوای شۆڕشی ئیسلامی. یان لەم دواییانەدا داعش بەئاسانی توانی كە موسڵ بگرێت چونكە نوری مالیكی بەرپرسە پرۆفێشناڵە سەربازیەكانی لەسەر كارەكانی خۆیان لادەدا و لەجیاتی ئەوان هەوادارانی خۆی دادەنا كە هەر لەگەڵ یەكەم فیشەی داعشدا وەك مریشك هەڵهاتن و موسڵ كەوتە دەست داعش.

توركیا لە ساڵی (1984) ەوە شەڕی پەكەكە دەدات. بەڵام لە (1999) پەكەكە گورزێکی كوشندەی بەركەوت دوای ئەوەی كە كۆماندۆی توركیا بەهاریكاری هەواڵگیری ئەمریكا و ئیسرایل توانی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستگیر بكەن. لەكاتێكدا كە بەرپرسانی توركیا دەیانگوت ئیتر ئۆجەلان گرنگیەكی ئەوتۆی نەماوە كەچی ئەردۆغان ئۆجەلان ڕێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان ئیمزا كرد و ئەمەش ئۆجەلانی كرد بە ئەو سەركردەیەی كە توركیا نەتوانێت حسابی بۆ نەكات. راستە ئەردۆغان پێی خۆشە پەكەكە وەك تیرۆریست لەقەڵەم بدات- وە لەراستیشدا پەكەكە كاری تیرۆریستی ئەنجام داوە- بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییەدا پەكەكە بوە بە هێزێكی یاخی ترادیسۆنی. وە لەكاتێكدا كە پەیوەندی پەكەكە و یەپەگە پەیوەندییەكی واقیعیەو بەرپرسەكانی توركیا ناچارن هەر پەلامارێك لە توركیا ئەنجام دەدرێت راستەوخۆ یەپەگەی پێ‌ تۆمەتبار دەكەن.

وە لەكاتێكدا كە سوپای توركیا هیچ نیە تەنها سێبەری جارانی خۆی نەبێت، ناتوانین هەمان شت بۆ یەپەگە بڵێین. چونكە یەپەگە بەهێزترین و كاریگەرترین هێزی سوریایە، كە داعش و ئەلقاعیدەی تێكشكاندوە، سەرەرای ئەو راستیەی  كە ئەمریكا و روسیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوانیان فەرامۆش كردبوو حسابیان بۆ نەدەكردن، وە توركیاش گەمارۆی خستبونە سەریان، بەڵام ئەوان بەتەنها توانیان سەركەوتن تۆمار بكەن. هەربۆیە بینیمان كە لە كۆبانی و شوێنەكانی تریش یەپەگە توانی بەهۆی هەبوونی دیسیپلین و ورەی بەرز و تەبایی و یەكڕیزی دەستكەوتی گەورە بۆخۆیان تۆمار بكەن. هەربۆیە دەتوانین كە بڵێن مادام یەپەگە توانی بەتەنها سەرەِرای نەبوونی هیچ هاوكاری و پشتگیریەك بەسەر هەموو نەهامەتیەكاندا سەركەون و داعش تێك بشكێنن، ئەوا لە ئێستاشدا دەتوانن نەیارێكی سەرسەختی توركیا بن و توركیا تێكدەشكێنن، بەتایبەتی ئەمجارەیان لە عەفرین ئەوان لەناوخاكی خۆیاندان.

هەروەها ناتوانین بڵێین پەكەكە پرۆفێشناڵ نین، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە ئەوان ئەزمونی چەندین ساڵی شەڕیان هەیە. لەڕوداوێكی تردا كە توركیا سانسۆری كردوە و نایەوێت نەباسی بكات نە پیشانی بدات پەكەكە توانی لە ئۆپەراسیۆنێكدا دوو لەبەرزترین بەرپرسی باڵای هەواڵگیری میتی توركی دەستگیر بكات.

هەروەها ئامانجەكانی توركیا ڕوون نیە كە چیان دەوێـت؟ لە ئێستا توركیا هەموو دوكاندار و جوتیارێكی كورد وەك تیرۆریست لەقەڵەم دەدات بەهۆی نەزانی و ڕەگەزپەرستی  كە توركەكانی كوێر كردوە. ئەگەر توركیا دەیەوێت كۆتایی بە تیرۆریستان بێنێت ئایا ئەمە بەو مانایە دێت كە دەبێـت پاكتاوی نەژادی لەدژی كورد لە سوریا ئەنجام بدات؟ وە ئەگەر ئەمە ڕوویدا ئایا توركیا چ گارەنتیەكی هەیە كە سەدان تەرمی سەربازەكانی خۆی بۆ نایەتەوە؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری ئەو كوردانەی لە توركیا دەژین؟ ئەگەر توركیا نەیتوانیبێت پەكەكە لە دیاربەكر و هەكاری تێك بشكێنێت ئایا دەتوانن چی لەپەگەگە بكەن لە ئیستانبول و ئەنتالیا؟ هەروەك چۆن هێزەكانی توركیا كاتی خۆی چەك و كۆمەكیان بە ئەلقاعیدە و داعش دەدا ئایا توركیا پرسیار لە خۆی ناكات كە لەوانەیە ئەمە ببێـتە هۆی ئەوەی كە روسیا و ئیسرایل و ڕژێمی سوریا و تەنانەت ئەمریكاش بەنهێنیەوە هاریكاری یەپەگە ناكەن و باشتر بەرگری لە خۆیان بكەن؟  ئایا ئەگەر كورد شەڕەكە بەرێتە ناو توركیا ئابوری توركیا هەرەس ناهێنێت؟ لەكاتێكدا كە كەرتی گەشتوگوزاری توركیا كە ملیارەها دۆلار داهاتی هەیە %75 كەم دەبێتەوە و ئابورییەكەی هەرەس دێنێت.

ئەردۆغان لەواقیع نائاگایە و تەنها سورە لەسەر تەماع و خۆبەگەورەزانی. ئەوەی پرسیار لە ئاكارەكانی ئەو بكات بە تیرۆریست لەقەڵەمی دەدات، هەربۆیە ئەمەش وای كردوە كە كەس نەوێرێت قسەیەكی خێری بۆ بكات و تەنانەت ڕاوێژكار و كەسە نزیكەكانی تەنها ئەوەی پێدەڵێت كە خۆی گوێی لێ بێت. ئەنجامەكەشی لە ئێستادا كە هێزی توركیا بەرەو عەفرین دەڕوات لەدژی نەیارێك كە زۆر لە ئەردۆغان بەهێزترە ، ئەردۆغان لەمە بێئاگایە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی كارەسات بۆ توركیا. لەوانەیە ئەردۆغان چاوەڕوانی سەركەوتنێكی خێرا بكات، بەڵام ئەمە واقیعی نیە و كاتێكی زانی بەخەبەر دێتەوە كە ئەو گروپەی ئەو بە  تیرۆریستی نەزان لەقەڵەمیان دەدات گروپێكی  زۆر لەوە بەهێزترن وە دەتوانن خوێن لە توركیای داگیركەر  بچۆِڕێنن و ئەمەش وادەكات كە ئابوری توركیا وشك بكات و بكەوێت.

لەوانەیە بەم كارەی ئێستای ئەردۆغان پەردە لەسەر شانۆی نەك سەركەوتنی مەزنانە بەڵكو شكستێك كە توركیا بەچۆكدا بهێنێت بكاتەوە.

مایكڵ ڕۆبن: بەرپرسی پێشوی پێنتاگۆن و توێژەری بەناوبانگی ئەمێریكان ئینتەپڕایز ئینستیوت

بۆ خوێندنەوەى ئەم وتارە بە زمانى ئینگلیزى بڕوانە لینکى وتارەکە لە بەشى ئینگلیزى وێب سایتى مێدیتریانە

http://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=79